ئامەد شاهۆ
چەمکی تیرۆر و تۆقاندن لەئەدەبیاتی دەسەڵاتدا، لەو پێناوەدا سەریهەڵداوە تا بەرخودان و كولتوورێكی پێ تێکبشكێنرێت و كولتووری تەسلیمیەت و بێ کولتووری بە سەر گەل و کۆمەڵگادا بسەپێنێت. واتا بە چەمکی تیرۆر و تیرۆریست، گەل لەنرخ و كولتووری ئازادی و دیمۆکراسی دادەماڵن و کۆمەڵگایەکی گوێڕایەڵ و بێ ناسنامە دەخوڵقێنن کە لەپاراستن و رازانەوەی کۆمەڵگا سڵی هەبێت. ئەوەش گەورەترین چەواشەکاری مێژووە کە لەلایەن تۆڕەکانی دەسەڵاتەوە، لەسەر رووباری خۆڕاگری و تێکۆشانی گەلان لەمێژووی کۆنەوە تا بە ئەمڕۆ نەخشێندراوەو بە بەرچەسپی ناڕەوا، دەرفەتی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاری گەلانی خۆڕاگر و ئازادیخواز خۆش دەکەن.
دەوڵەت، بۆ خۆی گەورەترین دەزگای تیرۆرە
بەرچەسپ و مۆرکی تیرۆر؛ ئامرازێکی مەترسیداری ناوەندەکانی شەڕی تایبەتە کە بۆ تۆقاندنی گەل و کۆمەڵگا و راکێشانیان بۆ ناو تۆڕەکانی دەسەڵات لەمێژووی داگیرکەری کوردستانەوە تا بە ئەمڕۆ بە کار براوە و دەبرێت. بۆیە تیرۆر و تیرۆریست، چەکی تێکدانی دیواری خۆڕاگری و تێکۆشانی مرۆڤەکانە. مەکینەی هاڕینی ئیرادەو باوەڕی مرۆڤە شۆڕشگێڕ و نەبەزەکانە.
لەبنەڕەتدا ئەو دوو چەمکە؛ دەمامک و قەڵغانی پاراستنی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە هەرێمیەکان و چەکی لەباربردنی دادپەروەری و یەکسانییە. بۆیە دەوڵەت ئەمڕۆ بۆ خۆی گەورەترین رێکخراوە و دەزگای تیرۆرە. واتا دەوڵەت، سەرچاوە و کانگای هەر جۆرە، تیرۆر، ئەشکەنجە و تۆقاندنە. بۆیە دەسەڵات و دەوڵەت لە سەر چ جۆگرافیایەکدا روابن، لەسەر هزری تیرۆر، شیرازەی کۆمەڵگایان تێکداوە. بەو پێیە دەوڵەت، دەزگایەکە کە کۆمەڵگای لەناو دوورگەی ترس و تۆقاندندا ئەخسیر کردووە. ئەوەش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەی بنەڕەتی دەوڵەت کە بریتیە لە = ئامێری ئایدئۆلۆژی + ئامێری تووندوتیژی + فەرماندەی سەربازی + هونەری بەڕێوەبەری. ئەمانەش ئامێرە دڕندانەکانی دەستی دەوڵەتن کە بەردەوام لەدژی گەل و کۆمەڵگا تیرۆری پێ ئەنجام دەدەن و هەژمۆنی خۆی بە سەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت.
