نوسەر: سیروان چیا

 

بۆ هەوڵدەدرێ رێبەر ئاپۆ گۆشەگیر بکەن؟ کێ لەم رەوشە سوودمەند دەبێت؟ رووداوەکانی ئێران و سەرهەڵدانی گەل بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی کلیدی کردنەوەی درگای ئەم پرسانەیە. دوای تێکچوونی سۆڤیەت (اتحاد جماهیر شوروی) و کۆتایی هێنان بە دووجەمسەری، سیستەمی سەرمایەداری دەیویست هەنگاو بەرەو نئولیبرالیسم هەڵگرێت. ئەمە تەنیا تێپەڕ بوون بۆ ئابووری ئازاد و بەرفراوانکردنی کەرتی تایبەت نەبوو. لە هەمانکاتدا پێش خستنی فەرهەنگی مەسرەف گەرایی کە لەگەڵ خۆیدا کەسایەتیێکی تایبەت بەم سیستەمەی دروست دەکرد. کەسایەتێک کە خاوەن بنەمای ئەخلاقی نەبوو و بە قەولی کۆمەڵناسی فەرانسەوی «پیر بۆردیو»: کەسایەتیێک کە هەبوونی خۆی لە ئاستی مەسرەف کردندا دەبینێتەوە. لێرەدا باس لە کەسایتیێکی پووچ کراوە کە خاوەن بیرکردنەوە نیە، بۆ ئەو کۆمەڵگە بوون گرینگ نیە و ئامادەیە هەموو بنەما ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگا لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی خۆیدا بەکار بێنێ.

جهانی رۆژئاوا تا ئاستێک توانیبووی فەرهەنگی خۆی لە جیهاندا بڵاو بکاتەوە. مارکێتەکانی «مەک دۆناڵد» لە هەر شوێنێک دەبینران. هاوکات لەگەڵ ئەوە بەناوی بازاڕی ئازاد هۆڵدینگەکان لە هەموو شوێنێک خۆیان بڵاو دەکردەوە. بە رێگای هالیود و راگەیاندنەکانەوە هەوڵدەدرا فەرهەنگی خۆی بگەیەنێتە هەموو قون و قوژبنەکان. بە قەولی هێربرت مارکووزە؛ مرۆڤی تەک لایەنە دروست بووە، کەسایەتیێک کە خۆی توانای بیر کردنەوەی نەبوو و کەوتبویە ئاستی ئۆبژە بوون. ئەم کەسایەتیە لە لایەن ناوەندەوە وەکوو ربۆتێک بەرنامەی پێدەدرا.

لە بەرامبەر مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کە ژیانی لە ناوەڕۆکی خۆی دەرخستبوو و کەسایەتی پووچ کراو و ربۆتیکی دەئافراند، رۆژهەڵاتی ناوین هەمان جۆغرافیایە بوو کە نەیان توانیوە دەستەمۆی بکەن. سیاسەتی دووجەمسەری رۆژهەڵات و رۆژئاوا وای کردبوو هەریەک لەو هێزانە لە روانگەی دروست کردنی تەوازۆن لەگەڵ هێزە هەرێمیەکان هەڵسوکەوت بکەن. بەڵام دوای رووخانی سۆڤیەت لە سەرەتاکانی دەهەی نەوەد، زۆرێک لەوانەی کە سۆسیالیست بوونیان گرێدراو بە دەوڵەتی دیکتاتۆری پرۆلتاریا و حزب پێناسە دەکرد، کاتێک بە چاوی خۆیان داروخانی سۆڤیەتیان بینی، تووشی شۆک بوون. هەندێ لە بیرمەندانیش وەکوو «فۆکۆیاما» کۆتایی مێژوویان راگەیاند و سیستەمی سەرمایەداریان وەکوو شازی هەموو مۆدێلەکان جاڕدا. دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوین هەنگاوی یەکەم بوو بۆ داسەپاندنی ئەم بیرۆکەیە.

