شیلان ساریا

چاند یا خود کلتوور(فەرهەنگ)، ریشەی زمانی چاند لە چاندنی سەرچاوە دەگرێ. ئەو دەستکەوت و بەها مادی و مەعنەویانەی کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو بەرهەمی هێناون و لە سایەیان ژیانێکی ئازاد و دێمۆکراتیکی بە پێی ڕاستینەی کۆمەڵگا پێک هێناوە. ڕێبەر ئاپۆ چاند وەک کۆی” بونیاد” و “واتا “، کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو ئافراندوویەتی پێناسە دەکا. “لە واتای بەرتەسک دا چاند وەک جیهانی واتا دان و ناوەرۆک بەخشینە بە کۆمەڵگا، یاسای ئەخلاق، زەینیەت، هونەر و زانستەکەی”.

بۆچی چاند؟

بابێین سەرەتا لە بواری تیۆری و زاراوەیی بیخەینە بەر باس، پاشانیش بە نموونە هێنانەوە لە ڕاستینەی ژیانی ئەوڕۆمان زیاتر شی بکەینەوە؛

بە پێی پێناسەیەک کە باسمان لێ کرد “کۆمەڵگا لە هەڵگرتنی واتا و پێکهاتە بە یێکەوە دەگاتە هەبوون”. وەک ڕێبەر ئاپۆ باسی لێوە دەکات “دامەزراوە یا خود نەهاد وەک جامێکی پڕ ئاوە” ئەگەر جامەکە کۆمەڵگا بێت و ئاوەکەی واتا و چاند بێ؛ بە ڕژانی  ئاوەکە جامەکە بێکاریگەرە یا خود بە لیخن و چڵکاو پڕ دەکرێتەوە. داگیرکەران بە هێرشی سەر چاند و بنەما ئەخلاقیەکان کۆمەڵگا تووشی داڕمان دەکەن و لە ڕاستینەی خۆی دووری دەخەن، پاشانیش دژە چاندی سەرمایەداری کە هێرشی ڕاستە و ڕاستە بۆ سەر چاند و ڕەوشتی  کۆمەڵگا، بە نێو چاندی سەردەم دەرخواردی دەدەن. ئەگەریش جامەکە بشکێت ئاشکرایە کە “دوای شکانی جامەکە ناکرێت باس لە هەبوونی ئاوەکە بکرێت. ئیتر بۆ خاوەنی جامەکە ئاو نیە، بەڵکوو توخمێکی ژیانە کە بۆ خاکێکی دیکە یا خود جامی کەسانی تر ڕژاوە” ئەویش ڕاستی ئەوڕۆی گەلی کورد و گەلانی کوردستانە.بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵەین چاند بۆ کۆمەڵگا وەکوو ڕوحە بۆ لش، لە نەبوونی ڕوح دا لەش وەک جەستەیەکی بێ گیانە و پێچەوانەکەشی ڕوح لە جەستە دا بەرجەستە دەبێ و هەبوونی واتادار. کوردستان وەک لانکەی مرۆڤایەتی کە ناوەندی پێکەوەنانی شارستانیەتی دێمۆکراتیک بووە و وەک دایک بەرهەمەکەی بەسەر مرۆڤایەتی دا دابەش کردووە و پێی گەیاندووە، ئەوڕۆ هێندراوەتە دۆخی دایکێک کە مناڵەکەی خیانەتی لي دەکا و بەرهەمی هەزاران ساڵەی بە نێوی جیا و ناسنامەی ساختە زەوت دەکرێ و دەدزرێ.

رێبەر ئاپۆ “پێک هاتەی ئەو کۆمەڵگایە وەک بوونەوەرێک کە سەری پەڕێندراوە و پەلەقاژە دەکات” بە نێو کرد و دەڵێت: “کۆمەڵگایەک دوونیای زەینیەت و جوانی خۆی لە دەست دابێت بە لاشەیەک دەچێت کە بۆ ڕزین، پارچە کردن و خواردن فڕێدراوە”. بۆ لە ناو بردن، قڕ کردن و تواندنەوەی  کۆمەڵگایەک، داگیرکاری هەرچی ڕێباز و شێوازی دژە ئەخلاقیانەیە بە کار دێنێت و بە وردی و هەستیاریەوە لە سەر هەر بوارێکی کۆمەڵگا، پیلان داڕێژراو هێرش پێش دەخا.

