بیستوون سنە

یەکەم جارە بێ ترس و سانسۆڕی وشەکان دەس ئەکەم بە نووسین، مرۆڤ خوو بە هەموو شتێک ئەگرێ تەنانەت دیل بوون، هەتا ئێستا نەمدەزانی چەندە بیرو هزرم دیلە، بەڵام ئێستا هەستی پێ ئەکەم کە بە ئازادی نووسین چەندە غەریب و نامۆیە بۆم.

هەموو کات یەکەمینەکان لە بیری مرۆڤ جاودانە ئەمێنن، یەکەمینی من لە ناسینی فەلسەفەی ئاپۆیی باسی ئازادی ژن و کچانی کۆبانی بوو، ئەو کەسانەی بەرخۆدان و ژیانەوەیان بیری مرۆڤ هێنایەوە و هاواری ئازایەتی و جسارەتیان بەخشی بە ژیان،

کێ دەتوانێ لەم وڵاتە ڕێ لە باران و گوڵ بگرێ.

پاش ناسین وخوێندن لە سەرئایديۆلۆژیای ئاپۆیی، تێگەیشتم کە چیم لە ژیان گەرەک؛ ئازادی.

مانگی خاکەلێوە بوو بەهاری ١٤٠١ کە بە جدی دەستم بە ناسین و خوێندنی ‌‌مێژووی په‌كه‌كه‌ کرد، هەڵبەت ڕەوتی هەڤاڵان و ڕێکخستنی شار کاریگەریەکی زۆری هەبوو بۆ دەسپێکردن و یارمەتیدان.

 

دەسپێکی سەرهەڵدانەکان

 

٦مانگ لە خوێندن و ناسین ئایدیۆلۆژیای ئاپۆیی تێپەڕ بوو کە هەردەم زیاترتینووی ناسین و خوێندن دەبووم، لە ناوبەری کتێبەکان بووم کە خەبەری دەستبەسەر کردنی کچێکی سەقزی لە تاران و پاشان چوونە کۆمای لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بوو، وام بیردەکرد کە وەک هەموو کچەکانی دیکە کە تا ئەو کات بێ ناو نیشان و بێ شرۆڤە هاتبوونە کوشتن، ئەویش ناوی لە مێژوو بۆ چەن ڕۆژێک تۆمار دەبێ و دوایی لە بیری هەمووان دەچێت، لە خەفەتی وەها شتێک دابووم کە پاش چەن ڕۆژ هەواڵی شەهید بوونی ژینا ئەمینی لە هەردەم تەنی و پەرێشانی کردین.

رۆژی شەممە خەوەر هات کە لە سەقز سەرهەڵدان بووە و لە سەر گۆڕی ژینا خەڵک کۆبوونەوە و بە ستڕانی[بە تەنیا جێم نەهێڵن…] پاشان تەرمی ژینایان بە دروشمی[ژن،ژیان،ئازادی] بەڕێ کرد. دیمەنێک لەو رۆژانە کە هیچکات لە بیرم ناچێ نووسراوەیێک بوو لە سەر گۆڕی ژینا[تۆ نامری، ناوت ئەبێ بە ڕەمز]هەموومان چاوەڕوان وردە دەنگێک بووین تا لە ژیلەمۆی چەن هەزار ساڵە ئاگرێک بهاژێنین.

 

سنە، یەکەم ڕۆژ

 

ساعەتی ٦ی ئێوارە بوو، هیچ نەمدەتوانی خۆم لە جێگەیێک ڕابگرم بە چەن خولەک خۆم کۆ کرد و چووم بەرەو ناوەندی شار، لە سەرەتای مەیان ئێقبال گەیشتم بە چەن هاوڕێ، پەرێشانی و بێقەراریش لەوان دیار بوو، زوو لە یەک جیا بووین وهەرکام لە شونێکەو خۆمان گەیاندە شەقامی فردۆسی، شەقامێکی درێژ کە سەیارە لەوێ هاتوو چۆ ناکات و جێگای پیاسەیە، لەوەتەی لە بیرم بێ یەکەم سەرهەڵدانەکان لەوێرا دەستی پێ کرد.

