جانەوەرێک کە هەرگیز لەخوێن رشتن و چەوساندنەوە تێر نابێت
ئامەد شاهۆ
رێبەر ئاپۆ لەبەرگرینامەی پاراستنی گەلێکدا ئاماژە بەوە دەدات کە؛ “دەوڵەت هەر لەسەرەتاوە ئامرازێکی بێواتاو و بەڵایە، هیچ ناچارییەک نییە و تا دەچێ بۆ چەتەیەکی تاڵانکار دەگۆڕدرێت”. واتا هەوێنی گرساندنی دەستەواژەی تیرۆر پێویستە بۆ گەوهەر و حەقیقەتی ئەم رستەیە بگەڕێنینەوە. لەبنەڕەتدا دەوڵەت لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووەتە بەڵاو و شێرپەنجەیەک و لەبەر کردەوە دڕندانەکانی گەل و کۆمەڵگا دەناڵێنن و سەرجەم دەرفەتی ئازادی و دیمۆکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییان لەبار بردووە. کارنامەی رەشی دەوڵەت و سیستەمە دەسەڵاتدارەکان رۆژ لەدوای رۆژ ئاشکرا دەبن و وەک دەزگایەکی شەڕ، تیرۆر و تۆقاندن کە بەردەوام لەناو تاڵان، زەوت کردن و سەرکوت کردن دان، فۆڕمیان ئاشکرا دەبێت. لەبەر ئەوەی دەوڵەت دەزگایەکی مافیاییە، بۆ پاراستنی بەژرەوەندی و دەسەڵاتداری لەسەرجەم گۆڕەپانەکاندا ئیرادەی ئازادی گەلان لەناو مەکینەی تیرۆر دەهاڕێنێت. واتا زیهنیەتی تاک و کۆمەڵگا بوردومانی ئایدئۆلۆژی دەکات و دوای کاولکاری و فەتح کردنیان، زیهنی تاکەکان بە پێی کاراکتەر و بەرژەوەندی سیستەمی دەسەڵاتداری دادەتاشێت. هەڵبەت رژێم لەناوەندەکانی شەڕی تایبەت دەیەوێت تاک و کۆمەڵگا لەئیرادەی ئازاد داماڵێت و هەست و نەستی ئازادی و دیمۆکراسی لەزەین و ناخی تاکەکان بکوژێت و کۆمەڵگاش بەرامبەر ئەو کۆمەڵگاکوژییە بێدەنگی هەڵبژێرێت. بێگومان ئەوە تیرۆری رۆحی و هزرییە کە رژێم لەدژی تاک و کۆمەڵگا بەڕێوەی دەبات و رژێم دەیەوێت ئەو کردەوە قێزەونانەی لەژێر پەردەی زانست، فێربوون و ناو و ناتۆرەی بێ بنەما پەردەپۆش بکات و خۆی بە رژێم و دەوڵەتێکی دادپەروەر و مرۆڤپەروەر لەقەڵەم بدات کە بەدوور لەگەوهەر و رۆحی رژێمە.
ئەوەش گەورەترین تاوانی مرۆییە کە دەوڵەت دەرحەقی تاک و کۆمەڵگا بەڕێوەی دەبات و لەهەوڵ دایە کە ئەو تاوانە مرۆییانە بە شەڕی تایبەت پەردەپۆش بکات. چون دەوڵەت – نەتەوەی ئێران لەبنەڕەتدا جانەوەرێکە کە هەرگیز لەخوێن رشتن و چەوساندنەوە تێر نابێت و بە تیرۆر و چەوساندنەوە پێداگر و درێژە بە دەسەڵاتداری خۆی دەدات، بۆیە لەو شەرت و مەرجەدا چاوەڕوانی لە بە دیهێنانی دادەپەروەری و ئازادی و چارەسەری گیرو گرفتەکانی کۆمەڵگا و کۆتایی هێنان بە تیرۆر لەو جانەوەرە دڕندەیە، بێ واتا و خۆفریودانە. ئەمڕۆ رژێمی داگیرکەری ئێران رۆڵی ئەو جانەوەرە دڕندەیە لەئەستۆ گرتووە کە بە رشتنی خوێنی گەنجانی کورد و ئازادیخوازانی ئێران تێر نابێت و لەپێناو زیهنیەتی دەسەڵاتخوازانەی گۆمی خوێنی بەرپا کردووە و بە دەمامکی تیرۆر، بانگەشەی خزمەتگوزاری و دابین کردنی بژێوی ژیانی گەل و کۆمەڵگا دەکات کە رژێم کردەوەی تیرۆر بە دەمامکی خزمەتگوزاری دەخەمڵێنێت. واتا هەر تیرۆرێک کە لەو رژێم هەڵدەوەشێت، گەورەترین خزمەتێکە کە بە سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری دەیکات و هەنگاوێک بەرەو فاشیزم و دیکتاتۆریەت هەڵدەنێت.
