ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”، ئامەد شاهۆ؛ بەشداری بەرنامەی هێلی سێ تەلەفزیۆنی ئاریان تیڤی بوو و هەڵسەنگاندن بۆ گەورەیی و بەكاریگەربوونی شۆڕشی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و دەڵێت؛ بەهۆی ئەوەی شۆڕشی ژن، شۆڕشێكی پارادیگمایی، هزری، كەلتوری، كۆمەڵایەتی و سیاسیە، بەئاسانی كەس ناتوانێت بەربەستی بۆ درووست بكات و رژێمیش ناتوانێت بەزەبر و زەنگ و بەكارهێنانی چەك ئەو شۆڕشە دامركێنێت.

ئامەد شاهۆ لەبەشێكی تری هەڵسەنگاندنەكانیدا؛ رۆڵی مامۆستایانی ئاینی لەپشتیوانی شۆڕشی ژن و داوا رەواكانی گەل بەمێژوویی و هێژا بەناو دەكات و پێوایە كە مامۆستایان رۆڵ و بەرپرسیاریەتی خۆیانیان وەكو كەسایەتی مۆسلمان جێبەجێ  كردوە؛ چونكە ئەركی مامۆستایانی ئاینی دژایەتی زۆڵم و زۆری و ستەم و چەوساندنەوەیە؛ رژێمی داگیرکەری ئێرانیش لەئێستادا لەهەركات زیاتر رژێمێكی زاڵم و ستەمكار و چەوسێنەرە. شاهۆ پێوایە؛ خاوەنداریەتی كردن لە شەهیدانیش ئەركی ئەساسی و بنەڕەتی مامۆستایانە و دەبێت مامۆستایان لەوتار و ئامادەبوون لەسەر گۆڕی شەهیداندا پێشەنگایەتی بن.

ئەندامی ئەنجوومەنی پەژاك؛ ئامەد شاهۆ پێوایە؛ شۆڕشی ژن، تەنیا شۆڕشێِك نییە و شۆڕشە لەنێو شۆڕشدایە. ئێستاكە ژنان لەبەلووچستان سەركاروانی شۆڕشی ژنن و لەپێش پیاوان درۆشمی”ژن و ژیان و ئازادی”دەڵێنەوە.

 

ئا/ هیوا ئەحمەد

 

* شۆڕشی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی سێ مانگە بەردەوامە، لەگەڵ ئەو هێرش و سەركۆتكاریانەی هێزە سەركۆتكەرەكانی رژێم لەهەفتەی رابردوو لەبەرامبەر بەگەل بەتایبەتی لەشارە كوردیەكان بەرێوەیان برد، ئاستی شۆڕش چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ سەرەتا لەسەرناوی خۆم و هەموو هەڤاڵانمان سڵاو و پێزانینمان پێشكەش بە شۆڕشی ژن و ئەو رۆڵە قارەمان و نەبەز و شۆڕەسوارانە دەكەین كە بەبێ دوو دڵی لەگۆڕەپانەكانی خەبات و تێكۆشاندان بەرخۆدانێكی بێ وێنە لەخۆیان نیشاندەدەن، دەكەین. تا ئەم چركەساتەی بەیەكەوە قسە دەكەین، زیاتر لە 450 تا 500 شەهید گیانیان لەپێناو شۆڕشی ئازادی ژن بەختكردوە، هەر بۆیەش سەرەتا لەكەسایەتی ئەوانەی تەمەنیان لە حەوت تا دە ساڵان بوون تا ئەوەی تەمەنی حەفتا ساڵانە و لەو شۆڕشەدا گیانیان بەختكرد كردوە بەتایبەتی لەكەسایەتی مۆنا نەقیب، دانیال پابەندی، رەحمان بەختیاری، رۆشنا ئەحمەدی، نیكا شاكەرەمی، مینۆ مەجیدی و … هاوكات حۆسین عەبد پەنا كە حەفتا ساڵ تەمەنی بوو یادی هەموو ئەو گیانبەختكردوانە بەرز رادەگرین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەس و كاریان و گەلانی ئێران و تایبەت گەلی كورد و بەلووچ  و هەموو پێكهاتەكانی ئێران دەكەین.

بێگۆمان ئەو شۆڕش لەئاستێكی بی وێنەیەدایە. رژێمی داگیركەر سەرەرای سەركۆتكردن و بەكارهێنانی چەك و چۆل و زەبر و زەنگ لەبەرامبەر بەخۆپیشاندەران و بۆ ئەوەی ئەو شۆرشە دامركێنێت، كەچی بە پێچەوانەی هەمووی هەوڵدانەكانی رژێم، ئاستی شۆرش بەرفراوانتر و گەشاوەتر و بەربڵاوەتر دەبێت، بۆیەش دەتوانین بەراشكاوی بڵێین كە شۆرش پێ ناوەتە قۆناخێكی نوێ لەتێكۆشانی خۆی و ئەو قۆناخەش رژێمی داگیركەری ئێرانی تەنگەتاو كردوە و رژێمی ناچار بەبەكارهێنانی زەبر و زەنگ كردوە.

بەهۆی ئەوەی ئەم شۆڕشە، شۆرشێكی زیهنی، هزری، كەلتوری و پارادایگماییە لەئاستی خۆیدا شۆرشێكی ژیاریە. كۆمەڵێك ئالۆگۆری بنەڕەتی لەئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان هیناوەتە ئاراوە، بەتایبەتی لەئاستی كۆمەڵایەتیدا گۆرانكاری بنەڕەتی هێناوەتە ئاراوە. ئەوەش ئاستی گەورەیی و بەكاریگەربوونی ئەو شۆرشە نیشان دەدات و رژێمیش ناتوانێت ئەو شۆڕشە بەربەست و دامركێنێت.

