ئامەد شاهۆ
٢٢ی رەشەممەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەئێران شۆڕشێکی جەماوەری روویداو بە بەشداری هەمەلایەنەی گەل بە تایبەت گەنجان و ژنان کۆتاییان بە رژێمی پاشایەتی شا هێنا. دوابەدوای شۆڕشی دیمۆکراتیکی گەلان، حکومەتێک بۆ زەوت کردنی دەستکەوتە دیمۆکراتیەکانی گەل، بە ریفراندۆمی بەڵێ یا نە کە بە سەر گەلدا سەپاندیان دەسەڵاتیان بە زۆرەملێ گرتە دەست. بەڵام گەلی کورد لەبەر هۆشیاری نەتەوەیی و زۆڵم و زۆریەکانی رژێمی تازە بە دەسەڵات گەهێشتوو ئەو رێفراندۆمەی بە یەکدەنگ و گشتگیر بایکۆت کردو ملکەجی رژێمی ولایەتی موتلەقەی فەقی نەبوو.
لەو قۆناخە پڕشنگدارەی شۆڕشی گەلان، واتا لەرۆژی ٢٢ی رەشەممە تا رۆژی فیتوای جیهاد لەدژی کوردان و لەشکەرکێشی بۆ کوردستان، گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد ملکەجی ئەو رژێمە نەبووە کە بە زۆرەملێ دەسەڵاتداری بە سەر گەلدا دەسەپاند. بە پێچەوانەوە گەلانی ئازادیخواز داوای گۆڕین و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە دەکرد، کە بە رشتنی خوێنی رۆڵە قارەمانەکانی گەل هەژمۆنی بە سەر گەلاندا سەپاند. بۆیە گەلانی ئازادیخواز لەسەرەتای شۆڕشەوە تا بە ئەمڕۆ بە هەموو هێزیەوە بەڕەنگاری ئەو رژێمە بووەتەوە کە نکۆڵی لەشووناس و مافی رەوای گەلی کورد دەکات. هاوکات لەپێناو بە دیهێنانی ئازادی و چەسپاندنی دیمۆکراسی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تا بە ئەمڕۆ لەناو تێکۆشانێکی بێ وچاندایە.
خومەینی و دەستەو تاقمەکەی پێشتر دەرفەتی لەبار بردنی شۆڕشی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێرانیان خۆش کردبوو، چون روودانی شۆڕشی دیمۆکراتیک و بەهاری ئازادی گەلانیان پێ هەرس نەدەکرا، بۆیە بە فەرمانێک دەستکەوت و نرخی ئازادی و دیمۆکراسی چەند مانگەی گەلانیان لەبار برد و تا بە ئەمڕۆش لەمپەڕ لەبەردەم ویست و داخوازی رەوای گەلان درووست دەکەن و گەلان لەئازادی و دیمۆکراسی بە دوور دەخەن.
دەسەڵاتی خۆسەپێنەری رژێمی داگیرکەری ئێران بەر لەهێرشی چەکدارەکانی بۆ کوردستان لەهەنگاوی یەکەمی دەسەڵاتداری خۆی رۆژنامەکانیان داخست، زانکۆکانیان سەرکوت کرد، ژنان رووبەڕووی ئەسیدپاشی بوونەوە. بزووتنەوەی تورکمەن سەحرا بە شێوەیەکی دڕندانە غەڵتانی خوێن دەکەن. کرێکاران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی تیرباران و لەسێدارە دران. ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان لەناوچەی ئەحواز سەرکوت دەکەن و کرێکارانی ناڕازی لەبەندەری ئەنزەلی و ئەسفەهان تیرباران دەکەن. دوای دڵنیایی بوون لەو سەرکوت کاریانە، بە فەرمانی خومەینی، چەکدارەکانی رژێم کوردستانیان کردە ئامانجی هێرشە دڕندانەکانیان و بۆ کۆمەڵکوژی کوردان بەرەو کوردستان لەشکەرکێشی یان کرد و تا بە ئەمڕۆ ئەو لەشکەرکێشییە لەپێناو چەوساندنەوە و داپڵۆساندنی گەلی کورد بەردەوامە.
