٣٧مین ساڵرۆژی ١٥ی ئاگۆست رۆژی ژیانەوەی گەلی کورد لە رێبەر ئاپۆ، ماڵباتی شەهیدان و هەموو گەلی کورد بە تایبەت گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەین.

٣٧مین ساڵرۆژی ١٥ی ئاگۆست بە پێشەنگایەتی فەرمانداری ئەفسانەوی شەهید عەگید کە دوژمنی داگیرکەری هەژاند، بوو بە کانگەی هیوا بۆ گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان. لە کات و ساتێکدا کە دوژمنی قڕکەر هەوڵی لە ناو بردنی گەلی کوردی دەدا و سیاسەتی دژە مرۆیی بەرێوە دەبرد، گەلی کورد بە تایبەت لە باکووری وڵات رووبەڕووی پاکتاوکاری بووەتەوە و سیاسەتی درندانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەو پەڕی بێ روومەتی دا بوو. تێکۆشانی تەڤگەری ئاپۆیی لەو ئان و ساتەدا بووە هەوێنی تێکۆشان لە بەرامبەر فاشیزم و قەڵەم بازی ١٥ی ئاگۆست و تەقاندنی یەکەم فیشەک لە بەرامبەر زیهنیەتی داگیرکەری تەقێندرا و ئەوەش بناغەی تێکۆشانی زێهنیەتی داگیرکەری لە گۆڕ نا و بە تێکشکاندنی  زێهنیەتی داگیرکەری هیوای گەلی کورد و گەلانی بندەست گەشایەوە.

١٥ی ئاگۆست  لە مێژووی تێکۆشانی گەلەکەمان بێ وێنەیەو بە پێش خستنی ئەرتەشی ڕزگاری کوردستان گەلی کورد بۆ یەکەم جار بوو بە خاوەن ئەرتەشێک کە لە هەر چوار لای کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا و لە دژی داگیرکەرانی کوردستان دەستی بە تێکۆشان کرد. گەریلای ئازادی کوردستان بە هەمان رۆحی سەرهەڵدێر لە بەرامبەر داگیرکەریدا  لە کوردستان و جیهاندا تێکۆشان و خۆراگری بە ڕێوە دەبەن و ئەمڕۆ ئاستی تێکۆشان لە لوتکەی هەرە بەرزدایە و فاشیزمی پەلکێشی لێواری داڕمان کردووە. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ داگیرکردن و لە ناو بردن پەلاماری خاکی باشووری کوردستانی داوە و گەریلاکانی ئازادی کوردستان وەک شەڕڤانی شەهید عەگید بە رۆحی ١٥ی ئاگۆستەوە بەرخۆدێرانە چۆکیان بە داگیرکەران هێناوە.

٣٧ ساڵ بە سەر داستانی ١٥ی ئاگۆست دەرباز دەبێت، دەوڵەتی داگیرکەر بە هەمان عەقڵیەتی نژاد پەرەستی هێرش دەبەنە سەر گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان و بە جۆرێک لە قەتڵ و عامی گەل بگرە تاکوو گۆڕینی دیمۆگرافیا و لە ناو بردنی ژینگەی کوردستان، دەست بۆ هەر جۆرە کاری قیزەون دەبەن.

بە درێژای میژوو گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان  لە بەرامبەر دوژمنی داگیرکەردا لە ناو تێکۆشاندا بوون و جەوانان لە هەر سەردەمانێک پێشەنگایەتیان بۆ تێکۆشان کردووە و هیچ کاتێک بندەستی و زۆرداریان لە لایەن دوژمنەوە قەبوول نەکردووە و بە هەڵوێستی خۆیان بەردەوام لە نێو گۆڕەپانی تێکۆشاندا بوون. بۆیە قەڵەمباز و داستانی ١٥ی ئاگۆست لە باکووری وڵات بۆ گەلی رۆژهەڵات و چینی جەوانان بووەتە سەرچاوەی هیوا و ورەی گەهێشتن بە ئازادی. تایبەت بە دەرکەوتنی حەرەکەتی ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشەنگایەتی جەوانانی رۆژهەڵات لە نێو تەڤگەری ئاپۆیی لاپەرەیێکی نوێ لە تێکۆشانی گەلەکەمان هەڵدرایەوە، جەوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری کردن لە نێو تێکۆشانی ئاپۆیی سنوورە دەستکردەکانی دوژمنیان تێکشکاند و لە بەرامبەر زیهنیەتی داگیرکەری ئێراندا خۆیان کرد بە قەڵغانێک لەئاسن. بە گوڕ و تینەوە گەنجان دەستیان بە تێکۆشانی ئازادی کرد و بە خۆ رێکخستن کردن و ئیرادەیەکی پۆلایین لە ساڵیادی ١٥ی ئاگۆستدا تەڤگەری جەوانانی ئاپۆیان دامەزراند و لە سەر ناوی کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان – کەجەرە پەرەیان بە تێکۆشان دا.

