هێدی ڕەوەند

 

لە قۆناغێکی وەها هەستیار و مێژووییدا کە دەرفەت و ئیمکانی سەرکەوتنی شکۆدار، واتا رزگاربوون  لە بن دەستی و بێ دەرەتانی لە ئارادایە و لە هەمان کاتیشدا ئەگەری تواندنەوەی هەمەلایەنەی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی و تەنانەت جەستەییش هەیە، هەڵاتن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و کۆچکردن بۆهەندەران چۆن دەبێت سەیر بکرێت و هەڵسەنگێندرێت؟ لەدۆخێکی وەهادا، کە دۆستە نێونەتەوەییەکانی کورد ، لە زیاتری ١٤ وڵاتی ئەوروپا بۆ پشتگیری جەستەیی، سیاسی، دیپڵۆماسی و راگەیاندنی لە خۆڕاگری و تێکۆشانی سەردەمیانەی گەریلا  چالاکن و هەوڵە گێچەڵکارانە و شەڕفرۆشیەکانی چەکدارانی PDK شەرمەزار دەکەن.  بەشێک لە جەوانانی کوردیش هەوڵی هەڵاتن وخۆدزینەوە لە ئەرک وبەرپرسیارێتی مێژوویی دەدەن، کە لە حاڵەتەوە بووەتە بەدیاردە. هەروەها لە تاکەکەسەوە گوازراوەتەوە بۆ ئاستی خێزانی و کۆچی بە کۆمەڵ.

لە ساڵی ٢٠٠١ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کە باشترە بڵێین دەوڵەتە یەکگرتووەکان، رۆژی ٢٠ی حوزەیرانی وەک رۆژی جیهانی پەنابەران دەستنیشان کرد. واتا مۆدێڕنیتەی کاپیتالیسم خۆی وەک خەمخۆرو دڵسۆزی ئەمجۆرە رووداو-دیاردانە دەناسێنێت.

کۆچبەری و هەڵاتن لە زێد و نیشتمان، وەک یەکێک لە بنەڕەتیترین کێشەکانی سەدە ی ٢١، کە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی تووشی کارەسات کردووە. پێویستی بە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەیەکی دەروونناسی و کۆمەڵناسی بەرفراوان هەیە. هەڵاتن لە نیشتمان دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی و گۆڕینی دیموگرافی و تێکدانی ئە و ژینگانەی کە چۆڵ دەکرێن. بەتایبەتی لە کوردستان و کۆمەڵگای کوردەواریدا ئەم مەترسییە گەیشتۆتە لوتکە. ئارمانج لە ورووژاندنی ئەم بابەتە سەرنج خستنە سەر مێژوو هۆکارەکان بە کورتی و راشکاوانە. هەروەها راڤەکردن و خەسارناسی کاریگەرییە دەروونی، کەسایەتی وکۆمەڵایەتیەکانی هەڵاتن لە سەر تاک -کۆمەڵگایە. لەکۆتاییشدا دەستنیشانکردنی رێبازەکانی چارەسەریی وچۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی سەردەمیانەیە.

مێژووی کۆچکردن و هەڵاتن لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجارەکان، کە نارازیان و سەرهەڵدێرانی دژبەری دەسەڵات دوای تۆپباران کردنی پارلەمان لەلایەن حەمە عەلیشاوە، لەژێر ناوی قۆناغی نوێخوازی بە کۆچکردن بۆ هەندەران بەتایبەت بۆ تورکیە و پاریس لە ساڵی ١٢٧٨ی هەتاوی دەگەڕێتەوە. خولی دیکەی کۆچکردن لە سەردەمی رەزاشای پەهلەوی لەژێر ناوی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی-ئابووری بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی لەلایەن خوێندکارانی زانکۆ و گەشتیاران پەرەی سەند. پاش دزینی شۆڕشی گەلان لە لایەن کۆماری سێدارەوە بەهۆی  بیرو باوەڕی سیاسی و نەتەوەیی شەپۆلی کۆچبەری بەرەو ئەمریکا، کانادا و ئۆسترالیا درێژەی پێدرا. لە دەیەی رابردووشدا بەهۆی گێژاوی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کارەساتە سروشتیەکان و … هتد، وەک بیانووی هەڵاتن لەلایەن تاکی نا بەرپرسیارەوە پەیڕەو دەکران .

