ئامەد شاهۆ
لەم چەند رۆژەی دواییدا دیاردەی ژنکوژی لەئێران و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە سەردێڕی میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکان، قسەو باسی فریودەرانە و چەواشەکارانەی بەرپرسان و تووڕەیی و قەڵسی هاوڵاتیان. ئەو کردەوانەش پەردە لەسەر سیاسەتی دژە ژن و ژنکوژی رژێم هەڵدەداتەوە کە زۆر بە سیستەماتیک و پیلان بۆ داڕێژراو لەدژی ژنان بەڕێوە دەبرێت.
ئەمڕۆ گەلانی ئێران و بە تایبەت ژنان رووبەڕووی زیهنیەتی پیاوسالاری، رژێمی فاشیست و دیکتاتۆر و سیاسەتی دڕندانەی دەسەڵاتێکی خوێنمژ بوونەتەوە کە ئیبراهیم رەئیسی ئاژۆتنی بۆ دەکات. واتا ژنان لەگەڵ زیهنیەتێک دەست و پەنجە نەرم دەکەن کە بەرمایەی دەستەی مەرگە. ئەو کات کەسێک کە ئەندامی دەستەی مەرگ بووبێت، هەر دەستکەوت و بەرهەمێکی لێبوەشێتەوە بۆنی مەرگی پێوە دەبێت. بۆیە سەرجەم ئەو چارەڕەشی، بێ فەڕی، دەستدرێژی، گەندەڵی و تاوانە گەورانەی روودەدەن، بەرهەمی عەقڵیەتی دەستەی مەرگە. ئەو دەستەش ئەمڕۆ نوێنەرایەتی تاقمێکی ناو رژێم دەکات کە لەحەوزی ولایەتی موتلەقەی فەقی عەلی خامنەیی ئاو دەخواتەوە.
ئەوانەی کە لۆژیک، فەلسەفە و سیاسەتی ژنکوژی و دژە ژن بەربڵاو و رەوایەت پێدەدەن، سەر بە تۆڕەکانی دەسەڵات و دەستەو تاقمی مەرگن. ئەو تاقمەش کە ئەمڕۆ لەبەرگی سوپای پاسداران رەنگدەداتەوە گەل و کۆمەڵگا بەرەو دوورگەی مەرگ پەلکێش دەکات. چون هەر کردەوەیەکی ئەو رێکخراوە مافیایە یەکسانە لەگەڵ مەرگ. چەندێک پەل و پۆی لەناو گەل و کۆمەڵگا فراوان دەبێت، ئەوەندە رووداوی دڵتەزێن و مەرگەساتی هاوشێوەی ژینا ئەمینی و شلێر رەسووڵی روو لەزیادبوون دەکات. واتا ئەگەر ئاژۆگەری گەلێک کە بە خوێنڕشتنی هاوڵاتیان و تایبەت کوشتنی ژنان عۆقرە بگرێت، لەئەمڕۆ بە دواوە مەداڵیای مەرگ، خەڵاتی تاک بە تاکی ژنان و گشتی هاوڵاتیان دەبێت. چون کوشتنی شلێر رەسووڵی و ژینا ئەمینی بەرهەمی عەقڵیەتی پیاوسالاری، زیهنیەتی تاڵان، بەڵێن و درۆ و دەلەسە بریقەدارەکانی ئیبراهیم رەئیسییە کە لە سەردانی بۆ پارێزگای کرماشان و شارەکانی سنە و سەقز بە وتنەوەی «بژی کوردستان» بە گەلی کوردی دا. واتا چ بەرپرسێکی ئەو رژێمە ژنکوژە، ستایشی هەر گەل، نەتەوە و باوەڕییەکی ناوخۆی ئێران بکات، پێویستە بە گومان و راڕاییەوە سەیری بکرێت. چون دەربڕینی وشەی «بژی کوردستان» لەسەر زاری چاوگەی مەرگ، ژیانەوەی لێ ناڕوێت، بەڵکوو ئەو مەرگەساتە یەک لەدوا یەکانەیان لێدەڕوێت کە ئەمڕۆ شینی بۆ دەگێڕین.
