لە قۆناغێکدا کە گەلانی ئێران لە زۆربەی ناوچەکاندا لەدژی رژێمی داگیرکەر و سەرکوتکاری ئێران سەریانهەڵداوە، لەوە تێگەیشتوون کە ئەم دەسەڵاتە خوێنمژە بە نیاز نییە هیچ گۆڕانکارییەک لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا پێکبێنێت. لەو پێناوەدا خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دەڕوات پەرە دەستێنێت و بەرەوە گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیکدا هەنگاو دەنێت، لەم پێناوەشدا هەمیشە نرخی داوە و بە هەموو شێوەیەک پێداگری لەسەر بە دیهێنانی ئامانجەکانی کردووە.
رژێمی داگیرکەری ئێران کە بە سیاسەتە شۆڤێنیستیەکانی هەمیشە هەوڵی چەوساندنەوەی گەلانی ئێرانی داوە، بە یاسا دژە مرۆڤانەکانی ڕێگەی نەداوە خەڵک داوای مافی رەوا و ئازادی خۆی بکات. جارێکی تر چەکدارەکانی رژێم بە شێوەیەکی دڕندانە گەلی کوردی کردووەتەوە ئامانج و هێرش دەکاتە سەر کادیرە پێشەنگەکانی پژاک، کۆدار و یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیمۆکراتیک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشن. رژێم بەو هێرشانە دەیەوێت لە کەسایەتی گەلی کورددا، سەرجەم گەلانی ئێران چاوترسێن بکات و لە سەرهەڵدان و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان پاشگەزیان بکاتەوە.
لە چوارچێوەی هێرش و داگیرکەریەکانی رژێم لە ڕۆژی ٢٧ی ٧ی ٢٠٢١ لە هەرێمی بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ، هێزە داگیرکەرەکانی رژێمی ئێران بۆسە بۆ دوو هەڤاڵمان دادەنێن کە لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رێکخستنی دا بوون. چەکدار و بە کرێگیراوەکانی رژێم بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر هەڤاڵانمان و ئەو دوو هەڤاڵەمان قارەمانانە لەبەرامبەر چەکدارەکانی رژێم بەرخودان دەکەن و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکی نابەرابەردا، دوای خۆڕاگرییەکی قارەمانانە هەڤاڵ ئاریۆ و شاهین پەیوەستی کاروانی نەمران دەبن.
ئێدریس فێقهی ناسراو بە (ئاریۆ زاڵ) و مۆحسێن قادری ناسراو بە (شاهین ئاگری) بۆ وەدیهێنانی ئیرادە و ناسنامەی ئازادی گەلان لە بەرانبەر سیاسەتی سەرکوت و نکۆڵی رژێمی داگیرکەری ئێران لە سەر ئیرادە و هەبوونی کۆمەڵگا، تا دوا چرکەی ژیانیان بە جۆش و بەڵێنی شۆڕشگێڕانەوە تێکۆشاون.
هەڤاڵانمان شەهید ئاریۆ و شەهید شاهین، لە قۆناغێکدا کە هێزە داگیرکەرەکان، بێباوەڕی بە خەبات و تێکۆشان، ڕادەست بوون و چۆکدانان بە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دا دەسەپێنن، بوێرانە و بە گیانبازیەوە بوونە هێمای شۆڕشگێڕی ئازاد و قارەمانی نیشتمان.
هەڤاڵ شاهین ئاگری ساڵی ١٩٨٣ لە ماڵباتێکی وڵاتپارێز و رەنجدەر لە هەرێمی بۆکان چاو بە دونیا هەڵدێنێت. دوای سەرهەڵدانەکانی ساڵی ١٩٩٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەسەر رێبەر ئاپۆ، لەگەڵ هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ ئاشنا دەبێت. ناوبراو لەو قۆناغەدا کە بۆشایی سیاسی باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشابوو، لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ئاپۆیی دەستی بە لێگەڕین کرد و لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە لەسەر ئەو بیر و بڕوایە کار و خەباتی مەدەنیانە دەست پێدەکات.
شەهید شاهین لە ساڵی ٢٠١٢ سەردانی باشووری کوردستان دەکات و پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و بەشداری ریزی گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەبێت و لە چیای سەربەرزی قەندیل فێری گەریلایەتی دەبێت. دوای پێشخستنی خۆی لە بواری فکری و لەشکەریەوە، دەگەڕێتەوە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەرێمەکانی کۆساڵان، مەریوان، سنە، کامیاران، شاهۆ و مۆکریان کار و خەباتی شۆڕش رادەپەڕێنێت و لەپێناو ڕێکخستن کردنی جەوانان و پەروەردەکرنیان لەبواری پاراستنی جەوهەری لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەسەڵاتی ئێران دژبە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵێکی ماندوو نەناسانە دەدات.
هەڤاڵ ئاریۆ زاڵ ساڵی ١٩٨٥ لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەماڵباتێکی وڵاتپارێزدا چاو بە دونیا هەڵدێنێت، وەک هەموو گەنجێکی خاوەن هەستی نیشتمانپەروەری، دوای سەرهەڵدانەکانی ١٩٩٩ی ڕۆژهڵاتی کوردستان بۆ خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ، لەگەڵ تەڤگەری ئازادیخوازی کورد ئاشنا دەبێت و لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا بە پێشکەوتنی کاروخەباتی پژاک لە شاری سنە، زیاتر لێگەڕینی بە دوای ئازادی دروست دەبێت و ساڵی ٢٠١٢ لەناو شاردا دەست بە کار و خەباتی مەدەنیانە دەکات و لەساڵی ٢٠١٤ دوای پەروەردەیەکی سەرەتایی بەشداری کاری ڕێکخستنی ناو شار دەبێت. دواتر لە ساڵی ٢٠١٧ بەشداری ڕیزی گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەبێت. دوای پەروەردەی لەبواری گەریلای سەردەمی نوێ و پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک لە هەرێمەکانی مەهاباد، سەردەشت و بۆکان دەست بە کاری ڕێکخستنی و پەروەردەکردنی جەوانان و ژنان بۆ پاراستنی جەوهەری دەکات و لەم پێناوشدا رەنجێکی بێوچان دەدات.
لەم سەردەمەدا کە قۆناغێکی نوێی قڕکردن لە کوردستان لەئارادایە، چەکدارەکانی رژێم هێرشەکانیان بۆ سەر گەلی کورد چڕتر کردوەتەوە کە ئەوەش درێژەی هەمان سیاسەتی دژە کوردی فتوای خومەینییە بۆ سەر کوردان. بۆیە ئەو هەڤاڵانەمان لەم قۆناخە هەستیارەی مێژوودا بوونە هێما و دەنگێکی ئازاد لەپێناو پاراستنی کۆمەڵگای ئازاد و دیمۆکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. پاراستنی کۆمەڵگایەک کە مەترسی قڕکردنی جەستەیی و ناسنامەی لەسەرە، ئەرکێکە کە هیچ هێزێک جگە لە خۆدی کۆمەڵگا ناتوانێت لەسەر شانی بگرێت و بە باشی پێکی بێنێت. بۆیە هەڤاڵ شاهین و هەڤاڵ ئاریۆ بە پشتبەستن و باوەڕی تەواو بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ سەرەڕای مەترسییەکان لە دژوارترین کات و ناوچەکان، ئەرکی پێشەنگایەتی پەروەردەکردنی کۆمەڵگایان بە ئەستۆ گرت و بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و گەلێکی شۆڕشگێڕ وەک میلیتانێکی فیدایی تا دوا دڵۆپی خوێنی پاکیان ئەرکی شۆڕشگێڕییان بە جێ هێنا.
وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەزی شەهید شاهین و ئاریۆ، گەلی وڵاتپارێزی بۆکان، سنە و سەرجەم گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندام و دۆستانی تەڤگەرمان دەکەین. هاوکات بەڵێنمان دوو پات دەکەینەوە کە بە درێژەدان بە رێبازی خەباتیان و ئاڵای تێکۆشانیان کە لە پێناو دەستەبەرکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک و بە رێکخستنی کردنی گەلێکی شۆڕشگێڕ بەرزیان کردووەتەوە، خاوەندارێتی لە خوێن و خەباتی ئەو شەهیدانە دەردەکەوین و بە درێژەدان بە رێچکەی خەباتیان خەونی ئارام لەداگیرکەران دەزڕێنین.
لە کۆتاییدا داوا لە ژنان و جەوانانی کورد دەکەین کە بۆ خاوەندارێتی لەرێبازی شەهید ئاریۆ و شاهین، روو لە چیا سەربەرزەکانی کوردستان بکەن و بە هەڵگرتنی چەکی شەهیدان، خاوەندارێتی لە هێڵی تێکۆشانیان بکەن و بۆ بە دیهێنانی خەون و خەیاڵی شەهیدان گوڕ بە تێکۆشان بدەن.
بژی ڕێبەر ئاپۆ
بژی شەهیدانی رێگای ئازادی
بژی گەریلا و هێڵی ئازادی ژن
بژی بەرخۆدانی زیندان
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
4/8/2021