سمکۆ دیجلە
من لە مێژ بوو پێشەوام دەناسی و لە رۆژی تەنگانە دا دیبوم بە دەستو تفەنگی خۆی پیاوێکی زۆر ئازا بوو. پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان چەند جار عەشایەر هاتە سەر شاری مەهابادو پێشەوا بۆخۆی لە سەنگەری یەکەم دا بۆ دیفاع ئامادە بوو. ئەدی چۆن بوو ئەو جار تەسلیم بوو. بۆخۆم لێم بیست گووتی لەسەرمانەوە ناچن و دەمان کووژن . بەڵام پێمخۆش نیە گەلەکەم بەجێبێڵم و دەمهەوێ لە ناو ئەوان دا بمرم.
راستە کوردستان پاش گیرانەوەی ئازەربایجان و لەدەستدانی ئەو هاوپەیمانە بەهێزە لە هەموولایەکەوە گەمارۆ درابوو، راستە بەشێک لە عەشایەر گوێیان لە کڵاو پەراندبوو و چاوەنۆری خەراپەیان لێدەکرا، راستە خەزێنەی کۆمار بەتاڵوحەتاڵ بو و هەموی درابوو بە توتن و نەفرۆشابو، راستە لە هەموو یارمەتیەکی دەرەوە هیوا بڕاو کرابوو، بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم لەو بڕوایە دام ئەگەر دەستەوکەری کرابا و ئێمە ئەزموونی شۆڕشگێریمان هەبا مێژووی کۆماری مەهاباد بەو جۆرە کۆتایی نەدەهات کە هات.(مامۆستا هێمن)
لە ڕۆژی ئەمڕۆ دا کە هێرش و داگیرکەری لە سەر کوردستان لە ئاستی هەری ژوور دایەو دوژمن بە هەموو جۆرە ئامرازی شەری تایبەت، هەمو جۆرە ئامێرو تەکنۆلۆژی شەر، بە بەکار هێنانی هێڵی خەیانەتکارو خۆفرۆشی کورد دەیانهەوێ جارێکی تر دەستکەوتو نرخو بەهای گەلەکەمان بن پێ بکەن، ئەو چەند دێرە سەبارەت بە شکست هێنانی کۆماری مەهاباد لە زمانی مامۆستا هێمن بە نرخە و جێگائ تێبێنیە. لە ٢٦ی سەرماوەز دابوو بۆ یەکەم جار لە مەهاباد ئاڵای کوردستان هەڵ کرا و لە ٢ی ڕێبەندان دا کۆماری کوردستان دامەزرا، بەڵام ساڵێکی نەخایاند و هەر زوو دووژمنانی کوردستان هەڵیان کوتایە سەر شۆڕشگێرانی کورد و لە چاو نووقاندنێک دا کۆمار هەڵەوەشا، قازی شەهید بوو و هەموو هیواو ئاواتەکانی کورد جارێکی دی بە بادا چوو. بەڵام مژار تەنیا ئەوە نەبوو ئەو هۆکارانەی مامۆستا هێمنیش لە سەرەوە لە چەند ڕەستەیەکی کورت دا ئاماژەی پێ کردوون زۆر گرینگن. چەند ڕەستەن بەڵام قەدەر و چارەنووسی نەتەوەیەکیان گۆڕی. بۆ کۆمار هەڵوەشا و گەلی کورد سەرکووت کرا؟ بۆ قازی لە سێدارە درا؟ بۆ پێشمەرگە بەرخۆدانی نەکرد و بە سەدان بۆی دیکە کە دەبێ جەوانانی کورد رۆژانە لە خۆیان و باب و باپیرانیان پرسیار بکەن. بۆ گەلی کورد تا ئەورۆکەش نەیتوانیوە بە ئاوات و ئامانجەکانی بگات؟ ئاخۆ بندەستی گەلی کورد، چارەنووسێکی نەگۆڕە؟ دەگمەنن ئەو نەتەوانەی کە بە ئەندازەی گەلی کورد لە پێناو ئازادی دا نرخیان دابێ. سەرکووت و سێدارە، کۆمەڵکوژی و لەشکەرکێشی، سووتاندی شار و گوندەکان و ئاوارەگی، تۆپباران، ئەنفال، کیمیاباران و هەری دوایی دووبارە و دووبارە بۆمبی فۆسفۆر و ژەهراوی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. ئەمانە هەموو بە هەزاران هێرشی جۆراوجۆری دیکەش نەیانتوانیوە چۆک بە گەلی کورد دابدەن. ڕاستە نەیانتوانیوە گەلەکەمان بە چۆک دابێنن، بەڵام نەیانهێشتووە گەلی کورد بە ئازادی بگات. دۆسیەی ئازادی گەلی کورد نە ٥٠ ساڵ و سەد ساڵ بەڵکوو هەزاران ساڵە لە ئارادایە. تێکۆشان لە پێناو ئازادی لە دوای خیانەتە بەناوبانگەکەی هارپاگۆس و کورووشی هاوڕێی بێ پسانەوە بەردەوامە. بەڵام چەند هۆکاری ئەساسی هەن کە بەردەوام لە گەیشتن بە سەرکەوتن لەمپەر بوون. یەکەم نەبوونی یەکێتی لە ناو گەلەکەمان دا و پەرتەوازەیی سەرهەڵدێران. دووهەم، پشت نەبەستن بە هێزی زاتی و جەوهەری گەلەکەمان. سێهەم، چاوەڕوانی هێزێکی دەرەکی کە بێتوو ڕزگارمان بکات لە کاتێک دا کە هەر ئەو هێزە دەرەکیانە سەبەبی هەمووی ئەو نەهامەتیانەن کە بەسەر گەلەکەمان دا هاتووە و دێت. گەلی کورد ٢٨ جار سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی گەورەی بەڕێوە بردووە، بەڵام هەمووی ئەو سەرهەڵدانانە بە تراژێدیا و کۆمەڵکووژی کوردان کۆتاییان هاتووە و بن بڕ کراون. هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو کۆتایی دڵتەزێنانە یەک شتە، ئەویش نەبوونی هێز و ئەرتەشێکی پاراستنی لێهاتوو بە بیر و هزرێکی راستی شۆڕشگێریە. سەرهەڵدان کراوە بەڵام لە پاراستنی دا کەم ماوین و کەم و کورتی هەبووە.
