له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هیچ گه‌ل و كۆمه‌ڵگایه‌ك نیه كه‌ ساكار و سانا گه‌یشتبێته‌ كه‌ناری ئه‌من و ئارامی، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ ئاستێكی دره‌وشاوه‌یی و ناوبه‌ده‌ره‌وه‌یی تۆمار كردووه‌ به‌ گۆڕه‌پانی به‌ربه‌رینی ئازار و ره‌نجدا تێپه‌ڕیوه‌ و له‌خۆبوردوویی نواندووه. هه‌رگیز له‌ تێچووی رێگای ئازادی سڵی نه‌كردووه‌ و ئازیزترین نرخه‌كانی كردووه‌ به‌ پێخۆری ئه‌و رێگایه؛ به‌ڵام بێ پشوو رێگای سه‌ركه‌وتنیان به‌ تێشووی هیوا بڕیوه‌. وڵاتی كوردستان كه‌ لانكه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تی و خاوه‌ن مێژوویه‌كی درێژه‌، به‌ هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی سروشتی و فه‌رهەنگی به‌رده‌وام بووه‌ته‌ جێگای سه‌رنجی داگیركه‌ران و چه‌وسێنه‌رانی جیهانی و هه‌رێمی. بۆیه‌ش له‌ درێژایی مێژوویدا بووه‌ته‌ ئامانجی هێرشی داگیرکەران و ناحه‌زان. گه‌لی كورد له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و شاڵاوه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌، هه‌رگیز ده‌ست به‌رداری ژیانی ئازادانه‌ و سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه‌. له‌ پێناو پاراستنی نیشتمان و ده‌ستكه‌و‌ته‌كانی، فه‌رهه‌نگێكی خۆڕاگری و به‌رخۆدانی بونیادناوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ جیهاندا ده‌نگی داوه‌ته‌وه‌. ئێستاكه‌ گه‌لی كورد و بزووتنه‌وەی‌ ئازادیخوازه‌كه‌ی زۆر ده‌ستكه‌وتی مه‌زن و به‌شكۆیان وه‌ده‌ست خستووه‌ و به‌ هیوا و هێزێكی زیاتره‌وه‌ به‌ر به‌ئازادی یه‌كجاری هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن. بێگومان ئه‌م ده‌ستكه‌وت و شانازییانه‌ به‌رهه‌می ره‌نج و خوێنی پاك ترین و باشترین رؤڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مانه‌ كه‌ له‌م رێگایه‌دا شه‌هید بوون. هه‌ربۆیه‌ زیندوو راگرتنی یاد و بیره‌وه‌ری شه‌هیدان سه‌ره‌كی ترین ئه‌ركی هه‌موو تاكێكی نیشتمان په‌روه‌ر و تێكۆشه‌رێكی رێگای ئازادی و سه‌ربه‌ستییه‌.

له‌ ٤/۲/۲۰۱۶ سێ هه‌ڤاڵی هێژا و كۆڵنه‌ده‌ری بزووتنه‌وه‌كه‌مان به‌ناوه‌كانی «گوڵناز عه‌لی پوور ناسراو به‌  »بریوان هه‌ژار»، ئه‌مرا توركه‌ر ناسراو به‌ «شیار وان» و فه‌رزاد كه‌ریمی ناسراو به‌ «هێژا مه‌د» له‌ ئاكامی بۆردومانی فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی رژێمی فاشیست و داگیركه‌ری توركیا له‌ قه‌ندیل گه‌یشتن به‌ پله‌ی به‌رزی شه‌هاده‌ت. هه‌روه‌ها له‌۴/۲/۲۰۲۱ هه‌ڤاڵان «مه‌هدی ره‌زایی ناسراو به‌ «زاگرۆس مانی» و ئاكۆ فه‌تحی ناسراو به‌ «شه‌وگه‌ر چیا» له‌ ئاكامی كرده‌وه‌یه‌كی قیزه‌ون و ترسنۆكانه‌ی سیخوڕە‌كانی رژێمی داگیركه‌ری ئێران له‌ پێنجوێن شه‌هید بوون. هه‌ڤاڵ بریوان ئه‌ندامی مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بوو كه‌ له‌وپه‌ڕی فیداكاری و دڵنزمیدا، به‌رده‌وام له‌ناو تێكۆشان و به‌رخۆداندا جێگای گرت. هه‌ڤاڵان شیار وان، هێژا مه‌د، شه‌وگه‌ر چیا و زاگرۆس مانی، چه‌ندین ساڵ له‌ چه‌ندین گۆڕه‌پانی جیاوازدا به‌ وره‌ و موراڵێكی به‌رزه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی شۆڕشگێڕی خۆیان سه‌رخست.

 وه‌ك كومیته‌ی شه‌هیدانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌دا، یاد و بیره‌وه‌ری هه‌موو شه‌هیدانی مانگی شوبات به‌رز و پیرۆز راده‌گرین. هه‌روه‌ها سۆز و به‌ڵینی خۆمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌تا به‌دیهێنانی‌ ئاوات و ئامانجی هه‌موو شه‌هیدان، له‌ هه‌ربارودۆخێكدا درێژه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشان بدەین و داوا لەژنان و گەنجانی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین کە بە پەیوەستبوونیان بۆ ناو ریزەکانی تێکۆشان خاوەندارێتی لەرێ و رێبازی شەهیدان بکەن و بە راپەڕاندنی ئەرکی سەرشانیان بە رەنگاری داگیرکەری و فاشیزم ببنەوە.

    

كومیته‌ی شه‌هیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

۳/۲/۲۰۲۲