لە مێژووی نە زۆر دوور، دەوڵەتە داگیرکەرەکان سەرەتا قڕ کردنی فیزیکیان بە بنەما گرت و هەر چەشنە سەرهەڵدانێک و ماف خوازیەکیان بە هێرش و کوشتن وەڵام دایەوە. لە هیچ جۆرەی وەحشی گەریەک سڵیان نەکردەوە. لە کوردستان، تایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و درێژایی سەدەی ٢٠ دەسەڵاتە فاشیستیەکان سەرهەڵدانی کوردانیان سەرکووت کرد و دەستیان دایە کوشتن و داگیرکاری. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرکوتی سەرهەڵدانەکانی وەک سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک، سەرهەڵدانی مەلا خەلیل، کۆماری کوردستان و دەیان سەرهەڵدان و جووڵانەوەی تر لە لایان دەوڵەتی دژە گەلانی پاشایەتی ئێران و هەروەها کوشتن و جەهاد دژی کوردان و ملیتارەزە کردنی کوردستان لە لایان دەسەڵاتی داگیرکەری ئێستای ئێران، ویستیان گەلی کورد فیزیکی لە ناو ببەن و بە قڕکردنی دا دەرباز بکەن. لە باکووری کوردستانیش بە سەرکووتی سەرهەڵدانەکانی دەرسیم، سەرهەڵدانی شێخ سەعید، گەلی زیلان، میر نشینەکان و هەروەها بە قەتل و عامی گلی کورد لە مەرعەش، دەرسیم و دەیان هێرش و سەرکووتی تر، پەیڕەوی هەمان زەینیەت و بیرۆکەی بەرتەسکی دەسەڵاتی دەوڵەتی بوون کە جیاوازیەکان پەسەند ناکات.

لە پشتی هەر هێرشێکی سەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت کوردستان، تا ڕۆژی ئەوڕۆکەش دەستی زل هێزە جیهانیەکانی تێدایە و لە بناغەدا ئەوەی کە ڕەوایی پێدەدا و پیلانی بۆ دادەڕێژێ و فەرمانی جێ بە جێ کردنی بە نۆکەرە ناوچەییەکانی دەدات، دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکانن. ئەوانەی کە داهێنەری بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوەن و ڕێوەبەری سیستەمی دژە چاندی سەرمایەدارین. کە وەک نموونە دەتوانین باس لە سەرکووتی سەرهەڵدانی شێخ مە‌حموود لە باشووری کوردستان بکەین کە ڕاستەوخۆ بە دەست داگیرکاری ئینگلیز کرا. ئێستاکەش ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بە بیانووی جیا جیا هێرش دێنن و دەست تێوەردان لە ناوچەکە دادەکەن. یا خود پێشی داگیرکەران بۆ لە ناوبردنی گەلان و دەسکەوتەکانیان دەکەنەوە. کە نموونەکەشی ئەرێ کردنی ئەمریکا و ڕووسیایە بۆ هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

لایەنی بە ئێشی ئەو جۆرە قڕ کردنەش تێوەگلانی لایەنی خائینی کوردە کە بۆ بەرژەوەندی دیوەخانی بنەماڵەیی و دەسەڵات، هیچ چەشنە پرەنسیپ و پێوەرێک ناناسێ و بە دڵێکی کراوە بەڕووی دووژمن و هەستێکی کوێر بە ڕووی گەل دا، چاوساغی بۆ دوژمن دەکا، نموونەکەشی شەڕی دژی جووڵانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە دەستی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عیراق و بارزانیە، کە ئەوڕۆش بە دژی گریلاکانی ئازادی کوردستان چاو ساغی و سیخوڕی کردنە بۆ تورکیە و جار جار بۆسە نانەوە و شەهید خستنی گریلاکانە. نموونەی خزمەت گەیاندنی ئەوانە بۆ دووژمن لە دژی گەلیش، پشت کردنە لە گەلی کوردی ئیزدی لە شەنگاڵ و هێشتنەوەیان بۆ پەلاماری تاریک پەرەستانی داعەش لە لایان بنەماڵەی بارزانیە؛ هەڵبەت خائینان بەوە تێر نابن و لە بواری قڕ کردنی چاندی و لە ناوبردنی پرەنسیپ و نەریتی دیمۆکراتیانەی کۆمەڵگا، پێشی دووژمن دەکەنەوە و دەبنە هاوکاری؛ کە لە ژێرەوە زیاتر باسی لێ دەکەین.

