شۆڕش سەرخۆبوون : داخوازی گەلی ئەحواز مافدار و رەوایە
شۆڕش سەرخۆبوون لەبەرنامەی ئەم هەفتەی لاپەڕەی رادیۆ وڵات لەسەر رۆژەڤ و ساڵیادی بەرخودانی قەندیل، ساڵیادی شەهادتی (٩هەڤاڵ) لە چیای ئاسۆس، بەرخودانی گەریلا لە بادینان، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆ سەرگەل و گەریلا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاڵۆزی و قەیرانە ناوخۆییەکان لە ئێران بە گشتی و بە تایبەتی بەرخودانی گەلی ئەحوازی خستوەتە بەر باس و گفتگو.
گەریلای یەرەکە شۆڕش بەرخودان، حەماسەی شەڕی قەندیلی بە بیرهێنایەوەو رایگەیاند: دەوڵەتی داگیرکەری ئێران سەرەڕای بە کارهێنانی هەمووهێز و چەکی پێشکەوتووی خۆی نەیتوانی بەرخودانی بێ وێنەی گەریلا تێکبشکێنێت. حەماسەی قارەمانی شەڕی قەندیل بە فەرماندەیی شەهید سمکۆ و هەڤاڵانی سەلماندیان کە ئیرادە، ورە و باوەڕی و ئیدئۆلۆژی لەهەر جۆرە هێز و کەرەستەی شەڕ گرنگترەو حەماسەی قارەمانی قەندیل ئەوەی پشتڕاست کردوەتەوە.
شۆڕش سەرخۆبوون بە گرنگییەوە ساڵیادی بەرخودانی شەڕی قەندیل تاوتوێ دەکات و رایگەیاندوە: بەرخودانی قەندیل سەرچاوەی هێزو ئەزموونی خۆی لە میراتەی شەڕی دەیان ساڵەی گەریلاکانی کوردستان و فکر و رامانی رێبەر ئاپۆ وەرگرتبوو. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بە هەموو هێز و چەکی پێشکەوتووی هێرشی کردە سەر قەندیل، رووبەڕووی بەرخودانی گەریلا تێکۆشەرەکانی کوردستان بوویەوە. گەریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو ئیرادە و ورەیەی کە لە هزر و رامانی رێبەرئاپۆ وەریان گرتبوو، سەرکەوتنیان لەو شەڕەدا مسۆگەر کرد و هیوایان بە چەسپاندنی دیمۆکراسی و ئازادی لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەشاندەوە.
شۆڕش سەرخۆبوون لە سەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچەی ئاسۆس و شەهید خستنی ٩ هەڤاڵ ئاماژەی بەوەداوە کە: ساڵی رابردوو دەرئەنجامی هێرشی هەوایی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری ئێران بۆ سەرناوچەی ئاسوس ٩ گەریلای یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون، لەساڵڕۆژی شەهادەتی ئەو هەڤاڵانەمان یادیان بەرز رادەگرم و ئەو کردەوە تیرۆریستیانە شەرمەزار دەکەم. سەرەڕای ناکۆکیەکانی نێوان دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران و تورکیا، لەسەر کەیسی کورد و کوردستان هەمیشە یەکگرتوو و یەک دەنگ بوون و بۆ پاکتاوکردنی کوردان خاوەنی یەک عەقڵیەتن. ناوچەی ئاسۆس شوێنی گەریلا شۆڕشگێڕ، قارەمان و پێشەنگەکانە کە بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی گەلان و چەسپاندنی دیمۆکراسی لە ناوچەکە تێدەکۆشن و ئەوەش بۆ خویان بە مەترسی دەبینن، لەبەر ئەوەیە دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری ئێران و چاوساخی کوردە بەکرێگیراوەکان، بە بەردوامی هێرشی هەوایی بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن.
شۆڕش سەرخۆبوون لە بەردەوامی قسەکانیدا لەسەرهێرشی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆ سەرگەل و گەریلا لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە: لەکەسایەتی هەڤاڵانی دواییمان کە لەرۆژهەڵات شەهید بوون، یادی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بە بێردەهێنمەوە. ئەو قەیران و ئالۆزیانەی کە بەرۆکی ئێرانی گرتووە و دۆخی رژێمی نالەبار کردووە، رژێم بە زۆڵم و زۆری سەرگەلان و کۆمەڵگا دەیەوێت ئەو قەیرانانە پەردەپۆش بکات. رژێم تێکۆشانی گەریلاکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ، بە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی خۆی لەقەڵەم دەدات، تایبەت دامەزراندنی و بەهێز بوونی پژاک بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ هەژمۆنی خۆی لەناوچەکە دەبینێ. بۆیە رژێم بۆ نانەوەی کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم ئەو پێشکەوتنانە سیاسەتی لاواز سازی کۆمەڵگای پەرە پێدەدات. بەکرێگیراوی، بەسیجی، سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر، رووسپیگەرێتی لەناو ژنان و گەنجانی بڵاو کردەوە تا گەنجان و ژنان بە لاڕێدا ببات. رژێم تەنانەت لەناو گەل و کۆمەڵگا ئاژاوە دەنێتەوە و بە ترس و توقاندن لەسێدارەدان و تیرۆر دەیەوێت گەل تەسلیم وەربگرێت.
شوڕش سەرخۆبوون لە درێژەی بەرنامەکەدا ئاماژەی بە بەرخودانی ژنانی کورد و ئێرانی داوە و دەڵێت:دەوڵەتی ئێران پێشکەوتن و رێکخستن بوونی ژنان بۆ خۆی بە مەترسی لەقەڵەم دەدات، بۆیە بە دەستدرێژی کردنە سەر ژنان و لەسێدارەدانیان لەهەوڵی تێکشکاندنی ئیرادەی ژنانن. بەڵام ژنان رادەستی زیهنیەتی دەسەڵاتداری پیاو نەبوون و لەپێناو دەستەبەر کردنی مافی رەوای ژیان رۆژ لەدوای رۆژ ئاستی تێکۆشانیان بە هێزتر دەکەن.
شۆڕش سەرخۆبوون لەسەر شەپۆلی ناڕەزایەتی گەلی ئەحواز ئاماژەی بەوە داوە: بەرخودانی گەلی ناوچەی ئەحواز سڵاو دەکەین و داخوازی گەلانی ئەو ناوچەیە مافدار و رەوایە. هاوکات لەسەرجەم گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد داواکارم کە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری و پاڵپشتی گەلی ئەحواز بکەن و بۆ بەڕەنگاربوونەوە لەبەرامبەر داگیرکاری و فاشیزم یەکێتی و یەکڕیزی نێوانیان بەهێزتر بکەن.
شۆڕش سەرخۆبوون لە کۆتایی بەرنامەکەیدا داوای لە ژنان و جوانان کردووە و دەڵێت: لەناو سیستەمی دەسەلاتداری ئێراندا، ژنان و جوانان رووبەڕووی زوڵم و زۆری، تەجاوز و نا دادپەروەری دەبنەوە، بۆیە دەبێ ئەو رژێم رەد بکەنەوەو بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن، تا پێکەوە رژێمی داگیرکەری ئێران لاواز بکەن و سیستەمی نەتەوەی دیمۆکراتیک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئاوا بکەن .