ئامەد شاهۆ
لە بەهاری ئازادیدا، رێزان سەرکێشی کاروانێک دەکات کە بەرەو لووتکەی ئازادی دەفڕێت. ئەو کاروانه لەمەڵبەندی کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستانەوە وەڕێ دەکەوێ و دۆڵ بە دۆڵ، شاخ بە شاخ و دەشت بە دەشت بەرەو باخچەی شۆڕشی ئازادی رێدەپێوێت و لەشاری قامیشلۆ، شاری ئەویندارانی نیشتمان و ئازادی، پەیوەستی کاروانی نەمران دەبێت. ئەوەش بە رێزانێک بە ئەنجام دەگات کە بە خەسڵەتی لێهاتوویی، کارزانی، شارەزایی و چاوکراوەیی کەسایەتی خەمڵێندرابێت.
رێزان ئەو گوڵەبەڕۆژەی ناو باخچەی کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستانە کە بەردەوام رووی لەخۆری ئازادی بوو. بۆ گەیشتن بە ئازادی پێویستی بە رێزانی و دۆزینەوەی رێ و رێبازی حەقیقەت هەیە. چون جەلادەکانی ئازادی لەبان گەردەنەکانی هیوا و باوەڕی، خێمەی کوشتارگەی رۆح و رەوانی جەستەی تاکی کوردیان هەڵداوە. بۆیە ئەگەر تاکێک بەرەو خۆری ئازادی بڕوات، رێزان نەبێ، بە ساتۆری زوڵم و زۆری، هیوا و ئومێدی ژیانەوە لەجەستەی دادەبڕدرێت. تایبەت تاکێکی کورد بۆ ئەوەی ناسنامەی کوردبوونی بسەلمێنێت و بە کوردی ژیان بکات، دەبێ رێزان و پێشەنگی شۆڕشی هاوچەرخ و دیمۆکراتیکی گەل بێت. بۆیە شەهید رێزان جاوید، بە خەون و خەیاڵی منداڵانەی بە پەیژەکانی مێژوو دادەکەوێت و بۆ دۆزینەوەی کانگای ژیان بە ناو رووپەلەکانی مێژوودا دەگەڕێت. لەناو بەڵگە مێژووییەکاندا رۆخساری شاراوەی خۆی دەبینێتەوە. لەو لێگەڕینەدا خۆی دەناسێت و گەوهەری ئازدیخوازی خۆی دەبینێتەوە. بۆیە لەناو مێژووی بزاڤی ئازادیخوازی کورد، دەبێتە رێزان. چون لەناو رووباری مێژوودا بە هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ بە دوای رێگای حەقیقەت دەگەڕێت. لەو لێگەڕینەدا چاوگەی کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستان دەکاتە گڵۆپی بەختەوەری و هەستانەوەی ژیانی. بە رووناکی و هیوای درەوشاوەی ئەو گڵۆپە، لاپەڕە شاراوەکانی مێژوو دەخوێنێتەوە. بەو پێیە رێگای ژیانەوە، هەستانەوە و تێکشکاندنی زنجیری کۆیلەتی دەدۆزێتەوە و بە رێزانی، ئەستێرە چاوکراوەکانی نیشتمان بەرەو ئاسمانی شین دەبات.
چەندێک بە سەر پەیژەکانی مێژوودا دادەکەوێت، ئاسۆی بەرەبەیانی ئازادی لەزەین و هەستیدا خۆنچە دەکات. کاتێک دەگاتە بناوانی مێژووی گەلەکەی، هەست بە بووژانەوە و بە ئیرادەبوونی خۆی دەکات. لەبەر ئەوەی کەسایەت و زەینی بە ئیرادەی پۆڵایین و تەوژمی تۆڵە رازاندوەتەوە و جەستەی بە ناو و فەلسەفەی رێزانی دادەپۆشێت. واتا لەو تێگەیشتنەدایە کە تا گەلەکەی بە بێ رێزان و بێ پێشەنگ بێت، بە ئیرادە، بەهێز و ئازاد نابێت. بۆیە لەساڵی ٢٠٠٣ ناوەندی تواندەوەی خوێندەوارخانەکانی رژێم بە جێ دەهێڵێت و روو لەخوێندەوارخانەی ئاپۆچیەکان و مەڵبەندی هەڵۆبەرزەفڕەکانی نیشتمان دەکات کە بە پێشەنگی و رێزانی، گەلی کورد لەسەر رووباری ژیانەوە ببووژێنێتەوە. واتا هەر لەسەردەمی لاوێتییەوە لەپەیژەکانی دەسەڵات دادەبەزێت، چون دەزانێت هەڵکشان بەسەر پەیژەکانی دەسەڵات بەرەو دیوەخانی کۆیلەتی دەبات. بۆیە لەبەر رێزان بوونی بژاردەی هەڵکشان بە سەر پەیژەی ئازادییە کە ئەو بژاردە دەیکاتە خۆشەویستی گەل و هەڤاڵانی.
