ئامەد شاهۆ
تیرۆر؛ واتای ترس، تۆقاندن و کۆمەڵکوژییە. چون دەوڵەت بۆ خۆی ناوەندێکی ترس و تۆقاندنە. دەزگایەکە کە زیاترین ترس و تۆقاندن لەناو کۆمەڵگا درووست دەکات. دەوڵەت دزەی چ ناوچەیەک بکات، لەو ناوچە توخمی ترس و تۆقاندن و تیرۆر بەربڵاو دەبێت. چون ئاوابوونی دەوڵەتێکی نوێ لەهەر ناوچەیەک شەڕ، کۆمەڵکوژی، ماڵوێرانی و تیرۆری لێدەکەوێتەوە. واتا چەندێک هزری دەسەڵات لەناو کۆمەڵگا بەر بڵاو بێت، ئەوەندە کۆمەڵگا رووبەڕووی تیرۆر و تۆقاندن دەبێتەوەو دەرفەتی ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک لەبار دەبرێت. چون زاراوەی دەسەڵات بە واتای دامەزراوەی تیرۆر، توندوتیژی و سیستەمی گوشار لەبەرامبەر کۆمەڵگایە کە لەسەر رەنج، نرخ و بەها کۆمەڵایەتیەکان ئاوا کراوەو ئامانجی لەمێژوو تا بە ئەمڕۆ، زەوتکردنی زێدە – بەرهەم و نرخ و بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگایە.
دەوڵەت؛ داهێنەری توندوتیژی، قەیران و تیرۆرە
بۆیە دەوڵەت لەمێژووی کۆنەوە تا بە ئێستا بووەتە ئەو دەزگایەی کە زیاترین ترس و وەحشەت لەناو هزر و رامانی تاک و کۆمەڵگا دەنێتەوە. رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە دەستەواژەی دەوڵەت رایگەیاندووە: “دەوڵەت زاراوەیەکە لەمێژوو و رۆژگاری ئەمڕۆماندا هەرە زێدە بە کار دەهێندرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا زاراوەیەکە هەرە کەم دەناسرێت و پێناسە کراوە”، لەبەر ئەوەی دەوڵەت لەژێر پەردەی درۆ و هاش و هووشە بریقەدارەکانیدا، کردەوەی تیرۆریستی پەرە پێ دەدات و خۆی بە ناوەندی چارەسەری کێشە و گرفت و قەیرانەکان لەقەڵەم دەدات، لەکاتێکدا دەوڵەت لەبەر زیهنیەتی تیرۆریستیانەی داهێنەری توندوتیژی، قەیران، گەندەڵی و تیرۆرە. بۆیە تیرۆر و تیرۆریسم، ئەو بزاوتە باڵۆنیەی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییە کە بە دەستی خودی رژێم داهێنراوە، تایبەت ئەو ئامرازانەی کە بە ئەنقەست لەدژی گەل و کۆمەڵگا رۆژانە بە کار دەهێندرێن، تا رەوایەت بە دەسەڵاتی خۆسەپێنەری سەردەمی فینانس ببەخشن. ئەم سەردەمەش کە بە سەردەمی فینانس ناوبانگە، بە گەوهەر و خەسڵەتی بەهێزی تیرۆر خەمڵێندراوە و جیهان بە زیهنیەتی تیرۆر و سیستەمێکی تیرۆریستی دەخەمڵێنن.
دەوڵەت – نەتەوە ئەمڕۆ مەترسیدارترین شێوەی دەوڵەتە. واتا مەترسیدارترین شێوەی تیرۆرە کە تەنیا بە دوای ئامانجێک دەگەڕێت تا گەل و کۆمەڵگای پێ تیرۆریزە بکات. چۆن کۆمەڵگای کردوەتە قەسابخانەی ژن، زمان، ناسنامە، ئایین و ئاینزا و باوەڕمەندیەکان. هاوکات بووەتە مەکینەی تواندنەوە، شۆردنەوە و سڕینەوەی زەین و هزری تاکەکانی ناو کۆمەڵگا. ژیان و جۆگرافیای پڕ پیت و بەرەکەتی گەل، دەکاتە چۆڵەوانییەک. کەلتوور و زمانی نەتەوە و نەژادێکی سەردەست بە سەر کۆمەڵگا دەسەپێنێت. ژیار و کەلتووری بە هەزاران ساڵەی گەلی کورد بە نەبوو دادەنێن و بە دوور لە پێوەر و بەها مرۆڤایەتیەکان؛ بە چەکی یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک وڵات و یەک دەوڵەت، گەلی کورد ئاسمیلە و پاکتاو دەکات و کۆمەڵگا بە جل و بەرگی فاشیزم دەڕازێنێتەوە.