هێڵی بەرخۆدانی گەلی کورد بێ پسانەوە بەردەوامە. بە دەرکەوتنی رێبەر ئاپۆ وەرچەرخانێکی مەزن لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان دا هاتە دی. رێبەر ئاپۆ ئەو بۆشاییەی کە لە سەرهەڵدانەکانی پێشوو دا ژیان کرابوون، بە باشی شرۆڤە کرد و کەسایەتی کوردی ئازادی سەر لە نوێ پێناسە کردەوەو خۆڵقاند. وتی شەڕی ئازادی کوردستان شەڕێکی ئاسایی نیە، شەڕی مان و نەمانە، شەڕی ژیانە. واتا دووژمن کەسایەتیەکی بە ناوی کورد لە ژیان دا نەهێشتووە و لە هەمان کات دا جوغرافیایەک بە ناوی کوردستان هەبوونی نیە. درووشمێک کە هەتا ئەمڕۆش لە لایان داگیرکەرانەوە هەر رۆژ دووپاتە دەبێتەوە و سیاسەتێک کە هەر رۆژ کورد بەرەو نەمان دەبات یا بەرەو مەرگ پەلکێش دەکات. بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەل دووژمنێکی کە بە هەموو شێواز نکۆڵیت لێ دەکات و دان بە هەبوونت دانانێت و وەحشیانە پاکتاوت دەکات و گۆڕی مردنی بۆ هەڵقەندووی هێزێکی پاراستنی پێویستە، هێزێکی لێهاتوو، فەدایی، ئیدئۆلۆژیک. لەسەر ئەو بنەمایە رێبەر ئاپۆ لە ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ هێزی رزگاری کوردستانی دامەزراند. ئەرتەشی رزگاری کوردستان بە خوێنی عەگیدان، زیلانان، بێریتانان، سمکۆیان و هەزاران جەوانی کورد رۆژ بە رۆژ مەزن بوو. هێزی ئەمجارە تەنیا هێزی پاراستنی عەشیرەیەک و هەرێمێک و پارچەیەک نەبوو، هێزی پاراستنی هەموو کوردستان بوو.
بەڵام هێزی گەریلا پێک هاتوو لە کێن؟ ڕۆڵە هەرە پاک و ئازا و بە ئەمەگەکانی گەلی کوردن کە لە پێناو پاراستنی دایکی نیشتمان دا بێ هیچ چاوەڕوانیەک بڕیاریان داوە و بوێرانە بۆ پاراستنی نرخ و بەهای گەلەکەمان لە گۆڕەپانی تێکۆشان دان، لە سەنگەرەکانی شەڕ دژی داگیرکاری تێکۆشان دەکەن و هەر رۆژ ئەفسانە و حیماسەیەک دەخوڵقێنن. هێزی گەریلا نرخێکی مەزنە بۆ گەلی کورد. مێژوو بە درێژایی تەمەنی خۆی هێزێکی فەدایی وەک گەریلای بە خۆوە نەبینیوە. نە فەداییەکانی حەسەنی سەباح و نە ئەسحاب و یارانی پێغەمبەران وەک گەریلا شەڕیان نەکردووە. کەسانێک کە لە هەموو رەمەک و بەرژەوەندی تاکەکەسیەکانیان دەرباز کردووه و تەنیا داراییان واتا گیانی شیرینیان فەدای ئازادی خاک و نیشتمان کردووە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ساڵانە لە بەرامبەر سیاسەتی نکۆلی و لە ناو بردنی داگیرکەران راوەستاون و بە شێوازێکی ئەفسووناوی بەرخۆدان دەکەن. لە هەر سووچێکی نیشتمان بۆ پاراستنی گەلەکەمان ئامادەن. بە تێک شکاندنی سنوورە دەستکردەکان کوردستانی پارچە کراویان کردۆتەوە بە یەک. لە شەنگاڵ بێ یا کۆبانی، لە ئیلام بێ یا خود لە ئاگری، هێزی ئازادی کوردستان بۆ پاراستنی گەلەکەمان ئامادەن و بە بیر و هزری رێبەر ئاپۆ جەوانانی کورد لە بەرامبەر داگیرکەران دا بوونە تۆپێکی ئاگر.
