ئامەد شاهۆ
١٥ی ئاب، بۆ گەلی کورد زایینی نوێ و سەرەتای قۆناخێکی نوێیە. رۆژێکە کە زنجیری کۆیلەتی و هێڵی خیانەت لەکوردستان دەپچڕێت و هیوای ژیانەوە لەتاک بە تاکی کوردی ئازادیخواز و تێکۆشەر دەگەشێنێتەوە. ئەو رۆژەیە کە هێز و ئیرادە بە مرۆڤ دەبەخشێ و لێگەڕین بە دوای ژیانی ئازاد و تێکۆشانی نەبەزانەو رەوای کورد واتادار و شکۆدارتر دەکات و رۆحێکی نوێ بە تاک و کۆمەڵگا دەبەخشێت. بۆیە ئەو رۆژ بۆ گەلی کورد بە قەڵەمبازی ١٥ی ئاب ناوزەد کراوە و ئەوەش کوردی ئازادی کردووەتە ناسنامەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین. بۆیە ١٥ی ئاب، رۆژی ژیانەوە، هەستانەوە و قارەمانی گەلی کوردە. لەبنەڕەتدا هەڵمەتێكە کە لەدژی كۆیلایەتی داسەپاو بەسەر كۆمەڵگای كوردستان و پارچەكردنی خاكی كوردستان و بێ پێگە هێشتنەوەی كورد و سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوکاری و سیستەمی ئەشکەنجە سەرهەڵدەدات.
١٥ی ئاب، فەلسەفە و رەوتێکی نوێ ژیانە کە لەدژی سەپاندنی كۆیلەداری سەر گەلی كورد، راپەڕینێكی سەردەمیانە بەرپا دەکات و بە تەقاندنی یەکەمین فیشەکی ئازادیخوازی لەدژی داگیركاری، هەنگاو بۆ خاوەندارێتی کردن لەمرۆڤایەتی هەڵدەگیردرێت. بۆیە هەنگاوی ١٥ی ئاب تەنیا سەرەتایەك بۆ تێكۆشانی چەكداری نییە، بەڵکوو بە لووتکە گەیاندن و دەستێپکردنی قۆناخێکی نوێی تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، دیپلۆماسی، كولتووری و كۆمەڵایەتییە کە وەک ئاسۆی بەرەبەیانی ئازادی لەباکووری کوردستان سەرهەڵدەدات و لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان، ناوچەکە و جیهان دەدرەوشێتەوە.
بۆیە ئەو قەڵەمبازە هێزی شكۆدار و نەبەزانەی راستینەی كوردی خستە مەیدان، کە ئەمڕۆ لەشەڕی جیهانی سێهەمدا خاوەن رۆڵ و پێگەی ئیستراتیژی و مێژووییە. ئەو رۆحەی كە ئەم تێكۆشانە ئەفسانەییەی خوڵقاند، رۆحی فەرمانداری مەزن شەهید عەگید و دەیان هەزار شەهیدی کوردستانە کە نرخ و دەستکەوتەکانی گەلیان تا بە ئەمڕۆ تاجدار کردووە.
ئەو قەڵەمبازە مێژووییە لەدژی چڕبوونەوەی سیاسەتی زەخت و گوشار، ئەشكەنجە، لەباربردنی كەسایەتی، تواندنەوە، كۆچبەری و سیاسەتی قڕكردنە کە لە چوارچێوەی پیلانی شەرق ئیسلاحات و تەڤگەرەكانی تەبدیل و تەنكیلی سەر بە دەوڵەتی فاشیستی تورک لە كوردستان بەڕێوە دەبران. هاوکات هەنگاوێکی شکۆداری کورد لەبەرامبەر كودەتای ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ی دەوڵەتی فاشیزمی تورکە. هەنگاوێکە لەدژی ئەو کۆنسێپتەی کە پاکتاوکردنی كولتوور، زمان، شووناس و هەبوونی کۆمەڵگای کوردیان کردبووە ئامانج. هاوتەریبی ئەو کۆنسێپتە مەترسیدارە لە زیندانی ئامەدیش لەو پێناوەدا هۆڤێتی مەزن و سیاسەتی ئەشکەنجەی تۆقێنەریان لە دژی زیندانیانی سیاسی كورد ئەنجامداوە، تا چەکەرەی خۆڕاگری و ئیرادەی نەبەز و کۆڵنەدەری کورد تەفرووتونا بکەن. بەڵام قەڵەمبازی ١٥ ئاب، بووە زەبرێکی كوشەندە کە لە زیهنیەتی دەسەڵاتداری و چەوسێنەر و كۆیلەداری تورک بدرێت و دەسەڵاتی ناوبەتاڵ و کلۆری فاشیستی تورک رووت و قووت بکرێت و درز بخرێتە نێو سنوورە دەستكردەكانی كوردستان و بە پێچەوانەی رۆحی کودەتای ١٢ی ئەیلوول، رۆحی نەتەوەیی ـ دیموكراتی و شۆڕشگێڕانە لەکوردستان سەرهەڵبدات.
