زیلان سەقز

 

زۆر جار کاتێک بیر لە هەندێک شت دەکەمەوە و بە باشی لێی تێدەگەم، لە ناخەوە هەست دەکەم کە ئەمرۆ ئەو ژیانە ناشیاوە، ناڕەوایە و بەلارێدا چووە بۆ بەم شێوەیە؟ چوونکە مێژوو باشترین و بە هێزترین سەرچاوەیە بۆ ئەوەیکە مروڤ لە ئەمرۆدا ببێت بە خاوەن زانیاری و تێگەیشتن لە دوونیای سێکۆلار، تيکنۆلۆژیا و زۆرشتی دیکە.

بەڵام بە داخەوە ئێمە وەکوو مرۆڤی کورد یەکێک لەو گەلانەین کە زۆر گرینگی بە مێژوو نادەین. ئەو راستیەش هەیە کە ئێمە بە دەستی هێندێک کەسی دیکە خراوینەتە ئەم رەوشەوە و بە سەرمان دا سپێندراوە و بە تایبەتی لەسەرمان کار کراوە بۆ ئەوەیکە لە ساتێک دا کارە ساتە هەرە تراژێدیەکانیش لە بیر بکەین. ئەو شێوە ژیانەش وای لێ کردووین کە هیچ کات بیر لە شتێک بە ناوی ژیانی نوێی ئازاد و یا بنبڕ کردنی کۆیلایەتی نەکەینەوە. یا هیوایەتێکی نەبێت کە هەوڵی تێکۆشانی بۆ بدات و لە ئەمرۆداش ئەو شێوە ژیانە زۆر بە ئاسایی و تەنانەت رازاوە، خۆش دەبینرێت و مرۆڤی کورد ژیانێک کە جەلادەکەی بۆی ساز کردووە لە ئامێزی دەگرێت و ناتوانێت بۆ ساتێکیش لەی داببڕێت، یەکێک لەو رئالیتە ناخۆشانەی کە ئێمە مرۆڤی کورد مەحکوومین و پێیەوە زنجیر کراوین بنەماڵەیە. لە هیچ شۆنێکی دوونیا لەو ئاستە دا مرۆڤەکان مەحکوومی ژیانی ناو ماڵ و بنەماڵە نەکراون، لێرەدا بەتایبەتی دەبێت ئێمە ئاماژە بەو ڕۆلە وەحشەتەی کە بە ژنیان داوە لە ئەمرۆ دا بکەین.

ئەگەر بمانهەوێت پێناسەیەکی راست لە هەبوونی کەسایەتی ژن بکەین پێویستە ئاماژە بە رۆڵی مێژووی کۆمەڵایەتی ژن لە تاریخی کودستان دا بکەین. بێ سەردان و تێڕوانینێکی راستی مێژوویی ناکرێت و ناتوانرێت وێنەیێکی راست لە ژن راخڕێتە بەر چاو. لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی و کوردایەتی دا، ژن پێشەنگانە و داهێنەرانە باری قورسی گەشە پێدان و داهێنانی کۆمەڵگەی لەسەر ئەستۆ گرتووە. لە هەموو بوارەکانی ژیان دا چالاکانە و بێ بەربەست بەشداری سەرکەوتووانەی هەبووە، مێژووی قارەمانیەتی ژنی کورد لە ئەفسانە و چیرۆک و بەیت و حەیرانەکان دا سینگ بە سینگ هاتووە و بۆتە بەوانەی سەرکەوتن.

لە رۆژی ئەمرۆدا پلەداری واتا ئایدیۆلۆژی دەسەڵات کە بە رەگەزپارێزی بارکراوە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکیەکانی جیاکردنەوە. چینایەتی گەشە پێدانی کۆیلایەتیە و هەروەها بە تەشەنەسەندی عەقڵیەت و زەهنیەتی پیاوسالاری ناتەبا لەگەڵ راستەقینەی کۆمەڵگا قۆناغ بە قۆناغ پاشەکشە بە بەشداری ژن لە نێو کۆمەڵگەدا کراوە.

