“بە گەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنجیش سەردەکەوین”(رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان)
هۆگر دەلیل
ئەمڕۆکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەگشتی سەرهەڵدانێکی نوێ لە ئارادایە کە بە شەهید بوونی ” ژینا ئەمینی ” بە دەستی خوێنمژانی کۆماری سێدارەی ئێران، دەستیپێکرد. راستە کە ژینا بوو بە چرووسکی ئەو شۆڕشە، بەڵام بە دەیان و سەدان ژینای دیکە سنگی خۆیان کردە قەڵخان و لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان کە ئەمڕۆکە لە چوارچێوەی درووشمی ” ژن، ژیان، ئازادی ” یەکانگیر بووە، لە ناو کۆڵان، شەقام، قوتابخانە، زانکۆ ، کارگە و هەموو گۆڕهپانهكانی دیكه لە ناو تێکۆشاندان. ئەم شۆڕش و سەرهەڵدانە نوێیە کە هەڵگری دروشم و فەلسەفەیێکی نوێ و سەردەمیانەیە، لە سەر دەستی گەنجان و بەتایبەتی کچان و ژنان بەڕێوە دەچێت. کاتێک باس لە شۆڕش دەکرێت، بێگومان گشت سەرنجەکان دەچنە لای پێشەنگ و ئەو هێز و ووزەیەی کە هەڵسووڕێنەری ئەو شۆڕشەیە، واتە هێزی لە بن نەهاتووی گەنجان کە بەوپەڕی لێهاتوویی، بوێری و چاونەترسانە بەشداری شۆڕشەکە دەبن. لێرەدا سەرەتا ئاماژەیەک بەو هێزە تۆکمەیە(گەنجان) دەکەم و دواتر لەسەر بەشێک لەو هێزە وەک “خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکان” راوەستە دەکەم. رۆڵی خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکان بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە لە هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵێسەی ئاگری شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان گەیشتۆتە لووتکە، دەبێ چۆن بێت و چی بێت؟
ئەم پرسیارە و پرسیارگەلێکی دیکە هەن کە مرۆڤی خاوەن هەڵوێست و خاوەن رۆڵ بەرەوە بیرکردنەوە و تێڕامان دەبەن تاکوو لهمهڕ دۆخی هەنووکەیی و داهاتوویێکی گەش ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆیان پێکبێنن.
قۆناغی گەنجی لە ژیاندا، قۆناغێکی وەرچەرخان و چارەنووسسازە کە بەراورد ناکرێت لەگەڵ هیچ قۆناغێکی تری ژیاندا. ئهوهی ئهم قۆناغه گرنگ دهكات، ئهو تایبهتمهندییه فیزیكی و دهروونیانهیه كه له قۆناغهكانی تری ژیاندا كهمتر بهدی دهكرێت. بە جۆش و خرۆش بوون و بەردەوام خاوەن رۆحێکی ئافرێنەر و سەرهەڵدێر هەروەها خاوەن توانایەکی تۆکمەی جەستەیی دەبێتە هۆکاری جیاوازی ئەم سەردەم و قۆناغە لە ژیانی مرۆڤەکان بە بهراورد قۆناغەکانی دیکەی تەمەن. گەنجان یەکێکن لەو پێکهاتانەی کۆمەڵگا کە رۆڵی دیاریکەریان هەیە لە بونیادنان و پەرەپێدانی هەموو بناخەکانی ئەو کۆمەڵگایە. گەنجان لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، زانستی و هتد، خاوەن جێگە و پیگەیێکی تایبەتن و بە درێژایی مێژووش ئەوە سلمێندراوە و بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. گەنج بوون، تەمەن یان قۆناغێکە لە ژیان کە خەون لە مێشکی مرۆڤدا و لێگەرین بەدوای خەونەکاندا ساز دەبێت. ئەمە لەگەڵ خۆیدا هیوا و ئۆمێد ساز دەکات و بەردەوام گەشەی فکری ساز دەبێت و لەگەڵ خۆیدا کاردانەوەی لەسەر هەموو بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگاش دەبێت. گەنج، لە بەرانبەر هەر چەشنە کۆنە پەرەستی و کۆت
و بەندێک خاوەن هەڵوێستە و لە رەخسانی یەکەمین دەرفەتەکاندا ئەو بەهرە و هێزەی خۆی وەگەڕ دەخات و بەگژ ئەو فکر و کردەوە چەقبەستوو و کۆنەپەرەستانەدا دەچێت. ئەوە هێزی سەرهەڵدێر و خاوەن ئیرادەی گەنجە کە هەڵگری بە دەیان و سەدان لاپەڕە نووسین و باس و خواسە.
