توڵهەڵدان زیلان – ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەجەرە

چوارچێوەی مێژوویی

گەلی کورد لە مێژوی مرۆڤایەتی دا یەکێکە لەو نەتەوە کۆنانەی کە خاوەن پێگەیەکی مێژوویی و کولتووریە. گەلێکە کە لە نێو جۆگرافیای مێزۆپۆتامیا بە کولتووری ئاریایی دەناسرێ و سەرچاوەکان شایەدحاڵی ئەوەن کە چەندە لە ژیانی مرۆڤایەتی دا خاوەن رۆڵ بوون. هەر لە سەردەمی کۆنەوە گەلی کورد سەرچاوەی زانستەکان و داهێنەری ژیانی کۆمینال و هەرەوەزی بوون. سەردەمانێک خاوەن هێز و چەمکێکی رۆشنبیری و هەروەها رێوەبەری ناوچەکە بوونە کە بە بیر و باوەڕی خۆیان یەکسانیان لە نێو گەلان بە دی هێناوە و هەموو زانستەکانیان لە پێناو ژیانێکی هاوبەش خستۆتە خزمەتی مرۆڤایەتی.

دەسەڵاتدارە جیهانیەکان بەردەوام لە بەرامبەر گەلەکەمان سیاسەتی قڕ کردن و لە ناو بردنیان پەیڕەو کردوە. بە جۆرێک لە بەرامبەر گەلەکەمان و رێبەرانی گەلەکەمان بەردەوام لە هەوڵی پیلانگێڕی، فێڵ و تەڵەکە بازیدا بوون، مێژوو شایەد حاڵی زۆر رووداوی لەو جۆرەیە، لە مێژوودا دەبینین کە هەوڵدانی گەلی کورد پێکەوە ژیانی هاوبەش بووە و هیچ کاتێک نەتەوەیەک بە دەستی گەلی کورد نە بن دەست و نە قڕ کراوە، ئاشتی و پێکەوە ژیان لە نێو مادەکان دیارترین سەرچاوەیە کە نیشان دەدات یەکسانی و یەکگرتنی مرۆڤایەتی چەندە بۆ گەلی کورد بەنرخە.

