هاوسەرۆکی کۆدار گوڵان فەهیم لەبەشداری کردنی لە بەرنامەی هێڵی٣دا  وتی: ئێران پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە و داخوازی گەلان ڕەوایە، چون داوای مافی رەوای خۆیان دەکەن. پێویستە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بە تاک و حیزبەوە سنووردار نەمێنێت و لە نێوان هەموو نەتەوە، چین و توێژەکان بڵاو بێتەوە.

گوڵان فەهیم سەبارەت بە ئاستی تێکۆشانی ژنان کە بە پێشەنگی هەڤاڵ سارا و هەڤاڵانی کە بە پیلانگێڕی شەهید بوون ئاماژەی بەوەدا: لە سەرەتا دا پێویستە هەموو شەهیدانی شۆڕش لە کەسایەتی شەهید سەکینە جانسز دا بە بیر بێنینەوە. هەڤال سارا چل ساڵ  بە بێوچان تێکۆشانی بە ڕێوە برد. لە ناو زیندان و لە دەرەوەی زیندان و لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشان دا، بووە سەمبۆلی خۆڕاگری و ژنی ئازاد. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڤاڵ شیرین عەلەمهوولی بەردەوامکەری خەتی شەهید سارایە. دوژمن لە کەسایەتی ئەم هەڤاڵانە دا ویستی هێڵی ژنی ئازاد سەرکوت بکات، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بە فیڕۆ چووە و بە پێچەوانەوە تێکوشان مەزن و گەشتر بووە. چالاکی و خاوەندارێتی ژنان تا بە ئەمڕۆ لەپێناو ڕوون کردنەوەی ئەو قەتڵ و عامە بەڕێوە دەچێت و هاوکات لەپێناو  دەربڕینی داخوازی و مافە رەواکانیانە. دەوڵەتانی هاوکاری ئەو کۆمەڵکوژییە، پێویستە وەڵام و حیساب ئەو کردەوە دڕندانە بدەن.

هاوسەرۆکی کۆدار لەهەڵسەنگەندنەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر سیاسەتی داگیرکەری رژێمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و دەڵێت: رژێم لەهەوڵدایە کە قەیران و کێشەکانی لە ئاستی دەرەوە بە ڕێگای هاوپەیمانی نوێ چارەسەر بکات. ئەم هەوڵانە تەنیا بۆ دروستکردنی بۆریێکی نەفس کیشانە تا لە ناو نەچێت. کێشەی هەموو نەتەوەکان کە لە ناو جوگرافیای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا ژیان دەکەن زۆر جدییە و ئاستی داخوازییەکان زۆر بەرزبووەتەوە. ئەگەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ناو سیستمی ئێران دا درووست نەبێت رژێم مەحکوومی لە ناو چوونە. رژێمی داگیرکەری ئێران هیچ گرینگیەک بە ناسنامە و مافی گەلانی نادات. زۆر بە ئاسانی مامۆستایان و خویندکاران بە تۆمەتی سیاسی مەحکووم دەکات، لەکاتێکدا داخوازی ئەو پێکهاتانە پێداگری لەسەر کولتوور و ناسنامەی ئازادیانە.

گوڵان فەهیم سەبارەت بە ئاوابوونی کۆمیتەی ئینقلاب و هەنگاوی دووەمی ئینقلاب لەناوخۆی ئێران رایگەیاند: داگیرکەری ئێران هەوڵیدا کە مەلاو رۆحانیەکان وەک چینێکی نەرم و رێفۆرمخواز نیشان بدات، بەڵام ئەوە هەوڵەی سەری نەگرت و ناچار ما، دەوڵەتێکی یەک رەنگ و یەک تیپ ئاوا بکات، بۆ ئەم مەبەستەش ئیبراهیم رەئیسییان هێنایە سەر دەسەڵات. دوا بەدوای ئەوەش رژێم لەچ جێگایەک توانای چارەسەری کێشەکانی نەبێت، لەو ناچەدا رووبەڕووی بەرخۆدان و تێکۆشانی رەوای گەلان بووەتەوە. رژێم لەپێناو سەرکوت و چەوساندنەوەی ئەو هێڵە بەرخۆدانە کۆمیتەکانی هاوشێوەی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ سەرکوتی گەلانی ناڕازی دادەمەزرێنێت. مامۆستایان، هەڵبەستوان و خویندکاران لەپێناو بیرو باوەڕیەکانیان سزا دەدرێن. کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری ئێران چارەسەری بۆ قەیرانەکان نادۆزیتەوە هێرش کردنە سەر زیندانییە سیاسیەکان چڕتر دەکات، تا قەڵای خۆڕاگری گەلان تێکبشکێنێت.

گوڵان فەهیم سەبارەت بە بەرخۆدانی تێکۆشەرانی گەلان لە زیندانەکانی ئێران رایگەیاند: ئەمڕۆ لە زیندانەکانی ئێران لەدژی زۆڵم و زۆری رژێم بەرخودان و تێکۆشانی بەهێز بەرێوە دەچێت. بەرخۆدێری لە بەرامبەر زەخت و ئەشکەنجەی وەحشییانەی ئێران هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژییە و رەت کردنەوەی زیهنیەتی داگیرکەرییە. بۆیە نابێ تێکۆشان تەنیا بە چەند شەخس یان گرووپ و حیزەبەوە سنووردار بمێنێت، پێویستە ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانانە بکرێتە ماڵی گشتی. ئەو بەرخۆدانەش بێگومان رژێم ناچار بە پاشەکشە دەکات.

هاوسەرۆکی کۆدار لە کۆتایی قسەکانی دا جەخت لەسەر پڕۆژەی چارەسەری و پڕۆژەی تەڤگەری ئازادی خوازی کوردستان دەکات و دەڵێت: پپویستە تێکۆشان تەنیا بە بەشێکی کوردستانەوە سنووردار نەمێنێ، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ هەر پارچە هەوڵ بدات برەو بە تێکۆشانی دیمۆکراتیکی گەلان بدات. ئێمە دەمانهەوێت بە فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ، سەر لە نوێ مافی بەڕیوە بردنی وڵات و سیاسەت و هەموو گۆڕەپانەکان بخەینەوە دەستی گەل و کۆمەڵگا. پڕۆژەکانمان لە سەر بنەمای پارادیگمای رێبەر ئاپۆ، کۆمەڵگای ژینگەپارێز، دیمۆکراسی و ئازادی ژن داڕشتووە و بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک گوڕ بە تێکۆشانمان دەدەین.