گەورەترین تیرۆر لەدژی تاک و کۆمەڵگا بە ئامێری ئایدئۆلۆژی بەڕێوە دەچێت
سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت – نەتەوە هەرێمیەکان بە رێگای سیستەمی پەروەردەوە رەوایەت بە کردەوە تیرۆریستیەکانیان دەدەن. واتا ناوەندی پەروەردەی دەسەڵات بە کاریگەرترین ناوەندی دەوڵەتە کە تاکی تێدا بە کۆیلە و فەتح دەکرێت. چون هاوڵاتییەکی گەمژەو باڵۆنی بۆ ناوەندەکانی تیرۆر پێدەگەیەنێت. بۆیە خوێندگا لەمێژووی دەسەڵات تا بە ئەمڕۆ ئەو ناوندەیە کە دەوڵەت – نەتەوەی تێدا ئەزبەرە دەکرێت و سۆزنامە و پابەندبوونی بە دەسەڵات تێدا نوێ دەکرێتەوە. ئەو ناوەندەیە کە تاکی تێدا بێ ئیرادە، بێ هیوا و بێ ناسنامە و زیهنی تاکەکانی تێدا فەتح دەکرێت. ناوەندێکە کە مرۆڤ لەحەقیقەتی کۆمەڵایەتی و رووباری راستی ژیان دادەبڕینێت و لەفەلسەفەی هەبوون و خۆناسین نامۆ دەکرێت.
بۆیە دەوڵەت لەژێر دەمامکی یاسا و رێسای دەسەڵاتدا، لەناوەندەکانی پەروەردە تاکەکان رووبەڕووی بۆردومانی هزری دەکات. واتا لەناوەندەکانی ئاواکردنی زیهنیەت، تاکەکان رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە. دەسەڵات گەورەترین تیرۆر لەدژی تاک و کۆمەڵگا بە ئامێری ئایدئۆلۆژی بەڕێوە دەبات. گۆڕەپانی پەروەردە ئەو ناوەندەیە کە گەورەترین چەواشەکاری مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری تێدا ئەنجام دەدرێت و نکۆڵی لەمێژوو، شووناس و باوەڕیەکانی کۆمەڵگا دەکات. ئەوەش گەورەترین کردەوەی تیرۆریستی دەسەڵات لەدژی کۆمەڵگایە کە کەس ئاوڕێکی لەسەر ناداتەوەو رۆژانە تاک و کۆمەڵگا لەمێژووی حەقیقی و ئازادی و دیمۆکراسی مەودا دەگرێت.
خوێندنگای دەسەڵات بۆ تاکێکی کورد، وارگەی تیرۆرە
رژێمە تیرۆریستیەکان، لەناوەندەکانی تواندنەوەی پەروەردە؛ بە زمانی درۆ، فێڵبازی، هۆڤێتی، گومڕایی، ستەم و فشار تاک کۆیلە و دەچەوسێننەوە. واتا تاکێک پێدەگەیەنن کە خاوەن ئەقڵێکە کە جیا لەدەنگی دڵخوازی دەسەڵات، دەنگێکی دیکەی لێدەرناکەوێت. لەپڕۆسەیەکی درێژخایەندا بە ئامێرەکانی مەرگی بێ ئێش، تاک ئەوینداری دەوڵەت و دەسەڵات دەکەن، تا ئەو ئاستەی کە رۆژانە بە وتنەوەی بێ دەوڵەت ژیان نابێت، ستایشی رژێمی تیرۆریستی بکات.
پیاوی بەهێز و فێڵبازی ناوەندەکانی تیرۆر کە ئەمڕۆ بوونەتە سەرچاوی سەرکوت و چەوساندنەوە، چاویان بڕیوەتە سەرمایەی گەل و بە رێگای ناوەندەکانی پەروەردە، بە چەکی ترس و رەزامەندییەوە دەیانەوێت وزە، لێهاتوویی و توانا و دەرفەتەکانی هزراندنی ئازاد و دیمۆکراتیک لەبار بەرن و مێشک و هەستی تاک و کۆمەڵگا ئاسمیلە، فەتح و داگیر بکەن. ئەوەش دەکەوێتە خانەی گەورەترین کردەوەی تیرۆریستی دەسەڵات لەدژی تاک و کۆمەڵگاوە.
