شۆڕشگێر و تێکۆشەری رۆژە سەختەکان هەڤاڵ یەعقوب موشتاق(یەعقوب شکاک)  لە سۆئێد ماڵاوایی لە ژیان کرد و هەموو هەڤاڵان و دۆستان و هەموو ئینسانێک کە رۆژێک ئەم کەسایەتیە شۆڕشگێڕەی بینیوە خەمبار کرد.

هەڤاڵ یەعقوب لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە گوندی مافەران سەر بە ناوچەی برادۆست لە دایک بوو و لە سەرەتای ژیانیەوە لەگەڵ ئازار و مەینەتیەکانی گەلەکەی ئاوێتە بوو. دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرشی دڕندانەی پاسدار و خۆفرۆشانی سەر بە داگیرکەران، بۆ بەربەرەکانی و پاراستنی نیشتمانەکەی وەک پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەرکی پاراستنی نیشتمانی خستە سەر شانی و بە برینداری کەوتە دەست داگیرکەران و بەشێکی زۆری تەمەنی لە ژێر ئەشکەنجەی کۆنەپەرەستانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە زیندان بە سەر برد. بۆ بەربەرەکانی لە دژی کۆنەپەرەستی و داگیرکاری هەموو هێز و وزەی خۆی بۆ تەرخان کردبوو و تا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوام دەکەوتە بەر هیرش و لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرا، هەر لە ژێر ئەو ئەشکەنجانەدا بەشێکی لە لەشی لەدەستدا و کارایی پێشوی بۆ نەمابوو، بەڵام ورە و گڕوتینی شۆڕشگەری و بەربەرەکانی و قینی لە هەمبەر داگیرکەری کوردستان سەدقات زیاتر ببوو و ئاواتی گەییشتن بە ئازادی و رزگاری کوردستان هەر خولەکێک لە بیر و مێشکیدا دەسوڕاوە.

هەڤاڵ یەعقوب دوای گەییشتن بە سۆئێد هیچکات ئۆقرەی نەگرت و بەردەوام بوو لە تێکۆشان لە ناو ریزەکانی حەرەکەتی ئازادی لە ئوروپا و لە ساڵی ٢٠١٤وە وەک ئەندامی کومیتەکانی پژاک و هاوکات بەرپرسی کومیتەی پژاک لە ناوچەی ژیانی خۆی ئەرکی شۆڕشگەری بە جێ دەگەیاند. هەبونی هەڤاڵ یەعقوب موراڵێک بوو بۆ هەموو شۆڕشگێڕێک کە خولیای ئازادی و گەییشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان لە مێشکیاندا هێلانەی کردووە.

کۆچی دوایی هەڤاڵ لە هەموو بنەماڵەی سەربەرزی هەڤاڵ یەعقوب و هەڤاڵانی و هەموو شۆڕشگێڕێکی ئازادی سەرساخی دەکەین و رێگەی هەڤاڵ یەعقوب کە ئازادی و کۆمەڵگەیەکی یەکسانە بە تێکۆشانی خۆمان هەتاکو گەییشتن بە ئازادی بەردەوام دەکەین.

کومیتەی ئوروپای پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک(ئوروپا)

1.12.2021