سەرەتا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەکەین و هیوای سەبووری و سەرفرازی یان بۆ ئاواتەخوازین. هاوکات لە کەسایەتی ژینا ئەمینی  و شلێر رەسووڵی‌دا سەرجەم ئەو ژنانەی کە بە ئەشکەنجە، دەستدرێژی، سێدارە، کوشتن و بڕین بە دەستی کۆماری سێدارە و جنایەتکاری رژێمی داگیرکەری ئێران شەهید کراون یادیان بەرز رادەگرین و ستایشی خۆڕاگری و پشوودرێژی لە بنەماڵە و کەسوکارەکانیان دەکەین. ئەوەی کە دەزانرێت ژینا ئەمینی یەکەم ژن نیە کە بە دەستی جەلادانی کۆماری داگیرکەری ئێران شەهید کراوە. بەڵکوو  بەر لە ژینا ئەمینی شلێر رەسووڵی لە لایەن زهنیەتی پیاوسالار و دژە ژنەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر و ئەویش بۆ پاراستنی کەرامەت و روومەتی خۆی، خۆی لە پەنجەرەی ماڵیان فڕێ دەدات و دوای سێ رۆژ گیانی بەخت دەکات. کەچی کۆماری داگیرکەر و فاشیست و رەگەزگەرای ئێران بە فێڵ و تەڵەکە ئەو کەیسەی داخست و لەسەر ئەو کردەوەیە کەسێک رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزا نەکرایەوە. لە لایێکی ترەوە هەر ئەم سیستمە داگیرکار و قڕکەرەی ئێران بە هۆی ئەوەی کە ناتوانێت هەبوونی ژن قەبووڵ بکات، هەبوونی نیوەی کۆمەڵگا کە ژنە قەبووڵ بکات دیسان دەست درێژی دەکاتە سەر ژینا ئەمینی و ئەشکەنجەی دەکات و لە دواییشدا گیان لەدەست دەدات. ئەوە خۆی لە خۆیدا سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو سیستمە داگیرکار و فاشیست و دژە ژنەی ئێران بە درێژایی تەمەنی داگیرکاری و دژە کۆمەڵگای خۆیەوە بۆخۆی بکوژی یەکەمی ژنانە. بۆخۆی بکوژی یەکەمی ژنان و جەوانان، منداڵ و کۆمەڵگایە. هەر ئەو سیستمە داگیرکار و بکوژەی ئێران بە کردەوەی خۆی و بە بیر و بۆچوونی دژە مرۆڤایەتی و دژە ژنی خۆی کاریگەری کردۆتە سەر کۆمەڵگا و بە تایبەتی کاریگەری کردۆتە سەر زهنیەتی پیاوانێک کە لە ناو کۆمەڵگا‌دا ناتوانن هەبوون و ناسنامەی ژن قەبووڵ بکەن. هەر بۆیە دەبینین بە رۆژانە کۆمەڵگا لە ژێر هەڕەشە دایە. ژن لەژێر هەڕەشەی کوشتن و ئەشکەنجە و دەستدرێژی دایە. ئەو هەڕەشە و هێرشانە لە لایەن پیاوی دسەڵاتدار و سیستمی داگیرکەر و دژە ژنی کۆماری داگیرکەری ئێران بۆ سەر ژن و کۆمەڵگا دەکرێت.