رۆڵی جەوانان لە نێو کۆمەڵگادا

جەوانان و ژنان لە هەر کۆمەڵگایەک خاوەن رۆڵێکی گرینگن، هێز و وزەیەک کە بە هەڵوێستی خۆیان کۆمەڵگایەک بونیاد دەنێن و هێزی داگیرکەری تێک دەشکێنن، جەوانان کە هێزی دینامیکی کۆمەڵگان لە هەموو شۆڕشەکانی دونیادا بە هەڵوێستی خۆیان رۆڵێکی کاریگەریان بینیوە، جەوان بۆ خۆی ناسنامەیەکە کە بە هەبوونی چالاکی خۆی دەتوانێ خاوەنداری لە ناسنامەی خۆی بکات و بۆ خۆی بڕیاڕدەری ژیانی خۆی و داهاتووی کۆمەڵگاکەی بێت، دەسەڵاتدارەکان بەردەوام لە هەوڵی کوشتنی هێزی جەوانان و ژنانن، هەموو هەوڵدانی خۆیان لە سەر ئەساسی بەکار هێنانی هێزی جەوانان و ژنان دەخەنە گەڕ و بۆ خزمەتی خۆیان بە کاریان دێنن، عەقڵیەتی دەسەڵاتدار بۆ لە ناو بردنی هێزی جەوانان هەموو جۆرە ڕێبازی شەڕی تایبەت لە بەرامبەر ئەو توێژەی کۆمەڵگا بە ڕێوە دەبەن، ئامانجی سەرەکیان بێ ئیرادە خستنی جەوانانە و دەیانهەوێت بۆ خزمەتی خۆیان بە کاریان بێنن  یان کەسایەتیەکی لاواز، بێ هەڵوێست، مردوو، دوور لە پێوانی ئەخلاقی لە کەسایەتی جەواناندا پێک بێنن. دوژمن کە لە هێزی جەوانان دەترسێ و لێکۆڵینەوەی لە سەر کاریگەری جەوانان کردووە و بەردەوام ترسی رووخاندنی دەسەڵاتەکەی لە لایەن جەوانان و ژنان هەیە. بۆیە لە بەرامبەر هێزی چالاکی کۆمەڵگا سیاسەتی قێزەون بەڕێوە دەبەن، جەوانان کە هێزی جووڵەی کۆمەڵگان لە ڕووخاندنی هەموو دەسەڵاتدارەکان پێشەنگایەتیان کردووە، ئەگەر لە مێژووی شۆڕشەکانی دونیا بڕوانین دەبینین کە لە هەر شۆڕشێکدا جەوانان مۆری خۆیان لە شۆڕشەکان داوە. سەرهەڵدانەکانی دەیەی ٦٠ دیارترین قۆناغە کە جەوانان لە هەموو شوێنی جیهان دەستیان بە سەرهەڵدان کرد و پێشەنگایەتیان بۆ کۆمەڵگاکانیان کرد، لە رووخاندنی دەسەڵاتدارەکان خاوەن رۆڵی کاریگەر بوون، لە رۆژی ئەمڕۆشدا تەڤگەری جەوانانی ئاپۆیی بە فکر و رامانی رێبەری گەلان ڕێبەر ئاپۆ ڕەنگێکی جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە، رێبەر ئاپۆ کە بە جەوانی دەستی بە بەرپا کردنی شۆڕش کرد و لەو باوەڕیەدایە کە جەوانان شۆڕش مسۆگەر دەکەن ئیرادەیەکی نوێی بە جەوانان بەخشی. لە لایەک کە ئیمپریالیزم وزەی جەوانانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بە کار دەهێنت و سەرکوتیان دەکات بەڵام رێبەر ئاپۆ بە ورە بەخشی بە جەوانان و باوەڕی پێدان بۆ ئەرکی سەرخستنی شۆڕش، جەوانانی کرد بە خاوەن ناسنامە و سەربەخۆیی لە نێو تەڤگەری ئاپۆیی دا، ڕیبەر ئاپۆ لەو باوەڕەدایە کە ئەگەر ئیرادەی جەوانان پێشێل نەکرێت و خاوەن بڕیار بن دەتوانن هەم لە نێو تەڤگەری ئاپۆیی و هەم لە سەرخستنی شۆڕش دا رۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕن، بۆیە لە ئەمرۆدا بە هێزو ئیرادەیێک کە لە رێبەر ئاپۆ دەگرین، ئەرکی شۆڕش و سەرخستنی شۆڕشی گەلی کورد و گەلانی بن دەست لە ئەستۆی ئێمەی جەوانان دایە.

