بەرە بەیانی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١هەتاوی، لە ناو ژوورێکی بچکۆلەی سارد و سڕ دا، کورەیەکی شکاوی نەوتی پشوو سوار داییسێ و لرفە لرفی لێوە دێت. ٣٧ مناڵی وردیلەی چاوگەش، سێ سێ لە سەر کورسیەکان پاڵیان داوەتە یەک و گوێ ڕایەڵی مامۆستاکەن. بە هەزاران ئاوات و ئارەزوو لە ناو مێشکیان دا دێت و دەچێت.  دەیان هەوێت کە گەورە بوون، ئاواتەکانیان بە ڕێگای خوێندن بهێننە دی؛ بەڵام بێئاگا لە وەی کە لەناو مەکتەب دا و پشتی لرفە لرفی کوورەی ڕزیوی ژەنگ هەڵگرتوو چی چاوەڕێیان دەکات.

یەکیان دەی ویست ببێتە مامۆستا و ڕێگای فەرزاد کەمانگەر و سەمەد بێهرەنگیەکان بەردەوام بکات و نەهێڵێت ئەو ئازارەی کە ئەو چێشتوویەتی مناڵانی دوای خۆێ بیچێژن و بە جێگەی وانەی عەمامە لە سەری مەکتەبی داگیرکاری و ئەو پەروەردەی کە داگیرکەر دەیهەوێ لە ناو مێشکیان دا بیچێنێ، وانەی عەشق و ئازادی بڵێتەوە. دەیهەوێ  بە جێی زمانی دەسەڵات، مناڵان بە زمانی شیرینی دایکی بدوێنێ و پێیان بگەیێنێ. دەیهەوێت بە جێگەی مێژووی درۆینەی دەسەڵات، مێژووی ڕاستەقینەیان وەک وانە پێ بڵێ. مناڵە چاوگەشەکان فێری ژیانی ڕاست بکات و کلتووری ڕاستینەی گەلی کوردیان پێ بناسێنێ.

یەکی تر لەو مناڵە چاو گەشانە، دەی هەوێت لە داهاتوو دا نەهێڵێت هیچ بابێک دەست لەسەر دایک و مناڵەکانی هەڵ بهێنێتەوە و لێیان بدا و پێیان دادا؛ چۆن هەر ڕۆژ کە لە دوای مەکتەب ڕێگای ماڵەوەی دەگرتە بەر، لەگەڵ ئەو بەسەرهاتە بەرەو ڕوو بوو. لە بەر دەستی باوکی وێڕای دایکی لێدانی  دەخوارد و دەدرایە بەر جنێو، چۆن نەیدەویست لە ماڵەکەیان دا شەڕ و لێدان هەبێ. یەکی تر لەو مناڵانە باوکی بڕیاڕی دابوو بە جێگەی ئە بڕە پارەی کە قەرزدار بوو، بیدات بە پیاوێک کە 20 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو. ئەو دەیویست لە داهاتوودا ببێتە چالاکوانێکی بواری ژنان  و ببێتە پشت و پەنای مناڵانێک کە بە زۆر بە شوویان دەدەن. دەیویست پێش لە تەجارەت کردن بەسەر ژنانەوە بگرێت. هەروەها ببێتە تێکۆشەرێکی ڕێگەی یەکسانی ژن و پیاو. ئەوی تریان کچە شەهیدێکی ڕێگەی ئازادی بوو. باوکی پێی گوتبوو کە داگیرکەر چۆن دەستی درێژی وڵاتمان کردووە و بە لەشی بێ نوێژی چۆن هاتۆتە سەر ئەو ئاو و خاکە و چۆن لە قەتل و عامی گەلمان جۆگەلە خوێنی ساز کردووە. فێری کردبوو کە گەورە بوو ببێتە شۆڕشگێڕ و ڕێگای شەهیدان بەردەوام بکا و چەکیان لە شان، تاکوو بتوانێ داگیرکەر و ئاسەواریان لەسەر ئەو وڵاتە بسڕێتەوە.