رژێمی داگیرکەری ئێران وەک رژێمێکی شەڕی تایبەت و تیرۆر لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی پەرە بە زیهنیەتی تیرۆریستی خۆی لەناوچەکە دەدات و بە ترس و وەحشەت دەیەوێت دەسەڵاتداری خۆی بە سەر کۆمەڵگا بسەپێنێت. سەرەڕای ئەوەی رژێم لەلێواری هەڵوەشانەوە و تێکچووندایە، کۆتایی بە کردەوەی تیرۆریستی خۆی نەهێناوە و پانتایی ئەو کردەوە چەپەڵانەی تا دەڕوات بەرینتر و فراوانتر دەبێت. واتا رژێم چەندێک کردەوەی تیرۆریستی لەناوچەکە ئەنجام بدات، بەو ئەندازەیە دەرفەتی ئاسایش و ئارامی بۆ خۆی دەڕەخسێنێت. لەکاتێکدا هەر کردەوەیەکی تیرۆریستی کە لەلایەن رژێمەوە بەڕێوە دەبرێت، شەپۆلی ناڕەزایەتی و تۆڵە و یەکبوونی گەل لەدژی ئەو زیهنیەت خۆش دەبێت و پێگەی رژێم لەناوچەکە لاواز دەبێت و بەرخودانی بێ وێنەی گەلیش بێگومان مزگێنی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک دەبەخشێت کە زیهنیەتی تیرۆریستی و دەسەڵاتخوازی رژێم زەمین کێش دەکات.
ئەوەی بەرچاوە رژێم رەوایەتی ئایدئۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بەڕێوەبەری لەناو گەل و کۆمەڵگا لەدەست داوە، واتا تا دەڕوات رژێم پێگە جەماوەریەکانی هەڵدەوەشێت و لەناو کۆمەڵگا گۆشەگیر دەبێت. ئەوەش ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە رژێم هێزی قانیع کردنی گەل و کۆمەڵگای نەماوە و بە درۆی بریقەدار و فێڵ و تەڵەکە ناتوانێت وزەی گەل ئاراستەی تۆڕەکانی دەسەڵات بکات. لەبەر ئەوەی دەسەڵات پەنا دەباتە بەر رێبازی تیرۆر و تۆقاندن کە وەک چەکی تۆڵە گرتن لەدژی گەل و کۆمەڵگا بەڕێوەی دەبات. واتا رژێم بەو کردەوانەی دەیەوێت بەربەست لەبەردەم ویست و داخوازیەکانی گەل دابنێت و رێگا نادات کە گەل لەپێناو دەستەبەر کردنی مافە رەواکانی بە ئازادی و بەختەوەری ژیان بە سەر بەرێت. بۆیە هەر کاتێک رژێم بەرەو لێواری هەڵوەشانەوە خلۆر دەبێتەوە، بە ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی دەیەوێت لەو گێژاوەی تێدا چەقیوە خۆی رزگار بکات. بۆیە هەر تیرۆرێک کە لەلایەن رژێمەوە ئەنجام دەردرێت، شاردنەوە و بە لاڕێدا بردنی لاوازیەکانی دەسەڵاتە. هاوکات دەستێوەردانی شەپۆلی خۆڕاگری و پاشگەزکردنەوەی گەل لەتێکۆشانی دیمۆکراسیخوازی و ئازادیخوازانەیەتی. لەکاتێکدا بە پێچەوانەی پیلان و بەرنامەکانی دەسەڵات هەر تیرۆرێک دەبێتە هەوێنی پتەوکردنی تێکۆشان و بەهێزکردنی بەرخودانی گەل لەدژی زۆڵم و زۆرداری و چەوسانەوە.
