ڕزگار ڕەوشەنی/ چالاکوان و شرۆڤەکاری سیاسی
لە ناو پارادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا، کە بناخەی سیستەمی کۆمەڵایەتی-سیاسی ”کەجەکە”یە، چی چین و توێژی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵگادا پەراوێز ناخڕێن. ئەم تێڕوانینە لە ڕوویی ماڤ و نرخەوە بۆ کەسانی مۆسلمانی شیعە و سوونە، دیندار وئاتێئیست، ئیزیدی و یارسان و عەلەوی، فمێنیست و سۆسیالیست و ناسیۆنالیست، کۆمەڵگای پەلکەزێرینەکان و هەرناسنامەیەکی تری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و جنسیەتی یەکسان و نەگۆڕە. بەم پێیە، ئەم سیستەمە بە بێ هەڵاواردن و جیاکردنەوە، ماڤە بنەڕەتییەکانی ئەم گرۆپە جۆراوجۆرانە وەکو ئازادی خۆبەڕێکخستن کردن و ئازادی ڕادەربڕینی، جنسیەتی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتووری بە فەرمی دەناسێت و ڕێزی لێ دەگڕێت.
بەڵام هاوکاتیش ڕێگە بە بیرکردنەوە و کرداری بناژۆخوازانە و تۆندئاژۆیانەی گرووپی ئایینی و سیاسی نادات، و لە لایێکەوە لە ڕێگای یاسا و پەروەردەوە دیاردە هەڵەکانی جیهانبینی ئەو تاک و گرووپانە سنووردارو بنبڕ دەکات و لە لای تریشەوە پتر هەوڵ ئەدات بە پێی پێوانە دێمۆکراتیکییەکانی سیستەمی ”کەجەکە” یەکیان بخات کە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ ودێمۆکراسی یەکدەگرنەوە. ئامانجی سەرەکی ئەم چەشنە سیاسەتە ئەوەیە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان هەست بە ئازادی و ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەن، هاوکات پێش لە درووستبوونی بۆشایی کۆمەڵایەتی و ڕوودانی دیاردەی هەڵە بگیردڕێت و ڕێگە نەدڕێت بۆشایی کۆمەڵایەتی ببێتە دەرفەت بۆ پاوانخوازی و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەت کۆماری بناژۆخوازی ئێران کە دەیەوێت کۆمەڵگای کوردی شێعە قۆرخ بکات.
لێدوانی کەجەکە سەبارەت بە کوردانی شیعە و عەلەوی کە هەموو ساڵێک لە لایەن کۆمیتەی باوەرییەکانی ئەم سیستەمەوە بڵاو دەکڕێتەوە، ئەمساڵێش وەکوو ساڵانی پێشوو کۆمەڵێ ڕخنەی بەدوای خۆیدا هێنا. ڕەخنەکان لە لایەن هەردوو هێڵی چەپ (بە تایبەتی کۆمۆنیستی) و ڕاست (ناسیۆنالیسی سوونی- سۆرانی) بە تایبەت لە ناو کەسانی ڕۆژهەڵاتیدا ئاڕاستە دەکڕێن. زۆر سەیرە ئەم لایەنانە کە ڕەخنە لە سیاسەتی کۆمیتەی باوەرییەکانی کەجەکە دەگڕن بۆ خۆیان بانگهێشتی دیمۆکراسیخوازی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پلۆرالیسم بۆ کوردستان دەکەن!
کەجەکە وەک سیستەمێکی سیکۆلار و پلۆرالیسم-تەوەر، لەسەر بنەمای دیمۆکراسی ڕادیکاڵ داڕێژراوە و هەوڵ دەدات سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە خۆ بگرێت، بەم هۆیەوە لە ناو سیستەمی کەجەکەدا تاقم، چین، توێژ و بیروهزرێکی تایبەت ( بۆنموونە؛ سوونی-سۆرانی یان کرمانجی-عەلەوەی) ناتوانێت زاڵ ببێت بەسەر ئەوانیتردا، و وەکی تر، پانتایی سیاسی وەها سیستەمێک لە سەر بناخەی فرەڕەنگی، فرەڕەهەندی و فرەناسنامەیی دەستنیشان کراوە، نەک وەکوو سیستەمێکی تاکڕەهەندی و تەکناسنامەیی. ئەم ڕێباز و چەشنە لە سیاسەت، بێ گۆمان لەگەڵ ڕاستییەکان و واقعی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەگۆنجێت و تاک یا گرووپێکی پەراوێزخراو بەرهەم ناهێنێت. بەڵام دەکڕێت ڕەخنە لە شێوازی دارشتن و نووسینی لێدوانەکەی کۆمیتەی باوەرییەکانی کەجەکە و شێوازی ڕوماڵکردنی لە لایەن ڕاگەیاندنەکانی دژبەر بگیردڕێت. پۆپۆلیسم باڵی کێشاوە بەسەر شێوازی داڕشتنی ئەم ڵێدوانە و شێوازی ڕاگەیاندنی لەگەڵ پێوەرەکانی کەجەکە یەک ناگرێتەوە و هەوڵی شێواندنی ناوەڕۆکی لێدوانەکە بە مەبەسەتی تایبەت دەدرێت. هەر بۆیە ئەگەر کەسێک شارەزایی و تێگەیشتنی لە سیاسەتی کەجەکە نەبێت ئەم شێوازە نووسینە، خوێنەر و شۆپێنەر تۆشی هەڵەی بیرکردنەوە دژ بە کەجەکە دەکات و ئەو هەستەی لا درووست دەبێت کە کەجەکە پەرە بە کۆنەپەرستی لە نێو ئەم ئایینە دەدات. بەڵام سەڕەرایی ئەو کە دەکڕێت شێوازی نووسینەکە سەرەڕاست بکڕێتەوە، دەبێت ئەوەش بزانین ئەگەر لایەنێکی کۆمەڵگا ئەم سیاسەتەی بەدڵ نەبێت بە تایبەت ئەو گرۆپانەی کە ئاماژەم پێدان، دەبێت بزانێت ئەوە کێشەی دیمۆکراسیە نەک کەجەکە!
