ژیروان ڕێبین

بە بۆنەی ١٦ەی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار(دانشجو)

لە کاتێکدا یادی ١٦ی ئازەر ڕۆژی خوێندکار بەرز راگیرا کە ١٦٤ ساڵ بەسەر ناردنی یەکەم گروپی گەنجانی ئێرانی بۆ دەرەوەی وڵات تێدەپەڕێ. ئەوکۆچەی قەرار بوو بە دوای خۆیدا تەنیا گۆڕانکاری تکنیکی و پیشەیی بێنێ و دەسەڵاتداران وەک هەمیشە لەو پێشکەوتنە بۆ چەوساندنەوە و تاڵانی گەلان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کەڵک وەرگرن. بەڵام گەڕانەوەی ئەو گروپە تەنیا لە زانستی پیشەیی و تکنیکیدا گۆڕانکاری دروست نەکرد بەڵکوو سەردمێکی نوێی لە هزر و ڕامانی سیاسی و بەڕێوەبەری هێنایە کایە و بوو بە دەلاقەیەک بۆ شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران و سیستەمی دەسەڵاتداری خوسرەوانی. بەکورتی دەتوانین بڵێین چروسکی شۆڕشی مەشروتە لە ڕاستیدا بە پێشەنگایەتی لاوان و لە زانکۆکانی ئەو سەردەمەوە دەستی پێکرد.

لە ئاستی ئێراندا تاوەکوو ئێستا وێڕای سەرهەڵدانی هەمیشەیی خوێندکاران بەرامبەر زۆرداری، بە دیار کراوی ناتوانین  باس لە شۆڕشێک بکەین کە خوێندکاران وەک شۆڕشی خوێندکاری فەرانسە لە ١٩٦٨زایینی پێکیان هێنابێ ئەوەش بە هۆی زەخت و گوشار و بەستێنی کۆمەڵایەتی و زۆر هۆکاری دیکەیە بەڵام بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و کوردستاندا بۆتە کۆک و لانکەی هەموو سەرهەڵدانەکانی ئازادیخوازی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا کە دەتوانین ئاماژە بە سەرهەڵدانی میرزا کوچەک خانی جەنگەڵی لە باکوری ئێران، دروست بوونی کۆمەڵەی ژ.ک، کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز، شۆڕشی مەشڕوتە و شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ کۆچی هەتاوی بکەین و هاوکات پێشەنگانی حەڕەکەتی ئاپۆیی لە هەرچوار بەشی کوردستانیش  هەر خوێندکارانی زانکۆ بوونە.

دەتوانین قۆناغە گرینگەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران لە چەند پەردەیەک دا وەها بخەینە ڕوو:

پەردەی یەکەم؛ چوونی یەکەم گروپی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات لە ساڵی ١٢٣٧ کۆچی هەتاوی بۆ فێربوونی زانستە تکنینکیەکانە. ئەو گروپە بە گەڕانەوەیان جیا لە زانستە پیشەسازییەکان، زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیاندنیشیان بەرەو ڕووی گۆڕانکاری کردەوە و هاوکات تەجرەبە و دیتنی خۆیان لەسەر سیسته‌می سیاسی ئەو سەردەمی ئەوروپا بۆ خەڵک گێڕایەوە و ئەوە بووە بە چەخماخەی سەرهەڵدان و شۆڕشی مەشروتە لە ئێراندا و ئەوەندەی کاریگەری هەبوو، دەسەڵاتدارانی قاجار تا ٤٠ ساڵ دواتری هیچ گروپێکی دیکەیان نه‌ناردە وڵاتانی ئەوروپی.

پەردەی دووهەم؛ قۆناغی کودەتای ٣ی ڕەشەممەی ١٢٩٩ ڕەزاخانی قەزاقە کە بەڵێنی نەهێشتنی ئەو ڕەوتە پێشکەوتنخوازەی گەلان و خوێندکارانی بە ئەمپریالیسمی جیهانیدابوو. لە کاتی دەسەڵاتی ڕەزاخان دا هەژماری ئەو خوێندکارانەی بۆ فێربوونی زانستە پیشەییەکان بۆ ئەوروپا نێردران زۆرتر بوو بەڵام زۆر بە تایبەت ئەوانەیان هەڵدەبژارد کە لە ژێرچاودێری خۆیاندابوون و پێداگریش لە سەر فێربوونی زانستی لەشکەری بوو(هەرچەند نەخوازراو کەسانێک لەو بازنەیە دەردەچوون). بنەماڵەی پەهلەوی و بەتایبەت ڕەزاخان وەک باوکی پێشکەوتنی پیشەیی و بنەسازی ئێران دەناسێنن بەڵام لە راستیدا قەت ئەو پێشکەوتنە نەکەوتە خزمەت گەلانی ئێران و خەڵکەوە، چوونکە بڕیاری ڕەزاخان لە سەرکۆمەڵکوژی فرەڕەنگی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی مەشروتەخوازانی ئێران بوو.