بە گەیشتنی بۆ ناو لانکەی ئەویندارانی ئازادی سەرلەنوێ چاو بە دونیا هەڵدێنێت. لەمەڵبەندێک چاو دەکاتەوە کە جیاواز لەزێدی لەدایکبوونێتی. چون پەیوەستی مەڵبەندێک بووە کە بۆی دەبێتە سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە. لەبەر ئەوەی بە ناوی رێزان جاوید بڕیاری ژیانەوە و تێکۆشان لەپێناو ئازادی گەلێک دەدات. لەساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە دەبێتە رێزانێک کە هەمیشە لەبەرەکانی پێشەوەی تێکۆشان و خەباتە و بەردەوام رۆڵی رووناک کەرەوەی ناو جادەی تێکۆشانی گێڕاوە. رێزانی و پێشەنگی لەکەسایەتیدا وەک تیشکی هەتاو هەمیشە لەجەستەی درەوشاوەتەوە. چون شۆڕشگێڕ تا رێزان نەبێت نابێتە پێشەنگ، تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی گەل. ئەو دەبێتە رێزانی دیمۆکراسی و ئازادی، رێزان لەپێناو گەیشتن بە نەتەوەی دیمۆکراتیک، رێزان بەرەو هێزی نەتەوەیی کورد، رێزان بەرەو یەکێتی نەتەوەیی کورد و رێزان بەرەو هونەری بەڕێوەبەری و فەرماندەیی. لەبەر ئەو هەست و بڕوایەیه كه هەر ئەرک و بەرپرسیارییەک لەئەستۆ دەگرێت، بە رێزان بوونی، بە فەلسەفەی سەرکەوتن رازاندوویەتەوە و ساتێک لەراپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیاری سەرشانی درێغی نەکردووە.
لەفەلسەفەی ئازادیخوازی هەڤاڵ رێزاندا، گەلی کورد بە دەرکەوتنی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئیدی پێویستی بە رێزانێکی ماییندە هەیە. واتا رێزانێک کە هەرگیز سەر بۆ داگیرکەران شۆڕ نەکات. لە مۆڵگەی خیانەتکار و بە کرێگیراوەکان پشوو نەدات و خۆی لەقەرەیان نزیک نەکاتەوە. بژاردەی رێزانێکە کە پشوودرێژ، گیانباز، بوێر، بە ئەخلاق، ورەبەرز، دڵسۆز، بەرپرسیار، لێزان، تێگەهێشتوو، بە دیسپلین و بە ئیرادە بێت. بەو خەسڵەتانەی تەنگی بە نەیارانی کورد و خیانەتکارانی کورد هەڵچنیوە و هاوکات هیوای ژیانەوە و پتەوکردنی هەستی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری لەدەروون و ناخی تاک بە تاکی گەلەکەی بووژاندوەتەوە. بەو خەسڵەتانە ئەمڕۆ هەر تاکێکی کورد خۆی بە رێزان و درێژەپێدەری رێگای دەبینێت.
هەڤاڵ رێزان پاشناوی “جاوید” هەڵدەبژێرێت. جاوید پاشناوی هەڤاڵی هاوسەنگەر و تێکۆشەری “رامان جاوید”ە کە لە١ی گولانی ساڵی ٢٠٠٨ لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە گەلەکۆمەی ئەمریکا، ئێران و بە کرێگیراوە کوردەکان لەگەڵ ٥ هەڤاڵی دیکەی راگەیاندنی ئازاد شەهید دەبێت. بۆیە رامان ئەمڕۆ لەکوردستان هزر و فەلسەفەیەکە کە بڕوا و ئیرادەی گەلێکی زیندوو کردووەتەوە. واتا رامان هەست و بوونی کوردە. رامان، ژیان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە. چون وتنەوەی درووشمی گەل کە بە بێ رامان یان بێ سەرۆک ژیان نابێت، ئەو حەقیقەتە دەدرەوشێنێتەوە. واتا رامانی ئازادی و گەلی کورد ئاوێتەی یەکدی بوون و رامان لەزەین و هەستی کورددا جاویدان و هەتاهەتاییە.
