گۆڕان شاهۆ: تورکیا سوپای یەنی چری ناتۆیە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار گۆران شاهۆ بەشداری لەبەرنامەی هێڵی سێ ئاریەن تی ڤی کرد و ئاماژەی بە کۆنسێپتی نێونەتەوەیی قڕکردنی کوردان لەئاستی جیهان و هەرێمە کرد و تیشکی خستە سەر سەپاندنی گۆشەگیری توند لەسەر رێبەر ئاپۆ و هەوڵدانەکانی داخستنی هەدەپە و لەبەشێکی تری بەرنامەکەدا هەڵسەنگاندنی گرنگی لەسەر دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن کرد و رایگەیاند: “کۆمەڵگای ئێمە دەبێ پێناسەیەکی نوێ بۆ ژیانی خۆی پەیدا بکا و ئەو دۆخە قەبووڵ نەکا. کۆمەڵگا دەبێ خۆی رێکخستن بکا و خۆی دێمۆکراسی ئاوا بکا، چون لە ناو سیستەمێکی هیرارشیکی دەسەڵات دا دێمۆکراسی ئاوا نابێ. پێویستە هەر کەس خۆی بەرپرسیار ببینێ. هەتا کۆمەڵگای ئێمە چاوی لە دەرەوە بێ ناتوانێ خاوەن ئیرادە ببێ”.

 

٢٢ساڵ بە سەر گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئاپۆ تێپەر دەبێ و هەر رۆژ سزا و گۆشەگیری توندتر لە سەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێ، هەدەفی داگیرکەران لەم گەلەکۆمەیە چی بوو و چ گۆڕانکاریەکی لە سیاسەتی هەرێمی و رۆژهەڵاتی ناوین و بە گشتی جیهانیش درووست کرد؟

لە سەرەتا دا لەکەسایەتی هەڤال ئەکین و هەڤال ئادار کە لە ئاسۆس بە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شەهید بوون و هاوکات هەڤالان سیروان، هێژا و هەڤال شێرکۆ کە لە ئەنجامی هێرشی بەکرێگراوانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە ١٥ی حۆزەیران شەهید بوون، یادی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرم.

تەڤگەری ئازادی گەلی کورد بەر لە هەرکەس و هەر لایەنێک پێناسەی شەڕی جیهانی سێهەمی بۆ ئەو شەڕە کرد کە دوای دیل گرتن و رفاندنی رێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد. رێبەر ئاپۆ دەستپێکردنی شەڕی جیهانی سێهەمی بە رووخاندنی سۆڤیەت و بە دەستێوەردانی هێزەجیهانیەکان بۆ عێراق و کووەیت گەڕاندبوویەوە. شەڕی جیهانی سێهەم هەر وەک شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم لە سەر ئەساسی ئەمپریالیسم، فراوانخوازی و داگیرکەری دەستیپێکرد. لە شەڕی جیهانی یەکەم دا بڕیاری پارچە کردنی ئێمپراتۆری عوسمانی، دیزاینی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین و هاتنە ئاراوەی پەیمانی سایکس – پیکۆ و ئاوا کردنی دەوڵەت – نەتەوە بچووکەکان درا و لە شەڕی جیهانی دووەم دا ئاوا بوونی یەکێتی ئەوروپا پێک هات و لە شەڕی جیهانی سێهەم دا پارچە کردن و دابەشکردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین لەئامانجدایە. لەم سی ساڵەی رابردوو دا بەهۆی پێشکەوتنی تەكنۆلۆژی و دونیای ڕاگەیاندن سیستەمی سەرمایەداری ئیدی بە شێوازی کلاسیک نەماوە و خۆی بە شێوازی نئۆلیبرالیسم بەسەر دنیا دا دەسەپێنێ. لە سەرەتا دا دەستیان بە سەرکوتی ئەو هێز و لایەنانە وەک عێراق و سەدام حسەین کرد کە پاراستنی سەرمایەداری کلاسیکیان دەکرد. لە پەنای ئەمانە دا خۆی دەپارێزی و هێرش دەکاتە سەر ئەو هێزە دێمۆکراسی خوازانە کە لەحاڵی گەشە سەندن دان و پشت نابەستن بە زل هێزەکانی دنیا و ئازادانە سیاسەت دەکەن یەکێک لەم هێرشانە لە دژی قۆناخی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان بوو. لە ساڵی ١٩٩٠ی میلادی دا بە رەزامەندی هێزە ئەمپریالیستەکان و بە دەستی بە کرێ گیراوان، هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر تەڤگەری ئازادی کورد، بەڵام تەڤگەری گەلی کورد لە ناو نەچوو و تێپەڕی قۆناخی چارەسەری بوو کە بە واتای چارەسەر کردنی کێشەکان بە رێگای دێمۆکراسی بوو و لە دژی بەرژەوەندی سیاسەتی زلهێزەکانی جیهان بوو. هەر بۆیە ئەوان بەردەوام دووبەرەکی و ئالۆزی درووست دەکەن، تا بتوانن بەرژەوەندی خۆیانی تێدا ببینن. لەم پرۆسەیەدا لاواز کردن، مارژینال کردن و بە خۆوە گرێدان، سیاسەتێکە کە پەیڕەو دەکرێ. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە سەر رێبەر ئاپۆ هەر بەم مەبەستە بەڕێوە چوو.

