جووتیار پێشەوا

بۆ ئەوەی کە بە باشی لەوە تێبگەین، ئەو خەڵکانەی وا دانیشتوانی بناری زنجیرە چیای زاگرۆسن، بۆچی ئەوەندە لەپاراستن و زیندوو کردنەوە و زیندوو هێشتنەوەی زاگرۆسدا پێداگرن، پێویستە چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنین، تا بە باشی بزانین ئەو حەز کردنە و گرێدانبوونەوەی کۆمەڵگا بە سرووشتەوە تەنیا هەستێکە یان لەرووی هەستیاربوونەوە نییە.

زۆر جاران رژێمی دژە سرووشتی ئیسلامی ئێران، ژینگەدۆستان و ژینگە پارێزان، بە تۆمەتی جاسووسی و ئاژاوەگێڕی دەستگیر و زیندانی دەکات، ئاستەنگی لەئاستی هەرە ژووردا بۆ رێکخراوە ژینگەییەکان درووست دەکات، بۆچی؟ پرسێکی تر ئەوەیە کە سەرنج بدەینە سەری کە بۆچی بە درێژایی مێژوو، مل کەچی و خۆبەدەستەوەدانی، لەبەرانبەر دەوڵەت و دەسەڵاتداراندان، دەگمەن و بەردەوام بەرخۆدان و سەرهەڵدان هەر لەئارادا بووە و هەتا ئێستاش داگیرکەرانی کوردستان، بە درێژایی دەسەڵاتی هەموو حکومەتەکان هەر لەهەخامنشیەکانەوە بگرە، تەنانەت لەسوومەریشەوە، هەتا کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە دەسەڵاتداری خۆیان بە تەواوی بە سەر هەرێمی زاگرۆس دا بسەپێنن و بەردەوام رووبەڕووی سەرپێچی و سەرکێشی بوونەتەوە.

پرسێکی تر، ئامانج لەکاولکاری و داگیرکارییەکانی رژێم لەسەر زاگرۆس چییە؟ بۆچی بۆ کاولکردنی ئەم هەرێمە لەهیچ جۆرە زەبر و زەنگێک درێغ ناکات؟

ئەگەر سەرەتا زات و جەوهەری بنرخێنین، چ لەرووی فەلسەفی و چ زانستی و چ ئاینییەوە، ئەوا دەگەینە ئەو باوەڕییە کە مرۆڤ هەبوونێکی گەردوونی و سرووشتییە. رێبەر ئاپۆ لەشیکاریەکانیدا باس لەوە دەکات کە مرۆڤ گەردوونێکی بچووکە لەناو گەردوونی مەزندا. یانێ گەردوون هەبوون و سیستەمی خۆی، لەمرۆڤدا بەرجەستە کردوەتەوە، بەو واتایە کە شعوور و زانست و عەقل و هەستی مرۆڤ، پێناسەیەکە بۆ نیزام مەندی گەردوون، یا ئەوەی کە مرۆڤ بەم تێگانەوە گەردوون باش بناسێت.

بە بێ ئەم لاو و ئەو لایش مرۆڤ روغمی هەموو نکۆڵی کردن لەخۆزایی بوونی و خۆ بە باشترین بوونەوە هەژمارکردنی یانێ (ئەشرەفی مەخلووقات) و خۆ بە رام کەر و راهێنەری سرووشت بزانێت، دیسان بەشێکی هەرە بچووکە لە ناو ئیکۆسیستەمدا و تەنیا یەک بوونەوەرەو هیچی تر. جا ئەگەر هەندێک ئەخلاقی و ویژدانی بیربکەینەوە، ئەوا ئەو هوشمەندییەی کە دەسەڵاتدارای مرۆڤ لەسەر سرووشت رەوا دەکات، پێویستە ئیدانە بکرێت و خۆمانی لێ دوور بگرین.