ئەو پەیامانەی بنەماڵەكان لەكاتی ناشتنی تەرمی رۆڵەكانیان دووپاتیان دەكەنەوە، جەختكردنەوەیە لەسەر ئامانجی رۆڵەكانیان كە ئەوانەش سەركەوتن و ئازادیە بۆ گەل. بنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان لەسەر گۆڕی رۆڵەكانیان بەوتنەوەی درۆشم و چەپڵەرێزان و هەڵپەڕكێ دڵداری گەل دەدەنەوە، ئەم هەڵوێست و دەربڕینانە ئاستی مەزن بوونی ئەو شۆرشە نیشان دەدەن.

چەخماخەی ئەو شۆرشە لەلایەن كۆردانەوە لێدرا و نەتەوەكانی تر پاڵپشتیان كرد. هەموو پێكهاتە و چین و توێژەكان هەر رۆژ بەرەنگێكی نوێ و بەچالاكیەكی نوێ بەشداری شۆڕشە دەبن و شۆرشیش هەر رۆژ خۆی نوێ دەكاتەوە و لەخۆیدا خۆلقكاری و گۆڕانكاری دێنێتە ئاراوە. بەرای ئێمە هەر تاكێك كە بەشداری ئەو شۆرشە بووە، تام و چێژی ئازادی و دیموكراسی و تیكۆشانی چێشتووە. ئەمرۆ پەیامی گەلانی ئێران لە بەبەشداریان لەو خۆپیشاندان و شۆڕشە، پەیامی دیمۆكراسی و وەرچەرخانی دیموكراتیكە. هەر تاكێك كە بەشداری ئەو چالاكیانە دەبێت هەوڵێكە لەبەرامبەر بەداگیركاری و ناعەدالەتی و هەنگاوێكە بۆ بۆنیادنانی دیموكراسی و لەو بڕوا داین رۆژ بەرۆژ ئەو دیموكراسیە لەسەر ئاستی جیهان بەربڵاودەبێتەوەو ئێدی ئەو رژێمەش ناتوانێت دیموكراسی و ئازادی و پێكەوەژیانی گەلان سەركۆت بكات.

شەهید بوونی، منداڵێكی وەكو مۆنا كە تەمەنی تەنیا هەشت ساڵە و حۆسین عەبد پەنا كە تەمەنی حەفتا ساڵەیە و لەراپەڕینەكاندا گیانیان بەختكردوە، ئەو شەهیدبوونانە ئاستی گەورەیی ئەو شۆرشە نیشان دەدات، بەرای من ئەو شۆرشە رۆژ بەدوای رۆژ گەشاوەتر و گەورەتر و بەهێز و بەكاریگەرتر دەبێت.

 

* وەكو هەموو لایەك ئاگادارن ئەم شۆڕش و راپەڕینەی گەلان لەئێران لەگەڵ سەرهەڵدان و راپەڕینەكانی پێشووتر لەزۆر خاڵێكدا جیاوازە. بەدەست پێكردنی شۆڕش لەشارە كوردیەكان، پشتیوانیەكی ئیجگار و كۆدەنگیەكی بەهێز لەشارەكانی تری ئێراندا هاتە ئاراوە، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا هێزە داگیركەرەكانی رژێم پەلاماری رۆڵەكانی كوردیاندا و شەهید و بریندارێكی زۆریاندا، لەئێستادا ئەو كۆدەنگی و یەكگرتووەییەی گەلان چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئەو گەرم و گۆڕیەی سەرەتای شۆڕش وەكو خۆی بەردەوامە؟

ـ ئەوەی گرنگە ئەو پەیامانەیە لەهەناوی شۆڕشدا دێنە دەرەوە. شۆڕشگێڕان و شۆڕشوانان پەیام و درۆشمێكی پڕ جۆان و بەهێزیان هەڵگرتووە كە ئەویش ئەوەیە”كوردستان چاو و چرای ئێران”ە. ئەمەش درۆشمێكی گرنگ و زۆر بەواتایە. ئەم پەیامە لەهەناوی خۆیدا بەواتای ئەوەیە كە كوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیستان. ئازەربایجان، بەلووچستان، تاران هەموویان پشتیوانی خۆیان بۆ كوردستان دەردەبڕن. پشتیوانی لەهەر گۆشە و كەنارێك بۆ كوردستانیان دەبیسترێت و ئەوەش بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە. ئەوەی كە شۆڕشی واتادا كردوە، ئەو پەیام و جمۆجووڵانەیە كە ئیستا لەئارادان و ئەو پەیامانەیە كە گەلان، لەبەرامبەر بەیەكدی دەردەبڕن. هەر نەتەوەیەك، هەر شارێك لەقۆناخێك و كاتێكی جیاوازدا دەستماڵ و سەرچۆپی ئازادی دەگرێتە دەست و دەیشەكێنێتەوە.