هێرشێکی بەردەوام لەسەر پارتی دێمۆکراتیکی گەلان هەدەپە، بەرێوە دەچێ ئەو وڵاتانەی کە خۆیان وەکوو نوێنەری دێمۆکراسی دەنوێنن، بێدەنگن لە حاڵێک دا کە داخستنی هەدەپە لە رۆژەڤدایە، ئەم بێدەنگیە بۆچی دەگەڕێننەوە؟

لە سەرەتا دا دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە دێمۆکراسی لە ڕوانگەی کێوەو بۆ کێ؟ سیستەمی سەرمایەداری، دیمۆکراسی تەنیا مافی خۆی دەبینێ ئەویش تەنیا بۆ چینێکە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئینسانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ئینسان حیساب ناکرێن، تا مافی دێمۆکراسیان بۆ حیساب بکەن و تەنیا هەدەفیان ئەوەیە کە وەکوو ئاموور بە کاریان بێنن. درووست کردنی داعش و ئیسلامیە توندرۆکان هەر لەسەر ئەم ئەساسە بووە. ئەگەر باش سەیر بکەین دەبینین بنەڕەتی ئەو هێزانە لە ئەوروپاوە دێ و لەوێ مەزن و بە هێز دەبن و لە ئەنجام دا رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوین دەکرێن. هەموو ئەو کودەتایانە کە درووست دەبن، وەکوو کودتای شیلی یان لە دژی دوکتور موسەدق، دەستی (سی ئای ئەی) و (ئێم ئای ٦ )ی لە پشتە. هەدەپە هێزێکە کە دەتوانێ گۆڕانکاری لە تورکیا دا بە رێگای دێمۆکراسی درووست بکا، هەر بۆیە هێرش لە دژێ هەدەپە، تەشویقی سیاسەتی شەڕە و ئەو لێدوانانەی کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە دەدرێ، تەنیا لە بواری میدیاییەوە پێک دێ و لە راستی دا هیچ کاردانەوەیەکیان نیە. چون وڵاتانی سەرمایەدار زیاترین سوودیان لە شەڕی نەتەوەکان بەر دەکەوێ، واتا سوودی خۆیان لە فرۆشتنی چەک و هێزی کرێکاری هەرزان بە دەست دێنن. ناتۆ بۆ دابەشکردنی وڵاتە داگیرکراوەکان درووست کراوە.

ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکان لە هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت کوردستان جێگیر بوون. بینیمان کە دوای شەهید بوونی پێنج پێشمەرگە لە مەتینا ئەمریکا و ئینگلتەرا بەر لە پەدەکە لێدوانیان دا و پەکەکە یان شەرمەزار کرد بۆ ئەو هێرشە نەدیارە، سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە لە دژی سیاسەتی نەتەوەیی گەلی کورد چیە؟

