بەیاننامەێ پەژاک

 

بەردەوام بوونی هێڵی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی لە ناو بنەماڵە‌دا نیشانەی بە‌سازی‌بوونی رەوتی خۆڕاگرییە و ئەو بابەتە هۆکاری سەرکی مایندەیی و نەپسانەوەی خەباتە. واتە بنەماڵە توانیوێتی سەرەڕای هەموو گوشارەکانی داگیرکەران و چەوسێنەران بۆ بنەبڕکردنی خەبات و خۆڕاگری‌، هێماکانی سەرهەڵدان و راپەڕین لە ئامێزی خۆیدا هەڵگرێ و بیانپارێزێ. لە هەمان کاتدا ئەو هێمایانە بکا بە داب و نەریتی ئەخلاقی و رەوشتی کۆمەڵایەتی دیار و بەرجەستە و لە فەوتان و لەناوچوونیان رزگار بکات. بنەماڵە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرەکانی کورد لە نەبوونی سیستەمێکی تۆکمەی پەروەردەیی گشتگیردا بوونەتە فێرگە و زانکۆی راهێنانی شۆڕشوان و خەباتکاری راستەقینە. هەبوونی ئەو بنەمالانە پشت‌ئەستووی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی‌مانن و ئەمەگداری و خاوەندارێتیان دڵگەرمی و هێوای دواڕۆژمانە.

یەکێک لەو بنەماڵە بە ئەمەگ و خاوەن رەنجانە لە خەباتی نەتەوەیی کوردستاندا، بنەماڵەی کۆنەپۆشییە. جێگە و پێگەی ئەو بنەماڵەیە لە خەباتی سەردەمیانەی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان حاشاهەڵنەگرە. بنەماڵەی بەڕێزی کۆنەپۆشی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی کردووەتە رەمزی نەسرەوتن و بە پشوودرێژی و بێ‌پسانەوە لە رێبازی شۆڕشدا بەردەوام بوون. دیارە لە درێژەی خەباتیدا چەندین قوتابی و خوێنداری بەرز و بێ‌وێنەی وەک شەهید فەرهاد پەپوولەی(عەتا کۆنەپۆشی) پێگەیاندووە و پێشکەشی ‌رێگای ئازادی نەتەوەی کوردی کردووە. دوایین خوێندکار و پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی ئەو فێرگەیە کە ناوی بنەماڵەی کۆنەپۆشی درەوشاوەتر کرد، شەهید فواد ئاپۆچییە(مۆختار کۆنەپۆشی). هەڤاڵ فواد هەڵگری پێوان و پرەنسیپەکانی رەسەنی شۆڕشگێڕی و بەردەوامیدەری رێبازی براکانی بوو و چەکی ئەوانی کردەشان و بەرەنگاری داگیرکەرانی کوردستان بۆوە. هەتا دوا پشوو لە گەشەپێدانی خەباتی نەتەوەییمان بێ‌وچان تێکۆشا و گەیشتە پلەی بەرزی شەهادەت.

بە بۆنەی شەهادەتی هەڤاڵ و هاوڕێی بەڕێزمان و سێیەمین شەهیدی ئەو بنەماڵەیە، هەڤاڵ فواد ئاپۆچی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کۆنەپۆشی، هەموو گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری مەریوان و هەموو دۆستان و خزمانی دەکەین کە هەر ئێستاش لە شەقامەکاندا حازرن و لاپەرەی زێرین لە تێکۆشان تۆمار دەکەن. هەڵبەت گەلی راپەڕیوی رۆژهەڵات لە هەڵ‌ومەرجێکی دژوار دایە و پێویستی بە یەکڕیزی و کۆدەنگی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی رژیمی داگیرکاری کۆماری سێدارە هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستی بە خاوەندارێتی لە هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و دیمۆکراسی هەیە. بۆیەش داوا هەموو چین‌وتوێژەکانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات دەکەین کە هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەربڕن و ئەرکی نەتەوەیی خۆیان پێک‌بهێنن. لە کۆتاییدا سەری رێز لەبەرامبەر ئەو بنەماڵەیە دادەنوێنین و بەڵێن و سۆزی بەردەوامی شۆڕش و درێژپێدان بە رێبازی شەهیدان دووبارە دەکەینەوە.

 

                                                                                       پارتی ژیانی ئازادی کورستان- پژاک

٢٠٢٢-١٠-١٥