«هانگتینگتۆن» لە کتێبەکەیدا باس لە پێکدادانی شارستانیەکانی دەکرد، جیاوازی رووکەشیانەی نێوان سیستەمەکان وەکوو جیاوازی شارستانیەتەکان پێناسە دەکرا، لە راستیدا پێکدادانی نێوخۆیی شارستانیەتی سەرمایەداری بوو.

ئەوان لەوە تێنەگەیشتن کە رووخانی سۆڤیەت کۆتایی سۆسیالیزم نیه و لە راستیدا خۆدی دەوڵەت لەگەڵ سۆسیالیت بوون گرفتی هەیە. هەموو هێزەکانی دیکە بە جۆرێک بەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری بوون و نوێنەرایەتی ئەو سیستەمەیان دەکرد، تاکە هێزێک کە بەشداری سیستەم نەبوو پەکەکە بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ بوو. لابردنی ئەم کۆسپە دەبوو یەکەم هەنگاو بۆ ئەو دەستێوەردانە کە دواتر بە پێشەنگایەتی ئەمریکا لە پرۆژەی”رۆژهەڵاتی ناوینی مەزن” گەڵاڵە کرا.

هێرشی رژێمی بەعس بۆ سەر کوەیت ئەو هەنگاوانەی توندتر کردەوە. هەرچەند توانیبوویان هەموو هێزە هەرێمیەکان بخەنە خزمەتی خۆیان، بەڵام لێرەدا پەکەکە چەخماخەی شۆڕشێکی نوێی لێدابوو و پەرەی دەستاند. پێویست بوو پێش بە ئاخرین سەنگەری سۆسیالیسم بگیردرێ. چڕکردنەوەی هێرشەکان دژی پەکەکە و رێبەری ئەم بزووتنەوەیە مێژوویێکی دوور و درێژی هەیە. دوای بەرخودانی زندانی ئامەد و مانگرتن تا مردنی و خۆڵقاندنی ئەفسانەی «چواردەی تەمووز»، لە بەرامبەر ئەم ئیرادەیەدا کودتای 12 سپتامبر روویدا، دواتر بە پێ مادەی پێنجی پەیمان نامەی ناتۆ؛ هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێکی ناتۆ هێرشە بۆ سەرجەم ئەندامانی دیکە، راستەوخۆ بەشداری شەڕ دژی پەکەکە بوو.

پەکەکە دوای رووخانی سوڤیەت و کز بوونی رئال سۆسیالیزم، توانی وەرچەرخان بکات و لە بواری پارادایمەوە قەڵەمبازیێکی گەورە کرد. چەخماخەی ئەم گۆڕانکاریانە لە کۆنگرەی پێنجەمی پەکەکە روویان داو و لە هەمان کۆنگرەدا بیرۆکەی تێپەڕ کردنی سیستەمی دەوڵەت – نەتەوە دەستی پێکرد. پێشەنگایەتی گەل لە گۆڕانکاریەکان و بەرفراوان کردنی رێکخستنی کۆمەڵگا وەکوو هەوێنی بەهێزکردنی دیمۆکراسی دەسنیشان کرا. دوای گرتن و رفاندنی رێبەر ئاپۆ و نووسینی بەرگرینامەی (لە دەوڵەتی کاهنی سۆمەر بەرەو شارستانیەتی دیمۆکراتیک) و (پاراستنی گەلێک) لە نەورۆزی ٢٠٠٥ لە ئامەد سیستەمی کۆما جڤاکێن کوردستان وەکوو سیستەمی گەل راگەیێندرا. دواتر لە رێگای پارێزنامەی (مانیفستۆی شارستانێتی دیمۆکراتیک) ناوەڕۆکەکەی پڕکرایەوە و لە سەر بنەمای نەتەوەی دیمۆکراتیک و درووست کردنی (کۆنفدرالیزمی دیمۆکراتیک) بە رێگای شۆڕشی رۆژئاوا کەوتە بواری کرداریەوە.