مرۆڤ بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایەکە، کە تێدا دەژیی و بە تێپەڕبوونی کات گەشەی جەستەیی، دەروونی و ژیری (عەقڵی) دەستێنێ. بۆیە پێویستە مژاری تاک-کۆمەڵگا لە بواری دەروونناسی و کۆمەڵناسیدا هەڵسەنگێندرێت. چونکە تاک -کۆمەڵگا  کاریگەریی ئەرێنیی و نەرێنییان لەسەر یەکتر هەیە و تەواوکەری یەکترن. تاک-کۆمەڵگا، کە لە ئەنجامی سیاسەتی سەرکوتکاری، نکۆڵی و قڕکردنی دەوڵەتانی داگیرکەردا، لەناسنامە، فەرهەنگ، زمان و شۆناسی مێژوویی خۆی دوور دەخرێنەوە، بە هۆی نەناسینی نرخە مێژوویی و کۆمەڵایەتیەکان، خۆ بچووک و کەمنرخ دەبینێت. بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە زمان، شۆناس و فەرهەنگی خۆی هاوشێوەی چینی سەردەست یا گەلانی تر لێی بکات. لە ناخیدا حەز و خۆشەویستی بە خودی خۆی، گەل و نیشتمانی دەپووکێتەوە. تاک و کۆمەڵگا لە دۆخێکی وەها  دا ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن. بە هۆی نا وشیاری سیاسی،نەتەوەیی،کۆمەڵایەتی و رێکخستنی ، خۆیان دەسپێرنە دەستی چارەنووسی نادیار. دەتوانرێ وەک کۆیلەی دڵخواز ناوی لێ بکرێت. ئەم جۆرە تاک و کۆمەڵگایە تووشی بێ واتایی و دوورکەوتنەوە لە ڕاستی و هەبوونی خۆی دەبێت. بە هۆی ترس لە پاوانخوازی دام و دەزگا داپڵۆسێنەرە سەربازیی و ئەمنییەکانی دەسەڵاتداران. ئیرادەی تاک و کۆمەڵگا تێکدەشکێندرێت و تاک هێزی بێرکردنەوەی تەندورست و ئازادی لێی زەوت دەکرێت و تووشی لەخۆ بێگانە بوون دەبێت. دەسەڵاتداران بەشێوازی سیستماتیک و پیلان بۆ دارێژراو، لەژێر ناوی ئایین، پیرۆزی و سەروەریی دەوڵەت لە رێگای دام و دەزگا و رێکخراوە حکوومییەکانیان هەوڵدەدەن هاووڵاتییەکی خۆپەرەست و دەستەمۆ بخولقێنن. بەم شێوەازە هەژموونی و پێگەی ناڕەوای خۆیان بە سەرتاک و کۆمەڵگادا بسەپێنن. تاک لە وەها دۆخێکی کۆمەڵایەتیدا هەموو نرخ و بەها ئەخلاقی، ویژدانی-ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی بن پێ دەکات و دەبێتە کۆیلەی حەز و ئاژوە رەها و رەمەکیەکانی. لە وەها کۆمەڵگایەکدا پەیمان و پێوەری کۆمەڵایەتی  بۆ تاک نابنە پێوەری ژیان بەڵکوو یاساکانی دارستان (هێز،خێرایی، دەسەڵات)لە پێناو خۆتێرکردن وخۆپاراستنی رەمەکی بە بنەما دەگیردرێت . بۆیە دڕندە ئاسا و بێ تێربوون پەلاماری هاوشێوەکانی و ژینگە دەدات.

پێش هەڵسەنگاندنی هۆکارەکان، باشترە ئاماژەیەکی کورت بە رێژەی کۆچبەری لە ئێران-رۆژهەڵات، باشوور-عێراق، رۆژئاوا-سووریە، هەروەها رێژەی بێکاری لە باشووری کوردستان بدەین کە  بەگوتەی کاربەدەستانی، گوایە هەرێمێکی ئازاد و سەربەخۆیە.