رژێمی خۆسەپێنەری خومەینی بۆ ئەوەی بە زۆرە ملێ دەسەڵاتداری بە سەر گەلانی ئێران بسەپێنێت، لەدژی گەلی کورد لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ فیتوای کۆمەڵکوژی دەرکرد کە بە فیتوای جیهادی خومەینی ناسراوە. خومەینی دوای ئەوەی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی ئێرانی داگیر کرد، پشت لە بەڵێنەکانی سەردەمی شۆڕش دەکات کە بە گەلانی ئێرانی دابوو و بە پێچەوانەوە وڵامی داخواز و ویستی رەوا و مرۆیی گەلانی بە زمانی چەک دایەوە.
لەو قۆناخە کورتەی دەسەڵاتداری خومەینی و دەستەوتاقمەکەی، گەلی کورد شاهیدی بۆ چەند رووداوی مەزن و مێژوویی کرد کە یەک لەوانە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان و بەرخۆدانی ٢٤ رۆژەی سنە، دامەزراندنی کۆمەڵەی پاراستنی مامۆستایان، ژنان، کرێکاران و جووتیاران و بە دیهێنانی ئەزموونی سیستەمی شۆرایی و دیمۆکراتیکی گەل و دەستەبەر کردنی ئازادی سیاسی بە بێ شەرت و مەرج و بەشداری کارای ژنان و گەنجان و کرێکاران لە گۆڕەپانەکانی سیاسەت و تێکۆشانی دیمۆکراتیک بووە.
ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێ لەناو دڵی کاربەدەستانی رژێمی داگیرکەری ئێران بۆ هێرش و پەلاماری سەر کوردستان درووست کرد کە بۆ ئەوەی پیلانی کۆمەڵکۆژی کوردان بە ئەنجام بگەیەنن، پێویستیان بە ئامادەکاری زیاتر هەبوو. لەبەر ئەوەی بە نیسبەت ناوچەکانی تری ئێران بە شێوەیەکی دڕندانەتر مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووەو دوای سەرکوتی ناوچەکانی تری ئێران درێژە بە هێرشەکەیان بۆ سەر کوردستان دەدەن.
خومەینی وڵامی سەرەتایی ترین و رەواترین داخوازی گەلی کورد کە دیمۆکراسی و مافی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک لەرۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بە هێرشی سەربازی، چەک و چۆڵە و لەسێدارەدان داوەتەوە. واتا هێشتا چەند مانگ لەسەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لەئێران تێنەپەڕیبوو، خومەینی فەرمانی سەربازی لەدژی گەلی کوردی دەرکردو هێشتا فەرمانی جیهاد لەسەر کوردان نەڕواوەتەوە.
خومەینی بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد لەدژی کوردان ویستی ئیرادەی ئازادی گەلان دابمرکێنێت و شۆڕشی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران بە لاڕێدا ببات. بۆیە رۆژی دەرکردنی فیتوای جیهادی خومەینی بۆ شەڕ لەدژی کوردان، ئەو رۆژەیە کە کوردستان غەڵتانی خوێن دەکرێت. ئەو رۆژەیە کە چەکدارەکانی رژێم بۆ کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی بێ تاوانی کورد بەرەو کوردستان لەشکەرکێشی دەکەن و گۆمی خوێن لەکوردستان بەرپا دەکەن. دەرئەنجامی ئەو لەشکەرکێشییە بە هەزاران هاوڵاتی بێ تاوان غەڵتانی خوێن دەکرێن. دەیان کارەساتی دڵتەزێن ئەنجام دەدرێ. ماڵ و حاڵی خەڵکی کوردستانیان بە تۆپ و خومپارە کاول و وێران کرد و شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی گەلانیان تیرباران و لەسێدارە دا.