باشە ئەوەی پێویستی ژیانی مرۆڤ پێی هەیە لەناو خاک و سرووشتدا بەرهەم نایەت؟ باشە ئەگەر بە درێژایی ژیانمان لەگەل دار و رووەک هەناسەکانمان ئاڵوگۆڕ پێنا کەین، هیچ لەوە بیردەکەینەوە کە چەندە لەگەڵ دارێک پەیوەندی ژیانیمان هەیە و تێکەڵین؟ باشی ئەوە لە لەشی مرۆڤێکدا هەیە، لەمشتێک خاک و چڵێ دار و قومێک ئاودا نییە؟ ئەرێ ئەم چەند نموونەیە بەس نییە بۆ ئەوەی هەر مرۆڤێک بە قەد مشتێک خاک، خاکی و بە قەد چڵێ دار سەوز و بەخشەندە و بە قەد قومێک ئاو ژیان بەخش بێت.

ئەگەر بۆ ناسینی زاگرۆسیش چاو لەمێژوو بکەین، ئەوە راستیەکەی حاشاهەڵنەگرە کە زانستیش ئەوەی یەکلاکردوەتەوە کە شۆڕشی سەردەمی بەردینی نوێ (نیولۆتیک) لەمێزۆپوتامیا کە زەنجیرەی زاگرۆس و پێدەشتەکانی بەشێکی زۆری مێزۆپوتامیان روویدا. ئەو شۆڕشە تەنیا شۆڕشێکی کشت و کاڵ و گوندنشینی نەبوو، بەڵکوو بە واتای راستەقینە شۆڕشێکی فەرهەنگی بوو، یانێ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ، بە شێوازێکی نوێ و بۆ داهاتوویەکی نوێ تر بوو.

هۆکاری کشت و کاڵ و گوند بونیادنان تەنیا بێ دەرەتانی و ماندووبوون لەکۆچەری و گەڕۆکی نەبوو، بەڵکوو حەز کردن و گرێدان نەبوون بەو سرووشتەوە بوو کە لەناویدا دەژیان، لەهەمانکاتدا ئاوا کردنی فەرهەنگێک بوو. چون زاگرۆسیش سرووشتێکی لەبار بوو بۆ ئەو گۆڕانکاریانە. گۆڕانکاری لەچۆنیەتی ژیان لەم جۆگرافیایەدا بووە سەردەمی گۆڕانکاری لەژیانی هەموو مرۆڤایەتیدا. تا ئێستاش کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ماوە و دەمێنێت.

بە سەرنج دانە ئەو سەردەم هتا سەردەی شەشەمی پ – ز چەندین فیدراسیۆن و تیرە و هۆز وەک گوتی، کاسی، ماننایی، عیلامی، لیلۆیی، ماد و … لەم هەڵکەوتە جۆگرافیایەدا ژیان. بەڵام ناوەندێکی دەسەڵاتداری یا خود کۆیلەداری بە شێوازی دەوڵەتداری درووست نەبوو. بەڵکوو بەردەوام رووبەڕووی هێرشی دەوڵەت شارەکانی سوومەر و ئاشوور و بابل بوونەوە و بەرخۆدانیان کرد و بە جارانیش دەستیان بە سەر ئەم دەوڵەت شارانەدا گرت و بە سەدان ساڵ لەسەریان حاکم بوون، دیسانیش نەبوونە سیستەمێکی دەوڵەتی لەزاگرۆسدا. ئەویش نە بە واتای پاشکەوتوویی و نەزانی بووە، بەڵکوو ئەم هۆزانە بەر لە شۆڕشی نیولۆتیکیش بە هەزاران ساڵ لەم هەرێمەدا بەشێوازی سرووشتی ژیاون، لە گەل سرووشتدا یەک بوون، لەبەرانبەر سرووشتدا بە رێز و حورمەت هەڵسوکەوتیان کردووە، هەر ئەم خۆزایی بوونە هۆکاری پێشخستنی شۆڕش بوو، کە شۆڕشی نیولۆتیک لەسەر دەستی ئەم تیرە و خێڵانە پێکهات و تایبەتمەندی کۆمەڵگای سرووشتی هەڵگری سیستەمێکی دەوڵەتی و دەسەڵاتداری نییە و رێبەر ئاپۆ ئەمە بە باشی و بە گرنگی دەنرخێنێت کە ئەگەر کورد هەتا ئێستا نەبوەتە دەوڵەت ئەوەیە کە دانیشتوان و گەلی کوردستان گەلێکی سرووشتی و لەگەل ناوەڕۆکی دەوڵەت یەک ناگرنەوە. لەبەر ئەوەی شۆڕشێکی کولتووری بوو، چون ئەو فەرهەنگە، تا بە ئەمڕۆیش لەناو کۆمەڵگای حەوزەی زاگرۆسدا هەر بە زیندوویی ماوەتەوە، فەرهەنگی سرووشت پاراستن و سرووشتی بوون، گرێدان بوون بە ئاو و خاک و نیشتمانەوە، لەناخی هەر تاکێکی ئەم دەڤەرەدا هەبووە و هەیە و هەر دەیشمێنێ. ئەگەر وێژە (هەڵبەست و چیرۆک ،.. ) هونەر (دەنگبێژی، هۆرە، سیاچەمانە و …. ) میعماری، جل و بەرگ و هتد لەبەر چاو بگرین هەموو لەگەل سرووشتی زاگرۆسدا تێکەڵن و لەیەک دانەبڕاون، ئەمەیش یەکبوونی کۆمەڵگا و سرووشت دەگەیەنێت.

