ئاویەر سنە – ئەندامی راگەیاندنی پژاک

ژیانی هەر مرۆڤێک، بە تایبەت ئەگەر ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕێک بێت بە هەزاران رۆمانی لێئەبێتەوە، یاخود بەسه‌دان فیلمی لێی درووست دەبێت. بە رای من جوانترین دونیا دونیای بیرەوەرییە بۆ مرۆڤ، بێگومان ئێمە یادەوەریەکانمان پڕاوپڕن لە ئێش، خۆشی و ئەزمون بۆ ژیانمان.

بە تایبەت ئەو کاتەی مرۆڤ یەکەم جار پێ دەنێتە ناو ژیانی ئاپۆییەوە و وەکوو منداڵێکی تازە لە دایك بوو سەر لە نوێ فێری ژیان دەبێت، ئەو کاتە هەر ساتێکی بۆ مرۆڤ یادەوەرییەکە کە ئەگەر بەسەری‌دا نە یەک ساڵ، بە سەدەش تێپەڕ ببێت، قەت لە یاد ناچنەوە. لە دڵ و مێشك‌دا هەر دەمێنن و جوانن. ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی وای بۆ ئێمە ئافراند، لە ناوی دا هێز، بڕوا، پاکی، خۆشەویستی، فیداکاری و هاوڕێتی، بنەمای سەرەکەن بۆ ژیان. سەرەتا وەها بیرم دەکردەوە کە چۆن دەبێت هەر کەس لە شوێن، هەرێم و تەنانەت وڵاتێکی جیاوازدا گەورە بووە و لێرە هەموو لە یەک ئاست دا و پێکەوە بژین! بەڵام رازی ژیانی گەریلاش لێرەدا شاراوەیە کە لە سەر بنەمای کێشەی ئازادی  توانیویەتی لە هەموو نەتەوەیەك مرۆڤ بەدەوری خۆیدا کۆکاتەوە. ئەرێ لە دونیادا بە بڕوای من هیچ پەیوەندییەك ناگاتە ئاستی پەیوەندی هاوڕێتی، پەیوەندییەك کە نە بەرژەوەندی نە منەتی تێدایە. بەڵکوو بە نرخترین مەعنەویاتە و تۆ بۆ ئەوەی هەڤاڵەکەت بەرز و بەڕێز ببێت و کەسایەتی پێشبکەوێت یان بۆ ئەوەی بیپارێزی، نە جارێك ئامادەی بە هەزاران جار خۆتی بۆ فیدا بکەی.

پێشەکی پێش ئەوەی بکەومە ناو یادەوەریەکە، زۆربەی ئەو هەڤاڵانەی کە ئەو کات لە پەروەردەی سەرەتایی گەریلا کە پێ دەڵێن شەڕڤانی نوی پێکەوە بووین و بە قارەمانانە گەیشتنە لووتکەی بەرزی شەهادەت، لە کەسایەتی ئەو هەڤاڵانە دا تەواوی شەهیدان بە بیر دێنمەوە و سۆز و پەیمانی بەدیهێنانی ئاواتەکانیان دووپات و نوێ دەکەمەوە.

پاییزێکی سارد بوو کە هێواش هێواش بەرەو زستان بارگەی لێدەنا، ئێمەش ئەگەر هەڵە نەبم ١٨٨ هەڤاڵ بووین و زۆربەمان تازە بەشداری ناو گەریلا ببووین. لە ناو کەمپ دا هەری نوێ و بەتەمەنیش هەری گەنج، ئەمن بووم. ڕۆژێك کە دەبوایە نان دروست بکرێت، هەڤاڵان گرووپێکیان ڕاسپارد بۆ ئەوەی بچنە نانەوا. گرووپێک پێکهاتوو لە ٨ هەڤاڵ بووین کە کەسمان هەتا ئەو کات نە دەیزانی هەویر درووست بکات، نە زانیبووی نان چۆن درووست دەکرێ، لەوەش خراپتر هەڤاڵان گوتبوویان هەری جەوان لە گروپەکەدا تۆی. بۆیە تۆ دەکەین بە بەرپرسیاری گرووپ، دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەم کە ئەو کاتە دەرفەتمان کەم بوو. هاوکات شەرت و مەرجیش هەندێک زەحمەتتر لە ئێستای ژیانی گەریلا بوو.