خوێندكاران پێشهنگانی شۆڕشن
ههرچهن بزووتنهوهی خوێندكاری خاوهن پێشینه و مێژوویێكی دوور و درێژه، بەڵام لە سەدەی رابردوودا ئەوە بە شێوازێکی تۆکمەتر و رێکخستن کراوتر سەری هەڵدا و لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بەرجەستە بۆتەوە. زانکۆکان بە شێوازێک بوون بە ناوەندی دابینکردنی هێزی فکری و مرۆیی رێکخراوە سیاسی – مەدەنییەکان و لەوێوە بەردەوام پەیوەندی هەر دوو لایەن هەبووە. لە هەموو وەڵاتێک کە شۆڕش و شۆرشگێڕی تێدا بووبێت ئەوا سەرێکی ئەو خەبات و تێکۆشانە لە ناو خوێندکار و زانکۆدا بووە. لەبەر ئەوەی هێزێکی فکری تۆکمە و خاوەن رۆڵ و بەکاریگەر لە زانکۆکاندا هەبووە. ئەگەر چی لە سەرەتاکان ئاست و شێوازی پەیوەندی نێوان رێکخستنە سیاسی – مەدەنییەکان وەکوو ئیستە ئاسان و بەردەست نەبوو، بەڵام ئەمڕۆکە بە هۆی پێشکەوتنی تەکنیک و ئامێری پەیوەندی ئەو بابەتە سادەتر بۆتەوە. خاڵی گرنگ و بنەڕەتی رێکخستنی ناو زانکۆکان ئەوەیە کە زێدەتر بە شێوازی مەدەنی و کۆمەڵایەتی چالاکی دەکەن و ئەوەش کاردانەوەی یەکجار زۆری هەیە لە سەر دەسەتبەر بوونی داخوازییەکان و جووڵاندنی رای گشتی رێکخراوە مرۆییەکانی جیهان.
ئامانجی خەباتی خوێندکاران
ئامانجی خەباتی خوێندکاران بە پلەی یەکەم خەباتی سیاسی ڕۆشنگەرانە بوو کە بە جەماوەریکردنی خەباتی سیاسی – کۆمەڵایەتی ناوزەد دەکرا. بە واتای راکێشانی خەبات لە بەشی ههڵبژاردهی کۆمەڵگاوە بۆ خەڵک و کۆکردنەوەیان بۆ دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. چڕبوونەوەی چالاکی شۆڕشگێڕانە لەم ساڵانەدا زیاتر لە زانکۆکان بووە و هەر بۆیە زۆرینەی زیندانیانی سیاسی خوێندکار بوون. بێگومان چین و توێژەکانی دیکەش رۆڵیان هەبووە لە خەبات دژی ڕژێمدا، بەڵام زانکۆکان لەم بابەتەدا پێشەنگ بوون. هاوکات لەگەڵ چالاکی سەندیکایی و رۆشنبیری و خۆ پەروەردە کردنی تاک و گرووپەکان، بە بەشداریکردن لە چالاکیی سیاسی کۆمەڵایەتی کە یەکێک بووە لە گرنگترین چالاکییەکانی خوێندکاران لەم ساڵانەدا، هەوڵیاندا چالاکانە بەشداری لە مانگرتنەکانی زانکۆ بکەن و هەروەها ئەو مانگرتنانەش بهێننە دەرەوەی زانکۆکان.
خاڵی یەکەم؛ گرنگی ساز کردنی رێکخستن و دیار کردنی ئاستی داخوازییەکانە کە پێویستە مەزن و ریشەیی بن
لەو رووەوە کە خوێندکاران لە زانکۆ و قوتابخانەکان نزیک بە بیست ملوێن دەبن (ئاماری فهرمی دهسهڵاتی زاڵ به سهر ئێران لە ساڵی ١٤٠٠) رۆڵێکی دیاریکەر و بەرچاویان لە دەستنیشان کردنی داخوازییەکان و تێکۆشان بۆ گەیشتن پێیان هەیە. خوێندکاران ئەو چینەی کۆمەڵگان کە زۆر زووتر و ساکارتر لە چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەتوانن هاودەنگ و هاوئاهەنگ بن لە پەرە پێدان و تەشەنە پێکردنی داخوازییەکان و تەنانەت لە رێکخستن کردنی هەموو چین و توێژهكانی دیکەی کۆمەڵگا. ئەم کارە بە بێ هەبوونی ناووک (هستە) پێک نایەت و سەرناکەوێ، هەبوونی هەستەی رێکخستنی لە هەر مەیدانێکی چالاکی و تێکۆشان، بەردی بناخەیە و پیویستە هەبێت. ئەمەش بۆ کەسی خوێندکار و لە مەیدانی خوێندن و خوێندنگەدا زوو دەستەبەر دەبێت. ئەگەر ئاست و چۆنیەتی داخوازییەکان (مطالبات) بچووک و تەسک