ئاگادارکردنەوەی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک)

بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان؛

بەجاشکردن وەک بەشێک لە سیاسەتی ساختەکارانەی ڕژێمی ئێران بۆ زەخت خستنە سەر گەلی کورد بە درێژایی تەمەنی ڕژێم لە کوردستان بەردەوامە. بە پێی زانیاریی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک)، لەو ڕۆژانەی دواییدا گروپێک لە بەکرێگیراوانی ڕژێمی داگیرکەر و فاشیستی ئێران بە جلی هاوشێوەی جلی گەریلا لە ناوچەکانی مەریوان، کۆساڵان و هەورامان بە مەبەستی باج وەرگرتن لە گەل خەریکی خول لێدانن. ئێمە ئەو کردەوەیەی ڕژێمی داگیرکەر و فاشیست بە تووندی مەحکوم دەکەین.

سیاسەتەکانی پاکتاوکاری دەسەڵاتی گەندەڵی ئێران بە ڕێبازەکانی ساختەکاری و شەرمنانەی جۆراوجۆر، بۆ دژبەرایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد بێ سنوور بەردەوامە. هەوڵی ڕژێم بۆ بەجاشکردن و کەڵک وەرگرتن لە گروپە بەکرێگیراوەکان لە دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان بەردەوام یەکێک لە سیاسەتەکانی ستەمکار و دوژمنانەی بووە. هەر ڕژێم دەیهەوێ بەو ڕێگەیە سیمای جوان و ڕەنگینی هێزەکانی گەریلا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناشیرین بکات بەڵام بێ گومان هەروەک هەمیشە، لەو ئان و ساتەشدا دیسان تووشی بێ هیوایی و شکست دێت.

یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک)، ڕادەگەیێنێت کە  ئەو گروپە چەکدارانەی بە جلی هاوشێوەی گەریلا لە مەریوان، کۆساڵان و هەورامان دەگەڕێن و خەڵکی ناوچەکە ئازار دەدەن هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە. ئەوانە تیمی بەکرێگیراوی سەربە ڕژێمی داگیرکەری ئێرانن بۆ بەدناو کردنی هێزەکانی گەریلا. بەڕاشکاوی ڕایدەگەیێنین لەو وەرزی زستانی ئێستادا ئەو تیمانەی بە ناوچەکەدا لە سەرناوی ئێمەدەسوڕێتەوە سەربە ناوەندەکانی سیخوڕی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانن و مەبەستیان باج وەرگرتن و ئازاری گوندنشینانی ئەو ناوچانەیە. بەمجورە  داوا لە تەواوی خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەین کە وریای هەوڵە چەواشە و تاوانکارییانەی بەکرێگیراوانی ڕژێم بن. بێ گومان ئەو پیلانگێڕییە نەگریسانەی ڕژێم هەروەک جاری جاران بە یارمەتی گەلەکەمان شکست دەهێنێ.

فەرمانداری یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ی.ر.ک)

٣ بەفرانباری ٢٧٢٢ بەرامبەر بە ٢٣ دیسامبری ٢٠٢٢