جەهانگیر عەبدووڵاهی

کوژرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لە تاران وەک چەخماخەیەک بوو بۆ گڕدانی ئەو هەموو ئازار و نارەزایەتیەی کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا لە سەر دڵی خەڵک کۆببۆوە. دوابەدوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی ناڕەزایی جەماوەری لە شاری سه‌قز دەستیپێکرد و پێداگری گەل لەو شارە، دوای دوو ڕۆژ شارەکانی تری کوردستانی هێنایە شەقام. دوای گەورەبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک، شارەکانی ئێرانیش وەک تاران، رەشت، مەشهەد و تەورێز هاتنە دەرێ و پەیامی هاوبەشی و پشتیوانییان بۆ گەلی کورد دەربڕی. ئێستا زیاتر لە 50 ڕۆژە کە گەلان بە لەخۆبردوویی، به‌رده‌وام  لەشەقامن و داوای هەڵوەشانەوەی فاشیزم و داگیرکاری  ئێران و سازدانی سیستەمێکی دیمۆکراتیکی هەڵقوڵاو لە داخوازیەکانی خەڵک دەکەن.

لێرەدا و لەو چوارچێوەیەدا تیشک دەخەینە سەر ڕۆڵی تایبەتی ژنان لە ڕێپێوانە گشتیەکان، بەتایبەت کە چۆناوچۆنە کە ژنان توانیویانە ئەو زنجیرانەی کە کۆماری سێداره‌ و نەریتی پیاوسالار کە بەسەریان داسەپاوە بپسێنن و وەک ڕێبەرێکی لێهاتوو ئەرکی ئۆرگانیزەکردنی خەڵک بۆ دژایەتی حکومەتی ئێسلامی ئێران بگرنە ئەستۆ؟

لەو چوارچێوەیەدا و بۆ دیارخستنی ڕۆڵی ژنان، پێویستە بە کورتی ڕووداوەکانی ئەو دواییانە بێنینە بەر باس و دوای شیکارییەکی ئاماری تیشک دەخەینەوە سەر ڕۆڵی ژنان لەو سەرهەڵدان و ڕاپەرینە.

بە بڵاوبوونەوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەکانی گەل، لەو ماوەدا لانیکەم نزیکەی ۳٥۰ کەس بەتەقەی ڕاستەوخۆیی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراون و بەسەدان کەس بریندار بوون، بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لانیکەم ۴۰ کەس لە گیانبەختکراوان لە ژنان پێکدێن و لانیکەم ۱۹ کەس لە کەسانی کوژراو تەمەنیان ژێر ۱۸ ساڵ بووە. ئەوە جیا لە چەندین هەزار کەسە کە لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران دەستبەسەر کراون. لە شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان، کرماشان، دیواندەرە، شنۆ، مەهاباد، پاوە، کامیاران، ئیلام و ورمێ لە رۆژھەڵاتی کوردستان زۆربەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گەل هاتە ئاراوە. لە شارەکانی رەشت ، زاهیدان، تاران، تەورێز، مەشهەد و ئێسفەهانیش زۆربەی بەشداری خەڵکمان لەو ڕێپێوانانە بینی.

لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئێسلامی خەڵکیان داوەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ و لە زۆر حاڵەتدا بە مەبەستی کوشتنی بەئەنقەست تەقەیان لەخەڵک کردووە. گازی فرمێسک ڕێژ و چه‌كی ساچمەیی دوو کەرەستەی تری ئەو هێزانە بوون کە دژی خەڵک بەکار هێنراون.

خاڵی دیار کە پێشێلکاری ئاشکرای کەرامەتی مرۆڤە، دەستدرێژی سێکسی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەرانە. لەچەند بەڵگەی ویدیۆی باوەرپێکراو بە جوانی دەردەکەوێت کە هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئێران دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنانی دەستبەسەرکراو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا باسی دەستبەسەر کرانی خوێندکارانی کچ لە شاری مەھاباد کرا کە هێزە ئەمینییەکان سووکایەتی و دەستدرێژیان کردۆتە سەر ئەو کچە خوێندکارانە و بە بنه‌ماڵه‌ی ئەو خوێندکارانەی ناڕەزایی دژی حکومەت دەردەبڕن، وتووە؛ «گەر واز نێنن، دەستدرێژیان دەکەینە سەر».

بەڵام چۆنە کە ژنان توانیان لە ڕەوشێکی ئاوا داخراو و دژە ژن، زنجیرەکان بپسێنن و ڕێبەری ئەو ڕێپێوانە بگرنە ئەستۆ؟

سیاسەت و یاسا دژە ژنانەی کۆماری سێداره‌ و هەروەها ئایین و دواکەوتوویی کۆمەڵگا وایی کردووە کە ژنان هیچ رۆڵێکیان لە کۆمەڵگا دا نەبوو. ژنان هیچکات ئێزنی ئەوەیان نەبوو کە پۆستە سەرەکییەکانی  رێوه‌به‌ری، ئێداری، داد و هتد بگرنە دەست و تەواوی سیاسەتی حکوومەت ئەوە بوو کە ژنان لە ماڵ قەتیس بێڵێتەوە و وەک کەرەسەی منداڵسازکردن کەڵکیان لێبگرێت. لەو شوێنانەی ژنان مافی کارکردنیان هەیە، مافەکانیان پێشێل دەکرێ و مافی یەکسانیانیان نییە و زۆر جار سووکایەتیان پێدەکرێت.

هەمووی ئەو ناعەداڵەتییە هاوکات لە فێرگەکان، زانکۆ، مێدیا فەرمیەکان، ناوەندە قەزایەکان، مزگەوتەکان و هتد پەرەیان پێدەدرێت و هەوڵی سڕینەوەی تەواوی ژنان دەدەن. بەڵام ژنان لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵەکانی خۆیان زۆر توندتر کردەوە و توانیان بە ئۆرگانیزە کردنی خۆیان وردە وردە پێگە و شوێن پەنجەی خۆیان دەرخەن.

لە تەواوی ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا ژنان  پێشەنگی هەموو ناڕەزاییەکان بوون و زۆرترین تێچوویان داوە. دوای پێداگری توندتری حکوومەت لەسەر حیجابی زۆرەملێ وەک  هێمای ده‌سه‌ڵات  و بیری پیاوسالارانە و دژە ژن، ژنانی زیاتر توڕه کرد و هەڵوێست و وەڵامدانەوەیەکی تەواو ڕادیکاڵی بەدوای خۆیدا هێنا.

خۆسەپاندن و گوشاری زێدەی کۆماری سێداره‌ لە کۆتادا ئاستی هێوری خەڵکی دەرباز کرد و خەڵک و بەتایبەت ژنان بە فڕێدانی لێچکە و حیجاب کاردانەوەی توندیان لە خۆ نیشاندا. ئەو کاردانەوەیە گەیشتە ئاستێک کە بزووتنەوەی تایبەتی ژنان بۆ فڕێدانی لێچکە و حیجابی لێ ساز بوو.

بەڵام دوابەدوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، کاردانەوەی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران زۆر جیاواز تر بوو. هەر لەکاتی بەخاکسپاردنی ژینا، ژنان دروشمێکیان هێنایە ئاراوە «ژن، ژیان، ئازادی»، ئەو درووشمە پەرەی سەند و لە تاران، ڕەشت، مەشهەد، تەورێز و هتد دووپات کرایەوە. ئێستاکە ئەو دروشمه‌ ڕادیکاڵە تەواو کۆمەڵگای تەنیوەتەوە و ژنان، پیاوان، بەساڵاچووان، خوێندکاران و منداڵان لە شەقام و کۆڵان دووبارەی دەکەنەوە.

بێگومان مێژووی ئەو دروشمه‌ و چۆنیەتی سازبوون و هاتنە مەیدانی «ژن، ژیان، ئازادی» بۆ خەڵک ناسراو بوو بۆیە توانیان باوەڕی پێبێنن و ئەو باوەریە ساز بێت کە لە پەنای ئەو درووشمە دەتوانن کۆماری ئێسلامی بەلەرزە دەربێنن و سیستەمێکی دیمۆکراتیکی پشتبەستوو بە یەکسانی، مافەکانی مرۆڤ و مافە سیاسی کۆمەڵایەتی و کلتووریە باوەرپێکراوە جیهانیەکان ساز بدەن.

پێشەنگایه‌تی ژنان هێزێکی تایبەتی بەو ڕاپەرینە داوە کە هیوای زیاتر به‌ئەنجام گەیشتنی ئەو بەرخۆدانە وێنا دەکات. گیانبەختکردنی لانیکەم ۴۰ ژن لە خۆپیشاندانەکان دەرخەری ڕۆڵی دیار و بەهێزی ژنانە، لە هەر کام لە خۆپیشاندانەکان بە ساکاری دیارە کە ژنان پێشەنگن و بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە شەقامن و خوازیاری مافەکانی خۆیان و گشت کۆمەڵگان. بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵیان سازکردوە کە تەنیا بە دەستەبەرکردنی مافەرەواکانیان هێور دەبێتەوە،  ئێستاکە لەگەڵ ڕاپەرینێکی سەردەمیانەی ژنانە ڕووبەڕووین و هەر لە ئێستاوە شوێنەواری ئەو ڕاپەڕینە لە نێو هەموو وڵاتان و سیاسەتی جیهانی دەبینین. بەگشتی دەتوانین بێژین کە خاڵی هەرە بەهێزی ئەو بەرخۆدانە، پێشەنگی و بەشداری بەهێزی ژنانە کە توانیویەتی تەواوی کۆمەڵگا ببزوێنێت و پایە سەرەکییەکانی ئەو حکوومەتە بە ئامانج بگرێت. هەر ئەو فاکتۆرە توانیویەتی فاکتەرگەلێکی وەک مافە نەتەوەییەکان، دوبارە داڕشتنەوەی پێوەندییەکانی کۆمەڵگا و بەشداربووانی کۆمەڵگا، سەرلەنوێ دیزاین کردن و ئافراندنی سیستەمێکی نوێ بخاتە بەرچاو و ببێتە هۆی تێفکرین لەسەر ئەو بابەتانە.

دروشم  و فه‌لسه‌فه‌ی ژن، ژیان، ئازادی کە جاری یه‌كه‌م له‌ لایه‌ن رێبه‌ر ئاپۆ و بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی هاته‌ ئاراوه‌، لە ڕۆژئاوای کوردستان بوو بە ڕەمزی بەرخۆدان دژی داعش و ئێستاکە هێزێکی نوێی بەخشیوەتە بزوتنەوەی ژنان له‌ ئێران و هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان.

 

سەرچاوە: گۆڤاری آلترناتیو دەوره‌ی ٣ شوماره‌ی ١٢