سیاسەتی داگیرکەران لە سەر کوردستان

کوردستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە هەزاران ساڵە داگیرکاری بە سەری دا سەپێندراوە و بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە لە ژێر هەڕەشەی لە ناو چووندا بووە، جوگرافیای کوردستان کە دەکەوێتە پانتایی رۆژهەڵاتی ناوین یەکێک لە وڵاتە ستراتیژیەکانی ناوچەکە پێناسە دەکرێت، هەر بۆیە پیلانی دژە مرۆڤی لە لایان هێزە جیهانیەکان و هێزە ناوچەیەکان بە سەر گەلی کورد دا بە ڕێوە براوە، قەتڵ وعام گەلێک کە بە سەر گەلی کوردا بەڕێوە براون، بە پیلان بۆ لە ناو بردنی گەلەکەمان بووە. هەر داگیرکەرێک  کە دەسەڵاتی ناوچەکەی بە دەستەوە بووە بە هەمان عەقڵیەتی لە ناو بردن سیاسەتی دژە مرۆیی بە ڕێوە بردووە، سیاسەتی قەتڵ و عام کە دەکەوێتە خانەی ژینۆساید لە سەر ئامانجی کۆمەڵکوژ کردن، بێ دەنگ کردن و کۆیلە کردنی گەل بەرێوە دەچێت و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی مافی مرۆڤ ئەنجام دانی ئەو کردارە دژە مرۆیی، ژینۆساید لە قەڵەم دەدرێت و دەبێ بخرێتە پێش دادگای مافی مرۆڤ، بەڵام نەک دادگایی لە سەر بکەرانی ئەنجام نادرێت، بەڵکوو رەوایەتی بەو کردارە دەدرێت و هیچ لێپرسینەوەیێکی لە سەر ئەنجام نادرێت، ئەمە بۆ خۆی سەلمێنەری سیاسەتە دژە بەشەرییە کە دوژمنان بە پیلان کار بۆ لە ناو بردنی گەلی کورد دەکەن، داگیرکەری و قەتڵ و عام تەنیا بە چوار وڵاتی داگیرکەر کە لە ئەمڕۆدا کوردستانیان داگیرکردووە، سنوور دار نەماوە بەڵکوو زۆر بە ئاشکرا هەموو هێزە جیهانیەکان لە دژی گەلی کورد قەتڵ و عامیان بە ڕێوە بردووە یان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە هەموو شێوازێک مامەڵەیان بە دۆزی گەلی کورد کردووە و بە دەیان جار لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان سەربەخۆیی کوردستانیان رادەستی یەکێک لەو دوژمنانە کردووە، یان پێشەنگەکانمانیان رادەستی هێزە داگیرکەرەکان کردووە و بە هیچ شێوازێک ڕێگەیان بە پێشەنگەکان نەداوە کە رۆڵی خۆیان تا سەرکەوتن بگێرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەن وڵاتی ئەوروپی کە خۆیان بە وڵاتێکی پەنابەر یان ئاشتی خواز و دیموکراتیک نیشان داوە بەڵام ڕێخۆشکەر بوونە بۆ تیرۆر کردن و گرتنی پێشەنگانی گەلی کورد. ئەوە بۆ خۆی نیشان دەدات کە ئەو وڵاتانە لە سەر بن پێ کردنی دۆزی گەلی کورد هاوڕان و نابێ پشت بە هیچکام لەو وڵاتانە ببەسترێت.

بۆچی یەکگرتنی نەتەوەیی؟

گەلی کورد کە لە بەرامبەر داگیرکەری لە ناو تێکۆشاندا بووە و هیچ کاتێک بن دەستیان قەبووڵ نەکردووە و بە درێژایی مێژوو دەبینین کە تێکۆشانی گەلەکەمان بێ وچان بووە و بەردەوام خاوەن هەڵوێست بوونە، دەبێ تا رۆژی ئەمرۆ نەگەیشتبێتین بە گشت ئامانجەکانمان بەڵام رەد کردنەوەی داگیرکەری بۆ خۆی سەلمێنەری وڵاتێکی خاوەن هەڵوێست و زیندووە کە بە هەزاران ساڵە داکۆکی لە مافی سەربە خۆیی خۆی دەکات و هیچ کاتێک بێ کردار نەماوە، خاڵێک کە بەردەوام زەبری لە تێکؤشانی گەلەکەمان داوە و ڕێگە خۆشکەر بووە لە بەردەم داگیرکەراندا، یەک نەگرتنی تێکۆشانی گەلی کوردە کە دەبێت بە باشی شیکاری بۆ بکەین.  داگیرکەران بەردەوام لە هەوڵی بینینی خاڵی لاوازی ژێر دەستی خۆیانن کە بەداخەوە یەک نەگرتنی تێكۆشانی گەلی کوردیش بۆ خۆی گەورەترین خاڵی لاوازیە کە دوژمنان بەردەوام لە بەرامبەرماندا بە کاریان هێناوە. لە هەر بەشێک لە کوردستان کە ئەڕوانیت کەسایەت گەلێک دەرکەوتوون کە پێشەنگایەتیان بۆ بەر پا کردنی شۆڕش کردووە و دوژمنی داگیرکەریان هەژاندووە. سەرهەڵدانەکانیان بۆتە هۆی هیوایێک بۆ گەلی کورد، بەڵام سەرهەڵدانەکان درێژخایەن نەبوونە و دوژمن دەستی بە سەردا گرتووە ئەویش لە لاوازی و نە خوێندنەوەی میژوو سەرچاوەی خۆیی دەگرێت کە یەکەم هۆکاری بۆ یەک نەگرتن دەگەڕێتەوە، دوژمن چەندە هەوڵی پارچە کردنی گەلی کوردی دابێت ئەوەندەش ئاژاوەی لە نێوانمان درووست کردوە. دەبینین کە زۆر جار بەرژەوندی عەشیرەیی، تایەفی و هەروەها تاکەکەسی  لە پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی بووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستیان لە گەڵ دوژمن تێکەڵ کردووە و لە دژی تەڤگەرە شۆڕشگێرەکان وەستاونەتەوە. هەروەها زۆربەی سەرهەڵدانەکان یان بە عەشیرەتێک وە یان بە پارچەیێکی کوردستانەوە سنووردار ماوە ئەوێش کار ئاسانی بۆسەرکوت کردنی لە لایان  دوژمنەوە کردووە، مێژوویەکی رەش کە لە تێکۆشانی گەلی کوردا دەبینین ئەویش وەستانەوەی پارچەیەک لە بەرامبەر تێکۆشانی پارچەیەکی دیکەی کوردستانە کە زۆربەی جاران بووەتە هۆی شەڕی ناوخۆیی و قازانجەکەی بە کیسی دوژمندا چووە و دوژمن بەردوام ئەو خاڵە لاوازییەی لە بەرامبەر گەلەکەمان بە کار هێناوە.

