لەو چاوپێکەوتنەدا کۆمەڵێک پرسی هەنووکەی تاوتوێ کروان کە دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوازەیە:
“سیامەند موعینى هاوسەرۆکى پارتى ژیانى ئازادی کوردستان (پژاک) لەم چاوپێکەتنەى شارپرێسدا رەتیدەکاتەوە کە چالاکییەکانیان لەدژی کۆماری ئیسلامى ئێران لاواز بووبێت، بەڵام دەڵێت” چالاکی نیزامی ئێمە کەم بۆتەوە هیچ پێوەندیەکی بە چالاک بوونی ریزەکانی پژاکەوە نیە. لە روانگەی ئێمەوە چارەسەری لە کوردستان لە شەڕ و چالاکی نیزامی دا نیە بەڵکوو پاراستنی نیزامی بەشێکە لە ئاجێندایەکی گشتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی گەل.
ئاماژە بەوەش دەکات،هێزی پاراستن و رێکخستنی جەماوەری و گریلایی ئەوان دانەبەزیوە بە پێچەوانە چەندین قات بەهێزتر و بە ئەزمونتر لە پێشو پژاک خۆی بە رێکخستن کردوە.
شارپرێس: ماوەیەکە کار و چالاکیتان کەمبووەتەوە، ئەمە وادەردەکەوێت پژاک لاوازبووبێت و هێزی بەرگری و رێکخستن و جەماوەری و گەریلایی دابەزی بێت، ئایا ئەمە هۆکارە یان هۆکاری دیکە هەیە؟
سیامەند موعینى: لەگەڵ رێز و حورمەت بۆ ئێوە و خوێنەرانی هێژا، بەرگری و بەرێکخستنی جەماوەری و حیزبی هیچ پێوەندیەکی بە قۆناخی چالاکی و شەڕی نیزامیەوە نیە، ئەوەی کە چالاکی نیزامی ئێمە کەم بۆتەوە هیچ پێوەندیەکی بە چالاک بوونی ریزەکانی پژاکەوە نیە. لە روانگەی ئێمەوە چارەسەری لە کوردستان لە شەڕ و چالاکی نیزامی دا نیە بەڵکوو پاراستنی نیزامی بەشێکە لە ئاجێندایەکی گشتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی گەل.
هێزی پاراستن و رێکخستنی جەماوەری و گریلایی ئێمە دانەبەزیوە بە پێچەوانە چەندین قات بەهێزتر و بە ئەزمونتر لە پێشو پژاک خۆی بە رێکخستن کردوە. کولتورێکی زێهنیەتی عەشیرەتی لە ناو کورد دا بە هێزە، ئەویش هەڵسەنگاندنی بواری سیاسی حیزبێک یان هێزێکی سیاسی لە قەواری شەڕ و چالاکی نیزامی دا لێکدەداتەوە، کە ئەوە ئەنجامێکی دروست و حەقیقی ناداتە دەست. قۆناخ و پرۆسەی جیاواز لە تێکۆشانی هێزێکی شۆڕشگێڕ دا هەیە کە پێویستە لە گەڵ کۆنسێپتێکی گشتی تر هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. پژاک لە بواری خۆبەرێکخستن و ئامادەکاری بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێران کار دەکات و تاکو هەنوکە پێشکەوتنی بەرچاومان وەدەست هێناوە و ئەوەش خاڵی بە قوەتی پژاکە کە بۆ هەر روداوێک و پڕۆسەیەکی مەیدانی پلان و چارەسەری هەیە.
