ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پژاک بەشداری بەرنامەیێکی تایبەتی کەناڵی ئاریەن تی ڤی بوو و  لەبەرنامەکەدا رایگەیاند: “دەوڵەتانی جیهانی و هەرێمی بە بیانووی تێرۆریسمەوە دەیانهەوێ کورد پەرتەوازە و پاکتاو بکەن. دەبوایە لەم دۆخەدا لەبەر کرداری هەندێک لایەن بە جیاتی باس لە خیانت و بە کرێگیراویمان بکردایە، پێویست بوو باسی ئەرتەشی یەکگرتووی کوردمان بکردایە”.

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە دۆخێک کە ئێستا رێبەر ئاپۆی تێدایە گوتوویە: “شەڕی جیهانی سێیەم لەبنەڕەتدا شەڕی دوو هێڵە واتا شەڕی خەتی نەتەوەی دێمۆکراتیک و خەتی سیستەمی سەرمایەدارییە. ڕۆژئاوای کوردستان نموونەی بەرچاوی پارادیگمای رێبەر ئاپۆیە و دیارە کە چەندە بە هێزە و گەل دەکا بە خاوەن ئیرادە. ئەمەش دژی داخوازیەکان و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەدارییە هەر بۆیە ئازاد نەبوونی رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوان خاڵی سەرەکەیە. گەلی کورد پێویستە خوێندنەوەیەکی باشی بۆ ئەم دۆخە هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بپارێزی و سەربکەوێت”.

ئامەد شاهۆ بۆ هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە ڕایگەیاندوە: “ئەو هەڵمەتە بە ئاوا بوونی حەرەکەتی ئازادی دەستی پێکرد و تا بە ئەمڕۆ بەردەوام دەکا. نەتەوەی دێمۆکراتیک هێز و ورە دەدا بە کۆمەڵگا بەڵام سەرمایەداری بە پێشەنگی ئامریکا دیمان کە چۆن لە ئەفغانستان لە دژی دەستکەوتەکانی کۆمەڵگا خزمەتی خەتی دواکەوتووی تاڵبانی کرد. سروشتی کورد لەگەڵ ئازادی دا پەیوەند دراوە و ناتوانێ بن دەستی قەبووڵ بکا بۆیە هەتا ئەمڕۆ ٢٩ سەرهەڵدان کراوە و ئێستاش لە زەندوورا و ئاڤاشین و چیا سەرکێشەکانی کوردستان بەردەوام دەکا، بە ڵام کۆمەڵگای بێ سیاسەت وەکوو مریشکی سەر بڕاوە کە خۆی بە هەموو لایەک دا دەدا بۆیە پێویستە لەگەڵ هەڵمەتی کات کاتی ئازادییە یەکانگیر ببین تا ئازادی و دیمۆکراسی مسۆگەر بکەین”.

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە چەسپاندنی دێمۆکراسی لە ئێران دا گوتی: “لە جێگایەک کە دەوڵەت و دەسەڵات بە هێز بێ لەوێ ملیتاریسم لە پێشە و ئەمە لە ئێران دا بنگەیەکی مێژوویی هەیە. بەڵام ئێران موزاییکی گەلانە و دەتوانێ خاوەن سیستمی دێمۆکراتیک بێ، بۆ ئەوەش پێویستی بە دامەزراندنی سیستمی نەتەوەی دێمۆکراتیک و کۆنفێدرالیسمی دێمۆکراتیک هەیە”.

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە هەڵوێستی شەرمنانە و نزیک بوونەوەی هێزە دەسەڵات دارەکان بۆ تاڵبان ڕایگەیاند: “دەمامکی ئەو زلهێزانە داکەوت و هەموو جیهان دەمووچاوی راستی ئەوانیانی دیت کە چۆن پشتیوانی هێزێکی نا دێمۆکراتیکی وەکوو تاڵبان دەکەن  و دیتیان کە گەلی ئەفغانستان و بە تایبەت ژنان چۆن لە دژی ئەم سیاسەتانەن و هێزێکی وەکوو پەکەکە کە دێمۆکراسی بۆ ناوچەکەی هێناوەتە ئاراوە و داعشی تێکشکاند بە تێرۆریست ناوزەد دەکەن و ڕێبەر ئاپۆ دەخەنە ژێر گۆشەگیری قورسەوە. ئەوان کۆمەڵگا و حەرەکەتی تەسلیم کراو وەکوو پەدەکە حەز دەکەن و خەتی لیبرالیسم پێش دەخەن، ئێمەش خەتی ئازادی و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ پێش دەخەین”.