یەكەم چەخماخەی ئەو شۆڕشە لەمەهاباد بەخاوەندەركەوتن لە شەهید رێزان جاوید و پاشان لەمەریوان؛ لەشەهید شلیر رەسوولی و دواتر لەسەقز لەشەهید ژینا ئەمینی گەیشتە لووتكە و هەر رۆژ لەشارێكدا شەهیدێك ئەو ئاڵای بەرخۆدان و ئازادیە بەرز  دەكاتەوە. ئەمەش بەواتای دەست لەنێودەست و پشتیوانی گەلانی ئێران و پێكهاتە و چین و توێژە جیاوازەكانە لەشۆرش. بەدەست پێكردنی شۆڕش هاوئاهەنگی و كۆدەنگیەكی گشتی پێكهات. رۆژانە بەكەلتورێكی نوێ و سەردەمیانە، شۆڕش رازاوەتر دەكرێت و ئەو هاوئاهەنگیەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی سەرەنجی رای گشتی دنیا بۆ لای خۆی رادەكێشێت. بەواتایەكی دیكە سەرەنجی دۆست و دۆژمنی بۆ لای خۆی راكێشاوە. بەرای ئێمە ئەوەی كە گرنگە رژێم لەبەر ئەوەی كە كورد چەخماخەی ئەو شۆڕشەی لێداوە و جارێكی تر پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشە دەكات و پاشان لەشارەكانی مەهاباد، جوانرۆ، سنە، دیواندەڕە، دێولان، كرماشان، ئیلام بە هەموو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا پەرەی پێدا و بەگرم و گۆڕی زمانی دیموكراسیان جارێكی تر لەئێراندا گەشاندەوە.

ئەمرۆ كورد بووەتە هەوێنی یەكگرتنی نەتەوە و گەلانی نێو ئێران. بووەتە هەوێنی بەربڵاوبوونەوەی و پەرەدانی شۆڕشی ژن لەئاستی ئێراندا. ئەوەش بەهۆی ئەوەیە كە كورد خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆی هەیە. چاند و كەلتوری تایبەت بەخۆی هەیە. ئەوەش كەلتوری فرەنگی و ئازایەتی و چاونەترسی و تێكۆشەریە و خاوەن چاندێكی دیموكراسیخوازی و ئازادیخوازیدایە و بەدرێژایی تەمەنی رژێمی داگیركەر و داپلۆسێنەری ئێران گەلی كورد تێكۆشانی مان و نەمانی بەرێوە بردوە، بۆیەش ئەمڕۆكە بووەتە سەرچاوە ئیلهام و باوەری بۆ هەموو نەتەوەكان و گەلانی ئێران.

ئێستاكە هەموو پێكهاتە و گەلانی ئێران درۆشم و پەیامێكی وەها بەباڵای كوردستاندا دەڵێنەوە كە”كوردستان چاو و چرای ئێرانە. بەڵام بەپێ ئەو پەیام و درۆشمەی هەڵیانگرتووە، ئاستی خاوەنداری كردن لەكوردستان و رۆڵەكانی كورد لەبەرامبەر بەهێرشە دەڕندانە و وەحشیانەكانی رژێمی ئێران كەمن. لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان و بەلووچستان كۆمەڵكۆژی پێكدێت، بۆیەش دەبێت شارە گەورەكانی ئێران هاوشان و هاو هەڵوێست و بەیەك رۆح و یەك هزرەوە دەبێت هاوشانی شارەكانی مەهاباد و سنە و جوانڕۆ و مەریوان برژنە سەر شەقامەكان و ئەو رژێمە تەنگەتاو بكەن. دەبێت گەلان لەئاستی ئەو درۆشمانەی كە كوردستان چاو و چرای ئێرانە خاوەنداریەتی لەكوردستان بكەن و رێگە نەدەن ئەو چرایە بكۆژێتەوە. دەبێت خاوەنداریەتیەكە گەرمتر و بەفراوانتر بێت. دەبێت وەها هەڵوێستێك نیشان بدەن كە رژێم و هێزە سەركۆتكەرەكانی جەسارەتی ئەوەیان نەبێت هێز رەوانەی كوردستان بكەن و گەل زیاتر سەركۆت و بچەوسێننەوە. چونكە ئەمڕۆ رژێمیش لەوە وەڕەز و تۆرەیە كە كورد بووەتە هۆكارێك كە هەموو گەلان بەشداری شۆڕش و پێشەنگایەتی شۆڕش بكەن. لەبەر ئەوەش هێزەكانی رژێم هەوڵدەدەن بەهەموو چەشنێك سەركۆتی كوردان بكەن.

 

* رۆڵ و پشتیوانی مامۆستایانی ئایینی لەم ماوەیەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بەتایبەت مامۆستایانی ئاینی لەزۆرێك لەشارەكان پشتیوانیان بۆ شۆڕشی ژن نیشاندا و كۆمەڵێك داواكاریان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە؟ بەرای ئێوە ئەو هەڵوێستانە چەندە بەكاریگەرن لەرەوتی و پێشكەوتن و داهاتووی شۆڕشدا؟

ـ بەبڕوای ئێمە، مامۆستایان ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆیان پێكهێنا. ئەرك و بەرپرسیاریەتی كەسایەتی مۆسلمان و ئیسلامی چاندیش و راستەقینە خاوەنداری كردنە لەداواكاریە رەواكانی گەل، چونكە ئەو درۆشمەی خۆپیشاندەران كە دەڵێن بێدەنگی تۆ دەبێت چەكێك لەدژی گەل یا”بێدەنگی تۆ خامنەیی وەحشیتر و دەڕندەتر دەكات”لەجێگەی خۆیدایە. ئەگەر گەلانی ئێران بێدەنگ بن و دەنگی خۆیان دەرنەبڕن دیارە خامنەیی و دەست و تاقمەكەی دەڕندەتر و خوێنمژتر دەبن و وەكو زۆحاكی سەردەم گەل كۆمەڵكۆژ دەكەن. بەبڕوای من ئەو دەنگ دەربڕینەی مامۆستایان وەرچەرخانێكی مێژووییە. ئەمرۆ لەئیران، كوردستان و بەلووچستان و لەناوچەكانی دیكەی ئێران كۆمەڵگە خەڵتانی خوێن دەكرێت و رۆژ نییە شەهید نەدرێت و سەدان شەهید دراوە، بەهەزاران كەس خراونەتە كۆنجی بەندیخانەكان و بێ سەرۆشوێن دەكرێن و كەشێكی تۆقێنەر باڵی بەسەر جۆگرافیای ئیران كێشاوە. خۆشبەختانە مامۆستایانی ئاینیە هەستیان بەو زۆڵم و زۆرداری و ناحەقیە كردوە؛ بەرپرسیاریەتی سەرەكی مامۆستایان و كەسایەتی ئاینیش دژایەتی و بەڕەنگاربوونەوە لەبەرامبەر زۆڵم و زۆری و داگیركارییە و پشتیوانیە لەمافە رەواکانی گەل.

