هەڵمەت تۆڵهەڵدان

٢٩ی ڕێبەندانی ٧٧ی هەتاوی

لە دەستپێکی بەشی باشووری شارەوە کە ڕێ دەکەوی، ڕوخسارەکان بە پەڕۆشن و شڵەژاو. ژیان هەڵات هەڵاتە و هەرکەسە و بە پەلە مەودای شەقام و کووچە و کۆڵانەکان دەپێوێ؛ ڕوویان لە بەرەی باکووری شارە. لە ناوەڕاستی ئەو هەڵات هەڵاتە، لە دەوری مەزاری بیداق سوڵتان، ژنێک دەستە و دو‌عا دانیشتووە، سەری لە سەر دەرگای مەزارگەکە داناوە و بێ ئاگا لە دەور و پشتی لە گەڵ مەزارەکە ڕاز و نیاز دەکا و تاو ناتاو هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێ و بە گۆشەی چارۆگەکەی فرمێسکی لا چاوی دەسڕێتەوە؛

+یا بیداق سوڵتان دەفریام وەرە، ئەو چ گونا‌هێکی کردووە کە چارەنووسی دەبێ وا بێ؟

دوای ماوەیەک بێدەنگی ناوبەینیان، ژنەکە بە چۆکی سست و لەرزۆک مەزارەکە جێ دێڵێ و درێژایی شەقامی بیداق سوڵتان بەرەو مەیدانی ئیستەقلال دەگرێتە بەر، پشتی چەند هەنگاو دەگاتە سەر سێ ڕای قەبران، دەڕوانێتە قەبران و بە دیتنی سەدان کێلی ڕەش و سپی و هەزاران گۆڕی نوستوو هەنگاوی گرانتر دەبن. لە لای خوارەوە دەنگە دەنگە و هەراو هووریا، چەند گەنج بە هەڵاتن بەرەو مەیدانی ئیستەقلال دەچن و درووشمی”بمرێ تورکیە” دەڵێنەوە.

هێزی سەرکووت شڵەژاو شڵەژاو هەر کووچە و کۆڵانێکی تەنیوە و ترساو ترساو گوولە بە سەر خەڵک دا دەڕشێنێ.خیابان خرۆشاوە و لە بەرامبەر تەقەی هێزی سەرکووت، گەنجان بە دەم درووشم گووتنەوە و بە بەردەفڕکێ وەڵام دەدەنەوە. دەنگی درووشمی “کێ دەڵێ ئاپۆ گیراوە…چل ملیۆن ئاپۆ ماوە ” دەنگی فیشەک و چەکی هێزی سەرکووتی کپ کردووە. دوو ماشێنی هێزی سەرکووت سەراوبن کراو و تەگەر لە حەوا دەسووتێن. ڕێگاو بانەکان گیراون و هات و چۆ ئاستەنگ کراوە، هێزی سەرکووت دەیەوێ خۆپێشاندەران لە گەمارۆی خۆی دا بهێڵێ و پێشی پەیوەست بوونی خەڵکی ناڕازی بە خۆپێشاندەران بگرێ. بەڵام تا دێت ڕێژەی خۆپێشاندەران زیاد دەکا وشەپۆلی خرۆشانی ئاپۆڕەی تووڕە گڤەی دێت.

ڕژێمی داگیرکەر و سەرکووت‌کەر ماوەیەکە پاڵ کەوتوە و دەستی خاترجەمی ناوەتە بن سەری کە هێزی ڕاپەڕینی بەتەواوی لە ناوبردووە. پێشەنگەکانی شەهید خستووە و یەکێتی ناویانی پەرتەوازە کردووە. بەڵام لە بەرە بەیانیەک دا هەواڵێکی ناوەخت دەبێتە هێزی بزوێنەری بیر و هەست، خەڵکی ئەم وڵاتە لە گووند و شار بە پیر و لاو هەر هەموویان دێتەوە یادیان کە وا خەریکە دوا رۆژی هیواو ئیمانیان لێ زەوت بکەن و بە تێکڕا لە بەرە بەیانیەکی سارد و بەستەڵەک دا کۆمەڵ کووژیان بکەن. وڵات بە هەممو پێک هاتەکەیەوە بگرە دار و بەرد، ئاسمان و چیاکانیش دێتەوە بیریان سالانی دوور و درێژی ڕابردوو.  دەنگی سرتەیەو تەگبیر، ئاخۆ دیسان هەمان چارەنووس؟ماڵ وێرانی و بێ کەسی؟تەسلیم بوون و مردن؟ نا نابێ و نابێت بشبێت. کۆتا دەرفەتە و دوا ڕێبەر، ئەگەر بێتوو لە قیسمان بچێ وا لە سەر لاپەڕەی مێژووش دا جێگەمان نابێتەوە. خوداوەندەکان لێمان خۆش نابن و زەوی جێگەمان ناکاتەوە، کە وا لە دوا زەردەشت، دوا حەواری و دوا پێغەمبەر خاوەن دەرنەکەوتین.