شەو سەعات ٢ بۆ نانەواخانە بە ڕێ‌ کەوتین تا هەویر درووست بکەین تا بۆ بەر لە بەیانی یەکسەر دەست بە نان‌برێژی بکەین. جا بۆ ١٨٨ هەڤالیش نان درووست کردن کارێکی ئاسان نییە. تا ڕێکەوتین هێشتا کەس بیری لەوە نەکردبووە کە چۆن هەویر درووست بکەین. منیش کە بە حەساب بەرپرسی گرووپەکە بووم، تەنانەت نەمدەزانی ئاو و ئارد، هەر چۆن تێکەڵ ئەکرێن، کە بە ڕێی دا ئەچووین شەهید دەنگتاڤ ئێشکچی بوو، پێم گوت؛ چۆن هەویر بکەین ئەویش لە وڵامدا گوتی بە پێی بیشێلن. بە ڕاستی کە گوێم لەو وشە بوو ئەگەر فیشەکێکم لێدرابا لەوەیە قەت خوێنم لێنەهاتبا، شۆک بووم. ئیتر نەمپرسی چۆن بە پێی دەشێلدرێت؟ و ڕۆێشتم، بێ گومان ئەگەر پرسم کردبا ئەمزانی کە هەڤاڵان ئەو کاتانەی کە هەویر زۆر بێت لە تەشتەکە دا ئارد و ئاو لێك دەدەن و چەند جار جوان نایلۆن لە تەشتەکە دەپێچن دوایی بە پێی دەیشێلن. بەڵام چۆن نەمپرسی و بەو شخکەوە ڕۆێشتم. وامزانی کە هەر ئاوا یەکسەر بە پێی دەیشێلن، هەر بەو شۆک و تووڕەییەوە گەیشتمە هەڤاڵان کە باسم بۆیان کرد، ئەوانیش وەکو من چاو و دەمیان کراوە ما. لە سەرووی هەمویانەوە ئێمە هەموومان لە ژیان لە چیادا نوێ بووین و کەسمان نەیدەزانی کە هەڤاڵان ئاوا نان درووست ناکەن کە ئێمە دەیکەین. ئیتر تازە دەستمان پێکردبو و هەویرمان درووست کرد. سەرەتا بڕیارمان دا کە بە دەست درووستی بکەین و گوتمان هەر چۆن ببێت، پێی لە هەویر نانێن و گوناحە.

٥ تالیس هەویر شێلاندن کاری دەست نەبوو، بەڵام دەستمان پێکرد، تەشتی یەکەم‌مان دەست پێکرد، کەمێک کە تێپەڕی، دیتمان کە نابێ دەستمان لە کار کەوت و چونکە فێر نەببووین هەم نەماندەزانی، هەم نەماندەتوانی درێژەی پێبدەین. دەستمان بە باس کرد کە چی بکەین و چی نەکەین ودوایی  گوتمان بە پێی دەیشێلین. هەموومان زۆر تووڕە بووین و دەمانگوت؛ ئەوە تا ئێستا نانی پێی هەڤاڵانمان خواردووە و نەمانزانیوە! ئەمجار کاتی ئەوە هاتبوو کە یەکێکمان پێ لە نانەکە بکات. هەموومان سەیری ئەوی ترمان دەکرد. دڵمان تێکدەچوو و بە یەکتر ئەڵێن زوو بە تۆ پێ لێنە و بیشێلە. لە کۆتایی‌دا بڕیار گیرا من لە بەر ئەوەی لە هەمو کەس بچوکترم هەویرەکە بشێلم. بۆ من باشتر بوو، چۆن نانی پێ خۆمم بۆ دەخورا. بەڵام ئەوان چۆن بیانخواردبا نازانم!؟ ئەوانیش دەیانگووت ئەگەر نانی پێی ئەو هەموو کەسەمان خواردبێ هی تۆشمان پێدەخۆرێت. دوای ئەو قسانە، بڕیار درا کە من بیشێلم. لە پاڵ نانەواخانەکەمان‌دا کانیەکی خۆش و جوان هەبوو. چوومە سەر کانیەکە تا پێم خاوێن بشۆم تا بتوانم هەویر بشێلم. هەڤاڵان هاتن بە تەلیس پێمیان جوان جوان شۆرد و وایان لێکردم کە دەتگوت پێستی ژورینی پێمیان لێکردەوە. دوای ئەوەش نەدەبو کە دوبارە پێڵاو لە بەر کەم. بۆیە چوار هەڤاڵ هاتن و لە باوەشیان گرتم و بردیانمە سەر تەشتی هەویرەکەوە. گۆرەویەکانم درێژ بوون، جووتێکی نویان بۆ هێنابوم، هەتا ئەژنۆ هەڵیانمکێشا و کەوتمە ناو تەشتەکە. هەندێ هەڤاڵ تووڕە ئەبوون، هەندێک دەیانگووت هەڤاڵ وەها نان درووست ناکەن، هەندێک ئەیانگوت خودایە هەتا ئێستا نانی پێی فڵانکەس وفڵانکەسمان خواردووە؟! واتا پڕ بووین لە نەزانی و دەست بە کار ببووین. من دەستم بە شێلانی هەویر بە پێ کردبوو. بەڵام هەویرەکە بە گۆرەویەکەمەوە دەنووسا، هەر پێیەکم هەلدەگرت و بە زۆر هەویرەکەیان لێدەکردەوە، تا بتوانم پێیەکەی ترم هەڵبگرم. دوای تەشتێک بینیمان کە بەم شێوە نابێت و بە دوای چارە دەگەڕیان. ئەمجارە گۆرەویم دانا و بە پێی ڕووت کەوتمە هەویر شێلانەوە. دوای ماندووبونێکی زۆر هەویرەکەمان دروست بوو. بەس هەر کەس مەراقی دەکرد، ئاخۆ ئەو هەویرە چ نانێکی لێیدەرکەوێ!!!