گەل هاوار دەكەن كە”خامنەیی بكۆژە و حكومەتەكەی رەوایەتی نەماوە”، ئەوە بەو واتایە دێت كە ئێدی ئەو حكومەتە رەوایەتی نەماوە و رەحم بەلایەنگەرانی خۆشی ناكات. بۆیەش بەشداری مامۆستایان و مەلایان لەكوردستان جارێكی دیكە دەبێتە وەرچەرخانێكی مێژوویی و هەڵگیرسانی چەخماخەیەكی دیكە؛ چونكە ئەو شۆڕشە تەنیا شۆرشێك نیە. شۆڕشێكە لەنێو شۆڕشدایە. تەماشا بكەن ئێدی لەبەلووچستانیشدا ژنان پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشە دەكەن. ئەوە سەردەمێكی نوێیە. هەرە دوایی ژنان لەپێشەوەی پیاوان لە رێزی خۆپیشاندانەكاندا درۆشمیان دەوتەوە، ئەمە هەنگاوێكی بەنرخ و هێژایە، ئەمە دەنگی راستەقینەی شۆڕشە. لەكوردستاندا مامۆستایان، وەرزشكاران و هۆنەرمەندان پێشەنگایەتی دەكەن. لەو باوەڕە داین كە ئەو شۆرشە رۆژبەرۆژ پێشکەوتووتر و بەهێزتر دەبێت و بڕبرەكانی پشتی رژێم دەشكێنێت و دوا هەناسەكانی رژێمە بەو ئەندازەی پەل و پۆی هاوێشتووە لەپەل و پۆ دەكەوێت.

مامۆستایانی ئاینی هەڵوێستەكانیان هێژا و بەنرخە و دەبێت هەنگاوەكانیان بەهێزتر بكەن و دەبێت مامۆستایانی پارێزگاكانی دیكەی ئێرانیش هاوشێوەی خاوەنداریەتیان لەژینا ئەمینی و سەقز، جارێكی دیكە رەوتی تێكۆشانی مامۆستایانی ئاینی بكەنە سەرچاوەی تێكۆشانی خۆیان؛ چونكە ئەگەر وەها نزیكی شۆڕش و نرخەكانی كۆمەڵگە نەبنەوە هەرچۆن لە شارەكانی دیكەی ئێران ژنان و گەنجان جامانەی مەلایان فرە دەدەن، ئەوا ئەوانیش رووبەرووی وەها هەڵوێستێك دەبنەوە. لەئێستادا خۆشبەختانە لەكوردستاندا مامۆستایانی ئاینی دەستپێشخەری شۆرشەکە دەكەن و پشتیوانی گەل و هەڵوێستەكانیانن و لەبەرامبەر بەداگیركەری دەنگیان دەربڕیوە و دەبێت زیاتر لەمنبەرەكاندا بەباڵای شەهیداندا وتار و لەسەر گۆڕی شەهیدان لێدوان و پێزانینیان بۆ شەهیدان و كەس و كاری شەهیدان نیشان بدەن.

خاوەنداریەتی لەشەهیدان ئەركی ئەساسی و سەرەكی مامۆستایانی ئاینییە. دەبێت ئەو كاروكردەوانەی رژێم لەكوردستان و بەلووچستان وەكو داگیركەر پێناسە بكرێن و مامۆستایانی ئاینی لەدژی داگیركەری رژێمی ئیسلامی ئێران جاڕی جیهاد بدەن. دەبێت لەهەموو شوێنێكی ئێران لەمنداڵێكی حەوت ساڵیەوە تا كەسێكی حەفتا ساڵان لەدژی رژێم راپەڕن و لەو باوەڕەشداین كە مامۆستایانی ئاینی رۆڵی وەرچەرخانی دیموكراتیكی خۆیان بگێڕن. ئیسلامی دیموكراتیك و راستەقین و كەلتوریش ئەوەیە كە خاوەنداریەتی لەنیشتیمان و خاك و گەلەكەت بكەی، خاوەنداریەتی لەنرخ و بەهاكانی كۆمەڵگە بكەی. ئەگەر مامۆستایانی ئاینی وەها نزیك ببنەوە، گەلیش بێگۆمان رێزی كەسایەتی ئاینی خۆیان دەگرن و پەیام و هەڵوێستەكانیشیان جێگای خۆیان لەدڵ گەل و كۆمەڵگەدا جێ دەگرن.

