كۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”، لەنامیلكەیەكدا وێنە و ناو و پاشناوی 102 شەهیدی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی”شۆڕشی ژن”ی چاپ و بڵاوكردەوە.

كۆمیتەی شەهیدانی پەژاك بەبۆنەی سێ مانگ لەتێپەڕبوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ئەو شۆڕشەی بەپێشەنگایەتی چەوساوەترین چینی كۆمەڵگە، واتا ژنان سەرەنجی هەموو رای گشتی جیهان و ئازادیخوازانی بۆ لای خۆی راكێشا و هەرچی دەچێت هێز و مۆڕال و جۆشێكی فراوانی بەخشیووەتە كۆمەڵانی خەڵكی ئێران و دەرەوە و زیهنیەت و ستوونەكانی ژەنگ گرتووی دەسەڵاتدارانی دیكتاتۆر و فاشیست و داگیركەری ئێران تەنگەتاوكردوە و ئیرادەی پۆڵایینی ئازادیخوازانیشی بەهێزتر، بۆیەش كۆمیتەكەی نامیلكەی 102 لەشەهیدانی شۆڕشی ژنی لەژێر ناونیشانی “102 شەهیدی شۆڕشی ژن”، وەكو سیمبۆلی هەموو شەهیدان چاپ و بڵاوكردەوە.

كۆمیتەی شەهیدانی پەژاك لەنامیلكەكەدا ئاماژە بەوەش دەكات كە؛ ئەم شۆڕشەش بێگۆمان بەبێ قۆربانی پێكنەهاتووە و لەسەر رێگەی ئازادی ژمارەیەكی زۆر لەمنداڵانی جۆانخاس و قارەمان گیانیان بەختكردوە. كۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”وەكو ئەركێكی ئەخلاقی، مرۆڤیی و شۆڕشگێڕی خاوەنداری لە شەهیدانی رێگای ئازادی و دیموكراسی بەئەركی خۆی دەزانێت و لەو چوارچێوەیەشدا وێنە و ناو و پاشناوی 102 لەشەهیدانی راپەرینی مێژوویی”ژن، ژیان، ئازادی” لەگەڵ 102 رەستە لە ئاخاوتنە هزریی و فەلسەفیەكانی رێبەری گەلی كورد”رێبەر ئاپۆ”ی لەبابەتی پرسی  ژنان لەژێر ناونیشانی”102 شەهیدی شۆڕشی ژن” وەكو سیمبۆڵێك گۆنجاندوە.

كۆمیتەی شەهیدان جەختیش دەكاتەوە كە باشترین و گۆنجاوترین خاوەنداریەتی لەشەهیدان، بەردەوامی رێ و رێباز و سەرخستنی ئاوات و ئامانجەكانی شەهیدانە.

خوێنەرانی هێژا دەتوانن بۆ بەدەستخستنی نامیلكەی 102 شەهیدی شۆڕشی ژن ئێرە دابگرن.