ئەوەش داستانی سەرلەنوێی ژیانەوە بۆ گەلی کورد تۆمار کرد. لەبەر ئەوەی گەلی کورد لەسەردەمێکدایە كە هیوای بە ژیانێكی ئازاد و دیمۆکراتیک نەزۆک کرابوو و پرسی کورد لەلایەن نەیارانی کوردەوە لە چاڵ نرابوو. بۆیە قەڵەمبازی ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤، دەبێتە پەرجۆیەکی مەزن بۆ سەرلەنوێ ژیانەوەی کورد و کوردستان. چۆن ئەو پەرجۆیە بە رێكخستنی هێزەكانی رزگاری كوردستان – HRK و بە پێشەنگایەتی پارتی کارکەرێن کوردستان – PKK پێشكەوت. بۆیە نمونەیەكی بەرچاوە لە قارەمانێتی تێكۆشانی ئازادی و دیموكراتیکی گەلی کورد لەسەدەی ٢١دا. تایبەت بەو قەڵەمبازە لەمێژووی کوردستاندا بۆ جاری یەکەم هەرێمەكانی ئەرۆح و شەمزینان دەخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی گەلی کورد. ئەو دەستکەوتە ئەفساناویەش بە قارەمانێتی فەرمانداری نەمر عەگید (مەعسوم كۆركماز) دەستەبەر کراوە کە بە ورەیەكی مەزن و پۆڵایینەوە بەڕەنگاری رژێمی داگیركاری تورك بووەتەوەو رێبازی تێكۆشان و خوڕاگری سەردەمیانە بۆ گەلی کورد درەوشاندەوەو تا بە ئەمڕۆش ئەو رەوتەی تێکۆشان لەچیاکانی کوردستان لەگەشانەوەدایە.
واتا ئەو قەڵەمبازە لەکوردستان و ناوچەکە شۆڕشی زەین و رامان، شۆڕشی كۆمەڵایەتی، شۆڕشی ژن و ژینگەی خوڵقاندووە، بەو هەڵمەتە سەرجەم كەموكورتییە كۆمەڵایەتییەکان وەلاوە دەنرێت و دوا بەدوای شەهادەتی هەڤاڵ عەگید دامەزراندنی ئەرتەشی رزگاری گەلی كوردستان (ARGK) دەبێتە هێزێک کە ئیرادە، باوەڕی و متمانەی پتەو کردنی تێکۆشان لەکوردستان گەشاوە دەکات. بەتایبەت تەڤگەری ئازادی ژن و جوان و شەپۆلی سەرهەڵدانەوەی جەماوەری کەناڵیزەی شۆڕشی ئازادی دەکات. ئەم قەڵەمبازە لەکوردستان و سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوین و جیهان دەرگای بۆ کرانەوە و پێشكەوتن ئاوەڵا کرد و كوردستان بووە ناوەندی تێكۆشانی برایەتی، دیموكراسی، ئازادی و پێکەوە ژیان. هاوکات بووە خولقێنەری رێكخستنی نەتەوەیی و پاراستنی رەوا لەناوچەكە. ئەو قەڵەمبازە زیهنیەتی کۆیلەتی و هەر جۆرە پاشڤەڕۆتی لە كوردستان لەنێو برد و بناخەی سیستەمی نەتەوەی دیموكراتیکی خوڵقاند و گیانی نەتەوەیی كوردانی بووژاندەوەو بناخەی شەڕی شۆڕشگێڕی گەلی لەکوردستان داڕشت کە هیوای گەهێشتن بە ئازادی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکات و سەرجەم ئەو خەونانەش لەرۆژئاوای کوردستان هاتەدی.
واتا قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، گۆڕانكاری بنچینەیی لەزەین و ویژدانی کەسایەتی کورد و وەرچەرخانی مەزن لە رەوتی تێکۆشان و بەرخودان و رۆشنگەری لەکوردستان خوڵقاند کە بنەمای ناسنامەی ئازادی لەکوردستان دژ بە کۆیلەتی ئافراند لەبەر ئەوەش گەلی کورد و دۆستانی ئەو قەڵەمبازە وەک جەژنی ژیانەوە بە چالاكی و بەرنامەی شكۆدار پیرۆز و بەرز رادەگرن.
