رامین گارا: بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ئێرانە

رامین گارا ئەندامی راگەیاندنی پژاک لە گفتوگۆیەکی رادیۆی بەرنامەی لاپەڕە لەرادیۆی وڵات ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دوا پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی تاوتوێ کرد و دەڵێت: “کاربەدەستانی رژێم بۆ رەوایەت بەخشین بەو هەڵبژاردنە لە ناو رای گشتیدا داوایان لە خەڵک کرد کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بەڵام لەبەر هۆشیاری گەل لە پلانی رژێم ئەو یارییەی رژێم سەری نەگرت و بەرەی بایکۆت بەڕێژەی ٥١٪ سەرکەوت. ئەوەش دەست پێکردنی قۆناخێکی نوێیە کە نیشان دەدات ئیدی بەرەی گەل لەدژی رژێمی داگیرکەری ئێران هەنگاوی رادیکاڵانە هەڵدەنێت”.

رامین گارا سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران ئاماژەی بەوە داوە؛ هەر وەک بەر لە هەڵبژاردنەکان پێشبینی کرابوو، لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، لایەنی بناژۆخواز دەسەڵاتیان گرتە دەست و کەسایەتییەکی توندڕەویان هێنایە سەر دەسەڵات و لە بەرامبەر ئەو شانۆیەشدا بەرەی بایکۆتی گەل سەرکەوتنی مەزنی مسۆگەر کرد. پێش هەڵبژاردنەکان پێشبینی ئەوە دەکرا کە بناژۆخوازەکان دێنە سەر دەسەڵات، چون ساڵێک پێش لە هەڵبژاردنەکان ئاشکرا بوو کە بەرنامەی بەیتی رەهبەری، سوپای پاسداران و بناژۆخوازەکان ئەوە بوو کە رژێم یەک دەست بکەن. واتا دەنگە جیاوازەکان، دژبەرەکان و رێفۆرمخوازەکان و هەر دەنگێکی دیکە سەرکوت بکەن و دەسەڵاتێکی یەک دەست بە دەستی بناژۆخوازەکان و سوپای پاسداران ئاوا بکەن، بۆ ئەو پیلانەشیان زۆر ئیستراتیژیک و بە بەرنامە کاریان کرد. لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانیش دا بینیمان کە بناژۆخوازەکان دەستیان بە سەر ئیرادەی پەڕلماندا گرت کە پێشتر گوایا لەکۆنتڕۆلی بەرەی رێفۆرمخوازەکاندا بووە، ئەو هەنگاوەش پێشبینیەکانی ئاسانتر کردبوویەوە. بۆیە دوابەدوای ئەوە شەپۆلی سەرکوتی رێفۆرمخوازەکان، دژبەرانی رژێم و رێکخراوە مەدەنیەکان دەستی پێکرد و هەر شتێک کەوتە دەست بەرەی بناژۆخوازەکان و بەیتی رەهبەری. پێشبینی ئەوەش دەکرا کە دژبەرانی رژێم لەسەر هەڵوێستی بایکۆت کار بکەن و هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەو بە تایبەت پژاک و کۆداریش لەچوارچێوەی بەرنامەیەکی دیاریکراو بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد. لەبەر زەخت و زۆری رژێم و شەپۆلی سەرکوت کاریەکان و نەبوونی هیچ پرەنسیبێکی هەڵبژاردن، رای گشتی هەڵبژاردنەکانیان وەک ئینتسابات بەناو کرد.

رامین گارا سەبارەت بە بانگەشەی بەرپرسانی رژێم بۆ راکێشانی گەل بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و گوێ نەدانی رای گشتی بەو بانگەشانە دەڵێت: کاربەدەستانی رژێم بۆ رەوایەت بەخشین بەو هەڵبژاردنە لە ناو رای گشتیدا داوایان لە خەڵک کرد کە بچنە سەر سندووقی دەنگدان. بەڵام لەبەر هۆشیاری گەل لە پلانی رژێم ئەو یارییەی رژێم سەری نەگرت و بەرەی بایکۆت بەڕێژەی ٥١٪ سەرکەوت. ئەوەش دەست پێکردنی قۆناخێکی نوێیە کە نیشان دەدات ئیدی بەرەی گەل لەدژی رژێمی داگیرکەری ئێران هەنگاوی رادیکاڵانە هەڵدەنێت. تەنانەت خامنەیی بە فیتواش نەیتوانی خەڵک رابکێشێتە سەر سندووقی دەنگدان. ٤ رۆژ دوای هەڵبژاردنەکان بیندرا کە زۆربەی کرێکارانی شرکەت نەوت دەستیان لە کار کێشایەوە، ئەوەش دەست پێکردنەوی قؤناخێکی نوێ سەرهەڵدانی شەقام نیشان دەدات.