رژێم بە هەر تیرۆرێک دەیەوێت سێ پەیام بە گەل و کۆمەڵگا بدات؛ یەکەم، دەیەوێت ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاوڵاتیان درووست بکات و هێڵی خۆڕاگری و تێکۆشانی گەل تێکبشکێنێت و گەل لەتێکۆشانی رەوای پاشگەز بکاتەوە. دووهەم؛ لەبەرامبەر گەل هێزنوێنی دەکات (قدرت نمایی) و خۆی بە هێز و زەبەلاح نیشان دەدات، سێهەم؛ کەسانی پێشەنگ، دیار و بەرچاوی کۆمەڵگا لەناو دەبات، تا کۆمەڵگا لەدژی کردەوەکانی رژێم کاردانەوە نیشان نەدەن و کۆمەڵگایەکی گوێڕایەڵ و بێ کاردانەوە بونیاد بنێت. ئەوەش گەوهەری ترسنۆکانەی رژێم دەخاتەڕوو کە لەگەلی رێکخستن کراو، هۆشیار و ئازادیخواز تۆقاوە. بۆیە بە شێوەی رێکخستن کراو و بە سیستەماتیک لەهەوڵی لەناو بردنی جەستەیی کەسانی پێشەنگی کۆمەڵگادایە.
کارنامەی ئەو رژێم ئەوە دەخاتەڕوو کە رژێمی ئێران، لەناوچەکە رۆڵی مەکتەبێکی تیرۆریستی بە ئەستۆ گرتووە کە بۆ سەپاندنی هزر و ئایدئۆلۆژی دەسەڵاتداری بە سەر کۆمەڵگا بە زۆرەملێ و تەڵەکەبازی، تیرۆر و هەڵگرساندنی شەڕ، پەیڕەو کردنی توندو تیژی، ترس و تۆقاندن، بەرپا کردنی پشێوی، کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجە و گرتن دەیەوێت بگاتە مەرامە چەڵەکانی. واتا دەسەڵات لەسەر بنەمای توندوتیژی دامەزراوەو بە توندوتیژی مامەڵە لەگەڵ گەلی ئازادیخواز و تێکۆشەر دەکات و ئەو زیهنیەتەش تەنیا تیرۆری لێ سەوز دەبێت. بۆیە رژێم بێ ناوبەر تۆخمی تیرۆر لەناوچەکە بڵاو دەکات و بووەتە دەوڵەتێکی تیرۆریستی کە ئاڵاهەڵگری تیرۆر و تۆقاندن دەکات و بەردەوام لەناو بردنی نرخ و پیرۆزیەکانی کۆمەڵگای کردووەتە ئامانج.
بە ساڵڕۆژی تیرۆری ئەندامی پژاک شەهید کەمالە خڕەی پێنجوێن و وڵاتپارێزی کورد سدیق ساڵیاوایی و شەهید ئیقباڵ مورادی نزیک دەبینەوە، واتا تاوانێکی دیکە لەتاوانە مەزنەکانی ئەو رژێمە تیرۆریستیە یاد دەکەینەوە. ئەو زنجیرە تیرۆرانە، گەورەترین تاوانی رژێم دەرحەقی گەل و کۆمەڵگایە کە هەرگیز لەلایەن گەلەوە فەرامۆش ناکرێت و رژێم پێویستە باجی ئەو تاوانانەی بدات و بۆ دادگای گەل ئامادە بێت. ئەو تیرۆرانە لەناوچەی پێنجوێن دەربڕینی حەقیقەتێکە کە رژێم ئەو جانەوەرە دڕندەیە کە هەرگیز لەخوێن رشتن و تیرۆر و تۆقاندن تێر نابێت و جیا لە تیرۆری ناوخۆیی، پەنا دەباتە بەر تیرۆری دەرەوەی سنوورەکانی. واتای هەر تیرۆرێک ئەوەیە کە رژێم راشکاوانە نکۆڵی لەبوون و شووناسێک دەکات کە خاوەن مێژوو و حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتییە. داخۆ رژێم بە کردەوەی تیرۆریستی دەتوانێت نکۆڵی لەحقیقەتێک بکات و بوونێک کە نکۆڵی لێ ناکرێت، بە ماشینی تیرۆر کۆتایی پێ بێنێت؟! بێگومان مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە تێکۆشانی گەلی کورد ئەو رێچکەو رێکارە مەترسیدارانەی تێپەڕاندووەو هەر هێرش و پەلامارێکی داگیرکەری و تیرۆریستی دەکاتە، هاندانی پتەوکردنی تێکۆشان و بەرخودان و ئەو رێچکەش ئەمڕۆ لەهەر گۆشەیەکی کوردستان لەسەر رەوت و فەلسەفەی تێکۆشانی تەڤگەری ئاپۆیی دەدرەوشێتەوەو ئازادی و دیمۆکراسی خەڵاتی گەلان دەکات.
