بەیاننامەێ پەژاک – کۆدار

 

سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی سەراسەری کە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا سەرجەم شارەکانی ئێرانی گرتەوە ، نیشانەی کەڵەکەبوونی هەژماری زۆری داخوازیە بێ وڵام ماوەکانی گەلان و نەتەوەکانی ئێرانە بە درێژایی چوار دەیە تەمەنی سیستەمی دیکتاتۆڕی کۆماری ئیسلامی .بێ توانایی و درک پێنەکردنی دروست و نەناسینی تەواو لە هەل و مەرجی کولتوری و ناسنامەیی هەیی بۆتە هۆکاری ئەوەیکە سیستەم نەتوانێ لانی کەمی مەرجەکانی ژیانێکی بە ئابڕوو بۆ تاکی ئێرانی پێکەوە بنێ و سەرەڕای هەموو دەرفەتەکان تووشی شکست هاتووە و داڕمانێک بەر لە کەوتنی کۆتایی تەجرەبە دەکات . گەورە بوونەوەی قوڵایی و کەلێنی نێوانی دەوڵەت و کۆمەڵگە ، سیستەمی تووشی کەڵە قەیرانی واکردووە کە تادێت ڕووی لە زیادبوونە و لووتکەی هەمووی ئەوانەش نەمانی شرعیەت و ڕەواییە . تێکۆشانی بێ ئەنجام بۆ پینە کردن و سەرلەنوێ دروست کردنەوەی پێکهاتەی داچۆڕاو و بێتواناکەی خێرایی بەرەو هەڵدێری نەمان چوونی زۆرتر دەکات .درێژە پێدانی پێشبینییە خیاڵیەکان و خۆفریودانەکان ، گشت هیواکانی بۆ چاکسازی لە ناوبردووە . لە وەها هەل ومەرجێکداگەلانی ئێران لە لێگەڕین و تێکۆشاندان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دەرچوونێک لەو قەیرانە و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی هەیی .

شەهادەتی ژینا ئەمینی و بوونی ئەو بە ڕەمزی شۆڕش ، دەورێکی نوێی لە ڕاپەڕین و بەرخۆدان هێنایە کایەوە کە ژنان پێشەنگایەتی ئەویان گرتۆتە ئەستۆی خۆیانەوە . ئەو پێشەنگایەتییە گرێ کوێرەی چۆنیەتی دەرچوون و بێ چارەیی کردەوە. ئەو سەرهەڵدانە کە لە چوارچێوەی دروشمی (( ژن ، ژیان ، ئازادی )) بە دامەزراوەیی بوو وسێڵاوی گەورەی هاوڕێیی و هاوئاهەنگی گەلانی ئێرانی بەدواوە بوو نیشانە تێپەڕاندنێکی پاڕادایمییە . گەرچی ئەو سەرهەڵدانە لە کوردستان دەستی پێکرد بەڵام بە هۆی تایبەتمەندی گشتگیری ئەندێشە و هزری لە بنەڕەت و ناخی ئەودا توانی وەکوو سمبولێک و لە قەوارەی دروشمی باسکراو دا ، سەرجەم بنبەستەکانی هەیی تێپەڕاند و تایبەتمەندی فرەنەتەوەیی ، فرەچینی ، فرە ڕەگەزی و فرەناسنامەیی بە دەست هێنا و ژنی وەکوو پێکهێنەری کۆمەڵگەی نوێ و ژیانی ئازاد بناسێنێ . پێویستە ئەو بابەتە وەکوو تێپەڕکردنێکی پاڕادایمی لە هەمبەر سیستەمی پیاوسالار ، تۆتالیتەر ، دژە ژن ، دژە ژیان و ئافرێنەری مەرگ درکی پێبکرێ و بناسرێ .ئەوە بونیادەکانی سیستەمی وەلایەتی فەقیهی خستۆتە لەرزین و ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی خستۆتە بەر پێی گەلانی ئێران .

ئەوپێکەوە بوون و یەکیێتیەی لە بەرەنگاری سیاسەتەکانی سیستەم لە پەیوەندی لەگەڵ حیجابی زۆرەملی خۆنوێنی دەکات لە بنەڕەتدا بەرەنگاربوونەوەی چل ساڵ هەل ومەرجی بە زۆرەملێ و خەفەکردنەوە هاندان بەرەو شێواز و ڕێسای حکومەتییە  کە قەت لە لایەن کۆمەڵگەوە دانیپێدانەنراوە. لابردنی حیجاب لە ڕستیدا هێمای لادانی ستەمکاری و بەندەییە و هەڵگری تێگەی سیاسییە کە لە ناوئاخنیدا هیوا بۆ ژیانێکی باشتر و پڕاوپڕلە گەورەیی و پێکەوە بوون شەپۆل دەدەتاوە. ئەو پێکەوەبوون و یەکێتییە کە لە دەوری وشەکانی (( ژن ، ژیان ، ئازادی )) و بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان پێکهاتووە ، سەرجەم سنوورە ناسنامەیی ، ڕەگەزی ، نەتەوەیی ، دینی و باوەڕییەکانی تێپەڕاندووە و هەبوونێکی گشتی هێناوەتە کایەوە کە لەودا هەموو توێژەکانی گەلان هەم لە بەرەنگاربوونەوەدا بەشدار بوونە و هەم یەکێتی گەلانی نواندووە. دروشمی یەکێتی گەلانی ئازەربایجان ، بەلوچستان ، خوزستان و بە تایبەت خەڵکی شۆڕشگێری تەورێز لە پشتیوانی گەلی کورد وەجۆشهێنەر و مایەی شانازییە کە پێویستە ئەو ئاهەنگی یەکێتییەلە تەواوی ئێران دەنگدانەوەی هەبێت و ببێت بە نموونە . بێگومان ئێمە لە تەنیشتی یەکترو بە زیادکردنی هاوشێوەی خۆمان لە شەڕ بۆ ژیانی ئازاد سەردەکەوین . ئەو هاوڕێییە کۆتایی هێنان بوو بە سیاسەتی دابڕاندن و ڕق هەڵگرتنانەی سیستەمی دیکتاتۆڕی وەلایەتی فەقیه لە نێوان گەلانی ئێران. سەرەڕای ئەوەیکە سیستەم لە تێکۆشانی ئەوە دایە بەرچەسبی جودایی خوازی و دووڕوویی خوازانەی ئەو کۆدەنگییە لە ناوببات بەڵام گەلان و نەتەوەکانی ئێران  وریا و یەکگرتوو کاردەکەن و بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکڕاتیک تێکۆشان دەکەن . پێویستە بۆ دەرچوون لەو دۆخە و چارەسەری کۆتایی، سەرجەم گەلان و نەتەوەکانی ئێران لە هاوئاهەنگی و هاوڕێیی بەردەوام و کارا دا لە مەیدانی تێکۆشان بۆ دێموکڕاتیزاسیۆنی ئێران هەبن . لەو پێناوەدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کۆدار ) بۆ دروستکردنی بەستێن و هەل ومەرجی هاوکاری باشتر و بونیادنەرتر بۆ پشتیوانی بە تواناتر و هەمەلایەنە لە داخوازییەکانی هەموو گەلانی ئێران و گەلی کورد و پێکەوەنانی ئێرانێکی دێموکڕاتیک ئامادەی هاوکاری لەگەڵ تەواوی هێزە دێموکڕاسی خواز و ئازادیخوازەکانە .

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کۆدار )

٢٣/٠٩/٢٠٢٢