شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” تێپەڕی ٥ مانگ بەرخۆدان و تێکۆشانی نەبەزانەی خۆی دەبێت کە لەگەڵ خۆیدا، گەلێک دەستکەوتی مەزنی مێژوویی تۆمار کردووە. ئەو شۆڕشه، بهتایبهتی کولتوورێکی نوێی ژیان و تێکۆشانی لەزەین و هزری گەل و کۆمەڵگادا هێنا ئاراوە کە جومگەکانی دەسەڵاتی بەلەرزە دەرهێناوە. لەبەر ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بە بێ جیاوازی بە رەنگ و دەنگی ئازادیخوازنەی خۆیان تێیدا بەشدارن، بەوەش پێگەی دەسەڵاتداری رژێمی هەژاندووە. چوون کولتووری خۆڕاگری و تێکۆشان لەهەموو گۆڕەپانەکانی ژیان بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی دەدرەوشێتەوە و ئەو رەوتەی نوێی ژیان و تێکۆشانی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان و جوانان، دەسەڵاتدارانی رژێمی واق وڕمان و تۆقاندووە.
بۆیە رژێم لەپێناو سەرکوت و داپڵۆساندنی ئەو شۆڕشە هەر رێ و رێبازێكی شەڕی تایبەت لەسەر گەل پەیڕەو دەکات. تەنانەت رژێم بێ بەزەییانە و بە شێوەیەکی دڕندانە رۆژانە بە زەبری چەک و ئامێرەکانی تۆقاندن پەلاماری سەر گیراوانی سیاسی، خوێندکاران، ژنان، مامۆستایانی ئایینی، کرێکاران و بگره منداڵان دەدات. واتا بە برەودانی توندوتیژی، دەیەوێت جارێکی دیکە لەشانۆی دەسەڵاتداری، خۆی بە هێز و توانا نیشان بدات. لەکاتێکدا ورە، باوەڕی، یەکانگیری و هێزی خرۆشاوی گەل لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی سەلمێنەری ئەوەیە کە رژێم لەئاستی هێز و توانای گەل، بێچارە و تووشی سەرلێشێواوی و داڕمان بووە.
دەسەڵاتدارانی رژێم بۆ پەردەپۆش کردنی شکست و هەیمەنەی دەسەڵاتدارییان، لەئاستێکی دڕندەدا روویان لە بەکارهێنانی رێ و رێبازی ئەشکەنجە، گرتن و لەسێدارەدان لەناو زیندانەکاندا کردووە. واتا چەکدارانی رژێم بە لێشاو پەنایان بردوەتەبەر هەڵمەتی رفاندن، شەڕی دەروونی و ئەشکەنجەی گەنجان و ژنانی ئازادیخواز. تایبەت رژێم بەندیخانەکانی کردوەتە شوێنی تۆڵەسەندنەوە، تۆقاندن و تێکشکاندنی ئیرادە و باوەڕی مرۆڤەکان. لەبەر ئەوەی لەپێناو تەسلیم وەرگرتن و دانپێدانانی زۆرەملێ بە سەر گیراوان شەڕی تایبەتی گەیاندووەتە لووتکەو بە تۆقاندن و هۆڤیەتی دەیەوێت دەنگی ئازادی و دیمۆکراسی گەلان کپ بکات.
لەبەر ئەوەی رژێم ئەمڕۆ گیراوانی سیاسی وەک بارمتە لەدژی گەل بە کار دەهێنێت. بۆ داپڵۆساندنی شۆڕش و تۆقاندنی خۆپیشاندەران هەر جارێک رۆڵەیەکی ئازادیخواز دەکاتە قوربانی. هاوکات رژێم بە رێگای شەڕی تایبەت و ئەشکەنجەی بێ سنوورەوە گیراوان ناچاری دانپێدانانی زۆرەملێ دەکات و سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانیان بە سەردا دەسەپێنێت. لەلایەکی دیکەوە بە رێگای گواستنەوە و رێگا نەدان بە بنەماڵە و پارێزەر و کەڵک وەرگرتن لەمافە سەرەتاییەکانیان، شەڕی دەروونی یان لەسەر پەیڕەو دەکات. جیا لەو رێ و رێبازە نامرۆڤانەیە گیراوان لەژێر ئەشکەنجەدا تیرۆر دەکات و بە بانگهشه و تۆمهتی ناڕەوا، بەرخۆدانی بێ وێنەیان پەردەپۆش و بەلاڕێدا دەکێشێت، تایبەت بە دادگا شانۆییەکان و سەپاندنی سزای داتاشراو، سووکایەتی بە ئیرادە و باوەڕی مرۆڤەکان دەکرێت. هاوکات بە هەڕەشە و گوڕەشەی سەر گیراوان و بنەماڵەکانیان دەیەوێت بگاتە مەرامە چەپەڵەکانی و دیواری خۆڕاگری ئازادیخوازان لەناو بەندیخانەکاندا تێکبشکێنێت. شكاندنی ئێرادەی مرۆڤەكان بەرێگەی زیندانی كردن و سەپاندنی گۆشەگیری توند لەسەریان، چەشنێك لەئەشكەنجەی ئاشكرایە کە رژێم پەنای بۆ بردووە. هاوشێوەی ئەو سیاسەتە ئەمڕۆ لەکەسایەتی هەڤاڵ “زەینەب جەلالیان” و دەیان گیراوی دیکەی ئازادیخواز بە ئاشکرا دەبینرێت کە رژێم لەهەر جۆرە مافی سەرەتایی بێ بەشیانی کردووە و بە دوورخستنەوە و گۆشەگیرکردنی شەڕی تایبەت لەسەر گیراوانی خۆڕاگر پەیڕەو دەکرێت کە ئەوەش، بە واتای پەلامار و هێرش بۆ سەر ئیرادەی ئازاد و راپەڕیوی ژنانە کە تایبەت لەلایەن ژنان، گەنجان و رای گشتی گەلی کورد و گەلانی ئێرانەوە قەبووڵ ناکرێت و ئەو بەرخودانانەش بێگومان دەبێتە هێمای هاندانی تێکۆشانی هاوبەش و دۆزینەوەی شووناس و پتەو کردنی یەکێتی و یەکڕیزی گەلانی ئازادیخواز.