هەر وەک دەڵێن “ئەو هەویرە ئاوێ زۆر دەبا” و کوشتن و سڕینەوەی فیزیکی کوردان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە لایان داگیرکەران جێگەی باسێکی دوور و درێژە. لێرەدا زیاتر دەمانهەوێ باس لەو لایەنەی قڕ کردن و کوشتنە بکەین کە بە ڕێگەی ئەو ڕژێمە ی کە ڕێبەر ئاپۆ وەک “ڕژێمی قڕ کردنی چاندی” بە نێوی کرد؛ کە بواری زەینی بە ئامانج دەگرێ ڕاوەستە بکەین.

باسمان کرد هوونەر، جوانی ناسی، ئەخلاق، زانست، زەینیەت و هەروەکی تر، لە چوارچێوەی چاند دا شێوە دەگرن. ئەوە چاندە هەڵسووکەوتمان و ڕوانگەمان دیار دەکا. دەتوانین بڵەین چاند لایەنی سەرەکی دیار کردنی شێوەی ژیانە، جا بە چاک یا خراپ. داگیرکاری و تایبەت سیستەمی سەرمایەداری یا خود ژینۆسایدی چاندی، لەکۆتایی سەدەی ٢٠ و تایبەت لە  سەدەی بیست و یەک دا هێرشەکانی لە هێرشی چەکداری و ڕاستەوخۆ گۆڕی بۆ هێرشی ئیدۆلۆژیک. لە بەر ئەوەی کە هێرشی چەکداری تێچووی مادی زۆر بوو و ئامانجێکی ئەوتۆشی نەدەگرت و لە بەرامبەری دا کاردانەوە و سەرهەڵدانی گەلانی زیاتر لێ دەکەوتەوە؛ نموونەکەشی دەتوانین باس لە دوو هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق بکەین کە لە بواری پێکانی ئەو ئامانجانەی دیاری کردبوو، شکەستی هێنا. هەر بۆیە بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەکانی پۆشینی جل و بەرگ، خواردن، خواردنەوە، میدیا، ئینتێرنەت و دەیان شتی تر دەستی دایە هێرش بۆ سەر چاند و ئەخلاقی کۆمەڵگا. لەو هێرشە دا هەست وزەینی گەلانی بە ئامانج گرت. بە جۆرێک لە جۆرەکان بە نێوی ئازادی تاکەکەسی و سەربەست بوون لە هەڵبژاردن و شێوازی ژیان دا، بێ ئەوەیکە پێبزانین هاتە سەرەوەی هەرماڵێک دا دانیشت و بوو خاوەن ماڵ، وا خەریکە بە ویست و خواستی خۆمان میواندارێتی لێ دەکەین. با بێین بە کورتیش بێ چەند نموونەی بەرچاو بخەینە بەر باس کە ڕۆژانە بەرەو ڕووی دێین:

*لایەنی مادی و بەر چاو

١.جل و بەرگ؛

بێ ئەوەیکە کەسێک بدوێنی و لە گەڵی قسە بکەی، بۆ زانیاری وەرگرتن لە ناسنامەی نەتەوەیی ئەو کەسە، بە جل و بەرگی دا دەتوانی بیناسی، هەر گەلەی بە جل و بەرگێک دەناسرێ و وەک ناسنامەیەکە بۆی. ئەوڕۆکە سەرمایەداری لە چوارچێوەی یەکدەست کردن دا یەک جۆرەی پۆشین و جل و بەرگ باو دەکا و لێرەدا جیا لە ئامانجی سەرەکی، کە ژێنۆسایدی چاندیە، لە بواری بازاڕیش دا قازانج دەکا. بە دەست تێوەردان و گۆڕانکاری لە جل و بەرگی گەلان دا، بەنێو مۆد لە بازار دا بڵاوی دەکاتەوە. نموونەیێکی نە زۆر کۆن، جل و بەرگی خوڕەمە، کە جل و بەرگێکی کوردی ژنانەی تایبەت بە چەند هەرێمی باکووری کوردستانە.  لە زنجیرە فیلمێکی تورکی بە نێو “خوڕەم سوڵتان” دا کە باس لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی دەکا؛ وەک جلی ژنانی سەرای خەلافەتی عوسمانی پێشان دەدرێ و لە نێو بازار دا دەبێتە مۆد و دەفرۆشرێ.