کوشتنی ژینا ئەمینی بەو شێوە دڵتەزێنە بۆ خۆی گەلێک قسەو باس هەڵدەگرێت و ناخی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەهەژێنێت و فرمێسک لەچاوی مرۆڤ دەبارێنێت. چون کچێک کە لەشاری سەقز چاو بە دونیا هەڵدێنێت و بۆ سەردانی کەسوکاری روو لەتاران دەکات و لەوێشەوە گوایا بە تۆمەتی بێ حیجابی و بەد حیجابی دەکەوێتە بۆسەی ژنکوژەکانی رژێم و دەڕفێنرێت و بە ئەشکەنجەیەکی سامناک و دڵتەزێن کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت. داخۆ ئەو چیرۆکەی کە بکوژانی ژن و دەسەڵاتدارانی رژێم بۆ رازی کردنی جەماوەر بڵاوی دەکەنەوە، کێ باوەڕی پێدەکات؟ داخۆ ئەو مەرگەساتە کردەوەیەکی بە هەڵکەوتە یان بە سیستەماتیکە؟ داخۆ لەبەر کوردبوونی ئەشکەنجە دەکریت، یان لەبەر باڵاپۆشی؟! ئەوەی روونە چەکدارەکانی رژێم دوا بەدوای گرتن و رفاندنی هەست بەوە دەکەن کە ژینا ئەمینی شێوە زاری کوردییە و بە عەقڵیەتی ئەوان لەشارستانەوە رووی لەتاران کردووە، لەبەر ئەوە زۆر بێ رەحمانە و بێ بەزەییانە رووبەڕووی کوتەک کاری و سووکایەتی کردن دەبێتەوە، کە ئاستی دڕندەییەکە ئەوەندە ترسناک و قێزەونە کە ژینا دەخاتە کۆما و دەرئەنجام گیان لەدەستدەدات.
تیرۆر و کوشتنی ژینا ئەمینی و شلێر رەسووڵی لەبەر دوو تاوانی گەورە بووە؛ یەکەمیان لەبەر کوردبوون و دووهەمیش لەبەر ژن بوونیان لەلایەن چەکدار و مۆرەکانی رژێم بە ئامانجی کوشتن رووبەڕووی کوتەک کاری، ئەشکەنجە، سووکایەتی و هەوڵی دەستدرێژی بوونەتەوە. ئەوەش سیاسەتی دوو بان و هەوای رژێم لەبەرامبەر پرسی کورد دەخاتەڕوو. لەلایەکەوە رەئیسی لەکوردستان بە «بژی کوردستان» ستایشی گەنجان و ژنانی قارەمانی کورد دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە مۆرەکانی رژێم لەکوردستان و شارەکانی ئێران سەرقاڵی راوە ژن، کوشتن، تیرۆر و دەستدرێژی کردنەسەر ژنان و گەنجانە. بۆیە گەلی کورد هەرگیز مل بۆ ئەو سیاسەتە دژە ژن و دڕندانەیە شۆڕ ناکات و بە هەموو هێزیەوە بەرگری لەشووناس و ئیرادەی ئازادیخوازی خۆی دەکات و بۆ تێکشکاندنی ئەو زیهنیەتە بە هاوئاهەنگی و یەکگرتوانەی زیاتر تۆڵەی مێژوویی لەو رژێمە ژنکوژە دەستێنن و لەو پێناوەدا پیاوانی ئازادیخوازی کورد هەڵبەت رۆڵی زیاتر دەگێڕن.
بێگومان کوشتنی ژینا ئەمینی دابڕاو لەکەیسی کوشتنی شلێر رەسووڵی نییە. بەڵکوو هەر دوو بەرهەمی عەقڵیەتی پیاوسالاری رژێم و بەرنامەی پیلان بۆ داڕێژراوی رژێمی قەیران و دژە ژنە. ئەو دەستەو تاقمەش کە ئەمڕۆ جێبەجێ کاری ئەو عەقڵیەتە مەترسیدارەیە، لەلایەن رژێمەوە پڕچەک کراوە و بۆ هەر کردەوەیەکی چەپەڵ لەدژی هاوڵاتیانی کورد و بە تایبەت ژنان رێگە پێدراوە. بۆیە مۆرەیەکی سەر بە رژێم بە ئاسانی هەوڵی دەستدرێژی کردنە سەر شلێر رەسووڵی دەدات و دوابەدوای ئەو رووداوەش چەکدارێکی دیکەی رژێم لەبەر کوردبوونی ژینا، بە باتۆمی فاشیزم کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.