چون رژێمی داگیرکەری ئێران بەناوی یەكدەستكردنی زیندانەكان و سەروەری یاسا و رێسا هەوڵدەدات، کۆی داوا رەواكانی گەلان، نەتەوە، ئایین، باوەڕی، كەلتوور و پێکهاتە فرە رەنگیەكان تەنیا لەچوارچێوەی گوایا تاوانی”موحاربە – دژایەتی خوا”، “دژایەتی ویلایەتی فەقی و بەرپرسانی رژێم”،”ماددەی هۆشبەر”،”كوشتنی بەئەنقەست”،”هەوڵدان دژ بەرژێم” و “دهستدرێژی” بەناو بکات و لەهەمان کاتدا بەگوێرەی خواست و بەرژەوندی خۆی دۆسیە بۆ گیراوان ساز دەكات و بەگوێرەی ئەو دۆسیەسازییە؛ سزا بۆ گیراوان دەبڕێنێتەوە. هاوکات چەکدارانی رژێم زیندانەکانیان کردوەتە گۆڕەپانی شەڕ لەدژی گەل و کۆمەڵگا و تۆڵە و رق و کینی خۆ بەو شێوەیە لەدژی رای گشتی دەردەبڕن و چێژ لە ئەشکەنجە کردنی گیراوان و بنەماڵەکانیان وەردەگرن کە شەپۆلی تووڕەیی و رقی گەل لەدژی دەسەڵات زیاتر دەکات. بۆیە ئەو رێبازە کە ئەمڕۆ رژێم لەدژی گیراوان لەژێر ناوی پەردەی یاساو و رێسا و بوختان و بەرچەسپ لێدان بەڕێوەی دەبات، کردەوەیەکی ناڕەوایە و مایەی پەسەند کردن نییە.
ئەو سیاسەتەی رژێم وای کردووە کە ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەبنەماڵەی گیراوان لەبەردەم گرتووخانەکان چالاکی ئەنجام بدەن و داوای ئازادکردنی رۆڵەکانیان دەکەن. هاوکات گیراوانی وەک هەڤاڵ زەینەب جەلالیان و دەیان تێکۆشەری دیکە بە هەموو هێزیانەوە بەڕەنگاری سیاسەتی داپڵۆسێنەرانە و تواندنەوە بوونەتەوە کە بێ ئیرادەکردنی تاکەکان دەکاتە ئامانج، بە مانگرتن و هەڵوێستی رادیکاڵانەیان کۆتایی بە عەقڵیەتی پیاوسالاری و داگیرکەری رژێم دەهێنن. بۆیە ئێمە ستایشی سەرجەم ئەو چالاکیانە دەکەین و گرنگ و بە نرخیان دەبینین و لەو باوەڕەداین کە بەو هەڵوێست و بەرخودانەیان سەرکەوتن و ئازادی مسۆگەر دەکەن. لەو پێناوەدا پێویستە هەر کەس لەدژی تێکشکاندنی سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوە لەسەر گیراوان خاوەن هەڵوێست بێت و لەپێناو پووچەڵ کردنەوەی ئەو سیاسەتە دژە مرۆییە، تێکۆشانی رەوایان بەهێزتر و پتەوتر بکەن.
لەکۆتاییدا جارێکی دیکە لەکەسایەتی هەڤاڵ زەینەب جەلالیان و سەرجەم گیراوانی رێگای ئازادی، ستایشی بەرخودانی بێ وێنەیان دەکەین و هیوادارین کە هەر گیراوێکی سیاسی، زیندان وەک گۆڕەپانی تێکۆشان لەدژی عەقڵیەتی پیاوساڵاری و داگیرکەری رژێم چڕتر بە کار بێنێت و بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی رفاندن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بە یەکێتی و یەکڕیزی برەو بە تێکۆشانی رەوا و دیمۆکراتیکیان بدەن و بە فەلسەفەی “بەرخوەدان ژیانە” رەوتی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” گەشاوەتر بکەن.
کۆمیتەی پشتیوانی لەگیراوانی سیاسی پەژاک
۵/۲/٢٠٢٣