بە پێچەوانەی ئەو کردەوانە کە رژێم تیرۆری دەوڵەتی لەدژی گەل بەڕێوەی دەبات تا گەل و کۆمەڵگا لەدوورگەی کۆیلەتی ئەخسیر بکات، لەپێناو گەهێشتن بە ئازادی تێکۆشانێکی بێ وچان و نەبەزانە لەئارادایە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەئاستی نێودەوڵەتیشدا بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەکی قووڵ لەبەرامبەر ماشینی تیرۆری رژێم لەئارادایە، بەو بێدەنگیەش دەرفەت بۆ درێژەپێدانی تیرۆرەکانی رژێم چ لەناوخۆ و دەرەوە زیاتر خۆش دەکات. چون چەکدار و بە کرێگیراوانی رژێم دوا بە دوای تیرۆری شەهید کەمال و ئیقباڵ، دوو کادیری پێشەنگی پژاک شەهید (زاگرۆس مانی و شەڤگەر چیا) لەپێنجوێن و چالاکی مەدەنی وەک رێبین سنە و چالاکوانێکی سیاسی وەک موسی باباخانی لەناوەندەکانی هەولێر و سلێمانی تیرۆر بکات و نەیارانی ئێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان لەبەرامبەر ئەو کردەوە دژە مرۆییانە بێدەنگ و بێ هەڵوێستن. ئەوەش لەکاتێکدا کە تێکۆشانی نەبەزانەی گەل لەدژی زیهنیەتی تێکدەر، داگیرکەر و کۆمەڵکوژی رژێم بەرین تر و بە هێزتر دەبێت و شەپۆلی ناڕەزایەتی توندتر و جەماوەری تر دەبێت و ئەوەش مزگێنی سەرکەوتنی ئازادی لەدژی زۆڵم و زۆری و فاشیزمی مەزهەبی رژێم دەگەیەنێت کە پایەکانی دەوڵەت و دەسەڵات لاواز و هەڵدەتەکێنێت.
تیرۆرەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران بە پێچەوانەی حەقیقەتێکە کە لەتەڤگەری ئاپۆیی پێناسەی لەسەر کراوە، چون هیچ تیرۆرێک نەیتوانیوە بەربەست لەبەردەم گەشەدان و پێشکەوتنی شۆڕشی ئازادیخوازی گەل درووست بکات و بە پێچەوانەکەی هەر تیرۆرێک هاندەری برەودان و بە هێز کردنی رۆحی تۆڵە و تێکۆشان لەدژی داگیرکەرییە. بۆیە ئەو تیرۆرانە پێداگری پژاک و تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردی لەپێناو گەهێشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی گوڕتر و پتەوتر کردووە. واتا پژاک وەک پارتی شەهیدان لەناو دڵی هەر کوردێکی ئازادیخواز هێلانەی خۆشەویستی هەڵکۆڵاوەو بۆ بە دیهێنانی هیوا و ئاواتی شەهیدان، ئاڵای خۆڕاگری و تێکۆشان دەشەکێنێتەوە و بە دیمۆکراتیزە کردنی ئێران و کوردستانێکی ئازاد گەورەترین تۆڵەی مێژوویی لەنەیارانی ئازادی و دیمۆکراسی دەکاتەوە.
واتا پژاک لە ١٨هەمین ساڵی تێکۆشانی بە رۆحی بەرخودان و نەبەزانەی شەهید کەمال پێنجوێنی و ئیقبال مورادی و شەهید زاگرۆس و شەڤگەر بڕیاری درێژەدان بە تێکۆشانی لەدژی رژێم نوێ دەکاتەوە و بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی هەر جۆرە کۆت و بەندی داگیرکەری لەکوردستان تێکدەشکێنێت و بەردەوام هیوای گەهێشتن بە ژیانی ئازاد دەگەشێنێتەوە. بۆیە ئەم قۆناخ ئەو بەرپرسیارییە دەخاتە ئەستۆی هەر تاکێکی ئازادیخواز کە تێکۆشانی لەدژی رژێمی تیرۆر و لەسێدارە بەهێزتر بکات و بۆ ئەوەی دوایی بە زیهنیەتی تیرۆر و لەسێدارە بهێنرێت، گەل خاوەندارێتی لەشەهیدانی رێگای ئازادی دەکات و ئەرکی ویژدانی و ئەخلاقییان بە جێ دەهێنن و بۆ بە کۆتایی هێنانی تیرۆر و تۆقاندن یەکێتی و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی بەهێزتر دەکەن و بە گەشەدانی هێزی پاراستنی گەوهەری، پاراستن لەبوون و شووناسی خۆ دەکەن.