لە سەرەتای شەقامدا بووم کە دەنگی چەن ژن سەرنجی هەموومانی ڕاکێشا، بە ڕاکردن خۆم گەیاند و تێکەڵیان بووم، بەرانبەرنیروی ئینتزامی وێستا بوون و داخوازی وڵامی کوشتنی ژینا بوون، تووڕەیی لە چاوانیان دەباری و مەئموورەکانیش دەیانهەویست دڕندانە خەڵک لە یەک داببڕن.

ئەوانەی کۆ ببونەوە زیاتر خەباتکار و وڵاتپارێز بوون کە زۆرینەیان گیران، پاش چەن کاتژمێر لە ناوەڕاستی شەقام بووین کە دەنگی کۆڕێک بەرز بۆوە و یەکەم دروشم[ژن، ژیان،ئازادی] بوو بە بانگی ئازادی، هەموو بە یەکڕا دووپاتیان دەکرد و هێزی خەڵک لەوە زیاتر بوو کە بە چەن مەئموور بگیرێن، دیتنی ئەو خەڵکە و کۆ بوونەوەیان پەیامی شۆڕشی ئەدا، شۆڕشی ئەم جارە جیاواز بوو؛ چونکە شۆڕشی ژنان بوو، چینێ لە کۆمەڵگا کە لە تەواو نەتەوەکان مافی زەوت کراوە و ژیانی ڕەش بووە، ئەم جارە لیدری شۆڕش ئابووری یا چینێکی کۆمەڵگا نەبوو، شۆڕشی کەسانێک بوو کە بە ئازاد بوونیان تەواو جیهان ئازاد دەبێ.

 

بیرانینی سەرهەڵدان

قەت بریندار بوونی هاوڕێکم لە بیر ناچێ، بە باتۆم چەن زەربەیان لە دەستی دابوو، سێ جار بە شوێنیدا چووبوون کە بیگرن بەڵام چەق‌تر لەوە بوو کە بگیرێت.

رۆژی دوایی سەرهەڵدانەکان زۆربەی شارەکانی ئێران هەستابوونە سەرپێیان، لە بیرمە ئینترنتیان پچڕاندبوو، تەنیا بە وای‌فای دەمانتوانی چاودێری نوچەکان بکەین، لەو ڕۆژانە پشتیوانی و یەکگرتنێکی سەیر لە خەڵک دا بەدی دەکرا، زۆرینەی ماڵەکان دەرگایان کراوە بوو بۆ ئەوەی جەوانەکان کاتی هاتنی مەئموور خۆیان لە ماڵەکان ‌حەشار بدەن، بۆ خۆم چەن جار چوومە ماڵەکان، جارێکی لە خیابانی حەسەن ئاوا بووین کە چەن جەوانی ١٥ تا ٢٠ ساڵە مۆلۆتۆفیان بە مەئموورەکان دادا و ئەوانیش بە خستنی چەن گازی فرمێسک‌ڕێژ وڵامیان دەدایەوە، کۆڵانێك لە نزیک‌مان بوو کە من و دوو کەسی دیکە لەو کۆڵانە دا بووین کە سێ گازی فرمێسک‌ڕێژ هەڵدران لە ناکاو درگای ماڵێک کرایەوە و وتی، بێنە ماڵەوە، پاش چەن خولەکێ ئەو دووکەسەی لە گەڵ من بوون وتیان بچینە دەرەوە، ناچار منیش لە گەڵیان چووم، چەن هەنگاوم کە هاویشت سەرم بە گێژ دا هات و کەوتم چاوم ئەسووتیا، هەناسەم سوار ببوو، چەن ڕا گەرەکم بوو هەڵسم بەڵام نەمتوانی، کاتێ تەنگە نەفەس بووم دەس و پام ئەکوتا، بە هیوام بوو کەسێک بمبینێت و یارمەتیم بدات، بە سەختی بینیم کە تارمایێک نزیک دەبێ، کچێكی گەنج بوو نازانم چۆن لەو دووکەڵە هاتینە دەر، کاتێ چاوم کردەوە چەن کەس دووکەڵی جگەرەیان لە ڕووم دا ئەکرد، پاش ئەو ڕووداوە تەنیا بیرم لای یەک شت بوو[چەنێک بێ دەسەڵاتین].