لە کاتی ئاوابوونی ناتۆ دا زۆر لایەنی چەپ لە گشتی دنیا دا هەبوون کە دەیانەویست سیاسەتێکی ئازاد و سەربەخۆ بەڕێوە ببەن هەم لە رۆژهەڵاتی ناوین و هەم لە وڵاتانی رۆژئاوایی، ناتۆ وەک باسکێکی لەشکەری لە دژی ئەم لایەن و هێزانە بوو و نوێنەری ئەوان لە رؤژهەڵاتی ناوین تورکیایە. لە دەیەی پەنجای میلادی دا گلادیۆ هەبوو کە ئەرکی سەرکوت کردنی لایەنە چەپەکانی هەبوو، ئێستا ئەمە بە دەستی تورکیا دەکرێ. کەسێک بە ناوی سەدات پەکەر کە مافیایە و کاری بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکرد ئێستا هەندێک کاری ئاشکرا کردووە، لە ئەساس دا سەدات پەکەر چ رۆڵێکی لە ناو تورکیا دا هەیە، تورکیاش هەمان رۆڵی بۆ ناتۆ هەیە و وەکوو یەکن. تورکیا بەم مەبەسەتە ئەو کارە چەپەڵانەی پێ دەکەن، لەبەر ئەوەی دەیبینین کە لە یەکێتی ئەوروپا دا جێگای پێ نادرێ. لە سەردەمی ئێمپراتۆری عوسمانی دا کاتێک لە شەڕەکان دا منداڵانی بێ دایک و باوک دەمانەوە، عوسمانیەکان پەروەردەیان دەکردن و کارە تاڵانکاریەکانیان بەوان دەکرد و ناویان هێزی یەنی چری بوو، ئێستا تورکیا بۆخۆی بووە بە یەنی چری وڵاتانی سەرمایەدار و پەدەکەش خەریکە دەکەوێتە ناو هەمان هێزەوە و هەمان ئەرکی پێ دەدرێ.

هەڵبژارتنەکانی ئێران کۆتایی پێ هات و ئیبراهیم رەئیسی وەکوو نوێنەری گەل ڕاگەیاندرا ئەمە لە حاڵێک دایە کە نیوەی کۆمەڵگا دەنگی نەداوە و ٤ میلیۆن دەنگی سپی هەبوو لە شەرت ومەرجێکی وەهادا چۆن دەتوانێن باس لە نوێنەری گەل بکەین؟

لێرەدا جێگای پرسیارە کە ئایا لەسیستەمێکی وەکوو وەلایەتی فەقێ کە یەک فکر و یەک دەستە، هەروەها ڕەوا بوونی خۆی گرێدەدا بە ئیمام مێهدیەوە، دەتوانین باس لە هەڵبژارتن یان دێمۆکراسی بکەین، تەبیعەتەن ناتوانین. سیستەمی ئێران رەوا بوونی خۆی لە گەلەوە ناگرێ و پێوێستی پێ نابینێ هەر بۆیە لە ئیران دا ناتوانین باس لە کۆمەڵگا بکەین چون وەکوو رەعیەت چاوی لێ دەکرێ و هەر لەسەر ئەو ئەساسە وەلایەتی فەقێ دامەزراوە، بەڵام بە واتای سەرپەرەستە یان خاوەنە کە ئەمە بە واتای کۆمەڵێک مرۆڤە کە پێویستە بە رێوەیان ببەی. لە سەردەمی رێفۆرمخوازەکان دا محەمەد خاتەمی ٢٢ میلیۆن دەنگی هێناوە. بەڵام کاتێک کرا بە سەرۆک کۆمار بە ئاشکرا ئەو شتە بە رای گشتی راگەیەندرا کە ئەگەر خامنەیی ئەوە قەبووڵ نەکا ئەو دەنگانە بێ بایەخن. ئەمە دەیسەلمێنێ کە بەشدار بوونی خەڵک تەنیا نمایشێکە لای ئەوان. دەوڵەتی داگیرکەری ئێران تەنیا بۆ رەوا کردنی دەسەڵاتی خۆی لەجیهان دا خەڵک بەشداری هەڵبژارتنە کان دەکا، مۆدێرنیتەیەک کە هاتووەتە ناو ئێران تەنیا ئامێرێکە و ئەمەش هەڵبژارتنیش دەگرێتە ناو خۆی. گەلێک لە لایەنەکانی حکوومەتی ئێران بەشدار نەبوونی خەڵک گرێدەدەن بە گەرم بوونی هەوا، کۆرۆنا یان رەدی سەلاحیەتەکان، نایانهەوێ قەبووڵی بکەن کە ئاستی تێگەشتنی کۆمەڵایەتی گەل چووەتە ژورەوە و ئێدی ئەو دەسەڵاتە قەبووڵ ناکا. هەر دەیانهەوێ گەل وەکوو رازی و نەزان نیشان بدەن. بەشدار نەبوونی گەل رەت کردنەوەی ئەبزاری بوونیەتی، ئەمە خاڵێکی ئەرێنییە بەڵام پێویستە گەل بە شێوازێکی چالاک لە دیار کردنی چارەنووسی خۆی دا دەستی هەبێ و نابێ چاوەروان بێ کە حکوومەت بگۆڕێ و داگیر کەرێکی باشتر بێ نابێ بۆتەکانمان بگۆڕین پێویستە خۆمان سیاسەت بە ڕێوە ببەین.