ئەگەر لەبواری ئایینەوە سەیری ئەم پرسە بکەین، ئەوەمان باشتر بۆ روون دەبێتەوە، باوەڕی زاگرۆس نشینان بە ئاینی میترایی و زەردوشتی بووە. لەباوەڕی میترائیسمدا خۆزایی بوون و خۆزایی ژیان کردن بنگەیە، تەنانەت گۆشت خواردن کولتوورێکی جوان نییە. زەردوشتیش کە هەر فۆرمێکە لەئاینی میترائیسمدا، بە هەمان شێوە سەیری سرووشت دەکات، لەدارچاندن و ئاوەدانکردنەوە، کشت و کاڵ و ئاژەڵداری پێداگر بووە. تا دەگاتە مانی و مەزدەکیش ئەم رێچکەیە هەر بەردەوام بووە. وەختێک لەدینی زەردوشتیدا فرێشتەی ئاو و ئاوەدانی و کشت و کاڵ و رووەک و ئاگر و پیت و بەرەکەتەوە هەیە، باشتر بۆمان دەسەلمێنێت کە باوەڕی زەردوشتی و میترایی باوەڕییەکە کە هەڵقوڵاوەی سرووشتی زاگرۆسە. باوەڕی و ئاینیش بۆ هەر مرۆڤێک وەک خۆراکی رۆح و دەروونە، باوەڕی لەئاوا بوونی کەسایەتی و کۆمەڵگادا رۆڵی ئەساسی هەیە. تەنانەت ئەگەر بە سەدان ساڵ بە هەر هۆکارێک لەوە باوەڕییە دابڕان هەبێت. سەرۆک ئاپۆیش دین وەک حافزەی ئەخلاقی کۆمەڵگا ناوزەد دەکات.

ئەم کولتوورە مێژوویی و ئەم باوەڕییە جەوهەرییە، گەورەترین و دیارترین هۆکارن بۆ ئەوە لەوە تێبگەین کە دانیشتوانی ئەم جۆگرافیایە چەندە بە سرووشتەوە گرێداون، هەتا ئەو رادەیە کە لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا، کە سەردەمی ئەوپەڕی کۆیلەداری شارنشینی و زەرق و بەرق و تەکنۆلۆژی و پارەپەرەستییە، دیسان بە هەزاران کەس بە بەخشینی ژیانی خۆیان، بە ئەم سرووشتە خزمەت دەکەن. بە بێ بەرانبەری مادییە کە ئەمڕۆ چاوی هێچ کەسێک پێ تێر ناکرێت. ئەو کەسانە کە لەباکوور هەتا باشوور، لەرۆژهەڵات هەتا رۆژئاوای ئەم جۆگرافیایە لەپێناو ژیانی بچووکترین ئاژەڵ هەتا ژیانی مرۆڤایەتی گیانی خۆیان دەبەخشن. بۆ ژیانی بچووکترین چڵە گیایەک هەتا پاراستنی دارستانەکەی گیانی خۆ دەکاتە قەڵغان. کەسانێک بەرژەوەندی گشتی دەخەنە پێش بەرژەوەندی تاکەکەسیانەوە. کەسانێک لەم بوارەدا پێشەنگایەتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەکەن. کەسانێک لەوانەیە زۆر ژینگەپارێز و رێکخراو و حیزبی ژینگەیی لەدونیادا هەبن بەڵام فیداکاری لەم شێووەیە زۆر کەمن. ئەو کەسانە کەسانێکن کە بە ئەرکی ویژدانی و ئەخلاقی و نیشتمانی و مێژوویی خۆیان رادەبن و بەرپرسیارێتی ژیانی هەموو بوونەوەرێکیان لەئەستۆ گرتووە.