لەسەر ناوی داب ونەریتی چەواشەکراو، شرۆڤەی ناڕاست لە ئایین و دین، پراوێز خراوە و بێ پەروەردە هێشتراوەتەوە و لە پێش بەشدار کردنی کۆمەڵایەتی ژن لەمپەر ساز کراوە. سرووشت و هەبوونی ژن وەک لاوازی، بێکەڵکی و بێ هێز نیشان دراوە، ئەوانە وەک تانە و سەرزەنشت بە کارهێنراوە. گۆڕەپانەکانی کۆمەڵایەتی لێ زەوت کراوە، لە چوارچێوەی تەنگی ژیانی ناو ماڵ و بنەماڵەدا مەجبوور وەرگیراوە. ئەو کردار و رەفتارەی کۆمەڵگەی پیاوسالاری، بۆتە هۆی لەبار بردنی وزە و هێزی سەرەکەی کۆمەڵگا، واتا ژن. ئەویش کۆمەڵگایەکی لاواز و دوور لە داهێنەری و خوڵقکاری ساز کردووە. دەر ئەنجامی ئەو کردەوە دژە ژن و رەگەز پارێزانەیە و دواکەوتنی کۆمەڵگایە.

کاتێک لە سەرەوە باسی رۆلی وەحشەتی ژن دەکەین، مەبەستمان لە لەش فرۆشی، پۆرنۆگرافی، ئێرۆتیزم  و بەسەدان شتی دیکە کە بەڕاستی بێجگە لە داخستنی کەسایەتی ژن هیچ شتێکی دیکە ئیفادە ناکات. سەردەمی کاپیتالیزم، تەکانە مێژوویە کە هەبوونی کەسایەتی ژن کەوتبێتە مەترسیدارترین و وەحشەتناک ترین دۆخی ژیان، لەبەر ئەوە رێبەر ئاپۆ دەڵێت: مێژووی کاپیتالیزم لە هەمان کات دا مێژووی دۆڕاندن و ونبوونی ژنە.

لەبەر ئەویش ئێمە وەک ژنانی گەریلا، سەرەتا بیر و رامانی رێبەرەکەمان، دواتر شیوەی ژیانمان وەکی ئالتێرناتیو پێشکەشی هەموو ژنان بە تایبەتی ژنانی کورد دەکەین؛ بۆ ئەوەیکە بتوانین زهنیەتی پیاوی رەگەز پەرەست و زهنیەتی ژنی کۆیلە و تەسلیمکار ڕامالین دەبێت خاوەن هەوڵ و تێکۆشان بین، چونکە ژن نیوەی وزەی کۆمەڵگایە. هەر تاکێک پێویستە ئەوەی بزانێ و دەرکی پێ بکات کە کۆمەڵگا  بە نیوی وزەی خۆیەوە ناتوانێت هیچ پێشکەوتنێک تۆمار بکات.

ئەگەر ژنی کورد بەڕاستی ببێت بە خاوەن هەوڵێکی چر و پڕ دەتوانێت جارێکی دیکە جوانی، داهێنەری و خوڵقکاری بگەرێنێتەوە نێو کۆمەڵگا، ئێمەش وەکوو ژنانی گەریلا هەموو ژیانی خۆمان تەرخانی خەباتێکی بەو شێوە پیرۆز کردووە.

هەر خەباتێک کە خزمەتی ئازادی و بنەبڕکردنی کۆیلایەتی بکات، ئێمە پاڵ پشتیانین و ماندوو نەناسانە لە هەوڵ و خەبات داین، ئەمرۆ ئەنجامی ئەو هەوڵ و خەباتەش، لە حەفتانین، زاگرۆس و مەتینا زۆر بە راشکاوانە لەبەر چاوە کە بە سەدان گەریلای کچ و کوڕ فیداییانە شەڕ دەکەن و گیان بەخت دەکەن. ئێمە دڵنیاین لەم شەڕە دا ئازادی و دادپەروەری بەسەر دەکەوێت.

سەرچاوە: گۆڤاری ژیلەمۆ ژمارە19