بن، ئەوا رژێم بە هەموو هێز و توانایەوە هێرشیان دەکاتە سەر و سەرکوتیان دەکات بەڵام هەرچەندە ئەو داخوازییانە مەزنتر و گشتگیرتربن (هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە خۆیان تێدا ببینن و لە پێناویدا هەوڵ و تیکۆشان بکەن)، ئەوا رژێم ناتوانێ هەروا بە سادەیی ئەو هێزە مافخوازە سەرکوت بکات و لەناوی ببات. خوێندکاران هەر وەکوو باسم لێ کرد دەتوانن لە رێکخستن کردنی گرووپی بچووک تاکوو گرووپی ملوێنی بۆ داخوازی مافە رەواکانیان کە دەکرێ ئەمە لە چوارچێوەی مافی گەل و نەتەوەدا دەستنیشان بکرێت، رۆڵی بەرچاویان هەبێت. خاڵی گرنگ و ئەساسی ئەوەیە کە هەر کار و چالاکیێک پێویستە بە شێوازی رێکخستن کراو ئەنجام بدرێ ئەگەرنا، نە تەنیا سەر ناکەوێ بەڵکوو دەکرێ ئەنجامی پێچەوانەشی لێ بکەوێتەوە و بکەوێتە خزمەتی ئارمانجەکانی دوژمنەوە. هەروەها لە یاد نەکرێ کە پابەند بوون بە هەموو بنەماکانی رێکخستنی و نەهێنی بوون مەرجی سەرەکەی سەرکەوتنی هەر رێکخستن و گروپێکی رێکخستنییە.
خاڵی دوویەم؛ یەکریزی و یەکگرتوویی نێوان خوێندکارانە کە ئەمە بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگاش بە هەمان شێوەیە
خوێندکاران لە زانکۆکان و لە قوتابخانەکان دەتوانن بە راگرتنی یەکریزی نێوان خۆیان و هاودەنگ بوونیان ببنە پێشەنگی هاودەنگی و یەکریزی گرووپە پیشەییەکانی دیکەش. دەتوانن پێشەنگایەتی بۆ مامۆستایان بکەن و لەوەشەوە کرێکاران و هەروەها هەموو بەشەکانی دیکە کە دەتوانین ئاماژە بە سەندیکای بارهەڵگرەکان و هێڵی گواستنەوەی گشتی شارە گەورەکان بکەین. ئەگەر بێتوو ئەمانە بەیەکەوە هاودەنگ بن و یەکریز پێکەوە مانگرتن رابگەیێنن ئەنجامەکەی دەبێتە زەمینگیر کردنی ئەوە رژێمە و چیتر ناتوانێ داخوازییەکانی گەل و کۆمەڵگا پشت گوێ بخات و بەو شێوازەی ئێستاش بە وەحشیانەترین شێواز دەست بداتە سەرکوت و کوشتنی خەڵک. دیارە ئەمەش پێشەنگ دەخوازێت، ئەوەش بە دەستی خوێندکارانی زانکۆ دەستەبەر دەبێت و لەو مەیدانەدا دەتوانێ ئەو یەکریزی و یەکگرتوویە سەرهەڵبدات و گەشە بکات و بڵاوی هەموو کۆمەڵگا ببێتەوە.
خاڵی سێههم؛ هەبوونی رۆڵی ستراتژیکی خوێندکارانە لە رووی هەژمار و بەردەوام بوونی رۆژانەی سەرهەڵدانی شەقامەکان
لەو رووەوە کە خوێندکاران هەژماریان زۆرە دەتوانن رۆڵێکی بەرچاویان هەبێت لە دووبارەكردنەوەی گردبوونەوەكان و هێنانی خەڵك بۆ سەر شەقامەكان و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان خوێندكاران و خەڵك و یەكڕیزی و هاودەنگی زیاتر لە نێوانیاندا دروست بێت. ئەم ستراتیژە دژی سیاسەتی رژێمە کە هەوڵ دەدات هەر چین و گرووپێک لە ئەوانی دیکە داببڕێت و گیرۆدەی کێشەکانی خۆیان بکات و واش نیشانی بدات کە کێشەی خوێندکار و کرێکار و هتد لەیەک جیاوازن و بەم چەشنەش هێز و ووزەی سەرهەڵدان و تێکۆشانی کۆمەڵگە کەرت و پەرت بکات و لە هەر جۆرە گردبوونەوەی جەماوەری دووریان بخاتەوە. هەربۆیە رۆڵی گەنجان لە بەردەوام بوون و دووبارەکردنەوەی هەر رۆژی خۆپیشاندان لە سەر شەقامەکان و بانگهێشت کردنی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بۆ بەشداری لەوەدا، ئەرکێک و ڕۆڵێکی ستراتژیک و گرنگە.