باشە ئەم هەڵوێستەی رۆڵەکانی زاگرۆس، ئەگەر باوەڕییەکی میترایی و فەلسەفەیەکی زەردوشتی و فەرهەنگێکی زەردوشتیان لەپشت نەبێت، ئەم هەموو فیداکارییە لەکوێوە دێت، ئەگەر زانست و تێگەیشتن نەبێت چۆن ئەوەندە پێداگرن؟

بە رەنج و تێکۆشانی ئەم کەسانەیە کە ئێستا لەهەموو شار و فرەیەک لەگوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوەند و کۆمیتە و رێکخراوەی ژینگەپارێزی دامەزراون و خەباتی بێ وچان دەکەن، لەپەرەپێدانی فەرهەنگیەوە هەتا خەباتی ئاوەدانکردنەوە و پەروەردەوە وێڕای هەموو ئاستەنگی و زەحمەتی بەڕێوە دەبەن. لەم پێناوەشدا بە درێژایی مێژوو هەتا ئەم ساڵانەی دوایی بە چەندین کەس رۆح و گیان یان بەخشیوە بە ژیان.

لەساڵی ٢٠١٨ کاک شەریفی باجوەر، کاک ئۆمێدی حوسێن زادە، کاک نێعمەتی حەکیمی نیا و کاک موحەمەدی پژوهی شەهید بوون و لەساڵی ٢٠٢٠ کاک موختار و هەڤاڵانی و ئەمساڵیش چەند کەس لەشیراز، هەمان فیداکاری دووبارە بوویەوە و هەر دەچێت شەهیدانی ژینگە روویان لەزیادبوونە.

بۆیە بەو پەڕی حورمەتەوە، یادی ئەو شەهیدانە بەرز رادەگرین و بەژنی خۆم لەهەمبەر گوڵکۆیان دادەنوێنم و بەڵێن دەدەین کە ئاواتەکانیان بە دی بهێنین و زاگرۆسێکی بەو جۆرە کە ئەوان ئەیانویست و گیانیان لەپێناودا بەخشی ئاوا بکەین.

لەروانگەیەکی ترەوە ئەگەر سەرنج بدەین داگیرکەرانی کوردستان جودا لەقڕکردنی فیزیکی کوردستان و زاگرۆس بەردەوام قڕکردن و تاڵان و کاولکردنی زاگرۆسیان کردوەتە ئامانج. ئەگەر بە چاوێکی رووکەشانە سەیری ئەم بابەتە بکەین، ئەوا تەنیا سووتانی دارستان و بەنداوسازی و تاڵانی ماددی دەبینین.

بەڵام ناوەڕۆکی ئامانجەکە زۆر لەوە تراژیکترە و بە ئێشترە. چون ئەو هێرشێکی نە تەنیا قڕکردنی فەرهەنگییە بەڵکوو هێرشکردنێکە بۆ سەر ناوەندی فەرهەنگسازی مێژوویی و ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتییە.

ناوەندی فەرهەنگی کشت و کاڵ، ژینگەپارێزی، دژایەتی چینایەتی، بەرخۆدێری، دژی تەسلیم بووین و نەکەوتنە ناو بازنەی سیستەمی قڕکەری سەرمایەداری.