بە هەبوونی گەریلایە کە دەرئەنجامی وەک کۆماری کوردستان، شۆڕشی سەید رەزا، شێخ سەعید و هەموو کۆمەڵکوژی و قڕکردنەکانی وەک گەلی زیلان، حەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال دووبارە نابنەوە. هێزی گەریلا مسۆگەرکردنی ئازادی کوردستانە. هێزی گەریلا تۆڵەی هەزاران ساڵ زڵم و زۆری، کۆمەڵکوژی، بێ رێزی و دەستدرێژی بۆ سەر دایکی نیشتمان مانە. لەو سەردەمە هەستیارەی ئەمڕۆدا کە داگیرکەران هیچ رێگایەکیان بۆ ژیان کردنی کەسایەتی کوردی ئازاد نەهێشتووە و بڕیاری بە چۆک داهێنانی گەلەکەمانیان داوە، ئەرکی ویژدانی و ئەخلاقی هەر جەوانێکی کوردە بۆ پاراستنی گەلەکەمان و نیشتمانەکەمان بەشداری ریزەکانی هێزی گەریلای کوردستان ببێت. بە دەستەوئەژنۆ دانیشتن مێژوو لێمان خۆش نابێت. لەدەرەوەی هێزی خۆمان، مەوعود و رزگارکەرێک نیە. ئەگەر ئەمڕۆ نەیکەین سبەی درەنگە. بە بەشداری لە هەڵمەتی کات کاتی گەریلایەتیە جوابێکی ددانشكێن بدەینەوە دوژمنانمان و لە مەتەرێزی شەرەف و پارێزوانی لە دایکی گەورەمان نیشتمان دا جێبگرین.
عەقلیەتێکی کە ئەمڕۆ هێڕش دەکاتە سەر کوردستان هەر هەمان عەقلیەتە کە پەلاماری بردە سەر کۆماری کوردستان. داگیرکەرانی کوردستان هیچکات ئەوەیان نەشاردۆتەوە و هەر بەو هۆکارەشە کە دوژمنێکی وەک فاشیسمی تورک لە هەفتاودوویەمین ساڵوەگەری کۆماری کوردستان دا هێرش دەکاتە سەر عەفرین و بە هەفتاودوو فڕۆکەی شەر بەسەر گەلەکەمان دا بۆمب و راکێت دەبارێنێت. بەڵام لە هەمووی سەرەنجڕاکێشتر خەتی خەیانەتی کوردە کە بۆ کۆشتنی کەسایەتی کوردی ئازاد لە دوژمن زیاتر پێداگری دەکات. ئێمە رۆژانە دەبینین کە لەو پێناوەدا دیپلۆماسی دەکەن، شەری مەدیایی و شەری تایبەت دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە ئاستی هەری ژووردا بەڕێوە دەبەن. پێناسەکانیان هەر ئەو پێناسانەن کە دوژمنانی گەلەکەمان واتە داگیرکەری ئێران (دەزگای ئیتلاعات و دەزگای میت سەر بە داگیرکەری تورکیە ) لە هێزی فەدایی کوردستانی دەکەن. بە هەموو ئەوانەش راناوەستن و بە کەمین و پیلانگێری جەوانانی فەدایی کوردستان شەهید دەکەن و تەرمەکانیشیان شوێنەون دەکەن. بەڵام هێڵی خەیانەتکاری کورد پێویستە باش بزانێت کە جەوانانی فەدایی کورد لێیان خۆش نابن و حیسابیان لێ دەخوازن. مەسەلەی سەر سنووری سێماڵکا پشکۆیەک لە بوڕکانی رەق و کینی جەوانانی شۆڕشگێڕی کورد دژی خەتی خەیانەتە. مافی خەیانەتکاران نیە لەسەر خوێنی جەوانانی کورد تەجارەت بکەن. بێ گومان خەیانەتکاران دەکەونە بەر لافاوی رەق و کینی وڵاتپارێزی گەلەکەمان.
هەروەک ماموستا جەلال مەلەکشا دەڵێت: هیچ پوازێک نەبۆتە دەسکی خەنجەری بەر پشتێندی سوڵتان، دوای قەڵاشتنی دار چارەنووسی پواز هەر فڕێدانەو بەس. خەیانەتکارانی کوردستان دەچنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
سەرچاوە: گۆڤاری ژیلەمۆ ژماره 19