ئەم گۆڕانکاریە کە لە بواری پارادیگماییدا روویدابوو وەکوو گەورەترین هێرشی پارادیگمایی دژی سیستەمی سەرمایەداری پێناسە کرا. بە هەمان شێوە هێرش بۆ سەرناوەندی هزری ئەم پارادایمە دەستی پێ کرد. ساڵی 1996 بە هاوکاری میتی تورکیە بۆمبێکی یەک تۆنی لە نزیکی ئاکادیمی پەروەردەی پەکەکە لە شام تەقێنرایەوە کە ئارمانج شەهید خستنی رێبەر ئاپۆ بوو. ئەم هێرشە ترۆریستیەی دەوڵەتی تورکیە بێ ئەنجام ما و وەکوو بەرچەک دانەوەی هێرش دژی رێبەر ئاپۆ، شەهید زیلان (زەینەب کناجی) بە قووڵبوونەوە لە چەمکی رەهبەریەت و رۆڵی ئەو لە بزاڤی ئازادیخوازی پەکەکە کە خۆی وەکوو پارتی ژنان پێناسە دەکرد، چالاکی گیانفیدایی لە نێۆ دڵی ئەرتەشی داگیرکاری ئەنجام دا. بۆیە ناکرێت بێگەڕانەوە بۆ رابردوو و ئەو هێرشانە کە دەکرێنە سەر رێبەر ئاپۆ، شرۆڤەیێکی راستمان  سەبارەت بەو گۆشەگیریەی هەبێت که ئێستا  دەکرێتە سەر رێبەر ئاپۆ، هەروەها بە تێرۆر پێناسە کردنی پەکەکە و ئەم بزاڤە.

لەو کاتەوە پەکەکە وەرچەخانی کردووە و هەوڵیداوە خۆی لە هزری شەرستانیەتی سەرمایەداری و سیستەمی پیاوسالاری داببڕێت و ببێتە ئاڵتەرناتیو، کەوتووەتە بەر گەورەترین هێرشەکان. ئەو گەلەکۆمەیە کە لە ٩ی ژوئیە 1998 بە دەرخستنی رێبەر ئاپۆ لە سووریە ئێستارتەکەی لێدرا، گەلەکۆمەیێکی نێونەتەوەیی بوو لە لایەن هەموو  هێزە دەسپۆتیک و هێزەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کە لە ژێر هزری نێرسالاریدا دەیویست کۆمەڵگای ئازاد کۆنترۆڵ بکات. لەم گەلەکۆمەیەدا ئارمانج پێش گرتن بوو لە پەرەسەندنی هزرێک کە دژی پارادایمی دەوڵەتگەرایی بوو و لە سەر بنەمای ( ناوەند-پیراموون) دامەزرابوو کە دەکرێت لە چوارچێوەی؛ پیاو ناوەند ژن پەراوێز، مرۆڤ ناوەند ژێنگە پەراوێز یان لە بواری رێوەبەریدا دەوڵەت ناوەند و گەل پەراوێز پێناسە بکرێت. ئەمەش هەڵقۆڵاوی هزریێکی دەوڵەتگەرای نێرسالاری بوو. پەکەکە رێکخستنێ بوو کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەم هزرەی دابوو، گەڕانەوەی ئێرادە بوو بۆ خۆدی کۆمەڵگە. دیارە ئەم بیرۆکەیە لە لایەن سیستەمی دەوڵەتپارێزەوە جێگای پەسەند نەبوو. رێبەر ئاپۆ لە روانگەی مێتۆلۆژی یۆنانەوە ئەم یەکەی وەکوو دزینی ئاگر لە دەستی خوداوەندەکان لە لایەن (پرۆمتۆسە)وە پێناسە دەکات کە لە لایەن (زئۆس)ەوە لە چیاکانی (قەفقاز) زەنجیر کرا. ئەمە هەڵوەشانەوەی سیستەمی دەوڵەتگەرا بوو کە لە سەر بنەمای پیاوساڵاری پێک هاتبوو، لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا کە وێنەی پرۆمتۆس لە ئێمراڵی گۆشەگیر کراوە، هێرش دەکرێتە سەر پارادایمی ژنی ئازاد.