 

رێژەی کۆچبەری وبێکاری لە هەرێمی کوردستان:

لە ماوەی ٣ مانگی ساڵی ٢٠٢٠ـدا رێژەی چوونە دەرەوەی تاکی کورد پێنج هەزار کەس بووە، کە ٥٠ کەسیان خنکاون، هەروەها رۆژانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٥٠ کەس لە رێگای کونسوڵخانەی تورکیەی داگیرکەرەوە، داوای ڤیزای چوون بۆ ئەو وڵاتە دەکەن کە زیاتر لە ٣٠ ٪ یان ناگەڕێنەوە. دەتوانین ئەم جۆرە کۆچکردنە ناوبنین کۆچی نائۆمێدی بنەماڵەکان. بەگشتی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ـدا، لە هەرێم و عێراق دا بە گوێرە راگەینداروی فەرمی لووتکە؛٥٤ هەزار و ٢٤٠ هاوڵاتی بەرەو هەندەران کۆچیان کردوە، کە زۆربەیان بە رەچەڵەک کوردن و زۆرینەیان تەمەنیان لە ١٨ ساڵ بە سەرەوەیە. کۆچ پێکردنی گەنجان لە باشووری کوردستان بە رێگای قاچاخچییەکانی سەر بە دەسەڵات لە ئەستەمبوڵ بە شێوەیەکی پیلان داڕێژراو ئەنجام دەدرێت. واتا بۆ دەرپەڕاندنی گەنجی ناڕازی رێگایان بۆ خۆش دەکەن.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە ساڵی   ٢٠١٥ـدا ، ٥٩٦ هەزار و ٢٧٣ هاووڵاتی عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئۆروپایی و ئامریکایی کردووە. هەروەها لە ساڵانی ٢٠١٤ (٦٨٠٠٠) هاووڵاتی، ٢٠١٥ (١٨٦٠٠٠ )، ٢٠١٦ ( ١٦٠٠٠٠)، ٢٠١٧  (٩٢٠٠٠ )، ٢٠١٨ (١٠٥٠٠٠)، ٢٠١٩ (٥٣٢٤٠) هاووڵاتی لە گشتی هەرێم و عێراق، نیشتمان و زێدی خۆیان بەجێهێشتوە کە زۆربەیان گەنجی کورد بوون و خوێندنیان تەواوکردوە. لە ئەنجامی ٣٠ ساڵ حوکمڕانی بە ‌عەقڵیەتی تەسکی بنەماڵەیی-عەشایری و حزبایەتی کلاسیک، بەخولقاندنی قەیرانی دەستکردی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی نەبوونی پلان و ستراتیژێکی دیاریکراو نەبوونی دەستوور و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی کە بتوانرێت سنوورێکی دیاریکراو بۆ چۆنییەتی کاروخەبات و دەسەڵاتی حکومەت و دەزگا حزبی و ئەمنییەکان دابنێت. لە وەها حوکمڕانییەک کە بە شێوەی کۆمپانیای بازرگانی و گرووپی مافیای چەکدار دەسەڵاتی رەهایان بە دەستەوەیە، تاک و کۆمەڵگایەکی سەرلێشێواو، پەرتەوازە، پووکاو، هیوابڕاو لەناو گێژاوێکی نادیار بە مەبەستی خۆ رزگارکردن هەوڵی هەڵاتن بۆ هەندەران وەک چارەنووسێک بۆ خۆیان دەبینن .