 

* ئێوە لەئاخاوتنەكانتاندا ئاماژەتان بە رۆڵی وەرزشكاران كرد، ژمارەیەك لەو وەرزشكارانە بەدرێژایی راپەڕاین و سەرهەڵدان و شۆڕشی گەلان لەبەرەی گەل و پشتیوانی داواكاریەكانی گەلاندا بوون، بەڵام هەڵوێستەكان زیاتر لەئاستی كەسیەتیدا مایەوە و تێپەڕی دامەزراوە وەرزشیەكان و وەرزشدۆستان نەبووە، بۆیەش رژێم بەئاسانی پەلاماری ئەو تاكە وەرزشكارانەیدا و رووبەرووی شەپۆڵێك لەگرتن و هەڕەشە بوونەتەوە، ئێوە هەڵوێستی كۆمەڵگەی وەرزشكاران چۆن دەبینن، یا خود قسەتان بۆ وەرزشكاران چییە؟

ـ وەرزشكار لەئەدەبیاتی فەرمی رژێمدا وەكو قارەمانی دەوڵەت بەناو دەكرێن، بۆ ئەوەی لەخزمەتی ئامانجەكانی دەوڵەتدا بن و پەرە بەسیاسەتەكانی رژێم بدەن، رژێم پێناسەیەكی وەهایان بۆ بەكاردێنێ، ئەمەش سیاسەتی فەرمی دەوڵەت و رژێمی ئێرانە بۆ وەرزشكاران. بەڵام بەدەست پێكردنی شۆڕشی گەلان ئەوە مایە دڵخۆشیە، وەرزش و وەرزشكاران پێناسەیەكی نوێیان بۆ خۆیان دۆزیەوە. بوونە پێشەنگی شۆڕش و لەگەل گەلەكەی خۆیان بوون. گەلیش وەكو قارەمانی”پاڵەوانی”، خۆیان سەیریان دەكەن. واتا بوونە قارەمانی”پاڵەوانی”، گەل. بۆیەش دۆژمن هاوشێوەی كەسانی بەهەڵوێست پەلاماریانیدا و دەیەوێت دەستگیریان بكات و لەكۆنجی زیندانەكان بەندیان بكات. ئەوە وەرچەرخانێكی دیكەی ئەو شۆڕشەیە. هەم لەئاستی ئێراندا و هەمیش لەئاستی كوردستاندا مایەی خۆشحاڵیە ژمارەیەك كەسانی ناوداری وەرزشی، هەڵوێستی خۆیان خستووەتە پاڵ داواكاریەكانی خۆپیشاندەران و لەگەڵ شۆڕش دان و بەرەنگاری زۆڵم و زۆری بوونەتەوە. ئەو كەسانەی ئەو هەڵوێستانەیان نیشاندا زیاتر لەلای گەل خۆشەویست تر بوون و وەكو قارەمان سەیریان دەكرێت. لەكوردستاندا كەسانێك وەكو وریا غەفوری و لەئاستی ئێراندا عەلی دایی و عەلی كەریمی بوونە خاوەن هەڵوێستێكی بوێرانە، سڵاو لەهەڵوێست و بوێری و ئازایەتیان دەكەین. ئەوانە قارەمانێكی بەئەخلاقن و هەڵوێست و پەیامەكانیان دەبێتە هەوێنێك بۆ بۆنیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك و ئەخلاقی. كاتێك وریا دەڵێت من لەپێناو بەرگری کردن لەگەلەکەم، ئامادەی لەسێدارەدانم، ئاستی هەڵوێست و ئازایەتی وەرزشكارێك و قارەمانێكی گەل نیشاندەدات. ئەوان ورەبەخشی كۆمەڵگەن. پێویستە نمونەی ئەو وەرزشكارانە زیاتر بن، كۆمەڵگەی ئێرانی بەگشتی، كۆمەڵگەیەكی وەرزشی و وەرزش دۆستە، بۆیەش رژێم دەیەوێت كۆمەڵگەی وەرزشی قۆرخ بكات و بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە.

رژێم هاوشێوەی گۆڕەپانەكانی تری كۆمەڵگە، گۆڕەپانی وەرزشیشی خستووەتە خزمەتی پرۆپاگەندە و سیاسەتەكانی خۆی، هەڵوێستی وەرزشكارانیش ئەو ستوونانەی رژێم پشتی پێ بەستووە دەلەقێنن و بێ كاریگەریان دەكەن. دەبێت ئێدی ژنان روو لەفدراسیۆنەكانی وەرزشی بكەن و لەهەموو مەیدانەكانی وەرزشدا بدرەوشنەوە. شۆڕشی ژن ئەو دەرفەتەی خۆلقاندوە. رژێم بەهەموو شێوەیەك رێگری لەژنان و گەنجانی كرد، بەڵام ئەمرۆ ئێدی ژنان مافەكانی خۆی لەرژێم وەردەگرێتەوە، گەنجانیش بەهەمانشێوە، ئەوانە كۆمەڵێك ئاڵۆگۆڕن. ئەوەی كە كەم ماوە لەكۆمەڵگەی وەرزشیدا، یەكگرتوویی كەم بووە، بۆیەش رووبەرووی هەڕەشە و گۆڕەشە بوونەتەوە. كۆمەڵگە خاوەنداریەتی لەكەسایەتیەكی وەكو وریا غەفوری و عەلی دایی و عەلی كەریمی دەكات. كۆمەڵگە پشتیوانی قارەمانەكانی خۆیەتی. هەڵوێستەكانیان باشە، بەڵام كەمە. پێویستە تیپە وەرزشەكان لەهەموو شارەكان خاوەن هەڵوێست و پشتیوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بن. دەبێت وەرزشكاران بەكۆ بەرەنگاری زۆڵم و زۆری رژێم ببنەوە، چونكە ئەگەر ئەوە نەكەن، لەلایەن كۆمەڵگەوە حیسابی داشەی داگیركەریان بۆ دەكەن و نابنە قارەمانی گەل. لەسەرئاستی ئێرانیشدا پێویست دەكات بۆ ئەوەی سیاسەتەكانی رژێم پۆچەڵ بكرێنەوە، خاوەنداریەتیەكان گەرم و گۆڕتر و بەهێزتریان هەبێت. گەل دەڵێت، رزگاری مافمان و هێزمان یەكگرتوویی ئێمەیە. هێزی گەل كۆمیناڵ بوون و یەكگرتوویی بوون و یەكێتی و كۆدەنگی دەوێت. كۆمەڵگەی وەرزشیش دەبێت لەهەموو پێكهاتەیەك، یەكگرتووتر و بەهێزتر هاوفكرتر و هاوهەڵوێستتر بن و هاوشێوەی مامۆستایانی ئاینی، خاوەن هەڵوێست دەرببڕن. ئەو كاتە گۆشارەكانی سەر كۆمەڵگەی وەرزشی و كەسایەتیەكانیش كەمتر دەبێ و كۆمەڵگەی وەرزشی شوێن پەنجەیان لەگەرەنتی كردنی سەركەوتنی شۆرش و بۆنیادنانی كۆمەڵگەی ئەخلاقیدا دەبیننەوە.