داگیرکەران و دێوەزمە میدیاییەکانیان باس لە گرتنی هەبوونێکی چل ملیۆنی و مێژوویەکی هەزاران ساڵە و دوا هیوای پشکوتوو و کۆتایی ڕۆژی کوردان دەکەن. باڵام وا لە سەر شەقام، ئاپۆڕەی توورە لە پێش چاوی هەموو گەردوون و دوونیای پیلان بە جەستەی ئاگرینیان دەنووسنەوە “کەس ناتوانێ ڕۆژمان تاریک بکا”. کڕاواتەکان و دامن کورتە بە نێو سیاسیەکان و چاویلکە مۆخبیرەکان لە نهۆمی سەرەوەی دوا باڵاخانەی هەری بەرزی شووشە بەند دا لە نێو حەوزی ئاوی سارد-نەکا گری جەستەی ئاگرین بەرۆکیان بگرێ- بەپەلە لێک کۆبوونەوە. تاساو لەو هەموو کاردانەوە و ڕاپەڕینە.

+ بەڕێز کڕاوات خۆ گوتتان کاریان تەواوە و پێشی هەر چەشنە دەنگ هەڵبڕینێک و کاردانەوەیەک بە ساڵانە گیراوە؟

– ئەخە چاویلکەی سیخوڕ وای بە ئێمە ڕاگەیاند، کە هەر هەموو چاو ترسێن کراون و وەک دار و بەرد ویژدان سارد و بێ هەڵوێست…

– هیچ چاوەڕوانیمان نەدەکرد وەها خاوەن دارێتی لێ بکرێ. ئەوانە بە باشی نایناسن وەها لێی بەخاوەن دەرکەوتوون، بێتوو بیناسن بۆمان دەبنە کێشە و سەرئێشە!

ئەگەر بگەڕێینەوە مەهاباد و مەیدانی ئیستەقلال، لە ناوەڕاستی شەڕ و پێک دادانی نێوان ئاپۆڕەی تووڕە و هێزی سەرکووت ئەو ژنەی کە دوا بە دوای دا دەهاتین و نەماندەویست خەڵوەتەکەی تێک بدەین، دەگری و دەبارێنێ و لە خۆی دەدا کە ڕێگام بکەن تا خۆ بگەیێنمە نەخۆشخانە. هێزی سەرکووت بەرەو شەقامی مەنبەع خەڵک ڕاو دەنێ و خەڵکیش سەر بەرەو ژێر هێزی سەرکووت دەگرێتە بەر بەرد. لاوێکی تازە پێ گەیشتوو و بوێر بە بەژن و باڵای نەزۆر کورت و نە درێژ، گازی فرمێسک ڕێژی هێزی سەرکووت هه‌ڵدەگرێتەوەو دەیهاوێتەوە نێو خۆیان و چاو لە چاوی دووژمن، سینگ بە سینگ بە مستە کۆڵە و پێلاقە دەچێتە ناویان، لە پشتەوە سەربازی سەرکووت لە یەک قەدەمی ڕا تەقەی لێدەکا. لاوی بوێر لە بەر چاوی ئاپۆڕەی تووڕە، دەستی چەپی لە حەوا بە نیشانەی ئازادی، بەلادادێ و دەکەوێتە سەر زەوی. چاوەکان لە سەر جەستەی لاوی بوێرن و چاوێک وا بە فرمێسکەوە زەق و زیت لە سەری کلید بووە.

مانگی ڕەزبەری ٢٠١٥

بە هەزاران کەس لە مەیدانی چوارچرا درووشمی “هەتا کوردێک بمێنێ، کۆبانی هەر دەمێنێ” دەدەن و لە ڕیزی پێشەوە گەنجێکی تەمەن ١٦-١٧ ساڵان سەر درووشمەکان دەڵێتەوە و پڕ بە دەنگ هاوار دەکا “بژی بەرخۆدانی کۆبانی” و خەڵکیش دووپاتی دەکەنەوە. هێزی سەرکووت هاتووە و دەوری لێ گرتوون، بەڵام ناوێرن نەزیکی ئاپۆڕەی سەرهەڵدێر ببنەوە.

عەبدوڵڵای ١٦-١٧ساڵ پشتی سەرهەڵدان بە حەز و ئاواتەوە لە ماڵەوە بەرامبەر بە دایکی دانیشتووە و گوێی بۆ گرتووە.

+ ڕۆڵە تۆم لە زگی دابوو و باوکت زۆری لێ دەکردم دەبێ لە بەر خۆمت بچوێنم، لێی دام و پێی دادام، منداڵم ناوێ و نامهەوێ. ئەگەر بێتوو لەبەر خۆتی نەبەی ئەوا من بە شەپ تۆشی پێوە دەکووژم. هەر ئەو ڕۆژە بە دڵێکی پڕ لە غەم ڕێگای نەخۆشخانەم گرتە بەر تا لەبەر خۆی بچوێنم. نێو شار خەڵک لێک کۆ ببوونەوەو هێزی سەرکووت بەرامبەریان، ڕێگا نەبوو پیایدا دەرباز بم. دەڵاڵام و دەپاڕامەوە ڕێگام بدەن، بەڵام کەس ئاگای لێم نەبوو. لە گەرمەی لێدان و پێدادان دا چاوم کەوتە لاوێک کە لە پشتەوە ڕا سەربازێکی خوێڕی تەقەی لێ کرد و لە پێش چاوانی من و هەزاران کەسی ئەو شارە شەهید بوو. دەنگێک دەهاتە گوێم، بە تێک ڕا هاواریان دەکرد “کێ دەڵێ ئاپۆ گیراوە…چل ملیۆن ئاپۆ ماوە “.

 

 

 

سەرچاوە: گۆڤاری ژیلەمۆ ژمارە19