هەر ٣٧ مناڵە چاوگەشەکەی شیناوێ بە دەیان خەیاڵی ڕەنگاو ڕەنگ و بەرزەفڕانەیان لە دڵ و مێشکیان دا پێ دەگەیاند. بەلام کوورەی شکاو کە هەر وەکو دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بە لرفە لرف خەریکە خۆ لە ناو مێشکی گەلی کورد دا بتەقێنێتەوە و خۆی بەجێ بکا؛ لە ناکاو و لە چاو ترووکاندنێک دا تەقیەوە و بەندی خەیاڵی مناڵانەی پچڕاند. ژوورەکە گڕی گرت و لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکان بە وێنەی دیکتاتۆڕێکی مرچ و مۆنی ڕیشن، بوو بە سووتەمەنی و گڕی ئاگری سەر جەستەی مناڵانی گەشاندەوە. ژوورەکە پڕاو پڕ لە ئاگر و دووکەڵ، دوو لەو منداڵانە وەک پەپوولەیەکی باڵ سووتاو بە هەزاران خۆزگەو ئاوات گیانیان لە دەست دا و ئەوانی تریش بە گرانی سووتان و بریندار بوون. ئێستاکەش شوێنی سوتانەکە هەر لەسەر جەستە و رووخساریان دا ماوەتەوە. لە چەند شوێن بە دژی دەزگای پەروەردەی رأێمی ئێران خۆپێشاندان کرا و دەیان کەس گیران. دەوڵەتی دژە گەلانی ئێران بۆ ئەوەی کە ئەو بابەتە زیاتر پەرەنەستێنێ و پەردەپۆشی بکات؛ ویستی کە بە پارە بێدەنگیان بکات و بەڵێنی ناردنیان بۆ دەرەوەی ئێران و چاک بوونەوەی پێ دان، بەڵام هەر لە چوارچێوەی وادە و بەڵێنی دا مایەوە و پێکی نەهێنا. ئەو مناڵانە بە دیار بنەماڵەکانیانەوە هەر چەند ماوە جارێک دەبا ڕێگای ١٨ ساعەتیان بڕیبا، ئەویش تەنیا بۆ واژۆ کردنێک.لە هەمووی ئەو چوون و هاتنانەدا هەر ئەوڕۆ و سپەی پێ کرا. کە ئەو بابەتەش لە سیستێمی برۆکراتیکی رژێمی ئێران دا بۆمان ناکۆک نیە و هەر کەسێک بەهەزاران بابەتی وای بۆ پێش هاتووە. بڕۆ سپەینێ وەرەوە؛ تا کاتێک کوو ماندوو و جاڕز دەبی و وازی لێ دێنی، چوونکە بەڵێنەکانی دەسەڵات نەهاتنە دی و پاش گوێیان دا، برینەکانیان ساڕێژ نەکرا و دوای ماوەیەک قامکی چەند لەو کچانە بڕدراوە و ئیدی ئەو جارە نەیان دەتوانی کە ئیمزاش بکەن.

 کچانی شیناوێ یەک لەو کارەساتانەیە کە لە ساڵیادە دڵ تەزێنەکەی دا خستوومانەتە بەر باس،هەر ساڵ ئەو کارەساتانە لە وەرزی سەرمادا لە کات و شوێنی جیا جیا دووپات دەبنەوە. تەنیا بەوەش سنوور دار نامێنێ و ڕووداوی جیا جیا وەک ڕووخانی بینا کۆنەکانی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەویش بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی دەیان خوێندکار. ٤٢٪ لەو مەکتەبانەی کە مناڵان دەچن تیایدا دەرس بخوێنن لە وەها بارودۆخێک دان. زۆرینەی ئەو مەکتەبانەش لە گووند و ناوچە سنووریەکانن کە ئاوڕیان لێنادرێتەوە و دەسەڵاتی خۆداسەپێن چاوی لێ کوێر کردوون و گوێشی کەڕ. ئەو کارەساتانە رووداو گەلێکن کە لە بەر چاون و دەتوانین بە ڕێگەی دەزگا هەواڵگریەکان یا خود ڕاستەوخۆ بیان بینین و بیان بیسین . بەڵام ئەوەی کە لەبەر چاو نیە و لێمان شاراوەیە  قڕکردنێکی کلتووری سیستماتیکە کە یەک لەو شوێنانەی کە بەرێوەی دەبات، دەزگا پەروەردەییەکانی سیستمی قڕ کەرە. نەک هەر لە مەکتەبەکانی داگیرکەری ئێران دا، بەڵکوو هەر دەسەڵاتێک دەیهەوێت مناڵان بە بیری خۆی پەروەردە بکات و بۆ خۆ لە سەر پێ ڕاگرتن کەسانی گوێڕایەڵی باش پێبگەیێنێ. دەتوانین بڵەین سیستەمێکی کۆیلەسازی لە ڕوودا نەرمە، بەڵام قووڵە و کاریگەری لە سەر دڵ و مێشکی مرۆڤەکان دادەنێ. پێشە ڕۆژ وەک کارمەند و ئەرک پێسپێردراوێکی باش بۆ سیستم لە خزمەتی خۆی دا بەکاریان دێنێ.