نموونەیەکی دیکەش سووکایەتی بە جل و بەرگی نەتەوەکانە کە هەندێک جار لە میدیاکانی داگیرکەری ئێران دا لە نێو گاڵتە‌جاڕیەکانیان بێڕێزی پێدەکرێ، یا خود لە زانکۆکانی ئێران ئاستەنگی بۆ ئەو خوێندکارانە ساز دەکرێ کە بە جل و بەرگی نەتەوەییان دەچنە زانکۆ.

٢.زمان؛

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێن “زمان وتەبێژی چاندە”. واتا زمان دەڕبڕینی هەست و زەینە. لە لایان ڕژێمە خۆداسەپێنەکان، زمانی گەلان وەک زاراوە چاوی لێ دەکرێ. یا وەک ڕژێمی فاشیستی تورک بە تەواوی نکۆڵی لێ دەکرێ یا خود هاوشێوەی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانی وەک زاراوە و گوویێش سەیر دەکرێ و وەک پارچەیەک لە زمانی فارسی دەدیترێ. تایبەت زمانی کوردی کە بە ڕێگای گۆرانی و وێژەدا خۆی پاراستووە و کۆمەڵگا خاوەندارێتی لێ کردووە، زیاتر بەرەو ڕووی هێرش بۆتەوە. قسە کردن بە زمانی دایکی لە هەندێک هەرێم و ناوچەی کوردستان نەک تەنیا لە نێو خەڵک دا، بەڵکوو لە ماڵەوە لە ناو خێزانیش دا وەک شەرم و پاشکەوتن دەدیترێ. ڕێکخراوە درۆزنە جیهانیەکان دەڵێن: کەسێک کە نەتوانێ بە زمانی دایکی بدوێ بێ‌سەوادە. بەڵام هەر ئەو داموو دەزگایانەن کە خزمەتی بیرۆکەی سیستەم دەکەن و بۆ فریو دان درووشمی سرنج ڕاکێش دەڵێنەوە.

بۆ پەیوەندی لە نێو گەلان دا تایبەت لە چوارچێوەی نەتەوەی دێموکراتی، پێویستیە کە مرۆڤ زمان و زاراوەکانی گەلانی جیران بزانێ و پێی بدوێ. هەروەها مرۆڤیش لە بواری فکری خاوەن ئەو تواناییە هەیە. بەڵام دەسەڵاتەکان لە خزمەت سیستمی قڕ کردنی چاندی دا زمانی گەلان لە ناو دەبەن و زمانی چینی سەر دەست زاڵ دەکەن، کە هەر ئەوە دەبێتە هۆکار:

١.لە لایەنێکەوە پێکهاتەی گەلان بە ڕوانگەی بەرتەسکی نەتەوەچێتی دژی زمانی یەکتر ڕاوەستنەوە.

٢.لە لایەنێکی دیکەش دایک و باوکەکان مناڵانیان لە فێر بوونی زمانی دایکی بێ بەش بکەن و بە زمانی جیا جیا وەک ئینگلیزی، فارسی و تورکی، کە وا نیشاندراوە زمانی پێشکەوتوون قسە بکەن.

