زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پژاک بەشداری بەرنامەی هێڵی ٣ی ئەم هەفتەیە بوو و هەڵسەنگاندنی گرنگی لەسەر ئاڵوگۆڕە هەنووکەیەکانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: شەڕێکی هەمە لایەنە لە رۆژهەڵاتی ناوین بەرێوە دەچێ و ناوەندی ئەم شەڕەش کوردستان و گەلی کوردە. شەڕ لە باکووری کوردستان بەردەوامە و لە باشووریش رۆژ لەدوای رۆژ قورستر دەبێ. دەوڵەتی فاشیستی تورکیە پێشەنگی ئەم شەڕە دەکا. بەڵام دەستی ئێران و عێراقیش لە ناو ئەو داگیرکەریەدا هەیە. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە بە تەنیا ناتوانێ ئەم شەڕە بکا، لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیران کە ناتۆ پێکی هێنا، زۆر بڕیار لە دژی گەلی کورد و رۆژهەڵاتی ناوین وەرگیران کە ئەوەش دەستی تورکیە لەناوچەکە بە هێز دەکا. شەڕی داگیرکەران تەنیا بۆ لە ناو بردنی PKK نیە بەڵکوو لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە. کاتێک پێویست بێ یەک دەگرن و دەستی یەکتر بە هێز دەکەن، ئێران و تورکیە لەناو کۆنسپتێکی هاوبەش لەدژی کوردان جێ دەگرن. لەم دواییە دا چوار هەڤالی ئێمە لە شاهۆ بە دەستی رژێمی داگیرکەری ئێران شەهید کران و لە هەمان کات دا لە ئاسۆس دو هەڤالی ئێمە بە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیە شەهید کران کە ئەوەش دەیسەلمێنێت کۆنسێپتی هاوبەش لەدژی کورد بەڕێوە دەچێ.

زیلان ڤەژین لەبەردوامی قسەکانیدان تیشک دەخاتە سەر گرنگی سیاسەتی نەتەوەیی کورد و رایگەیاندووە: نەتەوە پەرەستی سەرەتایی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سیاسەتی دێمۆکراتیکی گەلی کورد. نەتەوە پەرەستی سەرەتایی سەرجەم دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەم چل ساڵەدا دەخاتە مەترسییەوە. لە ئێستا دا PDK خاوەن ئەو فکر و هزرە نەتەوە پەرەستانەیە. PKK ‌نوێنەرایەتی هێڵی ئازادی و دیمۆکراسییە و PDK دژی ئەو هێڵەیە. قسەی هەموو سەرکردەکانی کورد لە مێژوو دا ئەوە بووە کە ئەگەر یەک بگرین دوژمن تێک دەچێ، بەڵام PDK بەردەوام لە دژی ئەو سیاسەتە هەڵوێستی نواندووە. پرۆژەی کۆنفێدرالیسمی دیمۆکراتیک تاکە چارەسەری دیمۆکراتیک لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین دایە کە رێبەر ئاپۆ پێشکەشی رای گشتی کردووە و دەبێ لە لایەن هەموو هێزە کوردی و هەرێمەکانەوە بە بنەما بگیردرێ.

پەیمانی لۆزان هیچ خزمەتێکی بە گەلانی هەرێمەکە نەکردووە و بە پێچەوانەوە لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین پێک هاتووە.

لە ساڵی ١٦٣٩ دا بە واژۆ کردنی پەیمانی قەسری شیرین لە لایەن داگیرکەرانەوە رۆژهەڵات وەک دڵی کوردستان کرا بە دوو پارچەوە. دواتر بە واژۆ کردنی پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ زل هیزە جیهانی و هەرێمیەکان، کوردستانیان کردە چوار پارچە. بەڵام گەلی کورد ملکەچی ئەو پیلانە نەبووە و بەردەوام لە دژی ئەم پەیمانە شەڕی کردووە، ئێستاش هەموو هەوڵدانی داگیرکەران ئەوەیە کە تا دوو ساڵی دیکە واتا بەر لەوەی ١٠٠ ساڵەی لۆزان کۆتایی پێ بێ، دەسەڵاتداری خۆیان جاری تر لەسەر گەلانی ناوچەکە سەروەر بکەن. لە ئەساس دا پەیمانی لۆزان زێهنییەتێک بوو لە دژی کوردان کە یەکێتی و یەکڕیزی نێوماڵی کوردانی لەبار بردووە و کوردانی لە کولتوور و زمان زگماکی یان بێبەش کردووە، تا پیلانی کۆمەڵکوژ کردنی کوردان بە ئەنجام بگەیەنن.

