سیامەند موعینی رایگەیاند: “گرنگە دەنگدەرانی باشوری کوردستان، هەڵوێستی ئەو کاندیدانە لە بەرچاوبگرن کە بەرژەوەندی و داوخوازیەکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و لە گەندەڵیەوە نەگلاون و لە بەرامبەر داگیرکاری و دەستتێوەردانی دەرەکی و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی خەلکی کوردستان خاوەن هەڵوێستن”.
سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت ئاژانسی هەواڵی بۆ فورات (ANF)دا باسی رۆڵی دەنگدەری کورد و هەڵبژاردنی کەسانی نیشتمانپەرەر کرد و بە ئاوڕدانەوە لەسەر هەڵبژاردنەکانی خولەکانی رابردووی عێراق وتی: “لەدوای روخانی رژیمی بەعس ئەمە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئێڕاقە، کە بەڕێوە دەچێت. ئەگەر بە ئاوڕدانەوەیەک بەسەر چوار قۆناخەکانی کاری پێشوی پاڕڵمانی ئێڕاقدا بچینەوە، کە ئەنجامەکانی بۆ گەلانی ئێڕاق و سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە چی بوە، دەردەکەوێت کە رەوشی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها پێوەندی نێوان پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بە ئاراستەیەکی دروستدا تێپەڕ نەبوە. ئەم دۆخە ئەو راستیەمان بۆ دەر دەخات کە ئەم شێوازەی پاڕلمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ژینگە و کولتوری تایبەت بەم ناوچەیە نامۆیە، ناتوانیت چارەسەریەکی پێویست بۆ کێشە کەڵەکەبوەکانی کۆمەڵگە دەستەبەر بکات. ئەنجامەکانی دیاری ئەم بارودۆخە ئەو راستیە دەردەخات کە پێویست بە ئاڵترناتیوی جیاوازی بەڕێوەبردن و مودیریەتی کۆمەڵگە هەیە، کە لەسەر بناخەی مێژویی و کولتوری سیاسی ئەم ناوچەیە بونیادنرابێت”.
سیامەند موعینی تیشک دەخاتە سەر دەستێوەردانە هەرێمی و جیهانیەکان بۆ سەر عێراق و دەڵێت: “هۆکارەکانی ئەم دۆخەی ئێڕاق، پێشینەیەکی مێژویی هەیە، سەرەڕای ناکارامەیی سیاسەتمەداران و بەڕێوەبەرانی ئەم وڵاتە، دەستێوەردانی دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی ئەوەندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کلۆنیالیزمی ئوروپایی لە سەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی خۆی بەڕێوەبردنی ناوچەکەی ئاراستە کرد و لە ژێر کاریگەری ئەم سیاسەتە ئێستاش گەلانی ناوچەکە دەناڵێنن. دەستێوەردانی هەرێمی و ناوچەیی لە دۆخی نالەباری ئێڕاق کێشەکانی ئەوەندەی تر ئاڵۆز کردوە. پێناچێت ئەم سیاسەتە شکستخواردوە چارەسەریەکی بنگەیی لە گەڵ خۆی بێنێت”.
هاوسەرۆکی پەژاک تیشک دەخاتە سەر کاریگەری دۆخی عێراق بۆ سەر هەرێم و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و رایگەیاندووە: “دۆخی ئێڕاق کاریگەری لە سەر کوردستان بە گشتی و بە تایبەت لە سەر باشوری کوردستان هەیە. ئەگەرچی باشوری کوردستان گیرۆدەی قەیرانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیی قوڵە، بەڵام قورسایی پێگەی باشوری کوردستان لە ئێڕاق زۆر گرنگە. ئێمە پێمان وایە بوونی دەنگی دڵسۆز و نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵکی باشوری کوردستان لە پارڵمانی ئێڕاقدا گاریگەری جیدی دەبێت، بەڵام بەڕێوەبردنی تاکڕەوانەی هەرێمی کوردستان وڵامدەرەوەی بەرژەوندیەکانی خەڵکی کوردستان لە پاڕڵمانی ئێڕاقدا نابێت، بۆ ئەو مەبەستەش باڵانسی هێز لە باشوری کوردستان کە لە خزمەتی هێڵی نەتەوەییدا خۆ ببینێتەوە، لە سەر چارەنوسی باشور بەتایبەت و هەمو کوردستان بە گشتی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. لەسەر ئەم بنەمایە گرنگە دەنگدەرانی باشوری کوردستان، هەڵوێستی ئەو کاندیدانە لە بەرچاوبگرن کە بەرژەوەندی و داوخوازیەکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و لە گەندەڵیەوە نەگلاون و لە بەرامبەر داگیرکاری و دەست تیوەردانی دەرەکی و پێشێل کردنی ماف و ئازادیەکانی خەلکی کوردستان خاوەن هەڵوێستن”.
سیامەند موعینی لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بانگەوازی لەرای گشتی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت: “هیوادارین بە هەڵوێستی بوێرانە و نیشتمانی گەلەکەمان هەنگاوێک بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بەرەو پێش بچین”.