 

ئارمانج لە سیاسەتی کۆچبەرکردن

مۆدێرنیتەی کاپیتالیسم بە ئارمانجی بەدەستهێنانی هێزی کاری هەرزان، حاکمیەت لە سەر رێگا بازرگانی و بازرگانییەکان بە رێگای شەڕ و گێژاو خولقاندن، هەوڵی کۆچبەرکردنی تاک-کۆمەڵگا دەدات. هەروەها داگیرکەران بە رێبازەکانی بێکار هێشتن و پەرەپێدانی فەرهەنگی مشەخۆریی لەناو کۆمەڵگا، گەنجان بۆ لەخۆ بێگانەبوون، خۆچواندن و تەقلید کردنی فەرهەنگی بێگانە، تووشکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، تاکەکەسخوازی و لیبرالیزم، خولقاندنی دونیای وەهمی و شاشەیی. هەوڵی پەرتەوازەکردن و کۆچکردنی گەنجان وەک تاکە هێز و دینامیکی سەرهەڵدێر لە دەسەڵات دەدەن، داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەت تورکیە  لەهەمان کاتدا دیاردەی کۆچبەری وەک چەکێکی سیاسی لە بەرامبەر وڵاتانی ئەوروپایی بەکاردێنن.

 

رێژەی بێکاری لە هەرێم گەیشتوەتە زیاتر لە ٢٥٪، کە زۆربەیان کەسانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن.

لە ساڵی ٢٠١٣ رێژەی بێکاری لە هەرێم ٧٪ بووە، کە دوای سێ ساڵ، واتا ساڵی ٢٠١٦ ئەم رێژەیە دەگاتە ١٤.٣ ٪، شیمانە دەکرێت کە رێژەی بێکاری لەم ساڵدا (٢٠٢١ ) لە ٢٥ ٪ تێپەڕێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ستانداردی جیهانی نابێ رێژەی بێکاری لە وڵاتان ٥٪ تێپەڕ بکات. تەنیا بە لەبەر چاوگرتنی زیادە داهاتی حکومەتی هەرێم کە مانگانە ٩٥ ملیارد دینارە و ئەگەر پارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانیشی لەسەر زیاد بکەین کە ١٨٨ ملیار دینارە و کۆی گشتی زیادە داهاتی مانگانەی حکومەت دەگاتە زیاترلە ٢٨٣ ملیار دینار. سەرەڕای ئەم ڕێژەیە، حکومەت رای دەگەینێت کە ٢٨ ملیارد دینار قەرزدارە. لێرەدا تاک-کۆمەڵگا بە تایبەتی جەوانان پێویستە سەرهەڵدێرانە پرسیار بکەن، زیادە داهاتی مانگانە چی بەسەر دێت؟ سەرەڕای ئەمە، ٢٨ ملیار دینار قەرزداربوونی حکومەت بۆچی و لەپێناو  چی سەرف کراوە؟ نە، هەڵاتن و خۆگێل کردن و خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی-کۆمەڵایەتی بە کۆچکردن بۆ هەندەران.

 

رێژەی بێکاری لە ئێران:

کۆچبەری پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەسەڵاتدارانە دژبە تاک و کۆمەڵگا. هەر دەوڵەتێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و تەسلیم وەرگرتنی تاک و کۆمەڵگا، پەرە بە دیاردەی کۆچبەری دەدات. سیاسەتە دژە مرۆڤانەکانی رژێم بووەتە هۆکار کە داخوازی کۆچکردنی گەلانی ئێران بۆ هەندەران لەسەدا ٦٥ بەرز ببێتەوە، دیاردەی کۆچبەری لە ئێران زیاتر لە ٩ میلیۆن کەس دەبێت، کە ٢٩.٢ ٪  ئەم رێژەیە لە پێکهاتەی مرۆڤی ئێران پێکدێێت.

 

رێژه ی کۆچبه ری له روژئاوا-سووریه:

لە سەرەتای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦ ملیۆن کۆچبەر و پەنابەری سووریا روویان لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت وڵاتانی ئۆردۆن، تورکیە، عێراق کردووە. هەروەها بەدەیان هەزار کۆچبەری نایاسایی خەڵکی سوریە هەیە کە لە چ شوێنێکدا تۆمار نەکراون.

 

هۆکارەکانی کۆچکردن بۆ هەندەران:

گێژاو و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان کە دەسەڵات و سیستەمی حوکمرانی گەندەڵ وتاڵانکار. بە قورخکاری سەرچاوە کانی وزە و جومگەکانی دەسەڵات دەیخولقێنن، هەوڵی دەرپەراندن و دەرکردنی گەنجان دەدەن بە ئارمانجی بەلارێدابردن و بێکاریگەر کردنیانە.  هۆکارەکانی کۆچکردن لە رادەبەدەرە. بەڵام دەکرێت چەندین هۆکاری سەرەکی دەستنیشان بکرێن.