ساڵرۆژی دامەزراندنی کەجەرە لە رۆژی ١٥ ی ئاگۆستی ٢٠٠٦، رۆژی ژیانەوەی گەلی کورد لە هەموو جەوانانی رۆژهەلات بە تایبەت لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ماڵباتی شەهیدان و ئەندامان و لایەنگرانی تەڤگەرەکەمان پیرۆز دەکەین. تێکۆشانی ئێمە وەک جەوانانی رۆژهەڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا دەرباز دەبێت و لەم کات و ساتەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمە وەک جەوانان لە هەر سەردەمێک لە بەرامبەر تێکۆشانی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات و کوردستاندا زۆرتر و گرانترە. بۆیە جەوانان لە هەموو شۆڕشەکاندا رۆلی پێشەنگایەتیان گێڕاوە و هیچ کاتێک ملکەجی سیاسەتەکانی دوژمن نەبوونەتەوە، لە رۆژی ئەمڕۆشماندا بە هەمان رۆحی سەرهەڵدێرەوە لەنێو تێکۆشاندان. بۆیە بەردەوام لە لایەن دوژمنەوە راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ دەکرێنە ئامانج، بەڵام رۆحی سەرهەڵدێری جەوانان هەرگیز ملکەجی سیاسەتەکانی دوژمن نەبووەتەوە و وەک هێزی جوڵانەوەی کۆمەڵگا خاوەن هەڵوێست بوون.

جەوانانی ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی هەڤاڵانی شەهید لاپەرەیێکی نوێیان لە نێو تێکۆشانی جەوانان نووسیوە و  بە خۆڕاگری و بەرخۆدانی هەڤاڵانی زیندان وەک؛ شەهید هێمن و شەهید باهۆز لە شەقامەکاندا شەهید د‌ێرسیم و لە چیاکاندا شەهیدان هێرش، خۆشمێهر، مانی، چالاک، مادۆدرا، باهۆز، هاورێ ئیلام، زەردەشت، زاڵ، فەراشین، برووسک، کارۆ، کۆسار، قەندیل، دڵۆڤان، هیوا، دەروێش، دێرسیم لەک، هێژا  شێرکۆ و سیروان و بە دەیانی شەهیدی دیکە کە لە رێگەی ئازادی دا گیانیان بەخت کرد و بە شەهادەتیان تێکۆشانی رەوای گەلیان گەیاندە ئەم قۆناغە. بۆیە بە هاتنی ساڵیادی دامەزراندنی کەجەرە هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی وە بیر دێنین و وەک کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە پابەند بوون بە خەتی شەهیدان و بە دیهێنانی ئاواتی شەهیدان گوڕ بە تێکۆشانمان دەدەین.

لە کۆتاییدا بانگەوازی لە هەموو جەوانانی رۆژهەڵات دەکەین کە بۆ سەرخستنی شۆڕشی گەلەکەمان و تێکۆشان لە بەرامبەر داگیرکەریدا ئاستی تێکۆشانیان بەهێزتر بکەن و بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکەری بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن. هاوکات وەک جەوانانی رۆژهەڵات بۆ پێشخستنی ژیانی هاوبەشی گەلان و بەڕەنگاربوونەوە لەدژی داگیرکەری ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ جەوانانی نەتەوەکانی دیکە ئاستی تێکۆشانمان بەرز دەکەینەوە و بە برایەتی گەلان رژێمی داگیرکەری ئێران هەڵدەوەشێنین. بۆیە دەبێت جەوانانی کورد و نەتەوەکانی دیکە ئەرکی سەرشانیان بە جێ بهێنن و لە بەرامبەر ئەو داگیرکەریەی کە لە کوردستان و سەرجەم ئێران بە ڕێوە دەچێت، بوەستنەوە.

کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان – کەجەرە

١٥\٨\٢٠٢١