پلانی سیستەمی سەرمایەداری دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوین بوو، ئارمانجی ئەوەبوو خۆی وەکوو حەقیقەتی رەها بسەپێنێت. دوای گرتن و رفاندنی رێبەر ئاپۆ لە 15ی شۆباتی سالی99 لەو باوەڕە بوون کە توانیویانە دەرفەتی دەستێوەردانی رۆژهەڵاتی ناوین بڕەخسێنن. بە هێرشی یازدەی سپتامبر بۆ سەر تاوەرکانی نیۆیۆڕک وەکوو ناوەندی ئابووری جیهانی، هەروەها هێرش بۆ سەر عێراق و رووخاندنی رژێمی بەعس بە شێوازێکی کرداری کاریان بۆ پرۆژەی (رۆژهەڵاتی ناوینی مەزن) دەست پێ کرد.

بیست و چوارساڵ بە سەر رەهینە گرتنی رێبەر ئاپۆ و گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی تێپەڕ دەبێت. پرسەکە ئەوەیە کێ سەرکەوت؟!

سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دوای رووخانی رژێمی بەعس هەوڵیدا لە چوار چێوەی نئولیبرالیسم نموونەیێکی نوێ پێشکەش بکات. لە بواری ئابووری کەرتی تایبەتیان پێش خست، بۆ بواری ژنان پێیان وەها بوو دروست کردنی چەند رێکخراوی تایبەت بە ژنان دەتوانن گرفتی ژنان چارەسەر بکات و یەکسانی پێش بخات. هەروەها لە بواری دیمۆکراتیک کردنی هەرێمەکە تەنیا پێداگریان لە سەر چەمکی پاڕلمانتاریسم کرد. هەوڵیاندا بەم چەشنە دیمۆکراسی رۆژئاوایی وەکوو نموونە نیشان بدەن.

تابلۆی بەرچاو لە هەرێمەکە و ئاستی جیهان نیشانی داوە، دۆخەکە لە هەموو بوارەکان؛ سیاسی ، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی تووشی قەیرانی گەورەتر بوونەتەوە. لەم ٢٤ ساڵەی دواییدا هەوڵدراوە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا پرۆژەکانی چارەسەری پشت گوێ بخرێن و ئەمەش وەهای کرد قەیرانەکان بەسەر یەکدی کەڵەکە بن و بتەقێنەوە. نەتەنیا نەیانتوانیوە رێبەر ئاپۆ و هزری ئەو وەکوو هێزی چارەسەری بێکاریگەر بکەن. بە پێچەوانەوە لەم ٢٤ساڵەدا بەردەوام هزری رێبەر ئاپۆ پەراوێز بخەن، بە پێچەوانەوە لە چوارچێوەی پارادایگمای ئێکۆلۆژی – دیمۆکراسی و ئازادی ژن زیاتر لە جاران خۆی وەکوو هێزی چارەسەری نیشان دەدات. قەیرانی ئێکۆلۆژی لە هەرێمەکە و جیهان بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە و بەرەو شەڕێکی گەورە دەچین. شەڕی داهاتوو شەڕی ئاو دەبێت. ئەو رووداوانەی کە ئێستا لە ئێران روودەدەن و بەرزکردنەوەی درووشمی ژن، ژیان، ئازادی بڵاو بوونەوەی لە هەموو ئێران و بە جیهانی بوونی بە رێکەوت نیە. چەوساندنەو بن پێ کردنی مافی ژنان لە ژێر ناوی دین و نۆرمەکانی پیاوسالاری کۆمەڵگە کە بۆ یەکەم هەنگاوەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سومەر قووڵ دەبێتەوە، پێویستی بە چارەسەری ریشەیی هەیە. تەواوی ئەو روانگە هزریانە کە وەکوو شۆڕش خۆیان پێناسە دەکرد چ ئەوانەی خاوەن پاشخانێکی فەلسەفی و زانستی بوون و چ ئەوانەی پاشخانی دینیان هەبوو بە گشتی خۆیان رووبەرووی ئەو پرسە نەکردوەتەوە. مارکسیستەکان چارەسەری پرسی ژنانیان بۆ داوی سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزراندنی دەوڵەتی دیکتاتۆری پرۆلتاریا دانابوو. زۆربەی بزاڤەکانی ژنان کە وەکوو فێمەنیست بە روانگەی جیاوازەکانیانەوە؛ فێمەنیستی لیبراڵ، رادیکاڵ و ئێکۆفێمەنیست و… دەناسران هەوڵدان بۆ یەکسانی ژن و پیاو بوو لە چوارچێوەی پارادیگما کە لە سەر بنەمای هزری نێرسالاری دامەزراوە. بۆیە هیچ یەک لەوانە توانای چارسەری گرفتەکانیان پێ نەبوو. ئەوان نەیاندەتوانی لە چوار چێوەی بازنەی داخراوی دەوڵەت خۆیان قۆتار کەن. ئەم روانگەیە لە فەلسەفەی پۆزتڤیستی کە ئامانجی دەست خستنی یاساکانی سرووشت و زاڵ بوونی مرۆڤ بە سەر سرووشتە، هەروەها بە ناوەند کردنی مرۆڤ بوو لە سەر ناوی ئۆمانیست. زیاتر لە هەموو کاتێک بیرۆکەی ناوەند پەراوێزی پێش خست، بەم جۆرە سرووشت وەکوو ئۆبژەیێک کەوتە بەر هێرشی زیادەرەویەکانی مرۆڤ.