شەهید رێزان جاوید بە هەڵبژاردنی پاشناوی جاوید فەلسەفە و رامانێک لەکوردستان هەتاهەتایی دەکات. فەلسەفە و رامانێکیش هەتاهەتایی ببێت، هەرگیز بن بڕ و پاکتاو ناکرێت. جاوید بە واتای هەمیشەیی و هەتاهەتاییە. بۆیە رێزان بۆ گەلی کورد هەتاهەتاییە. چون رێزان؛ هێڵ، باوەڕی، ژیان و فەلسەفەیە. ئەو فەلسەفەش ئەمڕۆ لەئیمڕاڵی لەدژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لهناو شەڕێکی نەبەزانەدایە. لە چیا سەرکێشەکانی کوردستان و شەقام و کۆڵانەکان لەدژی فەلسەفەی خیانەت و داگیرکەری تێدەکۆشێت. واتا بۆ گەیشتن بە ئازادی رێزان پێویستە. گەریلاکانی کوردستان ئەمڕۆ رێزانی گەیاندنی کورد و گەلانی ئازادیخواز بە نەتەوەی دیمۆکراتیکن. هەڤاڵ رێزانیش بووە رێپیشاندەر بۆ گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان کە ئاسۆی بەرەبەیانی ئازادییان لەناو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کە بونیادنانی ئەو سیستەمەیە، هەڵبکەن. شەهید رێزان بە هەڵگرتنی خەسڵەتی رێزانی و پێشەنگ بوون لەناو باخچەی ئازادی گەلان، گەیشتە پلەی نەمری.
داگیرکەرانی کوردستان بە هێرش و پەلامارەکانیان رێزانەکانی کوردستان شەهید دەخەن. واتا رێزانەکان گڵۆپی دۆزینەوەی رێگای حەقیقەت و ئازادین. بۆیە نەیارانی کورد دەیانەوێت دانە بە دانە گڵۆپە هەڵکراوەکانی کوردستان خامۆش بکەن. بەڵام فەلسەفەیەک کە یوسف رەبانی هەڵیدەگرێت، رێزان لەکوردستان جاودانە و هەمیشەیی دەکات. واتا ئازادیخوازان و ئەستێرە درەوشاوەکانی کوردستان بڕیاری گەشانەوە و هەڵکردنی فەلسەفەی ئازادی و دیمۆکراسییان لەکوردستان داوەو بە گوڕ و تینەوە تا سەرکەوتن، درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
٢٠ ساڵ لەتێکۆشانی پڕ پیت و بەرەکەتی شەهید رێزان جیا لەرۆژهەڵاتی کوردستان رووبارێکی ژیانەوەی لەناو مێژووی قارەمانی کورد بووژاندەوە. ئەو بووە پێشەوای گەلێک کە تینووی ئازادی و دیمۆکراسین. بۆیە پێشەوا، پێشەنگ و رێزانی کورد هەرگیز لەناو دڵی تاکەکان خامۆش نابێ، بە پێچەوانەوە تیشکی فەلسەفە، رامان و رێچکەی تێکۆشانی هەمیشە لەدرەوشانەوەدایە. خاوەندارێتی گەلی کورد لەهەر چوار بەشی کوردستان و هەندەران ئەو راستییەی خستەڕوو کە رێزان لەناو دڵی گەلەکەی هێلانەی خۆشەویستی هەڵکوڵاوە و لەناو دڵ و زەینی نەتەوەکەی نەمرە.
رێزانی هەتاهەتایی گەلی کورد، لەئەنجام گەلەکۆمەیەکی دیکەی نەیارانی کورد لەشاری ئەویندارانی شۆڕشی ئازادی شاری قامیشلۆ لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا پەیوەستی کاروانی نەمران دەبێت. گەلەکۆمەیەک کە هاوشێوەی گەلەکۆمەی ١ی گولانی ساڵی ٢٠٠٨ە کە ٦ کادیری پێشەنگی راگەیاندنی پەژاک بەشداری کاروانی نەمران دەبن. کە لەناویاندا شەهید رامان جاوید هەبووە و شەهید رێزان بە هێزو ورەی نەبەزانەی شەهید رامان درێژە بە تێکۆشان دەدات و دوای ساڵانێکی زۆر لەخۆڕاگری و تێکۆشانی بێ وچان بە گەلەکۆمەیەکی دیکە جاویدێکی دیکە شەهید دەخەن. بەڵام ئیدی گەلی کورد خاوەن ئەو فەلسەفەیە کە جاویدەکان هەرگیز کۆتاییان پێ نایەت و بە سەدان رێزان جاویدی دیکە لەبناوانی نیشتمان روو لەرووباری ژیانەوەی کورد دەکەن و بە هەڵگرتنی چەکی شکۆ و ئازادی تۆڵە لەنەیارانی ئازادی و دیمۆکراسی وەردەگرنەوە.
شەهید بوونی هەڤاڵ رێزان جاوید جیا لەخەسارێکی مەزن بۆ گەلی کورد، پێویستە ببێتە هەوێنی سەرکەوتنی ئازادی و دیمۆکراسی و مەزن بوونی هێزی گەریلا و بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و گەورەکردن و بەهێز کردنی رێگای ژیانەوە و بووژانەوەی ئازادی و دیمۆکراسی. ئەوەش تاکە رێگای دەرکەوتن لەخەون و خەیاڵ و بە دیهێنانی ئامانجەکانی شەهید رێزانە کە هەر تاکێکی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێز بە ئەرکێکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆی لەقەڵەمی بدات و خاوەندارێتی لەرێچکە و فەلسەفەی ئازادی شەهیدان بکات.