ئامەد شاهۆ بۆ سیاسەتەکان لە سەر هەرێمی باشووری کوردستان گوتی: “لەم قۆناخەدا بەغدا و هەولێر ناوەندی پیلانگێڕی لە دژی گەلی کوردە و دەبێ هەر کەس ئەمە بە باشی بزانێ دەوڵەتانی داگیرکەر لە سەر ناوی شەڕ لەگەڵ تێرۆر دەیانهەوێ هێزی پاراستنی گەلی کورد لەناو ببەن و هیچ ستاتوویێکی کوردانیان ناوێ و وەکوو دیارە کە چۆن هەرێمی باشووری کوردستان بووەتە ناوەندی میت و ئیتلاعاتی ئێران. شەهید کردنی هەڤال شوکری لە ناوەندی سلێمانی دا پەیامێکە بۆ گەلی کورد کە دەبێ یەک بگرین بۆ ئەوەی داگیرکەران نەتوانن لە ناومان دا ژیان بکەن”.

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە یەکگرتوویی هێز و لایەنە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەها هەڵسەنگاندن دەکا: “ئێمە پرۆژەی خۆمان سێ ساڵ لەمەو بەر ڕاگەیاند و داوای یەکڕیزی مان لە هەموو هیزە کوردیەکان لەسەر ١٠ بنەما کردبوو چونکە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆمان پێشبینی کردبوو. بۆ هێزە کوردییەکان زۆر ناخۆشە کە وەکوو موجاهدین یان بەسەر بێ و قسەی وایان لەسەر بکرێ. ئێمە دەبوو ئێستا لەسەر ئەرتەشی یەکگرتوو قسە بکەین نەک لەسەر خیانەت. نێچیر و بنەماڵەی بارزانی دەیانهەوێ هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی کوردستان لە ناو ببەن بۆیە بە ڕاشکاوانە دەڵێن ئێمە بەشێکین لە شۆڕشی رژێمی داگیرکەریی ئێران”.

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە بەرنامە و پلانی پژاک وەها هەڵسەنگاندنی کرد: “پێویستە کاتێک باس لە پارادیگمایێک دەکرێ لە سەرەتا دا لە ناو خۆت دا پێکی بێنی و جێگیری بکەی، پژاک ئەمەی کردووە. کەژار حەرەکەتی ژنانە و هێزی هەموو ژنانی شۆڕشگێر لە ناو یک ناوەند دا دەکا بە یەک و خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی و بە هەموو شێوازێک لە ناو سیستمی رێوەبردن دا خاوەن ڕۆڵی سرووشتی خۆیەتی و بەرپرسیاری لەسەرە هەر بۆیە پژاک بە پێشەنگی ژنان و گەنجان پەرە بە تێکۆشان دەدات و ئاڵای دێمۆکراسی دەشەکێنێتەوە”.

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پژاک لە کۆتایی قسەکانی دا بۆ گەلانی بن دەست و ئازادی خواز پیامی دا و گوتی: “ئەمڕۆ گەلی کورد لە ناوچەکە دا ئاڵا هەڵگری دێمۆکراسین و قەت لە دژی گەلان نەبوون. دەبێ گەلی ئێمە و گەلانی ئێران راستی ئێمە لە زمانی ئێمەوە ببیستن نە لە زمانی دوژمنەوە، مێژووی ئێمە داگیرکەران نوسیویانە بۆیە نابێ  باوەڕیان پێ بکەین. هێزی کوردان هەیە بەڵام بە یەکگرتوویی دەتوانین لە دژی هەر جۆرە داگیرکەرییەک ببین بە وەڵامدەر. بۆیە داوامان لە هەموو گەلان ئیران ئەوەیە کە یەکگرتوویی و پێکەوە ژیان بکەن بە پیشەی خۆیان و لە دژی زمانی هێرشی دەوڵەت زمانی بەرخۆدان و پێکەوە ژیانی گەلان پێش بخەن”.