* لەبیست وچواری مانگدا ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری پێكهێنانی لێژنەیەكی بێ لایەن و سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاشكراكردنی راستیەكان لەسەر پێشلكاری مافەكانی مرۆڤ لەئێران دامەزرێنن. هەر ئەو رۆژ رژێمی ئێرانیش رایگەیاند كە كۆمیتەیەكیان بۆ لێكۆڵینەوە لەراستیەكان دامەزراندوە، ئەو هەوڵدانانە چەندە دەكەونە خزمەتی گەلەوە و ئێوە چۆن سەیری ئەو هەڵوێستانە دەكەن؟

ـ وەكو پەژاك هەر هەوڵێك كە خزمەت بەشۆڕشی ئازادی ژن بكات و ئەو شۆڕشە بەشێوەیەكی ئازاد و دیموكراسی بڕازێنێتەوە و ئێرادەی ئازادیخوازی گەلان بناسێت، و لەدژی سیاسەتە سەركۆتكاریەكانی رژێم بێت، و زۆڵم و زۆری و كۆشت و بڕ و لەسێدارەدان بكاتە ئامانج و لەپێناو كەم كردنەوە و لاوازكردنی سیاسەتی سەركۆتكارانە بێ، هەر هەوڵدانێك لەلایەن كێ و دامەزراوەیەكەوە بێ بەگرنگ دەبینین. چونكە ئەو شۆڕشە لەهەناوی گەل هەڵقوڵاوە و سەركەوتنی و گەرەنتی ئەو شۆڕشە لەلامان زۆر گرنگترە.

لەبواری هێزە نێودەوڵەتیەكان كە خۆیان بەپارێزەری مافی مرۆڤ دەناسێنن، هەوڵدان و پشتیوانیان كەم و لاوازە. ئەو هەڵوێستە نەرم و نیانەی لەبەرامبەر بە رژێم نیشانی دەدەن ئاستی رەوایەتی سیاسەتەكانی رژێم و بەكارهێنانی زەبر و زەنگ كەم ناكاتەوە و نابێتە هێز بۆ بەربەستكردنی پەلامارەكانی رژێم بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ. لەبابەتی پرسی كوردیشدا ئەو هێزانە خاوەن بۆچوونێكی دووفاقین. لەئاستی هەرچواربەشی كوردستاندا كۆنسپتیكی هەمەلایەنە لەدژی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بەدی دەكرێت. لەرۆژئاوا و باكوری كوردستان كۆمەڵكۆژی بەرێوە دەچێت و ئەو دامەزراوانە نووقەیان پێوە نایەت.

بەنیسبەت ئێرانەوە، كۆبوونەوەی ئەو وڵاتانەی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان هەنگاوێكی گرنگە. بەتایبەت پێكهێنانی لێژنەیەكی لێكۆڵینە لەراستیەكان لە ئێران و كوردستان و بەلووچستان كە زیاتر رووبەرووی كۆمەڵكۆژی و سیاسەتی جیاكاری نەتەوەیی بوونەتەوە. بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدان، بەربەستكردنی و رێگری لە بەكارهێنانی توندوتیژی لەبەرامبەر بەخۆپیشاندەران، بۆ وشكردنی سەرچاوە سەركۆتكاریەكانی رژێم، ئازادی بیروڕا و ئازادی زیندانیان. بۆ پۆچەڵكردنی سیاسەتێكی وەها هەبێت ئەرێنێیە.

هەوڵەكانی رژێم هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵدانانەی دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان بەواتای ئەوەیە كە نایەوێت هیچ هاوكاریەك و تەداخۆلێك لەدەرەوە لەسەر ئاستی ئێران پێكبێت. رژێم زۆر هەوڵیدا سەرچاوەی ئەو شۆڕشە بەدەرەوە ببەستێتەوە، بەڵام لەراستیدا ئەو شۆڕشە لەبەرامبەر بەكارنامە و سیاسەتی هەڵاواردنی رەگەزی، نەتەوەیی، لەسێدارەدان، جیاكاری و پێشلكردنی مافەكانی مرۆڤ  لەماوەی دەسەڵاتداریەتی چل و سێ ساڵەی خۆیدا پێكهاتووە. لەهەموو بوارێكدا لەسەر ئاستی ئێران بووتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە ئێدی بەرژێم بڵێین بەسە و لەدژی بوەستنەوە. بۆ ئەوەی كۆمەڵكۆژی زیاتر روو نەدەن دەبێت هەڵوێستەكانیان رادیكاڵتر بێت و بۆ كۆتایی هێنان بەسیاسەتی زەخت و گۆشار جددیتر و بەهێزتر رووبەرووی رژێمی ئێران ببنەوە.