شارپرێس: حکومەتەکان لەئێران دەگۆڕێن، بەڵام دەبینرێت بەرنامە جێگیرە، ئایا پژاک بیری لە هیچ رێگاچارەیەکی تر کردۆتەوە بۆ نمونە بیری لە رێگای دیالۆگ نەکردۆتەوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد؟
سیامەند موعینی: هیچ دەستەڵاتێکی داگیرکەر و دیکتاتۆر ئەبەدی نیە و رۆژێک دەروخێت. بەباوەڕی من هەموو حیزبێکی سیاسی پلان و بەرنامەی بۆ دوای رۆیشتنی دەستەلاتێک دەبی هەبی، غەیر ئەوە سەیرە ئەگەر بێ پلان کاری سیاسی بکات. ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی لە کوردستان بە تەجروبەی مێژویی بەردەوام لە سەر میکانیزمی چارەسەری پرسی گەلەکەمان لە کوردستان و ناوچەکە بە پلان و پڕۆژەی ستراتژیک و دەمکی کار دەکەین و ساختاری رێکخستنی خۆشمان هەر لە سەر هزری ئازادی دادەڕێژینەوە. دیالۆگ بۆ چارەسەری هەمیشە دەتوانێت باشتر لە شەڕ و ململانێی نیزامی بێت بەڵام دیالۆگ پێویستە دوولایەنە بێت و لە سەر ئوسوولێکی راست لە سەر بەستەرێکی گونجاو بۆ ئەو مژارە، ئەگینا کات بە فیڕۆ دانە. هاوکات ئێمە بۆ رەوشی تایبەت فۆرمولاسێۆنیکمان هەیە کە لە سەر ئەساسی دەوڵەت ئیزافە دێمۆکڕاسی( دەوڵەت + دێمۆکڕاسی ). لە سەر ئەو بنەمایە و بۆ هەر ئەگەرێکی جیاوازتر رێکخستنەکانی خۆمان پتەوتر دەکەین و بۆ ئۆرگانیزەکردنی هێزی جەماوەریش تێکۆشان دەکەین. ئێمە خوازیاری خۆبەڕێوەبەرین لە چوارچێوەی کۆنفدرالیزمی دێمۆکڕاتیک، ئەوەش تەعریفی خۆی هەیە لە تەرمی سیاسیدا.
شارپرێس: ئیدارەی ئێستای ئەمریکا پێداگرە لە سەر رێککەوتن لە گەڵ ئێران، ئایا ئێوە پاڕتە کوردییەکانی تر لەم گفتوگۆیانە راتان چییە و ئەتوانن هیچ رۆڵێک بگێڕن بۆ ئێران و کوردستان؟
سیامەند موعینى: سروشتیە بۆچونی پاڕتەکان لە سەر ئەم مژارە جیاواز بێت و هەر رێکخراوەیەک لە سەر بنەمای فیکری و تێگەییشتن لە سیاسەت شرۆڤەی ئەم بابەتە دەکات. بەڵام ئێمە پێمان وایە ئاجێندای جیاوازی ئێران و ئامریکا بۆ ئەم مژارە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و کۆنسێپتی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێران لە سەر ئەساسی راگرتنی هێژمۆنی خۆی لە ناوچەکە و پاراستنی دەستەڵاتی هەنوکەیی ئیسلامی بۆ گەییشتن بە چەکی وزەیی و ئەتۆمی بۆ بە هێز کردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا هەوڵ دەدات و ئەوەش مەترسیێکە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە، هاوکات بۆ حکومەت و دەستەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کێشەسازە و ناسەقامگیری ساز دەکات. ئامریکا دەخوازێت ئێران لەسەر سیاسەتی هێژمۆنگەرایی و موداخلەگەرایانەی خۆی لە ناوچەکە دەست هەڵگرێت و هاوکات گەییشتنی دەستەڵاتدارانی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بە مەترسیەکی جیدی دەبینن بۆیە حەول دەدەن ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن و لە ئەگەری تر بە بڕوای من لە درێژەی خۆیدا ئاڵترناتیڤی جیاواز لە دیالۆگ دەگرنە پێش. لە هەر ئەگەرێکدا بە بڕوای ئێمە کورد پێویستە ئامادەکاری پێویستی هەبێت و بتوانێت بۆ بەدەست خستنی دەستکەوتی ئازادی پێشهەنگاو بێت.