ئیتر بەرە بەیانی بوو، ئێمەش چاوەڕێی بووین هەویر ترش بێ، لە ناکاو شەهید دەنگتاڤ هات ووتی ماندوو نەبن و دۆخی پرسی، ووتی وەڵا زۆر زیرەکن تەواوتان کردووە. سەیرێکی منی کرد وگوتی نایلۆنەکانتان چی لێکرد؟ کە وای گوت تەنها ئەمویست ئەو زەویەی ژێر پێم بقەڵشێی و منیش بکەومە ناوی. لەو چرکەدا نازانم چۆن توانیم ئاوا وڵام بدەمەوە!؛ یەکسەر گوتم شۆردومانە و هەڵمانگرتون. ئەویش گوتی باشە و ڕوێشت لە جارێک دا کە سەیری سەرمیچەکەم کرد نایلۆن هەڵواسرابوو. بەڵام وەک ئەوەی کە دەڵێن تازە کار لە کار ترازابوو، نەماندەتوانی هیچ بکەین، تا دوانیوەڕۆ نانمان تەواو کرد. نانی کامە گروپ نمونە بوایە نانێکیان کوون دەکرد و بە سەر دەرکەی فڕنەکەوە هەڵیئەواسن. کەس بڕوای نەدەکرد ئەو نانە، هەویرەکەی بە پێی شێلدرابێ، نانێکی زۆر جوان بوو. ئێمەش نانێکمان کون کرد و هەڵمانواسی. ئەبوایە بگەڕێینەوە کەمپ و پێش ئەوە ئەبوایە بگێشتینایە پەیمانێك، پەیمانەکەش ئەوە بوو کە نابێ بێجگە لەم گرووپە کەس بزانێ چۆن هەویرمان شێلاوە. بەوجۆرە گێشتینە بڕیار، سوێندمان خوارد و گەڕاینەوە کەمپ. لە لایەکی ترەوە ویژدانمان ئاگری پێکەوتبوو، بەڵام نەماندەتوانی ڕاستیەکەش بڵێین.

ئەوانە هەمووی لەلایەک چونکە هەموومان شەڕڤانی نویین، یەکتریش ناناسین لە ترسان لە یەک جیا نەدەبوینەوە. شەش مانگ ئەو گرووپە لە هەموو کارێکدا بەبێ ئەوەی پیلانی پێشومان بووبێت لە یەک دانەدەبڕاین. بە جۆرێک کە ئیتر سەرنجی هەڤاڵانی ڕادەکێشا. بەڵام ئێمە نەمان دەتوانی لێک دوور ببینەوە، وەک مێغناتیس، یەکمان لە کوێی بوایە، هەموو لەوێی کۆ دەبوینەوە. چونکە یەکمان نەدەناسی هەر کامەمان لەویتر ئەترسا کە ڕاستیەکە ئاشکرا بکات. ئیتر هەرچۆنێك بێت ڕۆژی یەکەممان تێپەڕاند.