نرخ و بەهاکانی ١٥ی ئاب ئەوەندە فراوان و بەرینە کە کۆڵەکەکانی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە هەرێمیەکان لەناوچەکە هەژاندووە و نەیارانی کوردیش بەو نرخانە چاویان هەڵنایەت. بۆیە رۆژئاوای کوردستان کە وەک نرخێکی ئەو هەڵمەتەیە وەک پڕۆژەی نەتەوەی دیمۆکراتیک دانی پێدانانێن و ئەوەش هەرس ناکەن کە کورد هەڵگری پێگەی سیاسی ـ حقوقی و دیمۆکراتیک لەناوچەکەدا بکات. چون ئەو قەڵەمبازە ئەمڕۆ هەوێنی شۆڕشی ئازادی و دیمۆکراسی کورد لەهەر چوار بەشی کوردستانەو بە کۆنسێپتی قڕکردنی کوردان دەیانەوێت رێگری لەبەربڵاو بوونی ئەو نرخە کۆمیناڵ و دیمۆکراتیانەی گەلی کورد و دۆستانی بگرن.
لەلایەکی دیکەوە رۆحیەی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، ئەمڕۆ لەهەرێمەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا بە پێشەنگایەتی گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگە هیوای ژیانەوەی مرۆڤایەتی گەشاوەتر دەکات. ئەو بەرخودانە مێژووییە کە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان لەدژی داگیرکەری و خیانەت بەڕێوە دەچێت قەڵەمبازی نوێی ١٥ی ئاب یان ژیاندەوە. واتا قەڵەمبازێکی تێکۆشان کە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنانی کورد لەدژی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری بەڕێوە دەچێت، بێ وێنە و بێ هاوتایە. ئەو قەڵەمبازەش لەکەسایەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک و پارت و بنەماڵەی خیانەتکاری پەدەکە و بارزانی، گورزی جەرگبڕی لەناتۆ و ئەمریکا وەشاندووە کە بە بەرخودان و تێکۆشانی سەردەمیانەی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب پێشکەوتووترین تەکنۆلۆجیای شەڕ بێ کاریگەر و پووچ دەکەن و بە پێچەوانەوە داستانی قارەمانی و مێژووی ئازادیخوازی بۆ مرۆڤایەتی دەنووسنەوە.
قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، هاوتەریبی ئەو گۆڕانکاریانە تایبەت كاریگەریەکی بەرچاوی لە سەر هەموو چین و پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بە تایبەت گەنجان داناوە. هەر چەند نەیارانی کورد و لەناودا داگیرکەری ئێران بۆ ئەوەی ئەزموون، نرخ و بەهاکانی ئەو هەڵمەتە تێپەڕی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبێت، لەپێناو لەناوبردن و توانەوەی گەلی کورد هەر جۆرە رێ و رێبازی دڕندانەیان بە کار هێناوەو لەهەر جۆرە پاڵپشتی و هاوکاری دەوڵەتی فاشیستی تورک درێغی نەکردووە. بەڵام گەلی کورد بە ورەیەکی بەرزەوە بە پێشەنگایەتی گەنجان بەرپرچی توندی ئەو سیاسەتە دژە مرۆییانەیان داوەتەوە.
قەڵەمبازی ١٥ی ئاب بێگومان بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان بە واتای ژیانەوە، هەستانەوە و زنینەوەیە. تایبەت گەنجانی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو پتەوکردنی خەبات و بەرخودان و بەرزکردنەوەی تێکۆشان لەسەر رۆحیە و فەلسەفەی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، لەرێكەوتی ١٥ی ئابی ٢٠٠٦، كۆمەڵانی جوانانی رۆژهەڵات – KCR یان دامەزراند. بەوەش گەنجان بە بنەماگرتنی فەلسەفەی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، تێکۆشانیان لە بەرامبەر سیاسەتی ئینكار، لەناوبردن، كۆیلایەتی و خیانەت كە بە سەر گەلی كورد دەسەپێنرێت، دەستپێکرد و لەو پێناوەدا هەڵمەتی خۆرێکخستن کردن و تێکۆشانیان لەدژی داگیرکەری راگەیاند. گەنجان لەسەر بیرۆكەی ئازادی و نەتەوەیی فەرماندە عەگید، بە پەیوەست بوونیان بۆ ناو ریزەکان گەریلا ئەرتەشی گەریلای کوردستانیان مەزن کرد و چەمكی خۆپاراستن و پارێزوانیكردن لە نرخ و بەهاكانی گەل یان لەکوردستان بە هەند وەرگرت.