واتا دەوڵەت رۆژانە بە رێگای ئەو ئامێرانەوە لەدژی گەل و کۆمەڵگا تیرۆر بەڕێوە دەبات. لەیەکەمین هەنگاودا لەناو مەکینەی تواندنەوەو بۆردومانی هزر کە خوێندنگایە، زمانی زگماکی، کولتوور و باوەڕی لەیادی منداڵان دەبەن و کولتوور و زمانی دەسەڵاتیان بە سەر دەسەپێنن. ئەوەش بۆ خۆی گەورەترین تیرۆرە کە نەیارانی کورد لەدژی هاوڵاتیان بەڕێوەی دەبەن. چون هیچ تاوانێک لەوە قورستر نییە کە منداڵێک لەکولتوور، باوەڕی و زمانی دایکی داببڕێندرێت. لەبنەڕەتدا ئەوە گەورەترین کردەوەی تیرۆریستیە کە دەسەڵات لەدژی تاک و کۆمەڵ ئەنجامی دەدات. هاوکات پەروەردە کردنی منداڵ، دەکەوێتە خانەی پەروەردەی کۆمەڵگا، بەڵام دەوڵەتەکان ئەو ئاڵانەیان لەژێر دەستی کۆمەڵگا دەرهێناوە و تەنانەت ئەو مافە بە کۆمەڵگا رەوا نابینن و کۆمەڵگای لەسەر تیرۆریزە دەکەن. لەو پێناوەشدا لەژێر پەردەی خوێندندا، حەقیقەتی نەتەوەیەک تیرۆریزە دەکەن.
ئەو کات پرسیارێک دێتە گۆڕێ، کێ لەناو کۆمەڵگادا زۆرترین تیرۆر، ئەشکەنجە و توندوتیژی بەڕێوە دەبات؟ ئەوەش وڵامەکەی زۆر روونە کە گەوهەری دەوڵەتەکان، تیرۆر، ئەشکەنجە و توندوتیژییە. چون دەوڵەت بە چەکی توندوتیژی بووەتە دەوڵەت و بە زۆرەملێ لە زهنی تاکدا وەک باڵۆنێک چەقیبەستووە. بۆیە دەوڵەتی شکەنجەگەر و توندوتیژ، راستەوخۆ دەوڵەتی تیرۆر و تیرۆریستە. دەوڵەت بۆ ئەوەی دەسەڵاتداری لەسەر کۆمەڵگا بسەپێنێت، بە تیرۆریست ناساندنی، دەرفەتی سەرکوت و چەوساندنەوە و خۆبەدەستەودانی بۆ خۆش دەکات. کاتێک دەوڵەت لەسێیانەی پیاوی بەهێز و فێڵباز + پیاوی خاوەن ئەزموون و ریش چەرموو + شامان پێکدێت، دەبێتە گەورەترین رێکخراوەی تیرۆریستی. چون تیرۆریست کەس و هێزێکە کە کۆمەڵگا هەژار، بێکار، ئاوارە، بێ هیوا و بێ دین و ئیمان دەکات. تەنیا کەس و هێزێک کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای غەڵتانی ئەو دیاردانە کردووە، دەوڵەتە. واتا ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتی تیرۆریستی و بێ دین و ئیمانی ناوچەکەن کە بەردەوام لەدژی کۆمەڵگا ناو کردەوەی تیرۆریستی و چەپەڵدان و بە شێوەیەکی دماگۆژیانە ئەو کردەوە تیرۆریستیانەیان پەردەپۆش دەکەن.
تورکیا و ئێران، دوو رژێمی توندوتیژ و تیرۆریستین
تورکیا و ئێران دوو دەوڵەتن کە زۆرترین گرتن، تیرۆر و توندوتیژییان لەدژی گەل و كۆمەڵگا بەكارهێناوە. واتا هەر دوو دەوڵەت بە توندوتیژی و تیرۆر، دەسەڵاتی خۆیان بە سەر گەل و كۆمەڵگا سەپاندووە. رژێمی داگیرکەری ئێران و تورکیا لەژێر پەردەی تیرۆر، فەرمانی جیهاد و فەتح کردنیان لەدژی کوردان دەرکردووەو بە تۆمەتبارکردنی کوردان بە کوفرەوە، تا بە ئەمڕۆ کۆمەڵکوژیان دەکەن. رژێم گوایا لەژێر ناوی نەهێشتنی کوفر و تیرۆریست لەکوردستان، رەوایەت بە کردەوەی تیرۆریستی و توندوتیژی خۆی دەدات. رۆخساری تیرۆریستی لەژێر پەردەی پێشمەرگەی موسلمان و جەردەوانی حەشار داوەو ئەو کەس و لایەنانەی کە جیا لەبەرژەوەندی رژێمە داگیرکەرەکان بیربکەنەوە، بە تۆمەتی تیرۆر و جیاخواز و ئاژاوەگێڕ؛ قۆڵبەست، لەسێدارە و کۆمەڵکوژیان دەکەن.