 

  • پەیڕەوکردنی سیاسەتی بیوئیقتدار، واتا سیاسەتی برسی هێشتن و نەزان ڕاگرتنی تاک-کۆمەڵگا لەپێناو سڕکردن و بێدەنگ کردنی ماتەوزەی سەرهەڵدێری و راپەڕینی کۆمەڵگا لە بەرامبەر دەسەڵات. کە بۆ ئەم مەبەستە بەخولقاندنی نا ئارامی ئەمنی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و نەبوونی یاسا و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و سەردەمیانە دوای ٣٠ ساڵ حوکمڕانی هەوڵی ئاسانکاری بۆ هەڵاتنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات دەدەن .
  • رژیمە داگیرکەرەکان بە، بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر، هەژاری و بێکاری، نادادپەروەری و گرانی هەوڵی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا دەدەن و لەدژی بە کۆمەڵگابوونی تاک هەوڵی دابڕانی تاک لە کۆمەڵگا دەدەن. هەروەها ئاوڕنەدانەوە و خەمساردی بەرپرسان لە تواناکانی ژنان و گەنجان، نەبوونی پلانێکی سیستەماتیک و ستراتژیک بۆ گەشەپێدانی توانمەندی و لێهاتوویی تاک لە کۆمەڵگا، کۆمەڵگایان تووشی سەرلێشێوان و نەخوەشی دەروونی کردووە. حکومەتی هەرێمیش بە بنەماگرتنی هەمان رێچکەی سیاسەتی داگیرکەران لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی هەڵسووکەوت دەکات.
  • بە هۆی بەدینەهاتنی بەڵێنەکان لە لایەنی دەسەڵاتەوە، لەگەڵ ئەوەش رۆڵی نەرێنی و چەواشەکارانەی میدیاکان بە تایبەت لە باشوور کە هەوڵی خولقاندنی دونیایکی وەهمی و شووشەیی دەدەن بەکۆمەڵگا. لە ناو خەڵکدا لە لاییکەوە بیرۆکەی ”بەیانی باشتر و خوەشتر نابێ لە ئەمڕۆ” بڵاودەکەنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتانی ئەوروپایی وەک شوینی بەدیهاتنی خەونەکانی بەش مەینەتان دەڕازێننەوە و پیشانیان دەدەن هەروەها بە ئازاد و دیموکرات پیشاندانی ئەوروپا بانگەشەی گەیشتن بە ئازادی تاکەکەسی دەکەن.
  • بێ متمانەبوون بە یەکتر لەناو تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا؛ سەرکردە سیاسیەکان بە یەکتر، مامۆستا-خوێندکار، پێشمەرگە-فەرماندە، فەرمانبەر-کارگێڕ، ئۆپۆزسیۆن –کاربەدەست، رێکخراوە مەدەنیەکان(NGO ) بە حکومەت و دەسەڵات .

خەڵکی کورد بە تایبەت ژنان و گەنجانی تووشی رەشبینی و بێ متمانەیی کردووە. بۆیە گەنجان رێگای مردن هەڵدەبژێرن.

 

خەسارەتە کۆمەڵایەتیەکانی کۆچ کردن :

سێیەمین شەڕی جیهانی لەسەر بنەمای هەڵوەشانەوەی شیرازەی کۆمەڵگا و پەرەپێدانی فەردپەرەستی، تاڵانکردنێ سەرچاەرکانی وزە و هێزی کاری مرۆیی هەرزان، هەوڵی زاڵبوون بەسەر رێگاکانی بازرگانی و گواستنەوەیە. کە بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن زلهێزە جیهانیەکانەوە، دەتوانین بە شەڕی بیۆلۆژیک ناوزەدی بکەین. بۆیە تاک زیاتر لە هەر سەردەمێک پێویستی بە هاوکاریی دەروونی هەیە .