بەشداری نەکردن لە هەڵبژارتنەکان کاردانەوەیەکی گەلە لە بەرامبەر داگیرکەری ئێران ئەمە لە ساڵی ٥٧ دا لە دژی رەزا شای پەهلەوی ڕووی دا بەڵام ئێستا ئەو تێکۆشینەی گەلان سووڕاوەتەوە لە دژی گەلان. پێویستە تێکۆشینی گەل لە سەردەمێکی وەکوو ئێستا دا چۆن بێ بۆ ئەوەی مێژوو دوبارە نەبێتەوە؟

دەمهەوێت ئاماژە بکەم بە گوتەیەکی نیچە کە دەڵێت: هیوا ژیان لەناو دەبات، هەڵبەت هیوا بە واتای ئارمان و ئەنگیزە نا بەڵکوو لە واتای چارەنووس دا کە ئینسان بەردەوام هیوای هەبێ یەکێک بێ رزگاری بکا یان تۆڵەی ئەو بستێنێتەوە. رەت کردنەوەی هەڵبژارتنەکان و دەربڕینی نارەزایەتی بەشێک لە کارە و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و بەشداری کردن لە شەڕ دا تەواوکەریەتی. لە ناو کۆمەڵگای ئێمە دا روانگەیەکی دینی هەیە و چارەنووس زۆر خۆی سەپاندووە بە سەر کۆمەڵگا دا تا ئەو ئاستە کە رێوەبردنی وڵات و سیاسەت بە موڵکی هەندێک کەس دەزانن و لایان وایە کە شتێکی ئیلاهییە کە ئەم کەسانە ئێمە بە ڕێوە ببەن. لە سیستمی ئەرباب رەعیەتی دا کۆمەڵگا بێ ئەرکە و هیچ ئیرادەیەکی نیە چون پەیڤی رەعیەت واتایەکی دیکەی لەوەڕاندنە، کۆمەڵگای ئێمە دەبێ پێناسەیەکی نوێ بۆ ژیانی خۆی پەیدا بکا و قەبووڵی نەکا. کۆمەڵگا دەبێ خۆی رێکخستن بکا و خۆی دێمۆکراسی ئاوا بکا چون لە ناو سیستەمێکی هیرارشیکی دەسەڵات دا دێمۆکراسی ئاوا نابێ. پێویستە هەر کەس خۆی بەرپرسیار ببینێ. هەتا کۆمەڵگای ئێمە چاوی لە دەرەوە بێ ناتوانێ ببێ بە خاوەن ئیرادە و ئەو چەرخە باتڵەی دەسەڵاتی بۆ راناوەستێندرێ، هەر بۆیە وەکوو ڕێبەر ئاپۆ لە پارێزنامەکانی دا ئاماژەی پێ دەکا پێویستی بە ئاوا بوونی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی هەیە. روانگەیەکی بەو شێوازە لە ناو کۆمەڵگای ئێمە دا پێویستی پێ هەیە کە تەنیا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین نارەزایی دەربڕین، سیاستەکانمان کاردانەوەن، واتا تەنیا کاردانەوەیە و بێ پیلان و هەدەفە هەر بۆیە چاومان لە دەرەوەیە کە دەوڵەتە زل هێزەکان ئێران بڕوخێنن یان بێن و حوکم بکەنە سەرمان. سیاسەتێکی ڕۆژانە و بەردەوام و چالاک بۆ گەلانی ئێران پێویستە و دەبێ ئالتێرناتیڤی خۆی پێشکەش بکا و چاوی لە هێزی خۆی بێ بەم شێوازە دەتوانێ دێمۆکراسی ئاوا بکا.