بۆیە دامەزراندنی کەجەڕە لەسەر رۆحیەی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی تێکۆشانی گەلی کورد لەدژی داگیرکەرییە. واتا دامەزراندنی کەجەڕە لەسەر ئەو قەڵەمبازە، تەنیا سەرەتایەك بۆ تێكۆشانی چەكداری نەبووە، بەڵکوو دەستێپکردنی قۆناخێکی نوێی تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، كولتووری و كۆمەڵایەتی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە کە بۆ گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان بوووەتە ئاسۆی بەرەبەیانی ئازادی و سەرجەم پێکهاتەکانی کورد لەپێناو خاوەندارێتی لەشووناس و ئیرادەی ئازادیان روویان لەریزەکانی بەرخودان و تێکۆشانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک کرد و بەو هەڵوێستەش بەڕەنگاری هێڵی نەتەوەپەرەستی کوردی کلاسیک و رژێمی داگیرکەری ئێران بوونەتەوە و بە بڵاو کردنەوەی هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ رۆچنی ژیانەوەی کوردیان گەشاندەوە.
گەنجان بە هەستی شۆڕشگێڕانەیان سەنگەرەکانی تێکۆشانیان لەدژی فاشیزم و داگیرکەری توند و تۆڵتر کرد و لەسەر بنەمای هزر و رامان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ خۆیان پەروەردە و رێکخستن کرد. تایبەت کەجەڕە بە پێشەنگایەتی گەنجانی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری وەک؛ شەهید هێرش کارزان، مانی کیاکسار، خۆشمێر رۆژهەڵات، چالاک جوانڕۆ و مادۆرا وان و هتد، رۆحی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب یان لەناو گەنجانی رۆژهەڵات و بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆ بووژاندەوە و بە هێڵی تێکۆشان و بەرخودان، رۆچنی ئازادی و دادەپەروەری کۆمەڵایەتییان خەڵاتی گەنجان کرد و بەرەی تێکۆشان لەدژی داگیرکەری و خیانەتیان لەکوردستان توند و تۆڵتر کرد. هاوکات هەمان رۆحیە لەناو بەندیخانەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران بە بەرخودانی بێ وچان و نەبەزانەی فەرزاد، هێمن، برووسک و شیرینەکان سەریهەڵدا و فەلسەفەی خۆڕاگری لەدژی سیاسەتی سەرکوت و چەوسانەوەی رژێم بەهێزتر و قایمتر کرد.
فەلسەفە و رامانی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، لەناو گەنجان رۆحی وڵاتپارێزی و نیشتمان پەروەری گەشاندەوە و کەجەڕە لەناو سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگا خۆی بە رێکخستن کرد و ئەو هیوایەی کە لەلایەن رژێمەوە لەنێو گەنجان دامرکێندرابوو، بە شەپۆلی خەباتی بێ پسانەوەیان، هیوا دامرکێندراوەکانیان گەشاندەوەو کەجەڕەیان کردە مەڵبەندی بووژانەوەی هیوا و باوەڕی گەنجان کە زامنی بونیادنانی ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیکە. بۆیە شەپۆل و رۆحیەی خۆڕاگری و فەلسەفەی تێکۆشان لەدژی نادادپەروەری، گەندەڵی و داگیرکەری لەشەقامەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر هەمان رێچکە لەلووتکەدایە و گەنجان بوێرانە درووشم لەدژی داگیرکەری و خیانەت دەڵێنەوە و بە رۆحیەی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب ئاڵای خۆڕاگری و تێکۆشان دەگەشێننەوە.
لەکاتێکدا لەساڵیادی قەڵەمبازی ١٥ی ئاب، نزیک دەبینەوە لەلایەن تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد هەڵمەتێک لەژێر ناوی «کات کاتی ئازادییە» راگەیەندراوە. ئەو هەڵمەتەش لەبنەڕەتدا بە لووتکە گەیاندنی رۆحی قەڵەمبازی ١٥ی ئابە کە گەنجان بە جۆش و خرۆشەوە لەئامێزی دەگرن و بە برەودانی هەڵمەتی «لە دژی خیانەت و داگیرکەری وەرن بۆ جەنگی ئازادی»، گەنجان هانی مەڵبەندی ئازادی و دادپەروەری دەدەن و بە پەیوەستبوونیان لەریزەکانی بەرخودان ئاڵای شۆڕش و رۆحیەی ١٥ی ئاب دەشەکێننەوە. بۆیە بەشداری کردنی بە خرۆشی گەنجان لەجەنگی ئازادی، دەستپێکردنی قۆناخی نوێ قەڵەمبازی ١٥ی ئابە کە گەنجان دەخاتە ژێر بەرپرسیارییەکی مێژوویی تا خاوەندارێتی لەئەرکی وڵاتپارێزی، نیشتمانپەروەری و ئەخلاقی یان بکەن و لەپێناو گرنگی و بایەخ دان بە رێکخستن کردنی پاراستنی گەوهەری کەڵک لەرۆحیەی ١٥ی ئاب وەربگرن.
سەرچاوە: گۆڤاری ژیلەمۆ ژمارە٢٢