خومەینی لەفەرمانێکی ٢٤ کاتژمێریدا داوا لەسەرجەم هێزە چەکدارەکانی دەکات تا بە وتەی خۆیان شاری پاوە لەدەستی چەتە و هێزە تیرۆریستەکان رزگار بکەن. واتا لەژێر ناوی بوونی هێزی چەکدار و بیانووی تیرۆر دەیانەوێت کوردستان بکەنە گۆڕستان. لەکاتێکدا بەرخودانی گەل ئەو پیلانەی پووچەڵ کردەوە و ئەمڕۆ کوردستان بۆ بەرپرسان و بە کرێگیراوەکانی رژێم بووەتە گۆڕستان و لە هەر پێشکەوتن و جووڵەیەکی کوردستان تۆقاون.
لەو سەردەمەدا خومەینی و دەوڵەتی کاتی کە بانگەشەی دانوستانیان بۆ چارەسەری کێشەکانی کوردستان دەکرد، لەپڕدا لایەنەکانی دانوستان واتا نوێنەرانی گەلی کوردستان، رێکخراوە سیاسیەکان و سەرجەم گەلی راپەڕیو لەدژی رژێمی پاشایەتی یان بە چەتە و سەرکردەی چەتەکان ناوزەد کرد و کۆمەڵگای ئێران یەکدەست و همۆژەن کرا. ئەوەش هەڵمەتێک بۆ پاکتاوکاری رەنگ و دەنگە جیاوازەکانی ناوخۆی ئێران بوو. یەکدەست بوونی کۆمەڵگا لە هەڵبژاردنی خولی ١٣هەمین سەرۆک کۆماری بەرمایەی هەمان زیهنیەت و دووپات کردنەوەی هەمان سەردەمی مێژووییە کە جارێکی تر رژێم لەهەوڵی کۆمەڵکوژکردنی گەلان و بە تایبەت گەلی کوردە. سەرهەڵدانی گەلان لەکات و قۆناخە جیاوازەکان و بە تایبەت سەرهەڵدانی مانگی تەمووزی ئەمساڵ کە لەئەحواز دەستیپێکرد و لەشارەکانی تری ئێران بڵاوەی پێکرا، لەبنەڕەتدا بە واتای رەت کردنەوەی رژێمی کۆمەڵکوژی ئێرانە کە بە فیتوای جیهاد لەدژی گەلان لەسەر پێ ماوەتەوە.
خومەینی بۆ سەرکوتی کوردان لێدوان بە دوای لێدوان دەردەکات و بەشێک لەفەرمانی خومەینی لە٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ە کە کارەساتی دڵتەزێنی لەناوچە کوردنشینەکان بە دوای خۆی هێنا، ئەو راستییە پشتڕاست دەکاتەوە.
“خومەینی فەرمان بە فەرماندەیی گشتی ئەرتەش و ژاندارمری و سوپای پاسداران دەدات کە فەرمان بە هێزەکانیان بدەن تا رەوانەی کوردستان بکرێن و گوایا ئەو چەتە و هێرشبەرانەی کە لەمەیدانەکانی تێکۆشان لەکاتی هەڵهاتن دان، چاودێری بکەن و دەستگیریان بکەن و رووبەڕووی دادگای شۆڕشیان بکەنەوە و بە زووترین کات سەرجەم ناوچە سنووریەکان دابخەن تا چەتەکان مەجالی هەڵهاتنیان نەمێنێ و سەرکردەی چەتەکان دەستگیر و رادەستی جەلادەکانی رژێم بکرێن”.