پەردەی سێهەم؛ بە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ڕەزاخان لە کۆتایی شەری جیهانی دووهەمدا و هەناسەدانی گەلان و خوێندکاران بوو و بووژانەوەی چرۆی ئازادی بوو کە دەکرێ لەوانە ئاماژە بە دروست بوونی کۆمەڵەی ژ.ک و کۆماری کوردستان لە مەهاباد و کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز و دەوڵەتی محەمەد موسەدق لە تاران بدرێ (هەرچەند بەرژەوەندی مادی وسیاسی ئەمریالیسمی جیهانی وپاوانخوازی خوسرەوانی ئێرانی مەودای پێنەدان).

پەردەی چوارەم؛ کۆتایی تڕاژیکی کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٥ و کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ کۆچی هەتاوی کە بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و بەتایبەت دەوڵەتانی ئەمریکا وئینگلیز دژی دەسەڵاتی موسەدق و هێنانەوە سەرکاری دەسەڵاتی پاشایەتی بە سەرکردایەتی حەمەڕەزای پەهلەوی. بە هاتنەوە سەرکاری حەمەڕەزا و لادانی دەسەڵاتی مەشرووتە لە ڕاستیدا بەر لە هەرچینێک دژایەتی ڕاستەوخۆی بزووتنەوەی خوێندکاران بوو. خوێندکارانی زانکۆی تاران هەر بەزوویی هەستیان بەو هەڕەشەیە کرد و لە یەکەم دەرفەتدا واتا بە هاتنی ڕیچارد نیکسۆن وەک جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٣٢ دا خۆپێشاندانێکی مەزنیان بەرێوەبرد کە دەسەڵاتی پاشایەتی چاوی دیتنی ئەوەی نەبوو و فەرمانی بەئەڕتەش کرد کە سەرکووتیان بکەن و لە ئاکامی ئەوەدا سێ خوێندکار بە ناوەکانی ئەحمەد قەندچی، ئازەر(مەهدی) شەریعەت ڕەزەوی، مستەفا ڕەزەوی شەهیدبوون. لەوکاتەوە ئەو ڕۆژە واتا ١٦ی سەرماوەز وەک ڕێزلێنان لە یادی ئەو شەهیدانە وەک ڕۆژی خوێندکار دێتە ناسین.

پەردەی پێنجەم؛ بەهاتنەسەرکاری کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە ئەنجامی بەلاڕێدابردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ک.هە بۆ ئەوەی سەرچاوەی نوێبوونەوە و ڕاپەڕین ودژایەتی دەسەڵاتداری وشک بکەن و بەخەیاڵی خۆیان کۆتایی بە بزووتنەوەی خوێندکاری و هاوکات هێزی چەپ بهێنن لە کۆتایی مانگی نەورۆزی ١٣٥٩ ی ک.هە بۆ ماوەی سێ ساڵ سەرجەم زانکۆکانی ئێران داخران و بە سەدان مامۆستا لە زانکۆ دەرکران و هەزاران خوێندکار لە خوێندن بێبەشکران.

پەردەی شەشەم؛ کۆمەڵکوژی ١٨ەی پوشپەڕی ١٣٧٨ ک.هە لە شوێنی حەوانەوەی خوێندکارانی زانکۆی تاران لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان کە بووە هۆی شەهیدبوونی لانیکەم ٧ خوێندکارلە ماوەی ٥ ڕۆژدا کە تەنیا ناوی ٢ کەسیان تا ئێستا ئاشکرابووە کە بریتین لە شەهیدان عیزەتووڵڵا ئیبڕاهیم نەژاد و فریشتە عەلیزادە.