لەم روانگەیەوە باوەڕیەکانی کۆمەڵگا کە خۆیان بە باوەڕی ئێبراهیمی و زاڵ کردنی روانگەی ناوەند- پیرۆز گرێدابوو، دەسەلاتی نێرسالاریان بە ناوی دین و خۆدا پەرە پێدا و خستیانە خزمەتی دەسەڵات. بە رێگای دۆگما دینیەکانەوە پێشیان لە هەر گۆڕانکاریێک گرت و کۆمەڵگا و پێشکەوتنەکانی بواری مەعریفە و ئەخلاقیان تووشی چەقبەستوویی کرد. ئەم روانگەیە لە لایەن پێشەنگی ئایینی کە دینیان کردوە بە وزەیەک بۆ خزمەت کردن بە دەسەڵات، بوونەتە هۆکاری داڕووخانی ئەخلاقی کۆمەڵگە. هەرچەند ئەوان باس لە ئەخلاق دەکەن، بەڵام رەوشی ئەو کۆمەڵگایانە کە لە ژێر رکێفی دەسەڵاتی دینیدان لە بەر چاوە کە چۆن تووشی قەیرانی ئەخلاقی بوون. رژێمی داگیرکەری ئێران نموونەیێکی بەرجستەی دارووخانی ئەخلاقیە کە سەرجەم داموودەزگاکانی دەسەڵاتی گرتوەتەوە و پێناسەی ئەخلاق لای ئەو نە لە سەر بنەمای ئازادی، تەواو بە پێچەوانەوە لە سەر بنەمای کوێلایەتی مرۆڤ و دەسەڵاتی نێرسالاری داڕێژراوە. ئەم روانگەیە تەنیا پەیوەست بە رژێمی داگیرکەری ئێران نیە، دەوڵەتی ئێخوانی تورکیە، تاڵبان لە ئەفغانستان و… تەنیا چەند نموونەن. دەوڵەت بەگشتی هەم وەکوو دەوڵەتی دینی وهەمیش سکۆلار بە هەموو روانگەی خۆیانەوە تووشی هەمان قەیرانی ئەخلاقی بوون. لە ناوەندی بە ناو دیمۆکراسی رۆژئاوایی لە ئەمریکا جۆرج فلۆید تەنیا بە هۆی رەنگی پێستەوە دەبێتە قوربانی، لە ئێران ژینا ئەمینی بە هۆی ژن بوونیەوە قوربانیە، لە تۆرکیە پۆیراز هەم وەکوو ژن و هەمیش وەکوو کورد دەبێتە قوربانی. ئەمە هەمان شەپۆلی فاشیزمە کە لە لایەن سیستەمی دەوڵەت – نەتەوە پەرەی پێدەدرێت. لە هەمان کاتدا لە بواری فەلسەفی و دینی هان دەدرێ و بەرفراوانتر دەکرێت. پارادایگمای ناوەند – پەراوێز کە لە گەڵ خۆیدا دەوڵەتی و هزری پیاوسالاری هێناوە، خاڵی هاوبەشی ئەم چەق بەستنەیە.