رژێمی داگیرکەری ئێران و تورکیا، دوو رژێمی توندوتیژ و تیرۆریستین. چون بۆ مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات، توندوتیژی و تیرۆریان لەناو کۆمەڵگا بە سیستەم کردووە. واتا هزری تیرۆر لە ناو کۆمەڵگادا لەسەر دوو ئامانجی سەرەکی؛ بڵاوکردنەوەی ترس و وەحشەت و تێکشکاندنی ئیرادەو رۆحی خۆڕاگری و تێکۆشانی دیمۆکراتیکی گەل بەڕێوە دەبەن.
بۆیە تیرۆر تۆخمی چەکەرەکێشانی ترس لەناخی مرۆڤدایە کە چاولەدەست و کۆیلەتی لێ شین دەبێت و مرۆڤ دەستەمۆ و گوێڕایەڵی پیلان و بەرنامەی داگیرکەران دەکات. واتا دوو دەسەڵاتی ئیران و تورکیا، هێمای تیرۆر و کۆمەڵکوژی و کانگای ترس و وەحشەتن. بە تیرۆریزە کردنی پێشەنگ و تێکۆشەرانی گەلی کورد، ئەو هێزانە دەیانەوێت تێکۆشانی ئازادیخوازی و دیمۆکراسیخوازی گەلی کورد لەبار بەرن. نزیکە نیوسەدەیە ئەو هێزانە راستەوخۆ گەلی کورد بە بیانووی تیرۆر کۆمەڵکوژ دەکەن.
هێزێکی کارکەر، رەنجدەر و گیانفیدا، لەسەر چ لۆژیکێک تیرۆریزە دەکرێت؟
بۆ ئەوەی پیلانی داگیرکردنی کوردستان بە ئەنجام بگەیەنن، پەکەکە وەک پارتێکی پێشەنگ و فیدایی گەلی کوردیان بە تیرۆریست لەقەڵەم داوەو بەو پێناسەیە دەستگیری و شەهید کردنی، کادیر و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی رەوا دەکەن. بەس چۆن دەبێت پارتێک کە ئەمڕۆ بە جەماوەری بووبێت و درووشمێکی وەک؛ “پەکەکە گەلە و گەلیش لێرەیە” بەرز کردبێتەوە، بخرێتە لیستی تیرۆرەوە؟ حیزبێک کە ئیرادەی ئازادی و نەبەزی لەتاکی کورد و گەلانی ناوچەکە زیندوو کردووە و خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان ئامانجێتی و بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆر، زۆڵم و زۆری و نادادپەروەری، گەورەترین قوربانی بەخشیوە، لە سەر چە بنەمایەک تیرۆریزە کراوە؟ هێزێک کە بە پارتی کارکەرێن کوردستان – پەکەکە ناسراوە، واتا هێزێکی کارکەر، رەنجدەر و گیانفیدا، لەسەر چ لۆژیکێک تیرۆریزە دەکرێت؟ لەسەر چ یاسا و رێسا و داب و نەریتێک رێبەر ئاپۆ رفێندراوەو بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوەو هەر جۆرە گۆشەگیری توندی لەسەر فەرز دەکرێت؟ مادام رێبەر ئاپۆ خاوەن پارادیگمای کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ژینگەپارێز و ئازادی ژنە، چۆن دەکەوێتە خانەی تیرۆرە. یان پەکەکە کە لەدژی گەورەترین هێزی تیرۆر و تاریک پەرەستی داعش تێکۆشاو ئەو هێزەی تێکشکاند، چۆن ئەو هێزانە بەو پێناسە و تۆمەتانەیان شەرمەزاری مێژوو نابن. ئەگەر کەس و هێزێک لەسەر ئەو پارادیگما بەرچەسپی تیرۆری لەسەر درابێت، داخۆ هەمان ناوەند خاوەن چ کارنامە و کردەوەیەکە؟ چۆن دەبێت رێبەر ئاپۆ لەسەر پڕۆژە و بەرنامەی پەروەردە، رێکخستن و گەشانەوەی چالاکی کە زمانی دیمۆکراسییە بە تیرۆریست بناسێنرێت. هێزێک کە لەپێناو پاراستن درێژەدان بە هەبوونی، لەسەر هێڵی پاراستنی رەوا، پاراستن لەگەل و کۆمەڵگا دەکات بە چ پێوەرێک تیرۆریزە دەکرێت؟
تیرۆریزە کردنی گەلی کورد، سووکایەتی و گاڵتەجاڕییەکی مەزنی مێژووییە
ناوەندەکانی شەڕی تایبەت، گەلی کورد بە گەلێکی توندوتیژ، شەڕانگێز و تیرۆریست لەقەڵەم دەدەن و پاراستنی رەوای گەلی کورد بە شەڕی چەکداری دەچوێنن کە گوایا گەلی کورد، گەلێکی یاخی و بکوژە کە مرۆڤ تیرۆر و راوڕووت دەکات. ئەو پێناسەش بۆ بە لاڕێدا بردنی هێزی بەرگری گەل و پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کوردە. ئەوەش سووکایەتی و گاڵتەجاڕییەکی مەزنی مێژووییە کە دەرحەقی گەلی کورد کراوە، چون پەکەکە، گەلە و گەل هەرگیز ناکەوێتە خانەی تیرۆرەوە.
واتا گەل بۆ خاوەندارێتی لەرێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیخوازی، هەڵمەتی “دەرخستنی پەکەکەی لەلیستی تیرۆر” دەستپێکردووەو ئەوەش وەفاداری و پابەندی گەل بە رێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەخاتەڕوو کە رۆژ لەدوای رۆژ پانتایی ئەو هەڵمەتە فراوانتر دەبێت و بەوەش ئەو بەرچەسپە ناڕەوایە، بێ بایەخ و بێ نرخ دەکرێت و دەرفەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد دەڕەخسێنیت. بۆیە تێکۆشان لەپێناو دەرهێنانی پەکەکە لەلیستی تیرۆر، تێگەهێشتن لەحەقیقەتی ئازادی و زامنی سەرکەوتنی شۆڕشە. واتا دەستپێکردنی ئەو هەڵمەتە قۆناخێکی نوێ تێکۆشانی هزری دیمۆکراسی لەدژی دیکتاتۆری و فاشیزم دەخاتەڕوو و بەربڵاوبوونی سەنگەری دیمۆکراسی و ئازادی لەدژی زیهنیەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری قایمتر و بەهێزتر دەکات و پەردە لەسەر جیهانی درۆ و چەواشەکاری سەرمایەداری دادەماڵێت. بۆیە رووناکی تێکۆشانی ئازادیخوازی کورد ئەمڕۆ لەسەرتاسەری جیهان دەدرەوشێتەوە و گەلی کورد لەجەنگی ئازادی، رووپەلێکی دیکەی زێڕین تۆمار دەکات. بێگومان پریشکی ئەو جەنگە، زیهنیەتی بەستەڵک کراوی رژێمی داگیرکەری ئێرانیش هەڵدەتەکێنێت و شەپۆلی تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراسی گەلان، کۆتایی بە دەریای زۆڵم و نادادپەروەری ئێرانیش دێنێت.