پەروەردەی سیستەماتیکی دەسەڵاتەکان لە بنگە دا بۆ پێگەیاندنە لە سەر ویست و خواستی دەوڵەتەکان و بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی دەسەڵات داریەکەیان. دەسەڵات هێزی کۆمەڵگا و توانستەکەی زەوت دەکا و وەک هێزی بزوێنەری مکانیزمی دەوڵەت، بۆ جێگرەوە لە پێشە ڕۆژ دا ئامادەی دەکا و بەکاری دێنێ. لە ئەگەری پەک کەوتنی ئەو هێزە دا، ماشێنی دەوڵەت ڕادەوەستێ و لە جووڵە دەکەوێ. هەر بۆیە دەوڵەتەکان پەروەردە لە چوارچێوەی پێگەیاندنی هێزی کاری گوێڕایەڵی سیستم دا بەکار دێنن. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ئینسانەکان سەرەتا بە سیستەمێکی قڕ کردن و سڕینەوەی شووناس و ئیرادە دا دەرباز بکەن و ئازادیان لێ زەوت بکەن. لە ئەگەری تێپەڕ بوون بەو سیستمە دا ئینسانێک دەردەکەوێ کە بەسەر چاو بەسەر چاو، وشەی سەر زمانیەتی و بۆ هەر چەشنە خزمەت گەیاندن بە سیستەم ئامادەیە. ئەگەر بێت و ئەو تێپەڕ بوونە بە گوێرەی سیستەم بەڕێوە نەچێ و لە ناوەڕاستی ڕێ گۆڕانکاری تێدا بکرێ(کە هەڵبەت دەسەڵات دژی ئەو گۆڕانکاریانەیە و چاوی پێ هەڵنایەت و لە ئەگەری ئاشکرا بوونی هەوڵی لە ناو بردنی دەدا) ئەوا کەسێک دەردەکەوێ کە تا ئاستێک لەو سیستمە قیزەونە تێگەیشتووە و بەرەنگاری دەبێتەوە، کە ئەویش دەتوانێ ببێتە هێزی شۆڕش. زۆرن ئەو شۆڕشگێرانەی کە لە زانکۆکان دەرکەوتن و ویستیان پەروەردە و پێگەیاندنی ئینسانەکان بێننەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆی و لە خزمەتی دەسەڵاتی دەوڵەت گەرا دەری بخەن و بیخەنەوە خزمەتی کۆمەڵگا. کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە پەروەردە پێدەگا و گەورە دەبێ، بەڵام وشیاری لە سەر چۆنیەتی پەروەردە خاڵێکی سەرەکیە و هەر پەروەردەیەک ناکەوێتە خزمەتی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی.

هەر مناڵێک کە بەرەو ڕووی پرسی» لە داهاتوو دا دەتهەوێ چی بکەی؟» دەکەیەوە؛ لە وڵام دا باس لە خزمەتگوزاری کۆمەڵگا بێ چاوەڕوانی و بە دوور لە بەرژەوەندی مادی دەکا، جا ئەگەر بیهەوێت ببێت بە شۆڕشگێر، مامۆستا یا خود وەستا لە پیشەیەک دا. سیستمی پەروەردەی دەوڵەت سیستمی کووشتنی خەیاڵ و ئاواتی مناڵیمانە. ئەو سیستمەی کە هێدی هێدی لە کۆمەڵگا داماندەبڕێ و بەرەنگاری کۆمەڵگای خۆمان دەکاتەوە. ئەگەر کوو ئەوڕۆ کەسانی بە نێو مامۆستا وانەی درۆ دەڵێنەوە و کۆمەڵگا لە سەر درۆ پەروەردە دەکەن؛ یا خود شۆڕشگێری بۆتە جاشایەتی بۆ دووژمن و دژی گەلی خۆت و هەموو نرخە مادی و مەعنەویەکانی پشت کردن و ڕاوەستان. هەروەها دکتۆرەکان کە دەبا سارێژکاری برینی چەوساوان بن، بەبێ پارە ئینسانێک کە لە لێواری مەرگە تەنیا ئاوڕێکیشی لێنادەنەوە؛ لە ئاکامی وەها بەلاڕێدا بردنێکە.