لێرەدا کاتێک باس لە رێبەر ئاپۆ و گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی باس دەکەین، دەردەکەوێ کە هێزە هەژمۆنگەراکانی شارستانیەتی سەرمایەداری بۆ هێرش دەکەن و ئارمانجیان لە گۆشەگیر کردنی رێبەر ئاپۆ چیە؟ لە هەمان کاتدا بۆ بەم جۆرە هەوڵدەدەن نەهێڵن پارادایگمای (ئێکۆلۆژی – دیمۆکراتیک و ئازادی ژن) پەرە بستێنێ؟ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەڕووی قەیران بووەتەوە؛ فاشیزمی دەوڵەتی لە سەر بنەمای درووست کردنی دژایەتی و قووڵ کردنەوەی ناکۆکی نێوان گەلان و باوەڕیەکان، لە سەرووی هەمووشیەوە پەرواێز کردنی ژنان و دوور خستنەوەیان لە گۆڕەپانی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەوڵیداوە کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکات. بۆ نموونە ئەو فاشیزمەی کە لە تۆرکیە لە سەر بنەمای نژادپەرەستی بەرێوە دەچێت بە هیچ شێوازێک لە بەرژوەندی گەلاندا نەبوو و نابێت. بەڵام رۆژانە دەوڵەت کار بۆ تووژکردنەوەی دەکات، لە راستیدا دەوڵەتەکان لەم دووبەرەکیانە کەڵک وەردەگرن و خۆیان لە سەر پێ دەهێڵنەوە.

هەرچەند مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری بە گۆشەگیر کردنی رێبەر ئاپۆ هەوڵیدا پێش بە مۆدێلی ئاڵتەرناتیو کە هەمان مۆدێڕنیتەی دێموکراتیک بگرێت، دوای بیست و چوار ساڵ و بە پێش خستنی پەرگاڵی ئەشکەنجەی ئێمرالی، ئەو پێشکەوتنانەی کە لە رۆژئاوای کوردستان روویاندا و تێکشاندنی داعش کە کۆکراوەی شارستانیەتی سەرمایەداری بوو لە قاڵبی دەوڵەتێکی دینی توند ئاژۆدا، دیار بوو رێبەر ئاپۆ لە بواری هزریەوە دیوارەکانی ئێمرالی تێکشاندوە. بە هەمان چەشن کە خۆی پێناسەی کردبوو لە هەر کوێ پارێزنامەکانی شارستانیەتی دیمۆکراتیک هەبن رێبەر ئاپۆیش لەوێیە وەکوو راستیێک لە بەر چاوانە.

پەنجا ساڵ تێکۆشانی پەکەکە لە سەر بنەمای ئافراندنی کۆمەڵگاێکی ئازاد و دیمۆکراتیک بووەتە ئەڵتەرناتیوی شارستانیەتی سەرمایەداری. ئەگەر قسەکەی هانگتینگتۆن سەبارەت بە پێکدادانی شارستانیەتەکان بە بنەما بگرین، ئەمڕۆ ئێمە شاهێدی پێکدادانی دوو شارستانی جیاوازین:

یەکەم؛ شارستانیەتێک کە دەوڵەتگەرایە و لە سەر بنەمای هزری نێرسالاری پێک هاتوووە و خۆی وەکوو ناوەند-پەراوێز گەڵالە کردوە.