دوابەدوای ئەو پەیامە خوێناویانەی خومەینی، چەکدارەکانی رژێم لەدوو قۆڵی ورمێ و کامیارانەوە هێرش دەکەنە سەر کوردستان، رژێم لەبەر ئەوەی خاوەن چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی و تۆپ و تانک بووە، بەو خەیاڵەوە پەلاماری سەر کوردستان دەدات کە دەتوانێ بە ئاسانی کوردستان داگیر بکات. بەڵام لەماوەی تێکۆشان و خۆڕاگری سێ مانگەی شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەر و هێزی بەرگری گەل، هاوسەنگی هێز دەگۆڕن و رژێم ناچار بە پاشەکشە و ئاگربەست و هاتنە سەر مێزی دانوستان دەکەن. هەر چەند رژێم بڕوای بە چەک و تەقەمەنی زەبەلاحی خۆی هەبووە، هەرگیز نەیتوانیوە سەنگەرەکانی گەل بە ئاسانی فەتح بکات، چون هەمیشە رووبەڕووی بەرخودانی بێ وێنەی گەل بووەتەوە.
خومەینی بە تۆمەتبار کردنی پێشەنگەکانی گەل بە تیرۆریست، چەتە، خائین، پیلانگێڕ، جاسووسی هێزە دەرەکیەکان و جیاخوازیدا دەیەوێت رەوایەت بە کردەوەی دژە مرۆیی و داگیرکەریەکانی بدات و لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژی کوردان حەڵاڵ بکات. بۆیە رژێم بێ شەرمانە تێکۆشەرانی گەل لەکوردستان بە کۆمەڵێک دەستەواژەی ناشایستی وەک پیلانگێڕ، چەتە و تیرۆریست ناوزەد دەکات تا لە ناو رای گشتیدا بە کافر لەقەڵەمیان بدەن. بۆیە خومەینی بێ پەروایانە بانگەشە دەکات کە دەبێ بە توندی مامەڵە لەگەڵ تێکۆشەرانی گەل بکرێت و دەوڵەت بە توندی بەرپەرچیان بداتەوە. ژاندارمری بە هەموو هێزیەوە بەڕەنگاری گەل ببێتەوە. ئەرتەش بە توندی هێرشی سەر گەل بکات. ئەوەش بۆ خۆی لێکەوتەکانی دەرکردنی فەرمانی جیهادی خومەینی بە کوردستان وێنا دەکات و ئەمڕۆش هەمان سیاسەت لەدژی گەلانی ئێران بە شێوەی دڕندانەتر لەلایەن سوپای پاسداران و حفازەتی ئیتلاعاتەوە درێژەی هەیە.
لەبنەڕەتدا ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی هێرش بۆ سەر هەبوون و ئازادیەکانی گەلی کوردەو گەورەترین تاوانی دژە مرۆیی رژێمی داگیرکەری ئێران لەدژی گەلی کوردە. ئاشکرا کردنی رووی راستەقینەی رژێم لەبەرامبەر گەلی کورد و گەلانی چەوساوەی ئێرانە. ئاوێنەی کردەوەکانی رژێم لەدژی گەل و کۆمەڵگایە کە قڕکردن و پاکتاوکاری رەگەزی، قەومی و ئاینی تێدا دەبریقێتەوە. ٢٨ی گەلاوێژ ئەو رۆژەیە کە رژێمی تازە بە دەسەڵات گەهێشتووی خومەینی بۆ زەوت کردنی دەستکەوتەکانی گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد لەشکەرکێشی دەکات. ئەو کۆمەڵکوژیانەی لەئێران و کوردستان روویانداوە بە فەرمانی خومەینی و بە جێ بە جێ کردنی سەرۆک کۆماری ئەو کاتە ئەبولحەسەن بەنی سەدر لەگەڵ خەڵخاڵی خوێنمژ پێکهاتوون. تایبەت ئەو فەرمانە لەو ئاستەدایە کە بەنی سەدر بە چەکدارانی سوپا و ئەرتەش فەرمان دەدات تا سەرکوت ودامرکاندنی شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستان پۆتینەکانیان لەپا دەرنەخەن.