  • بە زیاد بوونی دیاردەی کۆچبەری، کە بەرهەمی سیاسەتی جیهانی کردنی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیزمە. دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە و دابەزینی ئاستی پابەندبوون بە بەها و نرخە نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکان. کە لە ئەنجامدا قەیرانی بێ ناسنامەیی و ئایدیۆلۆژیکی لێدەکەوێتەوە و دەببێتە هۆکار بۆ شڵەژاوبوونی دۆخی دەروونی. خەمۆکی و نیگەرانی، هەروەها ترس و دڵەڕاوكێی لەناو تاک -کۆمەڵگا پەرەدەستێنێت. دواتر باری کەسایەتی و دەروونی تاک-کۆمەڵگا بەگشتی تێک دەچێت و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان زۆرتردەبن.
  • گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شوێنانەی، کە تووشی زۆرترین هەڵاتن و کۆچبەری دەبن. بۆ وێنە لە باشوور، شارەکانی هەولێر، کەرکووک، دووزخورماتوو و داقۆق، زۆرترین مەترسیی گۆڕینی دیموگرافییان لەسەرە.
  • مەترسی کۆمەڵکوژی سپیی لەسەر تاک- کۆمەڵگا. کۆمەڵگا لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێکی دەرەکی بێ پاراستن و کراوە دەمینێتەوە.
  • لە کۆمەڵگایەک کە رێساکانی کۆمەڵگای ئەخلاقی -سیاسی بە رێگای دامەزراوە حکومی و ئاینییەکانیدا تووشی داڕمان دەبن و دەکەونە دۆخێکی لاواز، تاکێکی نابەرپرسیار، بێ ئیرادە، بێ ئارمانج دروست دەکات.
  • داڕووخانی پێوەر و پەرەنسیپە ئەخلاقییە کۆمیناڵەکان فاکتەری بنەڕەتی کێشە دەروونی، کەسایەتی و کۆمەڵایەتیەکانە.
  • پەراوێز خستنی هێز و ماتەوزەی کۆمەڵگا کە گەنجانن، دەبێتە هۆی خەساندن و بێ کاردانەوە هێشتنی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەکاتی روودانی، روودا و دیاردە دژبەر و نەخوازراوەکان لەدژی نرخ و پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا.

 

کۆبەندی :

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کە سەردەمی کەسایەت و زیهنیەتی وەهمی و شاشەییە (گیرۆدەبوون بەو تەوەهوم و خەیاڵانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوی دەکەنەوە). هیچ  دۆخێک هێندەی کۆمەڵگای وەهمی راستینەی کۆمەڵگای دیاردەگەرامان بۆ روون ناکاتەوە. لە کۆمەڵگای وەهمی و شاشەییدا؛ تاک -کۆمەڵگا هەوڵی خۆ نواندن و میدیایی بوون دەدات، مشەخۆرە و تەنیا بەکارهێنەەرە نەک داهێنەر و خولقێنەر. هەروەها دیاردەی ماددییەتپەرێستی و چاوچنۆکی بێ کۆتاییە کە ئەمەش دەبێتە هۆی نکۆڵی کردن و پووکانەوەی بەها و نرخە مێژووییەکانی کۆمەڵگا. دیاردەی کۆچبەری دەتوانین وەک بەشێکی قەیران و ئاڵۆزییە بنەڕەتی و سیستەماتیکەکانی جیهانی کردنی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیسم بەناو بکەین.

لە سەردەمی ئەمڕۆماندا مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک، بە ئافراندنی تاک-کۆمەڵگای سیاسی و ئەخلاقی لە بەرامبەر مۆدێڕنیتەی کاپیتالیزمدا سەری هەڵداوە و بووەتە ئاڵترناتیڤ و هێزی چارەسەری کێشە و قەیرانە خولقااوەکانی کاپیتالیسم. بۆیە هەڵاتن و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات تەنیا دەکەوێتە خزمەتی دژایەتیی کردنی هێزی چارەسەری بەتایبەت بۆ کوردان کە وەک پێشەنگی ‌هێڵی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک دەناسرێن .