پەردەی حەوتەم؛ سەرهەڵدانەکانی بە ناو بزوتنەوەی سەوز لە ساڵی ١٣٨٨ بە پێشەنگایەتی ژنان،گەنجان و خوێندکاران و بەگشتی دەنگدەران بە میرحوسێن موسەوی و مەهدی کەڕووبی (بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری) بۆ دەرخستنی ئاکامی ڕاستەقینەی هەلبژاردنەکان و ڕێفۆڕم و چاکسازی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی هەییدا لە ئێران، کە لە ئاکامی هێرشی سەرکوتکارانەی هێزەکانی ئینتزامی لانیکەم ٧٢ کەس شەهیدبوون کە ٢١کەسیان خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ بوون.

پەردەی هەشتەم؛ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ ک.هە بەدوای شەهیدخستنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی سەقزی لە تاران لە لایەن گەشتی ئیڕشاد. ئەو شۆڕشە بۆ کۆتایی هێنان بە قەوارە و دەسەڵاتی دەوڵەتی دژە ژنی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێرانە کە ئاستی جەنایەت و دژە گەل بوونی گەیشتۆتە ئاستێک کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکانی ئێران بێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ئایدۆلۆژی و هزرییان دەستیان ناوەتە دەستی یەک و بە بڕیارن تادامەزراندنی سیستەمێکی نوێ و دێموکڕاتیک و غەیرەمەرکەزی هەدانەدەن.

پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە، لە کاتێکدا تا ئێستا زیاتر لە چوارسەد کەس لە لایەن هێزە نیزامیەکانی ئێران شەهیدکراون و زیاتر لە ١٨٠٠٠ کەس دەستبەسەر و لە ژێر ئەشکەنجەدا چاوەڕوانی حوکمی دەمدرێژ وئیعدام دەکەن بزوتنەوەی خوێندکاری وێڕای هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو چین وتوێژەکانی شۆڕش پێویستە چەند خاڵی گرینگ ڕەچاو بکەن تا بە لانیکەمی خەسار بگەینە ئەنجام کە بریتین لە :

یەکەم؛ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەسەربنەمای دروشمی پێشکەوتنخوازانەی ژن،ژیان، ئازادی بە پشتیوانەیەکی مێژوویی لە بواری هزری و ئایدۆلۆژیەوە دەستی پێکرد و تادێت ناوەرۆکی ئەو دروشمە بە هێزتر دەکرێ و بۆتە هێمای سەرکەوتنی. بەڵام بە داخەوە لە ڕێگەی زانکۆکانەوە هەوڵی بەلاڕێدابردنی لەلایەن خێرنەخوازانەوە دەدرێ و ڕۆژانە خەریکن دووانەی بۆ دادەتاشن. پێویستە بزوتنەوەی خوێندکاری وێڕای درک کردن بە حەقیقەتەکانی شۆڕش و دروشمەکەی ئەو دەستە نامۆیانە لە سەربزوتنەوەکەیان کورت بکەنەوە. ئەوە نە بەواتای دەرنەخستنی دروشمی نوێ و دوگماتیزمە. بەڵکوو پێویستە ئاگاداربین ئەو دروشمە ئەفسوناویە هیچ دوانەیەک هەڵناگرێ و دەکرێ لە درێژەی ئەودا بە پرەنسیپەکانی ئازادی ژن، لە چوارچێوەی بەفەرمی ناسینی مافی نەتەوە و گەلانی دیکە دروشمی نوێش بۆ شۆڕش دەربخسترێ کە یەکتر بەهێز بکەن نەک جێگرەوەی بۆ دیار بکرێت.

دووهەم؛ مێژووی سەرهەڵدانەکانی سەدەی ڕابردوو کە هەندێکیان لە پەردەکانی سەرەوە ئاماژەم پێکردن سەلماندوویەتی چین و توێژێک بە تەنیا ناتوانێ بەرەنگاری ئەو ئاستە لە سەرکوت کۆمەڵکوژی بێتەوە. بۆیە پێویستە خواستی بزوتنەوەی خوێندکاران هەروەکوو تائێستا بەدروستی هاتووە بەلاڕێدا نەچێ و تەنیا بە خواستی چینایەتی و سنفی بەرتەسک گرێدراو نەمێنێ. و بەوجۆرە ڕێگە لەبەردەم پارچەبوونی هێزەکانی شؤڕش بگرن و هیوای دوژمن بن بخەن.