لە تێکۆشانی گەلان لە دونیادا دەبینین کە چەندە بە یەکگرتن لە بەرامبەر هێزی داگیرکەردا وەستاونەتەوە و بە هێزی یەکگرتنی خۆیان شکەستیان بە دوژمن هێناوە و دەرئەنجامەکەی سەربەخۆییان بۆ گەلەکەیان مسۆگەر کردووە. وەک نموونە دەتوانین ئیشارەت بە تێکۆشانی گەلی ڤیەتنام بکەین کە هێزێکی وەکوو ئەمریکا کە خۆیی بە زڵهێزترین هێزی دونیا ناوزەد دەکرد شەکەست دا، ئەویش سەرچاوەی خۆی بۆ یەکگرتن دەگەڕێتەوە و دەتوانین وەک زیندووترین نموونە بۆ سەرخستنی شۆڕش بە ئەساس وەری بگرین کە هێزی گەل چۆن چۆک بە زلهێزەکان دا دەدات.

بۆ یەک گرتنی نەتەوەیی ئەگەر تەنیا چاوەڕوانی لە حیزبێک یان هێزێکی لەشکەری بکرێت گەورەترین هەڵەیە چوونکە هێزی گەل یەکلایی کەرەوەی ئەو یەکگرتنەیە کە بە هێزی خۆی دەتوانێ پێکی بێنێ، هێزی گەل هێزێکە کە هەموو دەسەڵاتدارەکان لێی دەترسن و لە لایەن هەر لایەنێک زۆربەی جاران بۆ بەرژەوەندی بە کار دەهێنرێت، بەڵام لە راستیدا هێزی جەوهەری گەل ئەو هێزەیە کە شۆڕشی ڤیەتنامی کردووە بە نموونەی رۆژی ئەمڕۆمان، کە ئەو نموونەیە دەتوانێ لە سەرکەوتنی شۆڕشی کوردستانیشدا رۆڵی ئەساسی بگێرێت، چۆن بینیمان لە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستاندا و لە ئەو شەڕەی کە لە بەرامبەر چەتەکانی داعشدا کرا گەل بۆ خۆی پێشەنگایەتی کرد و بە هەڵوێستی خۆیان یەکگرتنی گەلی کوردیان درووست کرد و دەر ئەنجامەکەشی بوو بە مایەی سەرکەوتن.

