فواد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار میوانی ئەم هەفتەی بەرنامەی هێڵی ٣ی بوو و ئاماژەی بەوە داوە کە پژاک بەردەوامی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد و تێکۆشەرانی رێگای ئازادییە، لەبەر ئەوەیە نەیارانی کورد هێرشی دڕندانە دەکەنە سەری.

فواد بێریتان سەبارەت بە فراوان بوون و رۆڵی بە کاریگەری بزووتنەوەی ئاپۆیی لەناوچەکەدا ئاماژەی بەوە داوە: “پژاک پارتی شەهیدانە، بۆیە شەهیدانی تەڤگەری ئاپۆیی بە بیر دێنمەوە و لە کەسایەتی فەرماندە شەهید سمکۆ سەرهەڵدان دا بەڵێن و پەیمانی خۆمان لەگەل شەهیدان بۆ درێژەپێدانی تێکۆشان دووپات دەکەینەوە. رۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد بەردەوام ویستوویانە کە لە دژی داگیرکەری شەڕ بکەن و زۆر جار ڕوبەڕووی هێرشی دوژمن بوونەتەوە و شەهید بوون. بەڵام تەڤگەری ئاپۆیی بەو خوێنانەی کە لە پێناو ئازادیدا ڕژاوە گەورەتر بووەتەوە. شەهیدان نە تەنیا پێشەنگی شەڕ بوون، بەڵکوو پێشەنگی تێکۆشانی ڕووناکبیری و ڕیکخستن کردنی گەل بوون و سنوورەکانی دەوڵەتانیان قبووڵ نەکرد و لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێکۆشانیان لەدژی داگیرکەری کردووە، نموونەی دیاری ئەوەش شەهید ڕێناس ڕۆژە کە لەم ماوەی ڕابردوو دا بە دەستی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو”.

لە مێژوو تا ئێستا دوو هێڵی تێکۆشان و بەکرێگیراوی لەناو تێکۆشاندان

هاوسەرۆکی کۆدار لە بەردەوامی قسەکانی دا ڕایگەیاندووە: “تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی ئامانجیان ڕزگاری گەل و چەسپاندنی دیمۆکراسییە، بۆیە هەرگیز وازیان لەتێکۆشان نەهێناوە و خاوەن ئیرادە و فکری ئازادن. بەڵام لە بەرامبەری ئەو هێڵە، هێڵی خیانەت هەیە کە لە مێژوو تا ئێستا زەرەری گەورەی لە پرسی کورد داوە و ئەمڕۆ بنەماڵەی بارزانی دەستپێشخەری ئەم هێڵە دەکەن. بەکرێگیراوان باوڕیان بە هێزی خۆیان و گەلی کورد نییە و تەنیا چارەسەری لە ژێردەستی و کۆیلەتیدا دەبینن. داگیرکەری تورکیا وەکوو ژاندارمی ناوچەکە لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان و دەوڵەتانی هەرێمەکە دەیانهەوێ ڕۆژهەڵاتی ناوین جارێکی دیکە بە زێهنیەتی دەوڵەت – نەتەوە دیزاین بکەن و پەدەکە هاوکاری سەرەکەیانە. رۆژهەڵاتی ناوین پێویستی بە ستاتۆیەکی نوێیە کە ئەمە تەنیا بە یەکگرتوو بوونی گەلان مسۆگەر دەبێ، بزاڤی ئاپۆیی پشتیوانی دیمۆکراسی و یەکگرتوویی گەلان و پێشەنگی ژنان و گەنجانە، بۆیە دەبێتە ئامانجی نەیاران و ئێمە دەبێ لەم رەوشەی ئەفغانستان ئەوە بخوێنینەوە کە نابێ کەس چاوی لە دەرەوە بێ”.

رەئیسی و کابینەکەی لە هەموو کاتێک زیاتر خۆیان بۆ سەرکوتی گەلان ئامادە کردووە

فواد بێریتان، هاوسەرۆکی کۆدار لە بەردەوامی قسەکانی دا ئاماژەی بەوە داوە: “رەئیسی و کابینەکەی لە هەموو کاتێک زیاتر خۆیان بۆ سەرکوت و ئاژاوەگێڕی ناو گەلان ئامادە کردووە. سیستمی سەرمایەداری بە رێگای هاوپەیمانییەوە یان شەڕ دەیهەوێ ئێران تەسلیم بگرێت، هەر بۆیە ئیران بۆ ئەوەی وەکوو خۆی بمێنێتەوە و دەسەڵاتی خۆی بپارێزی لە ناوخۆدا ناڕەزایەتیەکان سەرکوت دەکا و دەستی بۆ وڵاتانی هەرێمەکە درێژ دەکاتەوە و دەیهەوێ هیلالی شیعی درووست بکا و لە وڵاتانی ناوچەکەدا هێزی سێبەر ئاوا بکا و شەڕیان پێ بکا. دەوڵەتی ئێران بۆ لە ناو بردنی کوردان لەگەڵ هەر هێزێک ڕێکەوتن دەکا، لەبەر ئەوەیە سنوورەکانی ڕادەستی تورکیا دەکا، چونکە دەزانێ کوردی تێدایە”.

PDK  خاوەن زێهنیەتێکی چەق بەستووە لە جلێکی مۆدێڕن دا

فواد بێریتان لە کۆتایی قسەکانی دا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی خیانەتەکانی پەدەکە کرد و گوتی: “ڕێبەر ئاپۆ بە ساڵانە گوتویەتی پیویستی بە عەقڵی کورد هەیە، عەقڵێک کە یەکگرتوویی لە دژایەتیەکانی زیاترە. گەلەکەمان مێژووی پارتی دێمۆکراتی کوردستان باش دەزانێ کە چەندە لە دژی هێزە ئازیخوازەکانی کوردستان هاوکاری نایارانی کوردی کردووە و لە ئەمڕۆ دا نێچیرڤان بارزانی هەمان هەڵوێست دووبارە دەکاتە. بۆیە پێویستە گەل کاردانەوەی جدی لەدژی ئاژاوەگێڕی و خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی دەرببڕێت. پێویستە هەموو چین و توێژەکانی گەلی کورد ئەم مەترسیانەی کە پەدەکە درووستی دەکات ببینن و لەگەڵ بزاڤی ئاپۆیی هاودەنگ بن و تێکۆشانی رەوایان پتەوتر بکەن.