دوو دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئێران ئەمڕۆ بە ریگای ناوەندی پەروەردەوە، ئەزموونی کەڵەکەکراوی مێژووی مرۆڤایەتی، بە تاڵان دەبەن و بە هزر و کەلتووری فاشیزم و داگیرکەری تاکەکان دادەشۆرن. بۆیە خوێندگا بۆ تاکێکی کورد و ئازادیخواز کە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەری لە ناو پەلەقاژەکردندا بێت، وارگەی تیرۆرە کە رۆژانە مێژوو، زەین و هزری پاک و بێگەرد و ئازادیخوازی تیرۆریزە دەکرێت. رێبەر ئاپۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: “پەروەردە کردنی منداڵان کاری دەوڵەت نییە، بەڵکوو گرنگترین ئەرکی کۆمەڵگایە”. بەڵام ناوەندەکانی تیرۆر و هێزە تیرۆریستیەکان ئەمڕۆ سەرجەم گۆرەپانی پەروەردەیان خستوەتە ژێر کۆنتڕۆڵ و گۆڕەپانێک کە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە، داگیریان کردووە. ئەوەش لەپێناو بە کۆیلەکردنی تاکی کورد و ئەزبەرە کردنی دەوڵەت – نەتەوە برەوی پێدراوە. کاتێک ئەو دوو دەوڵەتە مافی هەبوون و ئازادیەکانی کۆمەڵگا لەژێر ناوی پەروەردە زەوت دەکەن، بناخەی نکۆڵی کردن و پاکتاوکاری گەلێک دەڕەخسێنن. چون لۆژیک ئەوە هەڵناگرێت کە کۆمەڵگایەک مافی پاراستن و بەردەوامی هەبوونی خۆی بە دەوڵەت بسپێرێت و سەرجەم هیواکانی ژیانی لەسەر ناوەندەکانی تیرۆر هەڵبچنێت. واتا بڕوا و هیوا بەو هێزە تیرۆریستیانە، بە واتای رادەستکردنی گۆشت بە پشیلەیە.
خوێندگای دەسەڵات؛ قەسابخانەی کۆمەڵگایە
لۆژیکی دەوڵەتخوازی لەناو کۆمەڵگا بووەتە هۆکار، کە کۆمەڵگا بە ئەرکی پەروەردە کردن رانەپەڕێت و لەئەنجامدا توانا و دەرفەتی گەشەدان و پاراستنی دامەزراوەی سیاسی و ئەخلاقی نەمێنێت و ئیرادە و باوەڕی خۆی رادەستی گەورە تیرۆریستەکان بکات. بەو پێیە چ چەمک و دەستەواژەیەک لەدژی نرخ و بەهاکانی گەلانی ناوچەکە بتاشن، ملکەجیان ببن. بۆیە گۆڕەپانی پەروەردە، مەترسیدارترین گۆڕەپانی دەسەڵاتە کە بۆ تیرۆریزە کردنی کۆمەڵگا کەڵکی لێوەردەگیردرێت. چون لەو گۆڕەپانەدا لەژێر پەردەی پەروەردە تاک و کۆمەڵگا رووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوکاری، قڕکردن و تواندنەوە دەبنەوە. ئەوەش وا لەتاک و کۆمەڵ دەکات کە خاوەن ئیرادی گەوهەری خۆیان نەبن و لەفەلسەفەی خۆناسین مەودا بگرن و بە پێچەوانەی حەقیقەتی زانستی کۆمەڵایەتی ئاوێتە و یەکانگیری کۆمەڵگای دەسەڵات ببن.
رژێمی تیرۆریستی ئێران بۆ ئەوەی پانتایی تیرۆرەکانی لەدژی کۆمەڵگا فراوانتر بکات، گۆڕینی ناوەڕۆکی وانەکانی خوێندنی بە پێ عەقڵیەتی چەقبەستووی پیاوسالاری و قارەمان سازی دەوڵەتی خستوەتە رۆژەڤەوە. واتا لەدژی کۆمەڵگا قۆناخێکی نوێ تیرۆر لەڕێدایە. چون ناوەڕۆکی بەشی زۆر لەوانەکان کاریگەری لەسەر گەل و کۆمەڵگا لاواز بووە و راستیەکانی لەبەردەم رای گشتی ئاشکرا بووە. بۆیە رژێم رێ و رێبازی نوێ تیرۆر لەدژی کۆمەڵگا راگەیاندووە، تا دەمامکی رۆخساری راستەقینەی بشارێتەوە، ئەوەش راگەیاندنی شەڕی نوێ دەسەڵات لەدژی کۆمەڵگایە. ئەوەی مایەی ستایش و خۆشحاڵییە لەسەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایان لەدژی کردەوە تیرۆریستیەکانی رژێم کاردانەوەی جیدی نیشان دەدەن و لەدژی زیهنیەتی تیرۆریستی رژێم چالاکیەکانیان فراوان و بەرینتر دەبێت و لەدژی زیهنیەتی تیرۆر و تیرۆریسم هەڵمەتێکی سەرتاسەری بەرخودان و تێکۆشان لەئارادایە.
