هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ساڵێادی دوو کادێری پێشەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەهید عاکیف مامۆزاگرۆس و سیروان ناری دەستنیشانی دەکات کە پەژاک ڕێگای ئەو شەهیدانە درێژە پێدەدات و ڕۆژانە کادێڕی پێشەنگ دروست دەکات.

زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پەژاک لە ساڵیادی شەهید بوونی عاکیف مامۆزاگرۆس و سیروان ناری دوو کادێری پێشەنگی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، بە کۆبوونەوەیەک کە بۆ پۆلێک لە گەریلاکان سازدرابوو، سەرەتا لە کەسایەتی ئەو دوو شەهیدەدا سەرجەم شەهیدان بە تایبەتی شەهید سیروان ئاریۆلەیلاخ، ئامەد شاهۆ، زاگرۆس مانی، شەڤگەر، دەلال ئامەد، باهۆز سنە کە لە ئەم مانگەدا شەهید بوونە وەبیر هێنایەوە و جەختی لەسەر بەردەوام کردنی ڕێگا و ڕێبازییان کردەوە هەتا گەیشتن بە سەرکەوتن.

ڤەژین لەسەر کەسایەت و ڕۆڵی پێشەنگایەتی شەهید عاکیف دەستنیشانی کرد کە لە ناو بزووتنەوەی ئاپۆییدا هەر شەهێدێک بە واتای نوێ کردنەوەی سوێند و بەڵێنە بۆ پێداگری لەسەر تێکۆشان و هەر بەو بۆنەشەوە پەژاک هاوتەریب لەگەڵ زیاد کردنی هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و تورکیا، دروستکردنی کادری پێشەنگ وەکوو شەهید عاکیف کردووەتە بناغەی خەباتی خۆی و لەو پێناوەشدا لە ئاکادێمیای ئایدۆلۆژی شەهید عاکیفدا بەردەوام کادێڕی پێشەنگ دروستدەکات و بەو شێوازە پابەندی خۆی بەو ڕێبازی ئەوە شەهیدانەوە بەردەوام دەکات ئەمەش یەک لە خاڵە جیاوازەکانی پەژاکە لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هاوسەرۆکی پەژاک، لە بەردەوامی  قسەکانیدا هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەڤاڵ عاکیف پێشەنگێكی هێڵی ئایدۆلۆژی و فەلسەفەی ئاپۆیی و خاوەن هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ بوو لە خەباتی خۆی و تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و لەو پێناوەشدا بەردەوام هەڤاڵان و گەریلاکانی پەروەردە دەکرد و  هەموو خەبات و ژیانی خۆی بۆ ئەم ئامانجە تەرخان کردبوو.

لە کۆتایی قسەکانیدا، زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک جەختی کردەوە کە ئەگەرچی دوژمنانی گەلی کورد و داگیرکەرانی کوردستان بە ڕێگەی هەندێک لایەنی بەکرەگیراوی وەکوو پەدەکە لە هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورددایە لە هەر چوار بەشی کوردستان، بەڵام هێڵی ئاپۆیی بە پشت بەستن بە ئیرادەی خۆڕاگری گەل، شکستی بەو پیلان و خەیانەتانە هێناوە و سەرکەوتنی بۆ گەلی کورد مسۆگەر کردووە.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە شەهید عاکیف مامۆزاگرۆس و شەهید سیروان ناری لە ڕێکەوتی ٥ی١١ی ساڵی ٢٠٠٦ بە هۆی ڕووداوێکی سرووشتیی لافاوەوە لە دۆڵی قەڵاتووکانی قەندیل شەهید بوون.