 

ئەنجام و ڕێکارە چارەسەرییەکان:

لەم قۆناغە کە قۆناغی خۆڕاگریی گەریلا، گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکانە و بێ گومان خۆڕاگری گەریلا یەکیک لە بێ وێنەترین و شکۆدارترین شانازییەکان بۆ مێژووی مرۆڤایەتی و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەدژی داگیرکاری تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی شەڕی ناوخۆییش لە ئارادایە. بۆیە هەر تاکێکی کوردی بەویژدان و نیشتمانپەروەر و خاوەن ئەخلاق پێویستە لەناو ئەم بەرخوەدانییە جێگا بگرێت.

تاکە رێگای چارەسەەریی سەردەمیانە و راستەقینەی چارەسەی کێشە و قەیرانە خولقاوەکانی  مۆدێڕنیتەی کاپیتالیزم، جێگرتنە لەناو یەکینەکانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، بەرامبەر بە هێرشە بەرفراوانەکانی جیهانی وەهمی و شاشەیی کە رۆژانە بە چەکی کلتوری لیبرالیزم، تاکەکەسخوازی، ماددیەت پەرەستی و خۆپەرەستی بۆمبارانی هزر، شعور و کەسایەتی تاک لە کۆمەڵگا دەکات. بەهێزکردنی هەست و سۆزی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی ئاستی رەوشتی کۆمەڵایەتی و کۆمیناڵ وەک شوێنگرەوەی هەست و بیری خۆپەرەستانە، هەروەها راهێنان و پەروەردەکردنی تاکی خاوەن ویژدان و ئەخلاقی سیاسەتی دیموکراتیک، دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی تاک -کۆمەڵگامان لەم سەردەمەدا بۆ چارەسەر بکات. رۆژی ئەمڕۆ تاک-کۆمەڵگای کوردی لە هەرکاتێک زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری پێویستی بە پێکهێنانی ئەرک و بەرپرسیارتی ئەخلاقی و نەتەوەیی بە تایبەت لەلایەن تاکی کوردەوە هەیە.

 

رێکارەکانی چارەسەریی ئابووری لە هەرێم:

ئەگەر سەرچاوەی کێشەکان بەتایبەت کێشەی ئابووری دەوڵەت و دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانە . ئەو کاتە لە شوێنی هەڵاتن با تێکۆشینی رادیکاڵ بە مەبەستی هەڵگرتنەوەی یاسای پاشەکەوتی موچە، هاوکات ناچارکردنی دەسەڵات بۆ رێکخستنەوەی چۆنییەتی دابەشکردنی هەر جۆرە موچە یەک بە گوێرەی ماف و ئەرکی هاووڵاتی بدەن. پێویستە پێوەری موچە بە گوێرەی ئاستی زەحمەت، ماندووبوون و پێداویستی تاک بێت، نە بە گوێرەی پلە وپۆستی حکومی.

دەربڕینی ناڕەزایەتی هەڵوێست نیشاندان لە بەرامبەر هاوردەکردنی بەرهەمە دەرەکییەکان بۆ ناو هەرێم. زیندووکردنەوە و گەشەپێدانی بەرهەمە خۆماڵی و ناوخۆییەکان وەک ئەرکی سەرەکی خۆیان و رێبازی چارەسەری ببینن.

 

چارەسەری کێشەکۆمەڵایەتیەکان:

هەوڵدان بۆپەروەردە کردنی تاک -کۆمەڵگا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی. هەروەها کاروخەبات لەپێناو ئافراندنی هزر و بیری نەتەوەیی لە تاکی کورددا. بەبێ چاوەڕوانی لە دەسەڵات هەوڵی دامەزراندنی فێرگە و ئاکادیمیای سیاسی، فەرهەنگی، فکری و ژینگەپارێزی کە زۆرترین ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی راگەیاندن و دامەزراوە نا حکومیە ((NGO ـەکان.

بە رێگای تێکۆشینی دیموکراتیک زەخت و گوشار خستنە سەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە دیاردەی کۆچبەری ئەرک و بەرپرسیارێتی ئینسانی و ئەخلاقی خۆ پێکهێنان دەتوانێت چارەسەری بۆ کێشەکان بخولقێنێت.