لە ئێستایشدا یەکگرتنی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد لە هەر سەردەمێک پێویست و بە کاریگەرترە، چونکە گەلی کورد وەک چاوەڕوانیەک لە  بەرهەمەکانی تێکۆشانیدا دیتنی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆیە، کە ئەویش تەنیا و تەنیا بە یەکگرتن پێک دێت و دەبێت هەر کەس بەو ئەرکە راپەڕێت و چاوەڕوانی نە لە کەس و نە لە هیچ حزبێکی دیکە بکات و گەل تەنیا پشت بە هێزی جەوهەری خۆی ببەستێت و دەبێت هەر کەسێک ئەو ئەرکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، تەنیا بەو شێوازە دەتوانین سەرکەوتنی شۆڕشی گەلەکەمان مسۆگەر بکەین.

ئەرکی جەوانان لە یەکگرتنی نەتەوەیی

جەوانان و ژنان کە دیارترین هێزی کۆمەڵگان، بەردەوام لە لێگەرین دان و لێگەرینەکانیشیان بۆ ژیانێکی سەربەخۆ و دیتنی ئیرادەیەکە کە لە ناو هەر سیستەمێکدا ڕەنگی خۆیانی تێدا ببینن، جەوانانی کورد  کە بە درێژای مێژوو نەسڵ بە نەسڵ لە بەرامبەر داگیرکەریدا لە ناو تێکۆشان بوونە و خەونیان لەداگیرکەران زڕاندووە، جەوانان لە هەر شۆڕشێک هێزی پێشەنگ بوونە و ئەرکی شۆڕشیان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام دەبینین کە لە زۆربەی شۆڕشەکاندا جەوانان لە لایەن عەقڵیەتی پاشکەوتوو تەنیا بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بە کار هێنراون و خاوەن بڕیاری خۆیان نەبوون و بە هیچ شێوازێک لە بواری سیاسی و بڕیار دان هیچ رۆڵێکیان پێ نەدراوە، بەڵام لە رۆژی ئەمڕۆماندا دەبینین کە ڕێبەر ئاپۆ لە ناو تێکۆشاندا زۆرترین رۆڵی بە جەوانان و ژنان داوە  و ئیرادەیێکی نوێی بە دونیای جەوانان و ژنان بەخشیوە، بە جۆرێک لە هەر بوارێکدا ژنان و جەوانان هێزی پێشەنگن و بە ئەساس وەر دەگیرێن و لە بواری بڕیار دان خاوەن بڕیاری خۆیانن، جەوانان و ژنان وەک دیارترین هێزی کۆمەڵگان و بۆ پێشخستنی یەکگرتنی نەتەوەیی خاوەن ئەرکن، ئەرکێک کە بە سەدان ساڵە هەوڵی بۆ دەدرێت، یەکگرتنی نەتەوەیی بۆ دوا رۆژ و داهاتووی کۆمەڵگا گرینگە و پشکی زۆری بەر جەوانان و ژنان دەکەوێت، چونکە لە سەر داهاتووی جەوانان و ژنان بڕیار دەدرێت، بۆیە ژنان و جەوانان دەبێت لە سەر داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگا خاوەن بڕیار بن، نە بە عەقڵیەتی پاشکەوتوو خواز لە سەر دوارۆژیان بڕیاڕ بدەن  چونکە عەقڵیەتی پاشکەوتوو تەنیا وتەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە و دواڕۆژیان بۆ گرینگ نیە. هەر وەک چۆن لە رابردوو بە هەمان عەقڵیەت ئاستەنگیان لە بەرامبەر یەکگرتنی نەتەوەیی درووست کردووە، لە رۆژی ئەمرۆیشماندا بە هەمان عەقڵیەت ئاستەنگی درووست دەکەن، بۆیە  جەوانان و ژنان نابێت ڕێگە بەو عەقڵیەتە بدەن و دەبێت هەموو هێزی خۆ بۆ یەکگرتنی نەتەوەکەمان بخەینە گەڕ تاکوو کوردستانێکی ئازاد و سەر بەخۆ بە ئیرادەیێکی ئازاد بۆ ژنان و جەوانان مسۆگەر بکەین.