بەیانی زوو سەعات ٣ هەستاین و چوین مەراسیمی لەشکەری بەیانیان. لە مەراسیمەکەدا بانگیان کردم، منیش نەمزانی کە بۆ ئەوەی خەڵاتمان بدەنێ بانگیان کردوم. لەترسان نازانم چۆن چووم و پێش ئەو ١٨٨ هەڤاڵە ڕاوەستام، مەراسیمەکەش لەشکەری بوو و دەبا توند پێم لە زەوی دابا. بەڵام بەداخەوە، من لە ترسان ئەو هێزەم نەبوو و هەرچیم دەکرد لە شڵپە شڵپ زیاتر دەنگ دەرنەدەکەوت. بێگومان ئەوە تەنها حاڵی من نەبوو جارێک سەیری پێش خۆمم کرد تەواوی گرووپی نانەواکەم لە من خەراپتر بون و ئەوانیش ئەژنۆیان دەلەرزا. هەمووی لە جێگای خۆیان دانیشتبون. من هەستم دەکرد دڵم دەیهەوێ لە نێو سینگم دەرکەوێت. تا فەرماندەکەمان گوتی هەڤاڵان؛ دوێنێ نانەواکانمان نانیان نموونە بووە و لە سەر ناوی گرووپ ئەم هەڤاڵە خەڵات دەکەین. ئێستاش ئەڵێم خۆزگە ئەو چرکانەم قەد نەبینبا. لەوێ‌دا وەك خەڵات گۆڵە سینگێک کە وێنەی ڕێبەرئاپۆی لە سەر بوو پێمیاندا. ئەو سەردەمانە وێنەی ڕێبەرتی هیچ پەیدا نەدەبوو، لە چرکەیەکدا ویستم بڵێم هەڤاڵ من لایەقی ئەو خەڵاتە نییم کەچی نەمدەتوانی بیڵێم چۆن سۆزمان دابوو بە کەس نەڵێن هەر وەکو ڕازێک سەر بە مۆر بە کەس نەڵێن کە چۆن نانمان درووست کردووە. گۆڵە سینگەکەیان لە جلەکانم‌دا و فەرماندەکەمان گوتی خەبات خۆش و بەم شێوە مەراسیمەکە کۆتایی پێهات. هەر کە گوتی خەبات خۆش، لە شوێنی خۆم دانیشتم و بێ حاڵ بووم. چۆن وامدەزانی شتێك کە لایەقی نییم، وەرمگرتووە. گروپ چاویان لە سەر من بوو بۆ ئەوەی شتێک نەڵێم. هەڤاڵان هاتن و بە دەورمدا کۆبوونەوە، گۆڵەسینگەکەم لە خۆ کردەوە و بە یەکیانم‌دا و گوتم ئەمەم لێدوربخەنەوە. هەڤاڵان بینیان دۆخم باش نییە، هەر هەموویان هاتن، دەورەمیان‌دا و بردمیانە شوێنی حەسانەوە. ٣ ڕۆژ لە ناو جێ نەخۆشکەوتم. هەر کەس وایدەزانی کە نەخۆشم، بەڵام لە ڕاستیدا چاوم بە نانەکە ئەکەوت و چاوم بە گۆڵە سینگەکەی ڕێبەرئاپۆ دەکەوت بێ حاڵ دەبووم. نەمدەتوانی لە ناو جێگا دەرکەوم و نانیشم پێنەدەخورا. دوای سێ ڕۆژ کە تۆزێک باش بووم و توانیم بەشداری ژیان و خەبات ببمەوە، پەروەردەمان بەردەوام بوو. ئەمە تا ٦ مانگ بەردەوام بوو و ڕازە نهێنیەکەمان هەر نهێنی ماوە. بەڵام گرووپی ئێمە هەدادانی بۆ نیە چۆن هەر ئەبێ ئاشکەرای بکەین ئەو کەتنەی کردوومانە. چونکە ئیتر زانیمان کە هەڤاڵان بەو جۆرە، کە ئێمە درووستمان کردووە، نان درووست ناکەن. دوای شەش مانگ کە ئیتر خۆلی پەروەردەمان تەواو دەبوو، دەبوایە ئامادەکاری بۆ حەفلە و شائی بکەین. ئێمەش وەک گرووپ هەر ٨مان پێکەوە دەستمان هەڵێنا و خۆمان بۆ شانۆیەک ئامادە کرد. ئیتر ئەم ڕووداوەمان بێ کەم و کورتی کرد بە شانۆ و ڕۆژی شائی بردمانە سەر سەحنە. بێگومان لە پێش چاوی سەدان هەڤاڵ، کەس چاوەڕێ سوورپرایزێکی وا نەبوو. کە دەستمان بە نمایش کرد، شەهید ئازێ ئەوەندە پێکەنیا کە بێحاڵ کەوت. منیش بێ ئەوەی کە کەم و زیاد بکەم، بەردەوام بووم لە گێڕانەوەی وەکو خۆدی ڕووداوەکەی هەویر شێلانەکەماندا. ئەمە بۆ گروپەکەمان وەکو دەرسێکی گەورە بوو. هەم توانیمان سۆزدار بین پێکەوە، هەم توانیمان سەداقەت و هاوڕێتی ئاپۆیی فێر ببین.