سێهەم؛ هەروەک لەمێژووی سەرکوتکرانی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران دیارە دەسەڵات بە پێی پێداویستی لە هەموو هێزە نیزامییەکانی خۆی وەک ئەڕتەش و سپا و بەسیج (لە کوردستان جاشەکان) و هێزەکانی گاڕدی تایبەت و هێزە ئینتزامییەکان و بگرە ‌پۆلیسی هاتووچۆش کەڵک وەردەگرێ و قەت نەکەوینە ئەو هەڵەیە کە فڵان هێز جیاوازترە لە فڵانی. تا ڕۆژانی سەرکەوتن بەردەوام دەبن لە سەرکوت.

چوارەم؛ لە ماوەی سێ مانگدا دەرکەوتووە کە قوتابخانەکان تا پۆلی یەکەمی سەرەتاییش بوونەتە شوێنێک کە دەکرێ بە دینامی شۆڕش ناوزەد بکرێن کە هەرڕۆژ بە شێواز و ڕێبازی نوێ بەر لەوەستانی چەرخەکانی شۆڕش دەگرن.دوژمن ئەوە دەزانێ و بەوپێیە بە هەموو جۆرێک لە زەخت و گوشار هەوڵی دامرکاندنی ئەو ئاگرە دەدا و دەیهەوێ بەڕێگەی تۆقاندن و ترس وازیان پێبێنێ. پێویستە بزووتنەوەی خوێندکاری ئەو نەوە و چینە نوێیەی شۆڕش لە ئامێزبگرێت و بە پەروەردە و پاراستنی دەرباسی ڕۆژانی دوای شۆڕشیان بکات.

پێنجەم؛ بزووتنەوەی خوێندکاری لە دەستپێکەوە تا ئێستاش دژایەتی پاشوەڕۆیی و پاوان خوازی و دوگماتیزم و سەرمایەداری کردووە و پێویستە تەنگە و چەڵەمەی شۆڕش ئەو بزووتنەوەیە تووشی لادان لە ڕێباز و پرەنسیپی خۆی نەکات و ڕێگەنەدات وەک دژە شۆڕش کەڵکی لێوەرگیرێ و پابەندی دروشمی گەل بێ کە دەڵێن (( مرگ بر ستمگر چە شاه باشە چە ڕهبر )).

شەشەم؛ هەر شۆڕشێک پێویستی بە پاراستن هەیە و بۆ کەمکردنەوە ئاستی گوشار و زەخت و هێرشەکان پێویستە خوێندکاران بە کەڵک وەرگرتن لە نوێترین ڕێبازەکانی پاراستنی جەوهەری بتوانن هاوکات گەل و خۆشیان بپارێزن.

حەوتەم؛ پێویستە بزووتنەوەی خوێندکاری بە گشتی و بە تایبەتی ژنانی خوێندکار بە پێی زانست و توانای ئەندامانی لە دامەزراندنی ئاڵتەرناتیڤی داهاتوودا چالاکانە بەشداربن و مەیدان بۆ پاوان خوازان و هەلپەرەستان و ڕەنجخۆران چۆڵنەکەن.بێگومان چەوسێنەران لە هەر دەرفەتێک بۆ پارچەکردنی شۆڕشی گەلان و تێیدا شۆڕشی خوێندکاریش کەڵک وەردەگرن و بەشداری چالاکانەی خوێندکاران دوا هەناسەی سیستمی سێدارە دەبڕێت و کۆتایی بە مێژووی نەگریسی دەهێنێ.

 

ڕەنگە ئەژماری پەردەکانی بەرەی شۆڕش و بەرخۆدان و هاوکات سەرکوتکارییەکانی زۆرداران ڕوو لە زیادبوون بکات، بەڵام بە دڵنیایی پەردەی کۆتایی ئەو ڕۆمانە، نەمانی ستەم و زۆردارییە و هاوکات سەرکەوتنی ژنان، گەلان و هەموو چین و توێژەکان بە کۆدەنگی مسۆگەردەبێت. واتا پەردەی ئێستای شۆڕشی خوێندکاری پەردەی کۆتایی ڕژێمی سێدارە و پەردەی ژن، ژیان، ئازادی یە.

سەرچاوە: گۆڤاری ئاڵترناتیو ژمارە ١٣