بێگومان کاردانەوە و هەڵوێستی خەڵکی قارەمان و خاوەن ویژدانی شاری مەریوان، سەقز، سنە و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆر لە ژنان، گەنجان، رۆشنبیر، هونەرمەند، وەرزشکار، مامۆستا، کرێکار، ، چالاکانی مەدەنی و سیاسی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی کوشتنی شلێر رەسووڵی و ژینا ئەمینی هەڵوێست و کاردانەوەی بە نرخ و هێژایان دەربڕی کە جێگای رێز و ستایشە. واتا گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان و جوانان و تایبەت پیاوان جارێکی دیکە سەلماندیان کە مل بۆ عەقڵیەتی پیاوی دەستدرێژکار، گەندەڵکار و داگیرکەری کوردستان شۆڕ ناکەن و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی دیمۆکراتیک و مەدەنیانە بەرپەرچی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە دەدەنەوە. تایبەت بەشداری شکۆداری گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شلێر و ژینا هەستی کوردپەروەری، وڵاتپارێزی، نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی گەلی کوردی لەدژی رژێم نیشان دا و بە وتنەوەی درووشمی «مەرگ بۆ دیکتاتۆر» ئەو پەیامە بە رژێمی داگیرکەری ئێران درا کە رژێم رەوایەتی خۆی لەزیهنی تاک بە تاکی کورد و تایبەت ژنان و گەنجان لەدەستداوە و بەرخودان و تێکۆشان لەدژی داگیرکەری و فاشیزمی رژێم تێپەڕی قۆناخێکی نوێ بووە. بۆیە گەل لەکاتی بە خاکسپاردنی شلێر و ژینا بە درووشمی «ژن ژیان ئازادی» هێڵی ژیانەوە و تێکۆشانی دیمۆکراتیک و نەبەزانە بۆ خۆ دەست نیشان دەکەن و قۆناخێکی نوێی خۆڕاگری و تێکۆشان لەدژی ئەو رژێمە ژنکوژە دەستپێدەکات.
ئەوەی جێگای نیگەرانییە رژێم بە جێگای ئەوەی باجی تاوانەکانی بدات و گوێ لەویست و داخوازی رەوای گەل بگرێت و هەنگاوی چارەسەری دیمۆکراتیانەی ئەو پرسە هەڵبگرێت، بە ملیتاریزەکردنی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێرش و پەلامار و زامدار کردن و گرتن و کوشتن، دەیەوێت رەوایەت بە دیاردەی ژنکوژی و کوردکوژی بدات و بە ترس و تۆقاندن، گەلی کورد بێ ئیرادەو بێ ناسنامە بکات. بۆیە بە بێ شەرمانە هێرش و پەلامار دەباتە سەر ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ شین دەگێڕن و لەمەراسیمی شین گێڕاندا بە دەیان هاوڵاتی دیکە بریندار و شەقامەکانی کوردستان غەڵتانی خوێن دەکەن. تەنانەت ئەو رژێمە ژن کوژە مافی ئەسپەردە کردنی شکۆداری شلێر و ژینای پێ هەرس ناکرێت کە لەلایەن جەلادەکانی رژێمەوە گیانیان لەدەستداوە، واتا بەو هەڵوێستە رژێم سەلماندی کە تا سەر ئێسقان لە سیاسەتی دژە ژن و دژە کوردیدا پێداگرە. لەلایەکی دیکەوە رژێم لە هەڵوێستی شکۆدار و بێ وێنەی گەلی کورد تۆقاوە، بۆیە لەهەوڵی دامرکاندنی شەپۆلی تووڕەیی و ناڕەزایەتی گەلەو بە بیانوو و تۆمەتی بێ بنەما خۆپیشاندان و داوای سرووشتی و حەقی گەل بە ناڕەوا لەقەڵەم دەدات و کردەوەی ناحەق و دڕندانەی خۆی بە کردەوەیەکی ئاسایی و بە حەق وێنا دەکات، بێگومان ئەوەش ئاگری تووڕەیی گەل و شەپۆلی تۆڵە بە گوڕتر دەکات.
لەکۆتاییدا دەتوانم بڵێم کە کوشتن و تیرۆری شلێر و ژینا دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێ قڕکردنی ژنان و کوردانە کە بە ئاسانی لەیاد ناکرێت و کەس بەرگەی قەبووڵ کردنی ئەو زۆڵم و ناحەقیانەی کە لەسەر ژنان دەکرێت، ناگرێت. بۆیە بەشداری بەشکۆی هاوڵاتیان لەمەراسیمی بە خاکسپاردنی شلێر و ژینا ئەو پەیامەی بە هەر تاکێکی خاوەن ویژدان و وڵاتپارێزی کورد دا کە لەدژی سیاسەتی دژە ژن و ژنکوژی رژێم تێکۆشانیان بەهێزتر بکەن و تا دەستەبەر کردنی مافی رەوا و ئازادی گەلی کورد و تێکشکاندنی عەقڵیەتی پیاوسالاری و دژە ژنی رژێم پەرە بە تێکۆشان بدەن. لەو پێناوەدا ئەرکی هەر ئازادیخوازێکی کورد و ئێرانییە کە لەمانگرتنی سەرتاسەری رۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان بۆ خاوەندارێتی لەرۆحی پاک و بێگەردی شلێر و ژینا، بە گیانبازییەوە بەشداری بکات و رق و تووڕەیی خۆی لەدژی رژێمی دژە ژن دەرببڕێت و بە هەستانی لافاوی تۆڵە زۆڵم و زۆرداری و عەقڵیەتی پیاوسالاری لەکوردستان لەگۆڕ بنێن و هەر شارێک لەم قۆناخەدا پێویستە ئەرکی مرۆیی و مێژوویی سەرشانی خۆی بە جێ بهێنێت.