رۆژی 18 ی دسامبر پازده‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هاده‌تی هه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن حكمه‌ت ده‌میر ناسراو به “عه‌گید حه‌ڕان” ه. به‌م بۆنه‌وه‌ یاد و بیره‌وه‌ری ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای رزگاری و دیموكراسی به‌رز و پیرۆز راده‌گرین.

گه‌لی كورد یه‌ك له‌و گه‌لانه‌ی جیهانه كه‌ به‌ درێژایی مێژوو‌‌ هیچ كات ناعه‌ده‌ڵه‌تی و داگیركاری په‌سند نه‌كردووه‌ و به‌رده‌وام له‌ناو تێكۆشان و خه‌باتدا بووه‌ بۆ پاراستن و به‌رز راگرتنی نرخه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان وه‌ك ئازادی و دیمۆكراسی، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ شۆڕشگێڕانی گه‌له‌كمان ببنه‌ هێما و نموونه بۆ هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان. هاوكات له‌گه‌ل سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی له‌ كوردستان، ئه‌م داب و نه‌ریته‌ پته‌وتر و ئه‌نجامگیرتر بووه‌. یه‌ك له‌ جیاوازییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی گۆڕینی زیندان له‌ شوێنی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و تێكشاندنی ئیراده‌ بۆ مه‌ته‌رێزێكی به‌هێزی به‌رخۆدان و به‌چۆكداهێنانی دۆژمنان و داگیركارانی كوردستانه‌. پاش ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جارێكی دیكه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) و له‌ سایه‌ی هزر و رامانی رێبه‌ر ئاپۆ ئاگری خه‌بات و ژیانه‌وه‌ی گه‌شتر كرد، به‌شێكی زۆر له‌ شۆڕشگیرانی گه‌له‌كه‌مان به‌ هیوا و باوه‌ڕێكی  پته‌وه‌وه‌ له‌ ناو ریزه‌كانی په‌ژاك جێگایان گرت و له‌ پێناو ئازادی و پاراستنی نرخ و به‌هاكانی گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، چه‌كی شه‌ره‌ف و تێكۆشانیان له‌شان كرد و تا گه‌یشتن به‌ شه‌هاده‌ت، لێنه‌بڕاوانه‌ خه‌بات و به‌رخۆدانیان كرد. یه‌ك له‌م شۆڕشگێڕ و پێشه‌نگانه‌، هه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن حكمه‌ت ده‌میر ناسراو به‌ “عه‌گید حه‌ڕان” ه‌ كه له‌ به‌رواری 18/12/2007 له‌ گرتووخانه‌ی شاری خۆی له‌ لایه‌ن كۆماری سێداره‌ی ئێرانه‌وه‌، له‌سێداره‌ دراو و گه‌یشته‌ پله‌ی به‌رزی شه‌هاده‌ت.

شه‌هید عه‌گید له‌دایكبووی ساڵی 1972 له‌ ناوچه‌ی بۆزۆوا سه‌ر به‌ پارێزگای رۆحا له‌ باكووری كوردستانه‌. ساڵی 1999 له‌پێناو تێكۆشان له‌دژی داگیركه‌رانی كوردستان و سه‌ربه‌ستی خه‌ڵك و خاك، به‌شداری رێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی بوو. هه‌ڤاڵ عه‌گید كه‌ خه‌ڵكی باكووری كوردستان بوو، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ملیتانیكی راسته‌قینه‌ی ئازادی، رووی كرده‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به ئه‌وین و ئیمانێكی به‌رزه‌وه‌ كاروخه‌باتی به‌ڕێوه‌ برد. ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ قاره‌مانه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشانی خۆی ترس و دڵه‌ڕاوكه‌یه‌كی مه‌زنی خسته‌ نێو دڵی ڕژێمی داگیركه‌ری ئێران و به‌رده‌وام خه‌رێكی به‌رێكخستن كردن و هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان بوو. هه‌ربۆیه‌ كاتێك‌ له‌ لایه‌ن رژێمی فاشیست و سه‌ره‌ڕۆی زاڵ به‌سه‌ر ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌خۆش بوو و پێوستی به‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی به‌په‌له‌ هه‌بوو، رووبه‌ڕووی هۆڤانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار بوویه‌وه‌ و سزای له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پا. پاش ئه‌وه‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستانی رژێم له‌ باتی ده‌رمان و پێڕاگه‌یشتن لاقێكی ده‌بڕنه‌وه، دیسان بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ حوجره‌ی تاكه‌ كه‌سی رایده‌گرن و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زیاتری ده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌ڤاڵ عه‌گید به‌ ئیراده‌ و باوه‌ڕێكی بڵنده‌وه‌ خۆڕاگری كرد و زیندانی كرده‌ شوێنی تێكشاندنی داگیركه‌ران  و رێبازێكی نوێی به‌رخۆدانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هێنایه‌ ئاراوه‌. رژێمی داگیركه‌ری ئێران كه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ زیندان و سزای له‌سێداره‌دانی وه‌ك مكانیزمی تێكشانی ئێراده‌ و به‌رخۆدانی شۆڕشگێڕان به‌كار ده‌هێنا، ئه‌م جاره‌ تووشی شكست بوو. هه‌ڤاڵ عه‌گید به‌ به‌رخۆدانی خۆی هیوا و هێزێكی زیاتری به‌ شۆڕشگێڕانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌خشی و به فیداكردنی گیانی، ئاگری ئازادی و تێكۆشانی گه‌شتر كرد.

جارێكی دیكه‌ یاد و بیره‌وه‌ری شه‌هید عه‌گید حه‌ڕان و هه‌موو شه‌هیدانی رێگاری رزگاری و دیموكراسی به‌رز و پیرۆز راده‌گرین و جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه نه‌‌ كۆماری سێداره‌ و سه‌ركوت و نه‌ هیچ رژێمێكی سه‌ڕه‌ڕۆ و پاوانخوازی دیكه‌‌ ناتوانێت ئێراده‌ و ئیمانی شۆڕشگێڕانی ئاپۆیی تێكبشكێنێت. له‌ پانزه‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هاده‌تی هه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن حكمه‌ت ده‌میر، سۆز و به‌ڵێنی خۆمان به‌ شه‌هیدان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌تا به‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌كانیان كه‌ هه‌مان بونیاد نانی كۆمه‌ڵگایێكی ئازاد و دیموكراتیكه‌ درێژه‌ به‌ خه‌بات و خۆڕاگری بده‌ین.

سڵاو  و رێزی شۆڕشگێڕی

مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك

18/12/2022