هاوکات بەنی سەدر جەختی لەوە کردووە، ئەگەر کەسێک پەیامی ئاشتی رژێم واتا تەسلیمیەت پەسەند نەکات، بە زەبری شمشێر و شەڕ رووبەڕوویان دەبنەوە. بۆیە پەیامی ئاشتی خومەینی و بەنی سەدر لەدژی گەلی کورد جیا لەسەپاندنی شەڕ و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ و قڕکردنی کوردان، شتی دیکەی لێ سەوز نەبووە. پەیامی ئاشتی بەنی سەدر و خومەینی لەسێدارەدان، تۆقاندن و کۆمەڵکوژییە. ئافراندنی سوپایەکی جاش، بێکار، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەژاری، برسێتی، تووشبووی بە ماددەی هۆشبەر، گەندەڵی و مافیای سوپای پاسداران بووە.
لەو رۆژەدا خومەینی بە دەرکردنی فیتوایەکی جەنایەتکارانە، فەرمانی سەرکوت و داپڵۆساندنی گەلی کوردستانی دەرکرد و تا بە ئەمڕۆش پایدارە. خومەینی هێزی ئەرتەش، سوپای پاسداران و هاوکات جەلادی بەناوبانگی کوردستان، سادق خەلخاڵی یان بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو فەرمانە دڕندەیە رەوانەی کوردستان کرد و بەو کردەوە رووی راستەقینەی خۆی لەبەرامبەر کوردان ئاشکرا کرد. ئەو فەرمانە سەرەتای تۆقاندنی کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت کوردستان بووەو دەرفەتی فەتح کردنی گەل و کۆمەڵگایان فەراهەم کردووە. هێزە سەرکوتکارەکان بە رێگای زەوی و ئاسمانەوە هێرشی هەمە لایەنە دەکەنە سەر گەلی کورد. سادق خەڵخاڵی وەک دادوەری ئەو فیتوایە، بۆ ترس و تۆقاندن رەوانەی کوردستان کراوە. لەبەر ئەوەی لەدژی گەلی کورد فیتوای جیهاد راگەیەندرا بوو، چەکدارەکانی رژیم سەرجەم گەلی کوردیان بە کافر لەقەڵەم داوە، ئەوەش هۆکارێکە کە چەکدارانی رژێم لەکۆمەڵکوژ کردنی کوردان هیچ سڵیان نەکردووەو تا بە ئەمڕۆ گەلی کورد دەکەنە قوربانی سیاسەتە چەپەڵەکانیان و کوردان لەسەر زێدی باب و باپیرانیان ئاوارە دەکەن و ئەوەی کە بەڕەنگاری زۆڵم و زۆری ببێتەوە بە پاساو و تۆمەتی بێ بنەما لەسێدارەی دەدەن.
دوا بە دوای فتوای خومەینی، بۆ سەرکەوتنی پیلانی مەترسیداری رژیم، لە ئێران و کوردستان کەشی ترس و تۆقاندن لەناو گەلدا درووست دەکرێت. لەشکەرێکی زەبەلاح رەوانەی کوردستان دەکرێت. بە هەلی کۆپتەر، فڕۆکەی جەنگی و دەیان چەک و تەقەمەنی تر شار و گوندەکانی کوردستان تۆپباران و بۆردومان دەکەن. هاوتەریبی ئەوەش سادیق خەڵخاڵی لەدادگای ٥ خولەکیدا، لەکرماشانەوە تا ورمێ ژمارەیەکی زۆر لە رۆڵەی قارەمانی گەلی کوردیان رەمی و لەسێدارە داوە. ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانە، ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان کوژراون، ماڵ و حاڵی گەل وێران و خابوور کراوە و بە دەیان گەنج لەدادگاکانی ٥ خولەکی خەڵخاڵی لەسێدارە دراون. ئەوەش تاوانی دژە مرۆییە کە سەرتاسەری کوردستانی داپۆشیوەو هەمان هەوری رەش تا بە ئەمڕۆ ئاسمانی ئاوی ئێرانی تەنیوە.