٣.میدیاکان؛

سەدەی بیست و یەک بۆتە سەدەی کێ بەرکێی میدیایی و دوونیای ڕیکلام و مۆد، هەر ڕۆژ بە هەزاران زانیاری و هەزاران پێویستی ساختە بەرەو ڕووی مرۆڤ دەکرێنەوە و تووشی سەرلێ شێوانی دەکەن. لە خزمەتی بیرۆکەی یەک رەنگ کردنی جیهان کە لە لایان رژێمی قڕکردنی چاندی دامەزراوە، چۆنیەتی و چەندایەتی ژیان لە سیفر تا سەدەوە بێ کەم و کورتی دیار دەکەن. کار لە شێوازی پۆشین، خواردن، چی چاو لێ کردن و چی گوێدان و هەروەکی دی گوزەراوەو و ئەورۆکە خەیاڵەکانمان، بگرە فیزیک و شێوەی قسە کردن و ڕێگە ڕۆیشتنمان دیار دەکەن. هەر هەمووی ئەوانە هێرشێکی ئیدۆلۆژیکن کە وا بیرۆکە و ڕوانگەمانی بە ئامانج گرتووە. ئامانج دابڕینە لە شێوەی سرووشتی ژیانی گەلان و پشت کردنیان لە ئەخلاق و چاندی هەزاران ساڵەیان. مرۆڤیان هێناوەتە ئاستێک کە دەست تێوەردان دەکا لە سرووشتی هەبوونی و نە تەنیا جوانکاری، بگرە دەست تێوەردان دەکا لە ڕەگەزی خۆشی.زۆرینەی کۆمەڵگایان هێناوەتە ئاستێک کە حەز و خۆزگە جنسیەکانی بورکان ئاسا هەڵدەقوڵێ و لە پێناویان دا پشت دەکا لە نرخ و بەهاکانی. لە ناوخۆی کوردستانیش میدیا بە نێو کۆردیەکان بە سیاسەتی رژێمی قڕ کردنی چاندی کار دەکەن و دڕاما و بەرنامەکانیان تا دەگاتە پێشکەش کاری کاناڵەکانیان، هەر هەموویان خزمەتی پەرەسەندنی بێ ئەخلاقی و بێ چاندی لە کۆمەڵگادا دەکەن. وەک نموونە کاناڵەکانی؛ کوردستان ٢٤ ،awa، ڕووداو، من و تو،TRT و دەیان کاناڵی دی بەو شێوازە کار دەکەن.

لایەنی زەینی و مەعنەوی؛

١.هوونەر؛

ڕێبەر ئاپۆ لە پێناسەی هوونەر دا باس لە هوونەرێک دەکەن کە هەڵقوڵاوی ڕاستی کۆمەڵگا بێ و بیرۆکەی خۆی لەو ڕاستیە وەرگرێ. بەڵام ئەوڕۆ پێچەوانەکەی دەبینین، هوونەرمەندێک جێگەی باسە کە لە گەلەکەی بێ ئاگایە و لە پێناو ناوبانگ دەرکردن گەلەکەشی دەفرۆشێ، بە دەگمەن دەبینین ئەو هوونەرمەندە ڕاستەقینانەی کە لە دەرد و کوڵی گەلەکەیان و لە شایی و جەژنیان بە ئاگان و هوونەرەکەیان بۆتە زمانی گەلیان. لە نێو گەلی کورد دا دەتوانین باسی هونەرمەندانی وەک ییلماز گۆنای، تەها کەریمی، یاشار کەماڵ، مامۆستا هێمن، جەلال مەلەکشا، ئەحمەد کایا، سەید داوود و چەندین مامۆستای تر بکەین کە هوونەرەکەیان هەڵقوڵاوی ئێش و ئازار، ئەوین و جوانی و ڕاستی گەلی کورد بوون.

ئەوڕۆش هەن ئەو هوونەرمەندانەی کە دڵسۆزانە لە بوارە جیا جیاکانی هوونەر دا بێ چاوەڕوانی کار دەکەن. بەڵام زۆرترن ئەو بە نێو هوونەرمەندانەی کە لە پەنا گوێیان هێرشی دووژمن، کووشتنی ژنان و کۆڵبەران و سووتاندنی کوردستان نابینن و بێ ئاگا و کەڕ و لاڵ لە ڕاستینەی گەلیان، دژە هوونەری سووک و بێ واتا پێشکەش دەکەن.