 

بڕیاری بەشدار بوون

 

چوار یا پێنج ڕۆژ لە سەرهەڵدانەکان تێپەڕ ببوو، وابزانم ٢ی رەزبەر بوو، هەر ڕۆژ بەشدای سەرهەڵدانەکان ئەبووین، بەیانیێک یەکێک لە ڕەفیقەکان پەیامیدا و وتی بتبینم ، بە پەلە خۆم گەیاند، کەمێک باسمان لە بارۆدۆخی شار و کار و باری ڕێکخستن کرد کە لە ناکاو باسی لە بڕیاری بەشدار بوونی خۆی و دانێکی‌تر لە هاورێکانی کرد و بڕیاری منی پرس کرد، سەرەتا  شۆک بووم، ئاواتی منداڵی و خەیاڵی هەر شەومی باس ئەکرد، ئەمزانی کە ڕۆژێک بەشدار ئەبم بەڵام ئەوەندە زوو!

ڕق و کینە لە دەسەڵات تواو گیانمی داگرتبوو، بێ دەسەڵاتیش هەردەم خۆی بە بیر دەهێنامەوە، بەشدار بوون بڕیارێکی گەورەیە، یەکێ لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانم ئەوە بوو کە تۆڵەی تەواو ئەو ڕۆژانە بگرم کە بە ئازادی ژیانمان نەکرد، گرینگ نییە ئێران بێ یان تورکیە، سیاسەتی زل هێزەکان بێ یان ناتۆ و… ئەوە لام گرینگ بوو کە ژیانیان لە ئێمە ستاندووە و تەنیا زیندووین و هیچ ناژین.

هەزارن بیر لە سەرم بوون بەڵام دڵنیا بووم کە جوابی من بەڵێیە.

ساعەت ١ی شەو هەتا ٧ی ئێوارەی ڕۆژی دوایی، ٨کەس بڕیاری کۆتایی دا بوو، هەستێکی سەیر بوو ٨هاوڕێ ژیان یەک بووین، پەنای یەک لە خۆشی و ناخۆشی بووین و خەریک بووین گەورەترین هەنگاوی ژیانمان هەڵدەگرت، ئەویش دیسان پێکەوە!

یەک ڕستە قەت لە بیرم ناچێ[یان ئەم ژیانە ناژیم یان بە ئازادی ئاراستەی ئەکەم] وتنێکی سەرۆک ئاپۆیە، من نەمدەتوانی ژیانێکی ئاسایی هەڵبژێرم کاتێ ئەبینی هەر ڕۆژ لە سەر مێشک و ژیانی تۆ دەستدرێژی هەیە، مافی تۆ زەوت کراوە وهەردەم تۆ دیل و کۆیلەی، بە ڕاس هیچ‌یەکیان نەهێشتە بۆمان لە وەها دۆخێکدا دڵ بە چە ژیانێک خۆش کەی!

بەشدار بوونمان لە کاتی سەرهەڵدانەکان جوابێکی گران بوو بۆ دەسەڵات، شار ئیدی لە خواست و مافی خۆی ئاگادارە پێویستە هەنگاوێکی دی هاوێژین و بە گیان و دڵ بەرانبەریان بوه‌ستین.

 

ئێستا

 

یەک مانگ لە بەشدار بوونمان تێپەڕبووە، ڕۆژ بە رۆژ دڵنیا تر ئەبم لە دروستی بڕیارم، بڕێ جار ئێژم خۆزگە زووتر بەشدار دەبوام، هەستێک کە لە نێوان هەڤاڵانە بەڕاستی جیاوازە لە هەر شتێک کە تا ئێستا بینیمە، لێرە ژیانی ڕاسته‌قینه‌ بە چاو ئەبینی، کەسانێک کە یەکەم جار ئەیانبینی، بەڵام به‌ جۆرێک لە باوشت ئەگرن کە وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵهای ساڵە ئەتناسن.

 

سەرچاوە: گۆڤاری ژیلەمۆ ژمارە٢٣