شارپرێس: هەندێک لایەن دەمێکە داوای بەرەی کوردستانی دەکەن، ئایا ئێوە بیرتان لە بەرەیەکی هاوبەش نەکردۆتەوە، بەتایبەت لە گەڵ نەتەوەکانی تری ئێران؟
سیامەند موعینى: پڕۆژەی بەرەی کوردستانی لە ئەساسدا پڕۆژەی پژاک بوو کە لە دوای کۆنگرەی پێنجەم بۆ ڕای گشتی بڵاوی کردەوە. ئەم پڕۆژەیە لە ١٠ خاڵدا گەڵاڵە کرابوو. کۆمەڵێک لە حیزبەکانی تری رۆژهەڵات، نیشتەجێی باشوری کوردستان بە هۆکاری جیاواز و بەربەست بەتایبەت لە لایەن پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستان پێشگیریان لێکراوە کە بەرەیەکی یەکگرتوو بەهێز ساز بێت. هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و بەشەڕەف دەزانێت کە ئاجێندای پارتی بارزانی لە گەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان گرێدراوە و هەمان ئاجێندای ئەو دەوڵەتانە پەیڕەو دەکات، چ ئێران بێت چ تورکیە.
بۆ پڕۆژەی هاوکاری نەتەوەکانی تری ئێرانیش هاوکات پرۆژەیەکمان گەڵاڵە کرد و بڵاومان کردەوە و لە بواری پڕاکتیکیش هەنگاومان بۆ هاوێشت و بە نیسبەت دەستکەوتیشمان هەبوە.
شارپرێس: بە کوژرانی قاسم سلێمانی دۆخی ئێران لە دەرەوە و ناوەوە زۆر گۆڕا، بە نیسبەت ئێوەوە ئەو گۆڕانکاریانە هیچ دەرفەتێکی بۆ ئێوە رەخساندوە وەک کورد لە ئێران؟
سیامەند موعینى: گۆڕانکاریەکان و کێشەکانی ناو دەستەڵاتدارانی ئێران پێوەندیەکی راستەوخۆیان بە کوشتنی قاسمی سلێمانیەوە نەبوە بەڵکوو ئێران لە ناو قەیرانی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت. قەیرانی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیپڵۆماتیک و ئایدئۆلۆژیک و لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە سەرۆککۆماری، دەرکەوت کە دەستەڵاتدارانی ئێران کەوتونەتە ناو قەیرانی شەرعیەتیشەوە، کە رۆژانە دەبینی خەڵکی ئێران لە سەر شەقامەکانن بۆ داوخوازی جیاواز و بەردەوام رووبەڕوی سەرکوتی هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرانی ئەم دەستەڵاتە دەبنەوە. سروشتیە ناکۆکی دەستەڵات و گەل زیاتر بێت، و ئەمەش دەرفەتی جودا دەخوڵقێنێت بۆ هێزی بەرهەڵستکاری لە دژی ئەم دیکتاتۆرانە. قاسم سولێمانی قاتڵ و خوێنڕێژێک بوو کە دەستی سور بوو بە خوێنی هەزاران مرۆڤ و لە کۆتاییدا مافی خۆی پێگەییشت.