رژێم خوێندگای کردوەتە قەسابخانەی مرۆڤەکان کە رۆژانە مێشک و زەینی منداڵ و گەنجانی تێدا دەشۆرێتەوە و لەکۆمەڵگاو ناسنامەیان دایاندەبڕێنێت. رژێم بە زیهنیەتی دەسەڵاتخوازی هاوڵاتییەک پێدەگەیەنێت کە ببێتە بەرگریکار و خزمەتکاری دەسەڵات و وەک بەندە و کۆیلەیەک بۆ تۆڕەکانی دەسەڵات ئیش و کار بکات. بۆیە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت رژێم مۆڵەتی خوێندن بە زمانی زگماکی بە گەلانی ئێران نادات و ئەوەش شایانی هاوڵاتیان نابینێت. تەنانەت کەس و لایەنێک کە کار و خەباتی زمان و پەروەردە بەڕێوە دەبات، بە مۆرکی جیاخواز، تێکدەر و تیرۆر، قۆڵبەست، زیندانی و لەسێدارەیان دەکەن، نموونەی بەرچاوی ئەوەش شەهید فەرزاد کەمانگەرە. بۆیە تا کاتێک گۆڕەپانی پەروەردە لەژێر چنگی دەسەڵات دەرنەخرێت، کۆتایی بە تیرۆر و تیرۆریسم نایەت. چون رژێم لەژێر یاساو رێسای پیرۆزکراودا وای کردووە کە تاک مافی پرسیاری کوا کۆمەڵگاکەم، مێژووەکەم، نیشتمانەکەم، کولتوورەکەم، زمانی دایکیم و ئازادیم؟ نەبێت و لێگەڕین و پرسیارکردن بە دوای ئەوانەدا دەکەوێتە خانەی تیرۆر، جوداخوازی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی کە ئەوەش هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. چون بیرۆکەی تیرۆر و تیرۆریست لەهەناوی دەوڵەتەوە هەڵدەقوڵێت و لەناوەندەکانی شەڕی تایبەت و تەنانەت پەروەردە زیهنیەتی بۆ دادەتاشێت و دەیەوێت لەو تاوانە دژە مرۆییە خۆی بدزێتەوە و گەلێکی ئازدیخواز کە شەیدای دادپەروەری و ژیانی ئازادە بە تاوانی هەڵبەستراوی تیرۆر تۆمەتبار دەکات.
دەرهێنانی پەکەکە لەلیستی تیرۆر، واتا دەرهێنانی گۆڕەپانی پەروەردە لەژێر چڕنووکی داگیرکەرانە
دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەناوەندەکانی پەروەردەدا، تاکێک پێدەگەیەنن کە دژە کورد، ئازادی و دیمۆکراسی بێت و ئەوینداری فاشیزم، دیکتاتۆری و دەسەڵاتخوازی بێت. واتا تاکێک رادەستی دەسەڵات دەکەن کە بە زمانی دایکی قسە نەکات، تایبەت سیستەمێکی پەروەردەیان بۆ تاکێکی کورد داڕشتووە کە بە زمانی دەسەڵات قسە بکات و بنووسێت و زمانی زگماکی لەبیر و زەینیدا دەسڕنەوە. بە پێ ئەو پەروەردەیە، تاکی کورد بیرکردنەوەی جیا لەتۆڕەکانی دەسەڵات نابێت و هاوشێوەی مۆڕەکانی دەسەڵات لەدژی، مێژوو، نرخ، شۆڕش و بەها کۆمەڵایەتیەکانی خۆی دەربکەوێت و راشکاوانە نکۆڵی لەبوونی خۆی دەکات. ئەگەر خوڵقاندنی ئەو دۆخە لەکوردستان بە تیرۆر لەقەڵەم نەدرێت، هیچ کردەوەیەکی دیکە ناکەوێتە خانەی تیرۆرەوە! واتا بە تیرۆریست ناساندنی پەکەکە لەلایەن سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت – نەتەوە هەرێمیەکان، ناتوانن سیستەمی تیرۆریستی خۆیان لەکۆمەڵگا پەردەپۆش بکەن و بە ئایدئۆلۆی بەستەڵەک کراو و فاشیستانەیان، درۆ بکەنە راستی و راستیش بکەنە درۆ، تا گەل و کۆمەڵگا چەپڵە بۆ دووروویی، زمان لووسی و چەواشەکاریەکانیان لێبخەن و خاوەندارێتی لەناسنامەی ئازادی خۆیان نەکەن. بۆیە دەرهێنانی پەکەکە لەلیستی تیرۆر، بە واتای دەرهێنانی گۆڕەپانی پەروەردە لەژێر چڕنووکی داگیرکەرانە و دەرفەت بۆ پچڕاندنی زنجیری کۆیلەتی و ئازاد کردنی زیهنیەتی داگیرکراو و بەنج کراو دەڕەخسێنێت و ئەوەش دەرگا بەرەو ژیانی ئازاد و بەختەوەر و کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و دیمۆکراتیک ئاوەڵا دەکات.