بەڵام دەبینین کە گەلی هێژا و بە روومەتی رۆژهەڵات لە دژی ئەو کردەوە قێزەون و ناحەزەی داگیرکاری ئێران و زهنیەتی پیاوسالار و پیرسالار و دژە ژنە گەل لە شاری سەرهەڵدێری مەریوان بۆ خاوەن دەرکەوتن لە شلێر و هەروەها لە شاری سەقزی بەرخۆدێر بۆ خاوەن دەرکەوتن لە ژینا ئەمینی رژانە سەرشەقام و گەڵ گوتنی بمرێ دیکتاتۆری گووت و هەروەها بە ناسینی فکری رێبەر ئاپۆ بۆ هەڵوێست نیشاندان لە بەرامبەر بە سیستمی ژن کوژی داگیرکەری ئێران گووتنی  ژن، ژیان ئازادی دەربڕی. هەروەها بۆ تەنیا نەهێشتنەوەی مەریوان و سەقز شاری خوێناوی سنە گەل دەرکەوتە سەر شەقام و گەل، گوتنی بمرێ دیکتاتۆری بە گوێی داگیرکەردا چڕاند. هەروەها گوتنی مەریوان هەمووی شلێرە بۆیە ئاوا دلێرە لە لایەن گەلی تێگەیشتوو و شۆڕشگێڕی مەریوان گوترا و هەر ئەو سەرهەڵدان و خاوەن دەرکەوتنەی مەریوان و سەقز و سنە کە نیشاندەری وڵات پارێزی و هەستی شۆڕشگێڕانەی گەلی رۆژهەڵاتە دووبارە خۆی سەلماندەوە. هەر ئەمەش سیستمی داگیرکەر و دژە ژنی ئێرانی توڕە کرد و ووتی بۆ کوشتنی ژنێک ئەو هەموو خۆ پیشاندانەی ناوێت. دیارە کە سیستمی داگیرکەر و دژە ژنی ئێران هیچ بۆی گرینگ نیە کە ژن بکوژرێت یان دەستدرێژی بکرێتە سەر و جارێکی دیکە نیشانی‌دا کە چەندە هەوڵی ئەوە دەدات کە نیوەی کۆمەڵگا یان ژن بە شێوازێکی سیستماتیک یان بکوژێت و یان بە خۆیەوە گرێ بدات و نیوەکەی دیکەی کۆمەڵگاش کە پیاو پێکی دەهێنێت هەر وەکوو ژن،  یان بیکوژێت و یان بەخۆیەوە گرێ بدات. بەڵام لە ئێستادا ئیدی کاتی ئەوە هاتوە کە ژنان خۆیان بە رێکخستن بکەن و ببن بە خاوەن سیستمی خۆیان. ئێمەی ژنانی گەنجی رۆژهەڵات ی . ژ. ج. ڕ (YJCR) داخوازی ئەوەین کە هەر وەکوو چۆن گەل لە شلێر رەسووڵی و ژینا ئەمینی خاوەن دەرکەوت با ئەم خاوەن دەرکەوتن و سەرهەڵدانەی تەواوی گەل بە تایبەت جەوانان و ژنان لە رۆژهەڵات ببێت بە هەوێنی دامەزراوەیێک بۆ بەهێزبوونی زیاتری کۆمەڵگای کوردی لە رۆژهەڵات و ئێران‌دا. هەر وەک چۆن جەوانان و ژنانی جەوانی رۆژهەڵات خاوەن سیستمی خۆیانن وەکوو یەکێتی ژنانی جەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ی. ژ. ج. ڕ، جەوانان و ژنان ببن بە خاوەن رێکخراوی خۆیان و ئیتر با ئەم سەرهەڵدانە سارد نەبێتەوە و گەرم و گوڕتر درێژە بە سەرهەڵدانی خۆمان بدەین و هەتا گەیشتن بە ئامانجی گەلی خۆمان سڵ نەکەین و بە یەکجاری سیستمی داگیرکەر و قڕکەر و دژە ژنی ئێران لە کوردستان وەدەرنێین و ببینە خاوەن جێگە و پێگەی خۆمان. بۆخۆمان شەڕی خۆمان و پاراستنی خۆمان بکەین کە ئەوەش بە جێگەیاندنی ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کورد واتە شەڕی گەلی شۆڕشگەریە. داخوازی ئێمەش لە ئێستادا ئەوەیە کە جەوانان و ژنانی جەوانی رۆژهەڵات خاوەن هەڵوێست بن لە بەرامبەر ئەو هێرشەی سەر ژینایەکان و شلێرەکان بۆ ئەوەی بتوانین هێرشی فاشیستیانە و جنسیەتگەرایانە و دژە ژنانەی سیستمی داگیرکەری ئێران رابگرین و خۆمان بکەین بە هێز لە ناو سیستمی جەوانان‌دا. گەر بە سیستم و رێکخراو بین داگیرکەری ئێران ناتوانێت چیتر ژنان بکوژێت و پەڕتەوازەمان بکات و دەتوانین هەتا ئەوڕۆژەی کە بکوژی ژینا ئەمینی بە سزا دەگەیێنین ئارام نەگرین و هەروەها خوێنی ئەو گەنجەی کە لە سەرهەڵدانی سەقز بۆ خاوەن دەرکەوتن لە ژینا ئەمینی لە شاری سەقز شەهید بوو و ئەو کەسانەی‌تر کە بریندار بوون لە سەر خاک نەهێڵین و هەتا تۆڵەستاندنەوە ئارام نەگرین. چوونکە هەر وەک رێبەر ئاپۆ دەڵێت خۆ رێکخستن کردن و خۆ بە سیستم کردن باشترین شێوازی خۆ پاراستنە. ئەگەر ئەو رۆحە سەرهەڵدێر و خاوەن دەرکەوتنەی خۆمان لە شلێر رەسووڵی و ژینا ئەمینی بە رێکخستن بکەین تاک بە تاکی ئێمە ئاگامان لە یەکتر دەبێت و ئیتر تەنیا نابینە پارێزەری بنەماڵەی خۆمان بەڵکوو دەبین بە پارێزەری گشت رۆژهەڵات و کوردستان و هەر ئەوەش دەبێت بە هێزێکی گەورەتر و هەتا بە سیستم بوون و پارێزوانی گشت گەلانی بن دەستی ئێران دەچێت. بۆیە جارێکی دیکەش دەرکەوت کە ئێمە پێویستیمان بە رێکخستن و خۆپاراستنی خۆمان هەیە. ئێمەی ژنانی هەڵگری رامان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ ئەو گوتنەی رێبەر ئاپۆمان کردۆتە هەوێن و بنگەی رێکخستن و پاراستنی خۆمان بۆیە ئەوڕۆکەش ژن لە کوردستان‌دا خاوەن سیستمی خۆیەتی و پێشەنگی تەڤگەری ئاپۆییە.

بمرێ داگیرکەری دژە ژن و فاشیستی ئێران

بمرێ پیاوسالاری و پیرسالاری ئێران

بژی رێبەر ئاپۆ

 

 

 

یەکێتی ژنانی جەوانی رۆژهەڵات – ی. ژ. ج. ڕ

١٨\٩\٢٠٢٢