خەڵخاڵی بۆ دامرکاندنی شەپۆڵی ناڕەزایەتی جەماوەر و تەسلیم وەرگرتنی گەل لەدادگایەکی سەحرایی ٥ خولەکیدا، ١٢ کەس لەپاوە لەسێدارە دەدات. هاوکات لە ٢٩ی گەلاوێژ، خەڵخاڵی ٧ کەسی دیکە لەدێزڵ ئاوای کرماشان لەسێدارە دەدات. بەو شێوەیە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لەپاوەوە دەست پێدەکات و دەگاتە مەریوان، سنە، سەقز و مهاباد.
لە ٣ی خەرمانانی ١٣٥٨، نۆ کەس لەدەستگیرکراوەکانی شاری مەریوان لەدادگایەکی ٥ خولەکی لەسێدارە دراون، هاوکات لە دادگایەکی ٥ خولەکیدا لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٨، ١١ گەنجی شاری سنە لە فڕۆکەخانەی شارەکە لەسێدارە دەدرێن. لەسەروبەندی کردەوە تیرۆریستیەکانی رژێم لەشاری سەقز بەرخودانی گەل بەردەوامەو جەلادی خومەینی بۆ سەرکوت و داپڵۆساندنی گەل رەوانەی سەقز دەبێ، واتا لە ٦ی خەرمانان ٢٠ هاوڵاتی ئەو شارە تیرباران دەکرێن. لە ١١ی خەرمانان کارەساتی قاڕنا روودەدات. چەکدارەکانی رژێم بۆ درووست کردنی کەشی ترس و تۆقاندن هێرش دەکەنە سەر گوندی قارنای سەر بە نەقەدە و دانیشتوانی ئەو گوندە لە منداڵەوە تا بە ساڵاچووان رەمی دەکەن کە لەئەنجامی ئەو هێرشە دڕندەیەدا ٦٨ هاوڵاتی ئەو گوندە کۆمەڵکوژ دەکرێن. لە ١٢ی خەرمانانی ١٣٥٨ چەکدارەکانی رژێم بە زەبری چەک و تۆقاندن شاری مهابادیان داگیر کرد و لە ١٣ی خەرمانان دوای شەڕ و پێکدادانێکی خوێناوی، ئەرتەش و سوپا بە زۆرەملێ شاری بانە داگیر دەکەن.
سەرەڕای کردەوەی دڕندانەی چەکدارەکانی رژێم لەکوردستان، گەلی کورد هەرگیز تەسلیمی زۆڵم و زۆری و داخوازیەکانی رژێم نەبووەو بە پێچەوانەوە لەشارەکانی سنە، سەقز، بانە و پاوە بەرخودانی مێژووییان ئەنجام داوە. نموونەی بەرچاوی ئەو بەرخودانانە، کۆچی مێژوویی مەریوان و بەرخودانی ٢٤ رۆژەی شاری سنەیە، سەرەڕای ئەوەی کە لەهەر چوار لایەوە شارەکە گەمارۆ درابوو و لەژێر تۆپباران و بوردوماندا بووە، هێزی گەل بەرخودانی ٢٤ رۆژەی لەو شارە کرد و رێگایان بەوە نەدا کە شارەکە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی رژێم. لەدژی ئەو لەشکەر کەشییە، بەرخودانی، فیداکاری و دڵسۆزی بێ وێنەی گەل و هێزە چەپگەر و شۆڕشگێڕەکان پتەوتر و قایمتر بووە. بەرخودانی گەل لەدژی داگیرکەریەکانی رژێم تەنیا بە کوردستانەوە سنووردار نەما، بەڵکوو بەشێک لەگەلانی ئازادیخوازی ئێران لەسەرجەم قوژبنەکانی وڵات کە رۆڵیان لەرووخاندنی رژێمی پاشایەتی هەبوو، لەبەرەیەکی یەکگرتوو هاوشانی گەلی کورد و بە شێوەی جۆراوجۆر بەرخودانیان نواند.