شارپرێس: دیداری نێوان پاڕتە کوردیەکانی رۆژهەڵات بە ناوبژیوانی رێکخراوی نەروێجی لەگەڵ ئێران، بە کوێ گەییشت، بە بڕوای تۆ ئەم شێوازە هەنگاوێکی گرنگە، یا خود هەر کات کوشتنە؟
سیامەند موعینى: ئێمە باوەڕمان بەم جۆرە دیالۆگە نیە و پێمان وایە چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێت و تەنیا خزمەت بە بەردەوامی دەستەڵاتی دیکتاتۆر دەکات. دیالۆگ دەبێ لە سەر بەستەرێکی گونجاو و لە سەر ئەساسی باڵانسی هێز بێت کە تەڕەفەین لە سەر کۆمەڵێک خاڵی دیاریکراو دیدار دەکەن و خوازیاری چارەسەریین. دەستەڵاتدارانی مافیای و ئۆلیگارشیکی ئیسلامی ئێران هیچ چارەسەریەکی بنەڕەتیان بۆ کێشەکان و پرسی گەلان لە ئێران پێ نیە. ئەزمونی سالی ١٩٧٩ دەریدەخات کە ماهیەتی ئەم دەستەڵاتە نە چارەسەریەکی دێمۆکڕاتیکی بۆ گەلی کورد پێیە، بەڵکو بە فتوای خومەینی هێرش کرایە سەر کوردستان و کۆمەڵکوژی لەو دەمەوە بە شێوازی جیاواز بەردەوام کراوە. لەم جۆرە دیدارانە کە لە قەوارەی کارمەندانی دەزگا ئەمنیەتیەکاندا رێک دەخرێت، مەبەستی ئێران پارچەکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتە و لە کاتی خۆیدا بە دژی یەکتر بەکاریان بهێنێتەوە. لە ساڵانی کۆتایی حەفتاکاندا دیتمان دوای ئەوەی هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد بۆ دیالۆگ لە گەڵ تاران ساز کرا کە ویستی جەماوەری کوردی بوو، ئێران لە پەراوێزدا، کۆمەڵێک بەڵێنی بە حیزبێکی ئەو سەردەمی ناو ئەم هەیئەتە دا و لە کۆتاییدا هەیئەتی نوێنەرایەتی کوردی بێکاریگەر کرد و لە درێژەی خۆیدا شەڕی دوو حیزبی ناو گۆڕەپانی سیاسی ئەو سەردەمی لێکەوتەوە، و ئەنجامەکەشی هەمومان دەیبینین. ئەوەش وەک ئەزمون پێویستە هەموو لایەک بە باشی بیبینن.
شارپرێس:ماوەیەکە تورکیا ناوچەکانی ژێر هەژمونی ئێوە بۆردمان دەکات، بەڵام هیچ راگەیەنراوێک بڵاوناکاتەوە ئایا گومان دەکەیت ئەم بۆردمانە بە هاوبەشی بێت لە گەڵ ئێران؟
سیامەند موعینى: گومان لەوە دانیە کە ئێران و تورکیە بە هاوبەشی و هاوکاری ئیستخباراتی و نیزامی بە دژی کوردی ئازاد هاوپەیمانن و هاوکاری سیستماتیکیان هەیە وە ئەوەش دەزانین تەنانەت کە لە سەردەمی سەفەویەکان و قاجاردا، هاوکات کە دژایەتی و بەربەرەکانی جیاوازیان هەبوە لە گەڵ عوسمانیەکاندا، بەڵام بۆ سەرکوتی خواستی گەلی کورد هاوکاری یەکتریان کردوە و ئەوە زیاتر لە چەند سەدەیە ئەم سیاسەتە بەردەوامە. گەلی ئێمە ئەوە باش دەزانن خزمەتکاری و خۆفرۆشی بۆ داگیرکەران لە لایەن کۆمەڵێک نیشتمان فرۆش بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر چ واتایەکی هەیە و بۆ ئەو حکومەتانەش هیچ واتایەکی دیپڵۆماتیکی نیە و تەنیا لە بەرژەوەندی خۆیاندا هێندێک حیزب و کەس بۆ ئاجێندای خۆیان بەکار دەهێنن. پاڕتی بارزانی بەرژەوەندی بنەماڵەییان بە داگیرکەرانی کوردستانەوە بەستۆتەوە و ئەوەش لە پڕۆسەی خۆیدا خەیانەتێکی مێژوییە. لە هێرشی درۆن و تەیارەکانی تورکیەدا چەندین هەڤاڵی تێکۆشەری ئێمە گیانیان لە دەست داوە و ئەوەش ئەگەر هاوکاری خۆفرۆشانی کوردی لەگەڵ نەبێت بێگومان داگیرکەران ئەنجام وەرناگرن.