٢.خەیاڵ و خۆزگەکان؛

لە ڕابردووی نە زۆر دوور منداڵانی گەرەک هەر هەموویان بە هەراو هووریا و یاری و خۆشاریکێن، ڕۆژیان دەکردە شەو و شەویش ماندوو و بەدەم زەردەخەنەوە تا بەیانی لە خەو دا جینگڵیان نەدەدا، ئەوڕۆ یاری و هەراو هووریای بە کۆمەڵی منداڵان جێگەی بە یاری ئینتێرنەتی لە پشت شاشەی تەبلێت و مۆبایلەکان لە قووژبنی ماڵ دا داوە. منداڵێکی تەنیا و غەمۆک و گیرۆدە بە شاشەیەکی دیجیتاڵ. لە نێو گەنجانی تازە پێ گەیشتووش کەیف خۆش یا تووڕە لە سەرکەوتن و بن کەوتن لە یاری پۆبجی و هاوشێوەکانی. گەیشتووینە قۆناغێک کە هەستەکانمان دیجیتاڵی بوونە و دۆست و دووژمنیشمان بەو شێوە، لەوەی کە هەر سات دووژمن لە دوونیای ڕاستین دا هیرش دێنێ و دەمانکووژێ بێ ئاگا کراوین. ڕێبەر ئاپۆ پشت کردن لە خیاڵی منداڵی وەک خیانەت دەبینێ. هەر بۆیە لایەنێکی ئەو ڕژێمی قڕ کردنی چاندیەش هێرشی سەر خەیاڵەکانمانە و دانانی خیاڵی ساختەیە و دیجیتاڵ.

٣.ویژدان؛

مرۆڤی خاوەن ویژدان، خاوەن هەڵوێستەو کاردانەوە. ویژدان ئەو لایەنە زەینیەیە کە چاوی خۆی لە بەرامبەر دیاردەکان ناگرێ و بێ دەنگ نامێنێ. ویژدان و هەست لێک دانەبڕاون و یەکتر بە هێز دەکەن. چەندە هەست بە ڕاستی داگیرکاری، ڕاستی هەبوونی نەتەوی، گرێدراو بوون بە سرووشت و کۆمەڵگا، چاند و ڕەوشتی کۆمەڵگامان بکەین، ئەوەندە خاوەن ویژدانین. ئەگەر ئەو هەستە نەبێت ئەوە دەبێت خۆمان لێ پرسین بکەین و بزانین کەوتووینە بن کاریگاری ڕژێمی قڕ کردنی چاندی. تێکۆشانی تەڤگەری ئاپۆیی، تێکۆشانە بۆ شۆڕشی زەینیەت و ویژدان. ئەورۆکە  کە هەڵوێستمان لە بەرامبەر داگیرکاری سەر نیشتمانمان لە کەمی داوە و کووشتنی مرۆڤەکان، ژنان، کۆڵبەران و بە لاڕێدا بردنی گەنجان و ژنان ئاسایی دەبینین و خۆ لە بەرامبەریان دا بەرپرسیار نابینین، نیشانە لە هێرشێکی ئیدۆلۆژیک لە لایان ڕژێمێکی قڕکەر بە نێو سەرمایەداری و بە ئایدۆلۆژیای لیبرالیزم. گوتنی باوی “کوڵاوی خۆم گرتووە با نەیبا” ئامانجی ئەو بێ بەرپرسیارێتیە لە بەرامبەر کۆمەڵگا، مرۆڤایەتی و گەردوون.

ئەو نموونانەی کە باسمان لێ کرد تەنیا ئاماژەیێکی کورت بوون و بە شێکی بچووک لەو قڕ کردنانەی لە ژێر نێوی ژینۆسایدی چاندی دەکرێن و ڕۆژانە لە گەڵی بەرەو ڕووین. گەلێک کە لە لایەن داگیرکەرە ناوچەییەکان چەوسێندراوەتەوە یا خود چین و توێژێک کە لە لایان زەینیەتی کۆنە پەرەست بەرەو ڕووی هێرش بۆتەوە، بە تایبەت ژنان و گەنجان-کرێکاران و خوێندکاران، ڕژێمی دژە ئەخلاقی سەرمایەداری و ئازادی درۆینەکەی وەک ڕێچارە و جێ گرەوە دەبینی و دەکەوێتە گێژاوێکی قووڵتر، لە ئەساس دا هەر یەکن و لە ڕوو دا ڕازاونەوەو جیا کراون. گەلێک کە ئێستاش خۆ لە سەر پێ دەگرێ و هیوای بە ئازادی هەیە، پێویستە ئەو هێرشانە بە وردی لێک بدەینەوە و خەسارەکانی ببینین، تاوەکوو لە ڕێڕەوێکی ڕاستی تێکۆشان دا وەک گەلێکی شۆڕشگێر خەبات بکەین و تێبکۆشین. بۆ بوونیاد نانی نەتەوەی دێموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ وەک جێگرەوەی سیستەمی هەیی واتا شارستانیەتی درۆینەی سەرمایەداری پێشکەشی گەلان و مرۆڤایەتی کرد؛ گەلان دێنەوە سەر چاند و مێژووی ڕاستەقینەیان، ئەو چاند و مێژوویەی کە بەرەو ڕووی قڕ کردن و چەواشە ببۆوە. چاندی ڕاستەقین ئەو بەهاو نرخانە لە خۆ دەگرێ کە لە یەکێتی هەست و فکر، واتا یەکێتی دڵ و مێشک پێک هاتوون. ڕێبەر ئاپۆ سەرهەڵدانێک بوو بەرامبەر بە ڕژێمی ژینۆسایدی چاندی، کە بە لە ناو بردنی گەلی کورد هەوڵی بونیاد نانی بە نەتەوە کردنێکی تورکی، فارسی، عەرەبی دەدا.