هەر چەند رژێم بەو کۆمەڵکوژیانە هەوڵی داوە کە گەل چاوترسێن و بتۆقێنێت، شەپۆلی ناڕەزایەتی گەل لەدژی رژێم توندتر بووە و چالاکی پێشەنگەکانی کورد لەدژی داگیرکەری رژێم بەردەوام بووە. لەو قۆناخەدا کاک فواد موستەفا سوڵتانی لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵە و رێبەری یەکێتی جووتیارانی مەریوان لەناخی گەلدا چیای خۆڕاگری داچەقاند و بە دەستپێشخەری کاک فواد لەدژی داگیرکەریەکانی رژێم گەورەترین نافەرمانی مەدەنی لەشاری مەریوان تۆمار کرا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٢ ساڵ بە سەر ئەو فیتوایە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەپێشێل کاری مافی مرۆڤ و قڕکردنی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز بەردەوامن. مافیاکانی رژێم کوردستان بە تاڵان دەبەن. سرووشتی کوردستان خابوور و وێران دەکەن. دووبەرەکی و ئاژاوە نێو گەلانی ئێران و بە تایبەت کوردان دەنێنەوە. کۆمەڵگا گیرۆدەی مادەی هۆشبەر دەکەن. سوپای بێکاران دادەمەزرێنن. رێکخراوە تیرۆریستیەکانی بەسیج و ناوەندەکانی شەڕی تایبەت بەربڵاو دەکەن. هاوڵاتیان دەستگیر و سزای قورس بە سەریان دەسەپێنن. شەپۆلی ناڕەزایەتی گەل بە شێوەیەکی دڕندانە دادەمرکێنن. ئەو رێبازەش، هەڵقوڵاوی رێبازی ٢٨ی گەلاوێژە کە بە تۆمەتی بێ بنەما تا بە ئەمڕۆ گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکەن. هەڵبەت گەلانی ئێران ملکەجی سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی رژێمی داگیرکەری ئێران نەبوون و بە هەموو هێز و ئیرادەیان بەرپەرچی زیهنیەتی تاڵان، قڕکەر و نکۆڵی کاری رژێمیان داوەتەوە و دەیدەنەوە.
پژاک لەبنەڕەتدا لەدژی زیهنیەتی ٢٨ی گەلاوێژ دامەزراوەو بۆ پاراستنی گەل و نیشتمان چەکی بەرگری لەشان ناوە و بە گەشەدانی دیمۆکراسی، ئازادی و چەمکی پێکەوە ژیانی گەلان کۆتایی بە زیهنیەتی قڕکەری رژێم دەهێنێت. واتا پژاک بووە ئەو چیا خۆڕاگرەی کە پایەکانی رژێمی لەکوردستان لەرزاند و هەرەسی بە فیتوای جیهادی خومەینی هێنا و بە برەودانی سیاسەتی دیمۆکراتیک و پێشخستنی چەمکی پێکەوە ژیانی گەلان قۆناخێکی نوێ تێکۆشان و خۆڕاگری شاباشی گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد کرد. بۆیە پژاک و کۆدار ئەمڕۆ بە هەڵمەتی بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ لەسێدارەدان، هیوای تێکۆشانی گەلانی درەوشاوەتر کرد و هێڵی تێکۆشان و بەرخودانی بۆ گەلان ئاوەڵاتر کرد. واتا بەشداری لەو هەڵمەتەدا، بە واتای دابڕان لەزیهنیەتی دیکتاتۆری و فاشیزمی رژێمی داگیرکەری ئێران و رەدکردنەوەی پیلانی کۆمەڵکوژکردنی گەلانە. بۆیە بەشداری و خاوەندارێتی لەو هەڵمەتەدا، بە واتای خاوەندارێتی لە موزاییکی گەلانی ئێران و نەمامی ئازادی و چەسپاندنی دیمۆکراسی و بەرقەراری ئاشتی و ئارامی و لەگۆڕ نانی فیتوای کۆمەڵکوژ کردنی کوردانە.