شارپرێس: دەوترێت فەرماندە سەربازیەکانی ئێران هەڕەشە لە کۆمەڵەکان و دێمۆکڕاتەکان دەکات، بەڵام باسی پژاک ناکەن، لە بەرامبەردا رەخنەگرانی پژاک دەڵێن بەهۆی نزیکی پەکەکە و ئێرانە پژاک کێشەیان نیە، تۆ دەتوانیت پێچەوانەی ئەم رایە بسەلمێنیت؟
سیامەند موعینى: کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو داگیرکەرانی کوردستان زۆر بۆیان گرنگ نیە کام حیزب و ریکخستن بکاتە ئامانج، ئەوان هەموو گەلی کورد بە ئامانج دەگرن و سیاسەتی جیاواز بەکار دەهێنن بۆ لاواز کردنی قەوارەی یەکگرتوویی گەلەکەمان. پژاک ئازادی و رزگاری گەل و نیشتمانی کردۆتە هەدەف و هەموو بەربەستەکان تێکدەشکێنێت بۆ گەییشتن بەو ئامانجە و دوژمن و دۆستی ئەبدی هیچ کەس و گروپێک نیە بەڵکو هەدەفی سەرەکی گەییشتن بە ئازادیە و هەر کەس و لایەنێک ئەو مکانیزمانەی ئازادی بەربەست دەکەن و دیکتاتۆری بە سەر گەلدا پەیڕەو دەکەن خۆیان لە بەرامبەر ئێمەدا دەبیننەوە. ئێمە وەک پژاک سیاسەتی خۆمان پەیڕەو دەکەین ئەویش بەربەرەکانێ بە دژی داگیرکاری و توتالیتاریزمی سیستمی حکومەتانی داگیرکەری کوردستانە.
شارپرێس: ساڵی ٢٠١١ تائێستا کە ٢٠٢٢ دەکرێت بزانین هیچ پێکدادانی قورس لە نێوان ئێوە و سوپای پاسداران روویداوە ئایا ئێوە تا ئێستا پابەندی ئەو رێککەوتننامەیەی ساڵی ٢٠١١ ن ؟
سیامەند موعینى: هەروەک پێشتریش باسم لێوەکرد، هیزی نیزامی ئێمە، ئۆرگانی پاراستنیە و ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر وڵامیان دەدەینەوە. ساڵی ٢٠١١ بە ئاجێندای تورکیە و بە هەدەفی ئۆپراسیۆنی ساندویج، بۆ لەناوبردنی حەرەکەتی ئازادی هێرشێکی بەرفراوانی تورکیە و ئێران و هاودەستی هێزێکی باشوری کوردستان دەستی پێکرد و شەڕێکی رووبەروو لە گەڵ ئێران دەستی پێکرد و لەو شەڕەدا ئێران بە هێنانی هێزێکی ٣٠ هەزار کەسی و کۆماندۆی تایبەت، بە خەیاڵی خۆیان پژاک بە تەواوی لە بەین دەبەن یان تەسلیمیان دەکەن بەڵام هێزەکانی ئێمە لە قوڵایی ئێران هیرشیان کردە سەر پایەگاکانی ئێران و زەربەی قورسیان لێدان، تەنانەت لە ناوەندی تاران هێرشمان کردە سەر پایگای نیزامی سیستم. دوای ئەم جوابدانەوەی ئێمە ئێران مەجبور بوو دەست بە دامانی تەرەفی سێهەم بێت بۆ ئاگر بەس. بەڵام راستە ئێمە هێرشی راستەوخۆی نیزامی ناکەین، ئەوە بەو مانایە نیە کە هێزی نیزامیمان لاواز بووە بە پێچەوانە لەو ماوە ١١ ساڵە دا بە هەزاران شەڕوان پەروەردە کراون و ئەزمونێکی زۆرمان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، رێکخستنی، دیپڵۆماسی و نیزامی بە دەست هێناوە. ئێمە پابەندی ئوسولین و ئەویش ئازادی گەلە. بۆ گەییشتن بە ئازادی تێکۆشان دەکەین و ئامانجمان سەرکەوتنە.”
سەرچاوە : شارپرێس