یەک لە ڕەهەندەکانی نەتەوەی دیمۆکراتیک، “چاندی نەتەوەی دیمۆکراتیکە”. ئایین، فەلسەفە، زانست، مێتۆلۆژیا و لقە جیاوازەکانی هوونەر، چاندی کۆمەڵگا پێک دێنن. ڕێبەر ئاپۆ لەوەها دۆخێک دا بەو جۆرە شرۆڤەی دەکات:”گەلێک کە بە چاند و چاندی خۆی ڕاست ژیان دەکا، دەتوانێ لە گەڵ گەلانی تر لە چوارچێوەی نەتەوەی دیمۆکراتی دا ڕاست ژیان بکا”. دیمۆکراسی ڕاستەقین نە یەک ڕەنگ کردنی گەلانە بە گوێرەی خواست و ویستی ئەمریکا و ئەورووپا، یا خود تورکیە و ئێران؛ بەڵکوو دیمۆکراسی ڕاستەقین کە ڕێبەر ئاپۆ باسی لێ دەکا بە ڕەنگ و ناسنامەی خۆ هەبوونە و خۆ بەڕێوە بردنە.

یەک لە ئاموورە دیارەکانی ئەو هێرشە چاندیە، سیستەمی پەروەردەی دەوڵەت-دەسەڵاتەکانە، بە ڕێگەی پەروەردە لە تەمەنی مناڵیەوە تا ناکۆتا، بە گوێرەی ویست و خواستی خۆی پەروەردە دەکا و هێزی کاری خۆی بۆ خۆ لە سەر پێ هێشتنەوە لە داهاتووی دوور و نەزیک دا پێدەگەیێنێ. بە پەروەردە کردنی کۆمەڵگا لە بچووک ترین هەڵسووکەوتی ڕۆژانە ڕا بگرە تا ڕوانگە و بیرمان دیار دەکا و ئاراستەی پێدەدا. دووژمن ئامانجەکانی خۆی بە تایبەت بۆ قڕ کردن و تواندنەوەی چاندی لە رێگەی پەروەردە دەپێکێ. لە بەرامبەریش دا دووبارە بە پەروەردەی ڕاست و بنگەیی لە سەر هەر بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی دا دەتوانین ڕاستی ئەو سیستەمە قیزەونە ببینین و بەرەنگاری ببینەوە. مێژووی ڕاستەقین و لە ڕێگالادانی مێژووییمان بە پەروەردە دەتوانین بخەینەوە سەر ڕێڕەوە ڕاستەکەی و بە پەروەردەشە کە شەڕ و تێکۆشان دەگاتە لووتکەی سەرکەوتن.

کەواتە بۆ پاراستنی چاندی ڕاستەقینمان لە بەرامبەر ڕژێمی قڕکردنی چاندی چۆن ژیان کردن و پێویستیەکانی وەک چۆن بیر بکەینەوە؟ چی گوێ بدەینێ؟ لە بەرامبەر چی هەڵوێست نیشان بدەین؟ چی بە هەند وەربگرین؟ و هەروەکی دی بە بنەما بگرین و لە بەرامبەر دوونیای درۆی لە ڕوو دا ڕازاوەی سەرمایەداری، بڵێین نا و پێشی بڵاو بوون و پەرەسەندنەکانی بگرین. ئەویش کاری ویژدانە و باوەڕی و بیرۆکەی ئایدۆلۆژیای ئازادی لە چوارچێوەی شۆڕشی چاندی.