رێبەر ئاپۆ دەڵێت مێژوو لەئێستای ئێمەدا و ئێمە لەدەستپێکی مێژوودا شاراوەین، یانێ کۆمەڵگا بەرهەمی مێژوویە و هەموو بەستێنەکانی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەندیەکی مێژووییان لەپشتە. ئەگەر چی مێژوویەکی راست و درووستی دانیشتوانی زاگرۆس بە نووسراوە لە بەر دەستدا نییە، بەڵام مێژوویەکی دەوڵەمەند لەناخی ئەم خاکەدا شاراوەیە. هێرشی داگیرکەریەکانیش ئەم مێژووە پڕ لەشانازییە کردوەتە ئامانج.

ئەگەر چیا هێمای خۆڕاگری و ئاو مایەی ژیان و داری بەڕوو هێمای بەرخۆدان و فەرهەنگ هەوێنی کۆمەڵایەتی بوون بێت ئەوا دوژمنی داگیرکەر بێ گومان بە سووتاندنی چلەدارێک بۆ بەستنی بەنداوێک درووستکردنی ناوەندێکی سەربازی لەسەر چیایەک، ئەوا فەرهەنگی خۆڕاگری و بەرخۆدان و کۆمەڵایەتی بوون و ژیان دەکاتە ئامانجی هێرشەکان.

ئەوەیش راستییەکە داگیرکەر، مێژوووی ئەم وڵاتە باش دەزانێت و کۆمەڵگای مرۆڤ و فەرهەنگی ئەم دەڤەرە باش دەناسێت و باش دەزانێت کە دانیشتوانی زاگرۆس هەمیشە بۆ پاراستنی فەرهەنگ و ناسنامەی خۆیان دژی پیلان و هێرشەکانی حکومەتەکانی ناوەند هەڵوێستیان هەبووە، مردنیان لەبەرانبەر خۆ بەدەستەوە داندا هەڵبژاردووە. بەردەوام رۆڵەکانی ئەم زنجیرە چیا و پێدەشتەکانی بووەنەتە میراتگری توێژەکانی پێشتر و ئەم میراتە بۆ نەوەکانی داهاتوویش ماندگار دەهێڵن.

لەسەر ئەو بنگەیە هەر کەسێک لەم جۆگرفیایەدا کە بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی ئەگەر بە پاراستنی بە روواڵەت چڵە دارێکیش بێت ئەوا کەسایەتیەکی بەرخۆدێر و خاوەن ویژدانە و بە واتای گەوهەری خۆی شۆڕشگێڕە.

چون بۆ خۆم هەندێک لەو کەسانەی کە لەپێناوی پاراستنی ژیاندا گیانی خۆیان بەخشی لەنزیکەوە دەمناسین و لەگەڵیان ژیانم کردووە. ئەم مرۆڤانە لەسەر درووشمی پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانە کار و خەباتیان دەکرد. کەسانێک بوون کە نموونەیەک بوون لەجوانی و ویژدان و ئەخلاق، کەسانێک بوون کە لێوانلێو بوون لەمرۆڤدۆستی و نیشتمان پەروەری، کەسانێک بوون کە بووبوون بە مامۆستایەکی سرووشتی بوون و سرووشتی ژیان کردن، کەسانێکی چاونەترس و کۆڵنەدەر بوون.

خۆیان گەیاندبووە ئەو ئاستەی کە ئیتر بووبوونە جێگای متمانەی کۆمەڵگا و لەبەرزبوونی کەسایەتیان، ناودەنگی دەرکردبوو. لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە کە بە بەڵگە هەموو ئەو تایبەتمەندییانە روونکەمەوە، تەنیا بەڵگەی باشی ئەوە کە کەسایەتی ئەم کەسانە پێناسە بکات، ئەوەیە کە لەو رێگایەدا شەهادەتیان هەڵبژارد. بۆ ئەوەی کە زاگرۆس بەردەوام زاگرۆس بێت، بە واتای راستەقینەی خۆی.

لەهەمانکاتدا بە هەزاران کەسیان لەئاستی هەرە ژووردا پێگەیاندووە. بە دڵنیاییشەوە ئەوەی کە سەردەکەوێت، مێژووی بوون و خۆڕاگری زاگرۆسە و تێکۆشانی بێ وچانی زاگرۆسنشینانە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی.