بەیاننامەێ پەژاک

 

ڕێبازی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران لە ڕوانگەی ئێمەوە:

دوای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر شۆڕشی نوێی گەلانی ئێراندا و پێشکەشکردنی تێچوویەکی بەرچاوی مادی و مەعنەوی و بەدەستهێنانی گەلێ دەستکەوتی گرنگ و بەنرخ، بە گەڕانەوە بۆ ئەو باسوخواس و گفتوگۆیانەی لەسەر رێکارەکان، بنەماکان و دواڕۆژی شۆڕش لە ئارادایە، هەروەها بە لەبەر چاوگرتنی مەترسییەکانی بەردەم شۆڕش و «داهاتووی شۆڕش» و ئایندەی خەڵک و گەلانی ئێران، پێویستە هەموو هێز، لایەن، رێکخراوە و حیزبەکان بۆچوون و تێڕوانین و پلانەکانی خۆیان هەرچی زیاتر ڕوون و شەفاف بکەنەوە. لە پێناو بەردەوامبوونی تەندروستانەی شۆڕشدا و خۆلادان لەو چەمک و هەڵوێست و پرەنسیپانەی دەبنە ڕێگر لە بەردەم شۆڕشێکی ئازاد و دیمۆکراتیکدا، لە پێناو رێگرتن لە دێماگۆژیی لایەنە ناشۆڕشگێڕەکان، لە پێناو داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی راست و دروست بۆ شۆڕش و هەروەها لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی و ژیانێکی ڕاستەقینە لە رۆژانی دوای سەرهەڵدانی ئێستاکەی خەڵکدا، زۆر گرنگە کە هەر لایەن، رێکخراوە، حیزب و هێزێک بە شیوازێکی ڕوون پلان و بەرنامە و باوەڕەکانی خۆی بخاتە بەردەست و خەڵکیش بەپێی ئەو ڕا و بۆچوون و کردەوانە وەڵامی باونگەوازیان بدەنەوە و کاریان لەگەڵدا بکەن.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە سەرەتای شۆڕشی نوێی گەلانی ئێرانەوە بە پێشەنگایەتیی ژنان، هەڵوێستی ڕاشکاوانەی خۆی لەسەر شێوازی کار و پرەنسیپە پێویستەکانی ئەم بزاڤە خستووەتە ڕوو و لە لێدوانەکانیدا هەوڵی داوە لەم شەفافسازی و ڕوونکردنەوەیەدا پێشەنگ بێت. ئێستا کە باسوخواسەکان لەمەڕ شۆڕش و بەربەستەکانی گەیشتوونەتە ئاستێکی دیاریکراو و ئاستەنگییەکانی بەردەمیشی ئاشکرا بوون، هەست دەکەین پێویستە سەرلەنوێ بۆچوون و پێشنیارەکانمان لە چوارچێوەیەکی کۆنکرێتتردا بخەینە بەردەست و پێشکەشکردنی پێشنیارگەلێک، هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ هەموو گەلانی ئێران، بۆ پاراستنی شۆڕش بە پێویست دەزانین. بۆیە لەم چوارچێوەیە و لە شێوەی مانشێتدا پێشنیارەکانمان ئاڕاستەی گەلی کورد و گەلانی ئێران دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە پابەندبوون بەم پرەنسیبانەی ژێرەوە بە مەرجی بنەڕەتیی بەردەوامبوون و سەرکەوتنی شۆڕش دەزانین:

١. زەرورەتی پاراستنی پێشەنگایەتیی ژنان و پارێزوانیکردن لە سروشتی ژنانەی شۆڕشی نوێ: هەوڵدان بۆ ڕێگرتن لە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی چەمک، ئارەزوو و کردەوەی پیاوسالارانە و دژەژن و رەگەزگەرایانە، هەوڵدان بۆ پاراستنی تێڕوانینی ئازادانەی ژنان و جەختکردن لەسەر پێویستبوونی پەروەردەی پراکتیکیی تاکەکان بۆ گەیشتن بە کەسایەتیی یەکسانیخواز و ئازادیخواز؛

٢. خۆلادان لە چەمکی نەتەوەپەرستانە و رەگەزپەرستانە: تێپەڕاندنی چەمکی ئایینگەرایانە و مەزهەبگەرایانە لە لایەن هەموو هێزێکی سەر بە ئەتنیک، گەل و نەتەوەکانەوە بەبێ جیاوازی و بەگژداچوونەوەی ئەو چەمکانە و هەروەها رەنگدانەوەی ئەم جۆرە خۆلادانە لە گوتار و کرداری هەموو هیزێکی پەسندکراو و جێمتمانەی خەڵکدا؛

٣. زەرورەتی تێکۆشان بۆ جێگیرکردنی سیستەمێکی ناچەقبەستوو بە جەختکردن لەسەر پلۆرالیزم و خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی و ناوچەیی؛

٤. پێداگریی ئاشکرا لەسەر خۆبەڕێوەبردنی هەر هەرێمێکی ژیانی و ئازادبوونی ژیان، کارکردن و پەروەردە بە زمان و زاراوەی سەرجەم گەل و نەتەوەکان و داڕشتنی پلانێکی ڕوون و شەفاف بۆ ئەم خواستە دیموکراتیکە کولتوورییە؛

٥. هەوڵ و تێکۆشان بۆ قەرەبووکردنەوەی کردەوە وێرانکەر و دژەژیانییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە بواری ژینگە و ژینگەپارێزیدا؛

٦. باوەڕ بە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک بە بێ جیاوازیی ئەتنیکی، رەگەزی و ئایینی لە ڕێگای جەختکردنەوە لەسەر چەمکی هاووڵاتیی ئازاد و یەکسان لە دەستووردا: پەروەردەی فیکر، گوتار و کرداری تاکەکان لە کاتی خەباتدا بۆ پراکتیزەکردنی دێموکراسی و چەسپاندنی ڕەوشتی یەکسانیخوازی لە پێناو بەدیهێنانی نەتەوەی دیموکراتیکدا؛

٧. ئازادیی هەموو ئایین و ئاینزاکان و باوەڕییەکان؛ زەروورەتی ڕەنگدانەوەی ئەم ئازادییە لە بواری پەروەردە لە هەموو پلە و قۆناغەکاندا، لە پێناو ناخگیرکردنی پرەنسیبی ئاسانگیری لای تاکەکان لە ئاست هەموو باوەڕ و ئایینەکاندا؛

٨. دژایەتیکردنی روون و ئاشکرای ڕەتکردنەوەی مافە رەگەزی، ئەتنیکی و ئایینییەکان و زەروورەتی ڕەنگدانەوەی ئەم بابەتە لە گوتار و کرداری سیاسیی هێزە شۆڕشگێڕەکاندا؛ هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی «یەکڕیزی سەرەڕای جیاوازی» لە پێناو کۆتاییهێناندا بە ناکۆکییە نابەجێ و ناڕاستەقینەکان و کردنەوەی رێڕەوێکی لەبار بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی گونجاو لەگەڵ سەردەمی ئێستادا؛

٩. زەرورەتی لێکنزیکبوونەوە و هاودەنگیی هێزە شۆڕشگێڕەکان و پێکهێنانی پلاتفۆرمی جۆراوجۆر بۆ یەکڕیزی و یەکخستنی هەموو فراکسیۆن، لایەن و هێزە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان لە شەڕی دژ بە سیستەمی تیۆکراتیک و ئایینسالاردا و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیک، هەمەچەشن و هاوچەرخ؛

١٠. زەرورەتی پێشخستن و گەشەپێدانی کومیتەکانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان و بەڕێکخستنکردنی خەڵک لە چوارچێوەی کومیتە و ئەنجومەنە ڕێکخراوەکاندا بۆ بەڕێوەبردنی ڕاپەڕین و شۆڕش؛

١١. لە پەیوەندی بە کاروباری خەباتی گەلی کوردەوە:

ا) خەبات بۆ بەدیهێنانی ئازادی بۆ هەموو شوناسە کولتووری–زمانی، ڕەگەزی، ئایینی و مەزهەبییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان؛

ب) زەروورەتی جەختکردنی ڕاشکاوانە لەسەر رۆڵی پێشەنگی ژنان لە تێکۆشانی گەلی کورددا؛

ج) جەختکردن لەسەر رۆڵی پێشەنگی گەلی کورد لە شۆڕشی نوێی گەلانی ئێراندا و لێکنزیکبوونەوەی هێز و لایەنە کوردییەکان و قبووڵکردنی بنەما یان سیمبۆلێک بۆ یەکخستنی سەرجەم هێز و لایەنە کوردییەکان لە پێناو بەشداریکردنی یەکگرتووانە لە شۆڕشی نوێدا؛

د) پێڕەوکردنی دێموکراسیی راستەوخۆ و رادیکاڵ و پیادەکردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری بۆ سەرجەم پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و خەڵکی کوردستان و رەتکردنەوەی هەرچەشنە هەژموونگەراییەکی ناوچەیی، زاراوەیی و ئایینی-مەزهەبی؛

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە چوارچێوەی خاڵی «ج» لە سەرەوەدا، دژایەتیی خۆی لەگەڵ هەرجۆرە «ئاڵاپەرستی و هێماپەرستییەک» ڕادەگەیەنێت و تەنها لە پێناو یەکڕیزیی زیاتری هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستاندا، تاکوو بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی یان پێكهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەشی گەلی كورد و هەڵبژاردنی ئەم هێمایە یان هەر هێمایەكی تر، «ئاڵای کۆماری کوردستان» وەك ئاڵا و هێمای لێكنزیكبوونەوە و یەكڕیزیی هێزە كوردییەكان قبوڵ دەكات.

بە هۆی هەستیاریی سەردەمی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێرانەوە و زەروورەتی ڕوونکردنەوەی دیدگای خۆمان بۆ گەل و بەرەوپێشبردنی پرسە ئازاد و دیموکراتییەکان، بە پێویستمان زانی باوەڕەکانمان لە دووتوێی پارادایمێکدا کە خەباتی بۆ دەکەین سەرلەنوێ بخەینەوە بەردەست. هیوادارین شۆڕشی گەلی ئێران بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» و بە ڕۆحی خوشکایەتی و برایەتیی گەلان، ئاسۆیەکی نوێ بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی لە بەردەم هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاتەوە.

 

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان  (PJAK)

٢٩ی رەزبەری ١٤٠١

٢١ – ١٠ – ٢٠٢٢