 

* بەدرێژایی شۆڕشی گەلان، خوێندكاران رۆڵێكی ئاكتیڤیان گێڕاوە، بەرای بەرێزتان دەبێت لەمەوبەدوا رۆڵی خوێندكاران چۆن بێت. ئەرك و بەرپرسیاریەتی زانكۆ و پەیمانگاكان لەم قۆناخە مێژووییەدا، لەكاتێكیشدا لەرۆژی خوێندكاران نزیك دەبینەوە چییە؟

ـ بەبۆنەی نزیكبوونەوەی شانزدەی ئازەر”شانزدەی سەرماوەز، كانوونی یەكەم”، لەئێستاوە رۆژی خوێندكاران لەهەموو خوێندكاران لەسەر ئاستی ئێران و بەتایبەتی خوێندكارانی كورد بەگشتی پیرۆز دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. شانزدەی ئازەری ئەمساڵ زۆر جیاوازترە بۆ هەر خوێندكارێك، بۆ هەر قۆتابیەك، بۆ هەر ژنێك، چۆنكە شانزدەی ئازەر ئاوێتەی شۆڕشی ئازادی ژن بووە و، بەعەقڵیەتی نوێ و زیهینیەتێكی نوێ ئەو رۆژە پێشوازی لێدەكرێت و دەڕازێندرێتەوە. واتا هیوای ئازادی و سەربەستی بەهێزتر بووە و، ئاڵای ئازادی بڵندتر بووەتەوە، بۆیەش لەم شۆڕشەدا رۆڵی خوێندكاران زۆر گرنگ و هێژایە و مایەی ستایشە.

خوێندكاران و بەتایبەتی خوێندكارانی كورد لەسەر ئاستی گشتی ئێران و زانكۆوەكاندا پێشەنگایەتیان كرد. كۆمەڵێك خوێندكاری كورد لەزانكۆوەكانی دیكەی ئێراندا شەهید كەوتن، بۆیەش دەبێت بەپلەی یەكەم؛ ئەو رۆژە، شانزدەی ئازەر، خاوەنداریەتی لەو خوێندكارانەی لەپێناو شۆڕشی ئازادی ژن گیانیان بەختكردوە بكرێت. دەبێت لەو رۆژەدا خوێندكارانی زانكۆ، مانگرتنی سەرتاسەری لەهەموو زانكۆوەكاندا رابگەینێنن و بڕژنە سەر شەقام و بەدرۆشمەكانیان، پایەكانی رژێم بهەژێنن و ئەو داواكاریانەی كە خوێندكاران هەبوویان، بەتایبەت ئەو خوێندكارانەی دەستگیركراون، بۆ ئازادكردنی ئەوان چالاكانەتر و بەگۆڕتر و بەهێزتر چالاكی و هەڵوێست بنوێنن. خوێندكاران و هەڵوێستەكانیان گرنگە. شۆڕش گەشەیەكی هۆنەری و كەلتوری پێشخستووە و بواری فەلسەفی و هۆنەری پێدراوە. ئەوەی دەتوانێت شۆڕش ئاراستە بكات و رێگە لە بەلارێدابردنی شۆڕش بگرن، خوێندكارانی زانكۆن، بەتایبەتی درۆشمی ژن، ژیان، ئازادی دوای سەقز، لەلایەن خوێندكارانی زانكۆی تاران بەرز كرایەوە و بەهەموو زانكۆوەكاندا بڵاو بوویەوە و جارێكی تر پێناسەیان بۆ ژن و ژیان داڕشتەوە. ئەو ساتەی كە ئێمە پێكەوە بەئاشتیانە لەپێناوی دا دەژین و دەمانەوێت بەدیموكراسی بیڕازینەوە و خاوەنداری لەنرخەكانمان و خاك و شۆناس و زمانی خۆمان بكەین و خاوەنداریەتی لەمرۆڤەكان و بۆنەكان دەكەین، پێناسەیان بۆ كرایەوە و واتایان بوونەوە خاوەن واتا. ئەوەش واتا و وەڵامی ئازادیە، گەیشتنە بەئازادی كە مرۆڤ بەبێ جیاوازی خاوەنداری لەهەموو رەنگەكان بكات. وەكو پارچەیەك لەخۆی سەیریان بكات.

دەبێت لەبواری فەلسەفی جارێكی دیكە خوێندكاران لەشانزدەی ئازەردا واتای بەرین و فراوانتر بدەن و بەپێ ئەوە چالاكیەكانی خۆیان بەبەرفراوانتر و گشتگیرتر پێكبێنن. و بە تایبەت جارێكی تر ستایشی خوێندكارانی ناوەندی و دواناوەندی دەكەین و تەنانەت پۆلە سەرەتایەكان كە ئەوەش جێگای دڵخۆشیە كە منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵە كەفیەكەی وەكو دەستماڵی سەرچۆپی دەشەكێنێتەوە و نیشانی دەدات كە كەسایەتیەك لەو تەمەنە بچووكەدا چەندە تامەزرۆی ئازادییە.

خوێندكارانی زانكۆ واتا دەبەخشنە ئەو پێناسانەی لەئاستی ئێراندا هەیە، ئەویش كەلتوری دایك و ژنە. ئەو رەنگ و بۆنەی كە ئەمرۆ لەزانكۆوەكاندایە بەردەوام دەبێت و لە ئەمڕوەوە تا رۆژی شانزدەی ئازەر و دواتر بۆ پیرۆزكردنی هێزی زیاتر و بەرنامە و پلانی زیاتر دابرێژن و هەر خوێندكارێك ئەركی رۆشنبیری خۆی لەم قۆناخەدا و، ئەركی پێشەنگایەتی خۆی وەكو خوێندكارێك دەستنیشان بكات و دەبێت لەهەرچین و توێژێكی كۆمەڵگە زیاتر خاوەن رۆڵ بن، ئەمەش ئەركێكی مێژوویی و كەلتوری خوێندكارانە.

