پەیامی سەرەخۆشی هاوسەرۆکی پەژاک بە بۆنەێ کۆچی دوایی ژنەتێکۆشەر، کوێستان داودی

 

بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوێستان داودی سیمای خۆشەویستی گەل بە ئاسمانی ئازادیدا وەک ئەستێرەیەک خوشی و  پڕشەنگی تێکۆشانی روناکی بۆ رێبوارانی ئازادی روناککەرەوە بوو ، یادی هەرمان و پیرۆز بێت.

کوێستان یەکێک لە ژنانی تێکۆشەری خەباتی ئازادی و یەکسانی بوو کە بەردەوام لە مەیدانی خەبات دژی چەوسانەوە و داگیرکاری چالاکانە تێکۆشانی کرد و بۆ کاتێکیش لەم تێکۆشانەدا کۆڵی نەدا و بەردەوام وەک پێشەنگێکی شۆڕشگەر و یەکسانخواز روبەڕوی هەموو کۆسپەکانی ئەم رێبازە بۆوە و تەنانەت لە سەردەمی گنجێتی و شۆڕشی گەلانی ئێران، وەک بەشێکی زۆر لە لاوانی شۆڕشگەری ئەو سەردەم، بە دژی سیستمی دیکتاتۆری پاشایەتی ئێران بەشداری ناڕەزایەتیەکان بوو و لە دژی دەستەڵاتی کۆنەپەرەستی تازە بەدەستەڵات گەییشتوی ئیسلامی ئێران بۆوە و لەو رێگەوە کەوتە زیندانی حکومەتی فاشیست و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، و مەترسی ئەشکەنجە و ئێعدام بەردەوام لە زینداندا سێبەری بە سەردا داگرتبوو. بەڵام هیچکات کۆڵی نەدا و بەردەوام گرێدراوی ئاڕمان و هیواکانی خۆی بۆ ئازادی بوو.

کوێستان لە تاراڤگەش بەردەوام لە چالاکی و تێکۆشاندا بوو و بۆ ساتێکێش بیری ئازادی نەتەوەکەی لە مێشکیدا نەسریەوە و بە موڕال و هێزی تێکۆشانی، ورەی دەدا بە هاوسەنگەران و دۆستان و تێکۆشەرانی خەباتی رزگاریخوازی کوردستان.

ئێمە وەک پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان ، نەمانی فیزیکی هەڤاڵ کوێستان لە مەیدانی خەباتی ئازادی بە خەسارێکی مەزن دەزانین و بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە رێبوارانی ئازادی و هاوسەنگەران و گەلی کورد دەکەین و بەتایبەت لە هەڤاڵ رێبوار و کوڕەکانی و بنەماڵەی سەربەرز و نیشتمانپەروەری کوێستان دەکەین و یادی ئەم تێکۆشەرە بەردەوام لە ئاسمانی تێکۆشانی وڵاتەکەماندا گەشاوە دەمێنێت.

هاوسەرۆکی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

سیامەند موعینی

٢٦-٠١-٢٠٢٣