 وەک گەلی کورد کە بە پێی ڕاستینەی مێژووییمان و هێرشی داگیرکەران هەمیشە لە شەر دابووین و لە شەڕ دا بەرخۆدانی و خۆڕاگری و قارەمانێتی زۆر مەزنمان لە مێژوو دا نووسیوەتەوە و لە و ڕێگەیە دا شەهیدانێکی زۆریشمان پێشکەش کردووە. بەڵام مێژووی ئەو قارەمانێتیانە بە زۆرینە نەنووسراوەتەوە و یا خود چەواشە کراوە و پێچەوانەکەی دەرخواردمان دراوە. لە سیستەمی پەروەردەی دووژمنەکانمان دا کە ئەوڕۆکە لە سەرمان تەکلیفی دەکەن، شۆڕشگێران، هوونەرمەندان،کەسایەتی ناسراوەکان و کۆمەڵگاکەمان وەک ترۆریست، پاشکەوتوو و چی و چی نیشان دەدەن و مێژوومان وەک مێژووی خۆیان لە سەرمان فەڕز دەکەن. جەلادەکان و بکووژانی گەلمان وەک پاڵەوان نیشان دەدەن و ڕووخساری بکووژانی دایک و باوکانمان، قڕکەرانی گەلمان وەک ڕووخسارێکی بێ گەرد و پێغەمبەر ئاسا نیشان دەدەن. لە سیستمی پەروەردەیی دووژمن دا، لە چوارچێوەی قڕ کردنی کلتووری، نەفرەت و تووڕەبوونمان خاو دەکەنەوەو و هەستی تۆڵە سەندنەوەمان دەکووژن. دەمانهێننە ئاستێک سروودەکانیان بڵێینەوە و ئەوانەی کە فەرمانی کوشتن دژی گەلان دەدەن و جێبەجێکارانی ئەو فەرمانە وەک ڕێبەر و پارێزوانی خۆمان ببینین. بە زمانی دەسەڵات قسە کردن وەک پێشکەوتن و هەبوونی لەهجە لە فارسی قسە کردنمان دا وەک شەرم ببینین. ئەگەر ناڕەزایەتی و سەرهەڵبڕینێکیش هەبێت وا بە شکەنجە و زیندان، بە لە سیدارەدان و ئیعدام بێدەنگمان دەکەن.

سەرهەڵدانی تەڤگەری ئاپۆیی، سەرهەڵدانە دژی ئەو ڕژێمەی کە ڕێبەر ئاپۆ وەک «ڕژێمی قڕ کردنی کلتووری» بەنێوی کرد. نووسینەوەی مێژووی ڕاستە و خستنەوەی پەروەردەیە لە سەر ڕێڕەوێکی ڕاست. پێش خستنی وانەی ئازادیە لە سەر چیای ئازاد بۆ خزمەتی گەل و مرۆڤایەتی. ناسینی پێشەنگە ڕاستەقینەکانمانە و پابەند بوون بە شەهیدان. بانگی ویژدانە و بووژانەوەی هەستە مردووەکانمان. بە هەستی تۆڵە ستاندنەوە دەست لە ناو دەستی یەک بخەین و داگیر کەری تێک بشکێنین و لە وڵاتێکی ئازاد بە بیر و ڕامانێکی ئازاد، کۆمەڵگایەکی ئازاد بئافرێنین. لە قۆناغێک دا کە دووژمن بە ڕێ و ڕێبازی جیاواز هەر چەشنە هێرش و داگیرکاریەک بۆ خۆی ڕەوا دەبینێ، ئەرکی سەرشانی ئێمەش قورستر دەبێ و بە گوێرەی پێویستی قۆناغێکی وەها هەستیار و چارەنووس ساز، بانگی بەشدار بوون و پەیوەست بوون بە گەریلای ئازادیمان لێ دەکرێ. با لە پێناو کۆمەڵگایەکی وریا و ڕێکخستوو بە گوێرەی توانست و هێزمان بجووڵێین و هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵگرین. با بە هەمووان بەرەو پیلی ئازادی بچین و وڵاتێکی ئازاد دیاری ئەو مناڵە چاوگەشانە بکەین تاوەکوو خەیاڵەکانیان تیایدا پێک بێن.

ژیلەمۆ وڵات