جێگایی ئاماژەیە کە هەموو ساڵێک کۆمیتەی ئایین و باوەرییەکانی کەجەکە بۆ کۆمەڵێک ڕێوڕەسم کە بنەمایی ئایینی هەیە بۆ نموونە، بۆ کوردانی سوونە لە مانگی ڕەمەزاندا، بۆکوردانی مەسێحی بۆ ساڵی نوێ زایینی، بۆ کوردانی ئیزەدی بۆ چوارشەممە سووری و نەورۆز، بۆ کوردانی یارسان وکاکەیی بۆ جێژنی خاوەنکار کاردانەوەو هەڵوێستی هەیە و بۆ زۆری ئەوانە لێدوان دەدات. بەڵام ئەو لێدوانەی کە سەرەنجی زۆرتر بۆ لای خۆیی ڕادەکێشێت، لێدوانی ئەم کۆمیتەیە بۆ شێعەکان لە مانگی مۆحەرەمدا! هۆکار چییە؟ هۆکار ئەوەیە ئەو گرۆپە ڕخنەگرە لە یەکەم دژکردەوەیی خۆیاندا دەکەون ناو بەراوەردکردنی ئەم ڵێدوانە لەگەڵ سیاسەتی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی ئێران لەمەڕ ئایینی شیعە!
دەستپێک دەبێت ئەوە بڵێیم کە تەشەیوعی کوردی شێعە و عەلەویەت لەگەڵ ئایدۆلۆژی فەرمی دوازدە ئیمامی تۆندئاژۆی سەفەوی کۆماری داگیرکەری ئێران جیاوازە! ڕژێمی ئێرانی ئەم ئایینیەی کردووە بە ئایدۆلۆژی فەرمی دەسەڵات و هەوڵ دەدات بە قۆرخکردنی ئەم کۆمەڵگایە، ڕێگا بۆ پەرەپێدانی کۆنەپەرەستی و نەزانی و کرداری تۆندئاژۆیانە لە ناو ئایینی شێعەدا خۆش بکات و وەک کەرەستەیەک بۆ مەبەستی سیاسی خۆیی بەکاریبهێنت، و بەداخەوە لەبەر نەبوونی سیاسەتێکی لۆژیکی لە ناو ئەحزابی کوردیدا، گۆرەپانی فکر و زهنی ئەم کۆمەڵگایە لەژێر کاریگەری سیاسەتی کۆنەپەرەستانەی دەوڵەتانی داگیرکەر بە تایبەت ئێراندا بووە، و تا ڕادەییەک لەم سیاسەتەدا سەرکەوتوو بوون.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بەراوەردکردنانەدا، کەجەکە زیندووڕاگرتنی هەندێک چەمکی وەکوو ”سەرهەڵدان”، ”بەرخۆدان” و ”شەر دژ بە ستەمکار” کە لەگەڵ ئایینی شێعە گرێ خواردووە لاوە گرینگە کە بتوانرێت دژ بە یەزیدەکانی سەردەم ( ئێران و تورکیا) سەرهەڵبداتەوە، هەروەها ئەم ئایینە لەژێر قۆرخکاری و بە حکومەتیکردنی رزگار بکات و وەک بیروباوەڕ و کەلتوورێکی تاکەکەسی و گرۆپی لە دەرەوی سیاسەت و دەسەڵات پێناسەی بکاتەوە. هەر بۆیە لە لێدوانەکەی کۆمیتەی باوەرییەکانی کەجەکەدا زۆرتر باسی سەرهەڵدان و بەرخۆدان حسێن بەرامبەر بە یەزید وەک هێمای دژ بە ستەمکاری دەکڕێت، بۆیە کەجەکە مەبەستییەتی ئەم کۆمەڵگایە کە بە دڕێژایی مێژوو لە لایەن ئەحزابی ناسیۆنالیستی ( سوونی-سۆرانی) کوردەوە پێشت گوێ خراوە لەژێر ڕکێفی دەوڵەتانی داپڵۆسێنەر دەربهێنێت و پەیوەستی بکات بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، هاوکات ئاستی وڵاتپاڕێزییەک کە لە ناو ئەم کۆمەڵگادا هەیە بەهێزتری بکات.