دەهەم؛ شارستانیەتی دیمۆکراتیک کە رێوەبەری گەل بە بنەما دەگرێت و لە ژن وەکوو ناوەندی ژیان بناخەی داڕشتنی ئەم شارستانیەتەیە، لە هەمان کاتدا پێکەوە ژیانی گەلان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بنەما دەگرێت.

خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا کە لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی گەلان پێک هاتووە. نیشانی داوە پێکدادانی گەلان و ناسنامە جیاوازەکان بەو رەنگە مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لە ژێر ناوی دەوڵەت – نەتەوە بانگەشەی بۆ دەکات شتێکی نەگۆڕ نیە. بە پێچەوانەوە ئەوەی کە بووە سەمبۆلی سەرکەوتن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریە، کۆبوونەوەی گەلان بوو لە ژێر چەتری کۆنفێدرالیزمی دیمۆکراتیک و پێکهێنانی نەتەوەی دیموکراتیک بوو.

راپەڕینی گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵات بە درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) سەلماندی کە پێکدادانی ئەم دوو شارستانیەتە گەیشتوەتە لووتکە. لە لایێکەوە سیستەمێکی دەسپۆتیکی نێرسالارانەو دژە ژینگە و نا دیموکراتیک جێگای گرتووە کە پیر بووەو پێش بە نوێگەرایی دەگرێت. لە بەرامبەردا راپەڕینێک هەیە کە بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان بەرێوە دەچێت. هەرچەند راپەڕینی گەلانی ئێران هەڵقۆڵاوی چەندین دەهە زەخت و گوشارە بەڵام بۆ یەکەم جارە ژنان وەکوو ژن دەبنە ناوەندی شۆڕش، لە سەر هەمان بنەمایە کە وەکوو شۆڕشی ژنان پێناسە دەکرێت. ئەمەیش لە گەل خۆیدا گۆڕانکاری پارادیگمایی دێنێت. هەموو لایەنەکان لە سەر ئەو باوەڕەن کە شۆڕشی ژنان تەنیا لە ئاستی کوردستان و ئێران قەتیس نامێنێ و بۆ ئاستی جیهانی پەرە دەستێنێ. ئەمە وای کردووە هێزە دسپۆتیک و ئەوانەی خاوەن هزری نێرسالارین لە پریشکی شەپۆلی شۆڕشی ژنان بترسن و تەنانەت هەوڵ دەدەن بۆ بە لارێ بردنیدا.

ئەوەی شایانی باسە شۆڕشی ژنان بەرهەمی رۆژێک نیەو ئەم ئێرادەیە هەر وەها بە ئاسانی پێشنەکەوتووە. بەرهەمی خەباتی ئەو شۆڕشگێرانەیە کە ساڵەها بوو لە زندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە تێکۆشانیان کرد و شەهید کەوتن. شەهید سارا یەک لەو پێشەنگانە بوو کە لە گەل هاوڕێیانی خۆی لە ناوەندی ئەرووپا و لە پاریس شەهید کەوت. بەرخۆدانی گەریلا و ئەو شەڕڤانانەیە کە لە کۆبانێ سەنگەریان گرتبوو و لە رەقا داعشیان تێکشکاند. بێگۆمان هەموو ئەم تێکۆشانانە بە هزر و پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ تاکوو رۆژی ئەمڕۆ هاتووە و شۆڕشێکی ژنانە لە ئاستی جیهاندا بووەتە مۆتکەی هێزە دەسپۆتیکەکان. بۆیە لە دوایدا دەتوانین بڵێین، ئەوەی کە شکستی خواردووە و لە نێو قەفەسی خۆیدا گیری کردووە مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و هێزە دەسپۆتەکانن، ئەوەش کە ئازادە و سەرکەوتنی بەدەست خستووە، مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک و رێبەر ئاپۆیە.