خاڵی چوارەم؛ ڕۆڵی فرەلایەنەی خوێندکاران و کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی خوێندکارانە
خوێندکاران لەم ساڵانەدا هەمیشە ڕۆڵێکی فرەلایەنیان هەبووە و وەک یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی کۆڕ و کۆبوونەوە لە کۆمەڵگادا هەژمار دەکران. ههروهها ههر خوێندكارێك به گواستنهوهی کەشی سیاسی – كۆمهڵایهتی ناو زانكۆ بۆ ناو خێزان و كهسوكاری و دهوروبهری و ههروهها چالاكی سیاسی – كۆمهڵایهتی، كاریگهری بنیاتنهری هەبووە و دەبێت و به واتایهكی دیكه رۆڵی سەرەکەی پاڵنهرێكی سیاسی بۆ بهرهنگاربوونهوهی رژێم دەگێڕێت. خوێندکاران جگە لە بەشداریکردن لە ململانێ سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان، بە وانە وتنەوە لە قوتابخانەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ خوێندکاران، زووتر و ئاسان تر دەتوانن ئەو کەسانەی کە بۆ رێکخستن کردن و بەشداری کردن لە کار و چالاکی بەهرەمەندن پەیدا بکەن و راکێشی کار و چالاکییان بکەن و لە هەمانکاتیشدا دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بنەماڵەکانیان هەبێت. بۆیە یەکێک لە رۆڵە بەکاریگەرەکانی خوێندکارەکان بنەماڵە و کەسوکاریانە کە پەیامی تێکۆشانیان پێ دەگەیێنن و بە جۆرێک بەشداری کاری و خەباتی سیاسی – کۆمەڵایەتیان دەکەن.
لە ئەنجامدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە؛ خەبات و تێکۆشان لەبەرانبەر رژێمی زاڵم و سەرکوتکەری ئێران زێدەتر لە چل ساڵە هەیە و ئەوەش بە شەهید بوونی ژینا ئەمینی گوڕتر و گەشاوەتر بوو. هەر رۆژ بە دەیان و سەدان هۆکاری بەرنگار بوونەوە و تێکۆشان بە دژی ئەو رژێمە هەیە و پێویستە ئەوەش هەر بەردەوام بیت. بەڵام دەبینین کە ئەم جارەیان ئاست و شێوازی سەرهەڵدان و تێکۆشان به بهراورد لهگهڵ جارەکانی دیکەوە کە دەکرێ بڵێین بە دەیان جاری دیکە روویان داوە زۆر جیاوازترە. هۆکاریش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم جارەیان زۆربەی بەشدار بووان تەمەنیان نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵە، واتە چینی گەنجی کۆمەڵگایە، لە هەمانکاتیشدا ئەوەی ئەم سەرهەڵدانە زیدەتر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە پێشەنگ و ئاڵاهەڵگر، «ژنانی» کۆمەڵگان. ئەمە بۆخۆی شۆڕشێکی نوێیە کە لەناو دڵی رژێمێکی کۆنەپەرەست و پیاوسالاردا بەوپەڕی بوێری و چاونەترسانە لە ریزەکانی پێشەوەدا ژنان دەبینین و بە دروشمی سەردەمیانە و بە واتەی «ژن، ژیان، ئازادی» بەروە مسۆگەر کردنی ئازادی هەنگاو هەڵدەگرن. بێگومان گەیشتن بە ئازادی رێگەیێکی پڕ هەوراز و نشێوی هەیە کە پێویستە پشوو درێژانە و بە سەبر هانگاوی تێدا هەڵبگیردرێ. ئەمڕۆکە زێدەتر لە سی ساڵ لە بەرزکردنەوەی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە لایەن تەڤگەری ئازادیخوازی «ئاپۆیی»ەوە تێپەڕ دەبێت بەڵام دیارە کە، کاتی مسۆگەر بوونی ئەو درووشمە پڕ واتە و بە نرخە هاتووە و ئەوەش لە ئەنجامی بەدیلی زۆر مەزندایە.
گەرچی ناکرێت لەم کورتە ووتارەدا بە تەواوی ئاماژە بە هەموو وردەکارییەکانی «ڕۆڵی گەنجان» بکەین و بە تەواویش حەقی ئەو درووشمە بە واتایە بەین و لەسەری بدوێین بەڵام هیوادارم کە توانیبێتم بە کورتیش بێت ئاماژەم بە گرینگترین رۆڵی سەردەمیانەی گەنجان، بەتایبەتی خوێندکاران کردبێت.
سەرچاوە: گۆڤاری آلترناتیو دەورهی ٣ شومارهی ١٢