 

* بەو سیاسەتەی رژێم گرتووتیەتە بەر لەسەركۆتكردنی خۆپیشاندەران و راپەڕین و شۆڕشی گەلان، رژێم چەندە دەتوانێت بەردەوام بێت، ئاخۆ رژێم بەسیاسەتی ترس و تۆقاندن و ئەشكەنجە و زیندان دەگاتە ئامانجەكانی؟

ـ بۆ ئەو وەڵامی بەرێزتان دەتوانم ئاماژە بەدرۆشمێكی خۆپیشاندەران بكەم كە دەڵێن، هەر كەسێك بكۆژرێت بەهەزاران كەس بەدوایدا بێت”هەر كس كشتە شود هزار كس پشتشە”، واتا هەر كەسێك شەهید بێت، هەزار كەس جێگەی دەگیرێتەوە. رژێم خۆشی لەسەر بنەما و پشت بەستن بەعەقڵیەتێكی دەیان هەزار فیدایی لەبەسیج و سوپای پاسداران خۆی بۆنیاد نا و پێوا بوو كە بەكۆشتنی هەر یەكیان بەهەزاران كەس شوێنی دەگرنەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئێدی كۆتایی بەو زیهنیەتە هاتووە. كەس بۆ رژێم نە خۆی دەداتە كۆشتا و نە ئامادەیە رووبەرووی گەل بێتەوە. گەل ئێدی لەمردن باكی نییە، چونكە گەل گەیشتووەتە ئاستی لووتكەی ئازادی، ئێدی دەزانێ ترس و تاریكی و نەزانی چییە. گەیشتووەتە ئەو حەقیقەتە. ئەوەش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیە كە ئەو ترسەی لەدڵ و دەروونی تاكەكانی رەواندۆتەوە. لەسێدارە ناترسێت. ئەمرۆ بەشێكی زۆر لەخۆپیشاندەران و شەهیدەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەدوایین پۆستەكانیاندا ماڵئاوایی لەكەس و كاریان و كۆمەڵگە دەكەن. ئەوە چییە كە ئێدی ئەو كەسانە لێ سڵ ناكەنەوە. لەئیسفهان و چاباهار و خۆراسان و تاران و كوردستان ئێدی شۆڕش چەكەرەی كردوە. بەبڕوای من ئێدی زیندانیش هەڵوەشاوەتەوە؛ تەنانەت زیندانیش ئەمڕۆ بووەتە شوێنی شۆڕش. لەهەر كۆنجێكدا بەرخۆدان، ژیان و تێكۆشان دەڵێنەوە. لەزیندان بن یا خۆد لەدەرەوە. ئەو رژێمە ئێدی بەو عەقڵیەتی رابردوودا ناتوانێت رووبەرووی گەلان ببێتەوە.

ئایا رژێم دەتوانێت دەوڵەتی ئیقلابی بۆنیاد بنێت، ئەمڕۆكە ئێدی كۆمەڵگەی ئینقلابی لەسەر پێیە. گەنج و ژنی ئینقلابی لەسەر پێن. بۆیەش ئەمڕۆ گرتن و كۆشتن و سێدارە، و بێ سەرۆشوێن كردن هیچ شتێك ئێدی ناتوانێت پێش بەشاڵاوی راپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی بگرێت.

منداڵێكی بیست ساڵان وەكو مۆنا و دانیال لەتەمەنێكی هەشت ساڵان لەپێناو داهاتووی خۆی دێتە سەر شەقام و لەهیچ ناترسێت. ئەمڕۆ گەریلایەك لەبەرامبەر بەچەندین هێزی دنیا و بۆمبی كیمیایی و بۆردۆمانی ئەتۆمی وەستاوەتەوە. رێبەر ئاپۆ بەساڵانە لەبەرامبەر بە زۆڵم و زۆر و سەرمایەداری تێدەكۆشێت و ئامادە نییە لەنێو سیستەمێكی داگیركەریدا بژێت، ئێستاش منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان و پیاوێكی حەوتا ساڵان تینۆی ئازادین و ئەو پەیامی ئازادی دەڵێنەوە. ئەمرۆ سەدەی بیست و یەك، سەدەی ژنە. سەدەی ئەنجومەنی پیاوماقوولان و ویلایەتی فەقێ بەكۆتا هاتووە. قۆناخێكە ژن پێشەنگە. سیستەمی دیمۆكراتیك بۆنیاد دەنرێت. بۆیەش ئەو سیاسەتانەی رژێم خەیاڵێكی خاون. خامنەیی لەمردن نزیك بووەتەوە. دەسەڵات دەیەوێت بۆ كوێ ملبنێت، خەرێكە بەرەو هەڵدێر دەچێت. بۆیەش بۆ ئەوەی دۆخەكەی قەیرانئاویتر نەبێت، دەبێت رژێم هێزی سەركۆتكار لەكوردستان و لەناوچەكانی تر بكشێنێتەوە، رۆژ بەدوای رۆژ ئەو دڵۆپە دەبێتە رووبارێك، ئەو كاتە دوورگەیەكی ئارام بۆ رژێم نامێنێت و ناتوانێت دەسەڵاتداری خۆی بەرێوە ببات، بەرای من سیاسەتی توندوتیژی و سەركۆت ناگاتە ئەنجام.