هاوسەرۆکی پژاک هەڵسەنگاندنی گرنگی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەلئحوازی کرد و رایگەیاند: خۆپشاندانەکانی ئەلئەحواز لە ئەساس دا لە دژی هەڵبژارتن و دەوڵەت بەڕێوە دەچێ. بێکاری، نەخۆشی و بێ ئاوی تەنیا بەشێکە لە هۆکاری ناڕازیەتی گەل. لە ئەساس دا گەل لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژارتن خۆپیشاندانیان کرد و ئێستاش لە دژی دەوڵەتی نوێ تێکۆشان بەردەوام دەکا و حکومەتی نوێ قەبووڵ ناکا. بۆیە تێکۆشانی گەل لە سەر بنەمای چەسپاندنی دێمۆکراسیە. ناوچەی ئەحواز موزاییکی گەلانە. هەم لۆر، هەم فارس و عەرەب پێکەوە ژیان دەکەن و خاوەن سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئاوە، لە شەڕی ئێران و عێراق دا لەبەرەی پێشەوەی شەڕ بەرگرییان لەخاکی ئێران کرد. بەڵام بە دەست تێوەردان و داگیرکەری ئێران ئەمڕۆ ئەو هەرێمە هاتووەتە ئەو دۆخە خراپەی ئێستا. پێویستە گەلان پشتیوانی سەرهەڵدانی ئەلئەحواز بکەن و خاوەندارێتی لەشەپۆلی ناڕەزایەتی و داوای رەوا و دیمۆکراتیکی گەلانی ئەلئحواز بکەن.

زیلان ڤەژین سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە ئێران ئاماژەی بەوە داوە: یاسای بنەڕەتی وڵاتێک کە لە سەر رەگەزگەرایی ئاوا کرابێ ناتوانێ نوێنەری ژنان بکات. ژنان رۆڵی گرنگیان لەشۆڕشی گەلانی ئێران هەبوو، تێکۆشانی ژنان لەپێناو بەرقەراری ئازادی و دێمۆکراسی بوو. بەڵام ئێستا سەرجەم مافەکانیان بن پێ دەکرێ. ژنان ئەمەیان قەبووڵ نەکردووە و نایکەن. بۆیە بەردەوام پێشەنگی سەرهەڵدانەکانن. هەتا ئەمڕۆ تێکۆشان لە دژی وەلایەتی فەقێ ئەرکی سەرەکەیان گرتووەتە ئەستۆ. لە ناو زیندانەکان بە پێشەنگی زەینەب جەلالیان، ئاتێنا دائێمی و زۆر ژنی دیکە  ئیرادەی بەهێز سەری هەڵداوە. ئەو بەرخۆدانەی ژنان رژێمی تۆقاندووە، چون دەبنە دەنگی سەرجەم ژنان. دەبێ هەر کەس بەشداری ئەم بەرخۆدانە ببێ و تێکۆشان بە هێز بکەن و زێهنیەتی داگیرکەری رژێم مەحکووم بکەن و هەوڵ و تەقاڵای گۆڕینی چڕتر بکەن. ئێمە وەک؛ پەژاک، کۆدار، کەژار بەردەوام پشتیوانی گەلان دەکەین و تا کۆتایی لەگەڵیان داین.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پژاک لە کۆتایی بەرنامەی هێڵی سێ ئاماژەی بەوە داوە: پژاک هێزێکی ئیدیۆلۆژیکە و خاوەن ئەزموونی شەڕ و بەرخۆدانێکی مەزنە. ساڵی ٢٠١١ لە شەڕی قەندیل دا ئێمە سەلماندمان کرد کە خاوەن هێزی شەڕین و هەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و بەرگری لەگەلەکەمان دەکەین. گەل نابێ بکەوێتە ژێر کاریگەری شەڕی تایبەت کە بۆچی پژاک شەڕ ناکات و بەو پیلانە دەیانەوێت گەلی کورد رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بکەنەوە. ئێمە دەمانهەوێ کێشەکان بە رێگای دێمۆکراسی چارەسەر بکەین، بەڵام دەوڵەت ئەم رێبازە پەسەند ناکا، سەرەڕای ئەوەش تێکۆشانمان هەر بەردەوامە و تا کۆتایی شەڕ و بەرخۆدان دەکەین، بۆ ئەوەی جیلی نوێ بتوانێ بە ئازادی ژیان بکا.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ دێمۆکراسی، هەموو هێزمان بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەخەینە گەڕ و بە هەموو شێوازێک پشتیوانی تێکۆشانی رەوای گەلان دەکەین. بەتایبەت پشتیوانی لە بەرخودان و تێکۆشانی گەلانی ئەلئەحواز ئەرکی هەمووانە و داوا لە هەموو گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی ئەم سەرهەڵدانانە بکەن.