رامین گارا سەبارەت بە بەرنامە و پلانی بانگەشەی بەربژێرەکانی هەڵبژاردن بۆ گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد ئاماژەی بەوە داوە کە نە رەئیسی و نە هیچ یەک لە کاندیدەکانی دیکە بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری کێشەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناو ئێران پێ نەبوو تەنانەت بەر لە هەڵبژاردنەکانیش سیاسەتی تۆقاندن، رەشەکوژی کولتووری و میلیتاریزم لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوام بووەو ئەوەش بەردەوامی سیاسەتی سوپای پاسداران و بناژۆخوازەکانە و بە هاتنە سەر دەسەڵەتی ئیبراهیم رەئیسی ئەو سیاسەتەش بە شێوەیەکی توندتریش بەردەوام دەکات. واتا هیچ بەڵێنێکی راستەقینە بە گەل نەدرا. تەنانەت لە چوارچێوەی بەڵێنی درۆیش بۆ هەڵبژاردن هیچ بەڵێنێک بە گەلی کورد، بەلووچ، ئازەری و نەتەوەکانی دیکە نەدرا. ئەوەش قۆناخێکە کە لە ژێر کاریگەری ئەو بارودۆخەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەئارادایە.

ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوین دا شەڕی جیهانی سێهەم بەڕێوە دەچێت کە ناوەندەکەی کوردستانە و پەلکێشی ئەو شەڕەش دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەیکات و سەرجەم دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش تێیدا بەشدارن. واتا کۆنسێبتێکی جیهانی لەئارادایە و بارودۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەدەر لەو دۆخە نییە. رژێمی داگیرکەری ئێران لە چوارچێوەی ئەو کۆنسێپتەی کە دژ بە گەلی کورد لەئارادایە، بەرنامەی بۆ هەڵبژاردن داڕشت و دوای هەڵبژاردنیش روونە کە هیچ چارەسەریەکی دێموکراتیک بۆ کێشەی کورد ناگرێتە بەر. هەر بۆیەش ئۆپۆزیسیۆنی کورد بە تایبەت پژاک و کۆدار ئەم هەڵبژاردنیان بایکۆت کرد.

رامین گارا لەسەر پێشخستنی هێڵێ بناژۆخوازەکان لەئێران رایگەیاندوووە: بناژۆخوزەکان نوێنەرایەتی هێڵی فاشیزم لە ئێران دەکەن. جیا لەقڕکردنی کولتوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەرکوت کاری گەل هیچ بەرنامەیەکیان نییە. واتا بە یەکدەست کردنی رژێم رێگا لەبەردەم چارەسەری ئاشتیانە و دیمۆکراتیک ناکرێتەوە. بە پێچەوانەوە رژێم سەرکوت و داپڵۆساندنی زیاتری گەلی گرتوەتەبەر. رەئیسی بۆ خۆی کارنامەیەکی رەشی هەیە و رێگایەکی تاریکتر دەگرێتەبەر بۆ گەلی کورد. بزووتنەوی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێ بە پێ ئەو هەڵوێستەی رژێم ناو ئامادەکاریدا بێت. هێڵێ تێکۆشانی ئێمە، هێڵی دێموکراتیکە. دەبێ شەڕ لە بەرنامەی یەکەمی گەلدا نەبێت، بەڵام مافی پاراستنی رەوای گەلەکەمان هەیە کە لەبەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک خۆی بپارێزێت.

لە ئێستادا لەهەر چوار بەشی کوردستان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئاپۆیی بۆ بەدست هێنانی مافی رەوای گەلەکەمان تێکۆشانێکی مێژوویی بەڕێوە دەچێت. تاکە هێزی سۆسیالیزم لەسەر پێ ماوەتەوە تەڤگەری ئاپۆییە کە بووەتە ئۆلگویەک بۆ هەموو گەلانی ئازادیخوازی جیهان. بەهێز بوون و سەرکەوتنی تێکۆشانی گەلی کورد سەرجەم تەڤگەرە ئازادیخوازەکانی جیهان بەهێز دەکات. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هێزە هەژمۆنگەرا جیهانیەکان ئەوە بە مەترسییەکی گەورە لەسەر خۆ ببینن.

رامین گارا لە کۆتایی بەرنامەی لاپەڕە دەڵێت: تێکۆشانی گەریلا بە چڕی بەردەوامە. لە قۆناخێک داین کە گەریلا ئەرکی خۆیی بە باشی پێک هێناوە و بەرخۆدانێکی مێژویی بەڕێوە دەبات. بۆیە پێویستە گەلی کورد لە هەر چوار بەشی وڵات بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی پتەوی ئەو بەرخۆدانە بکەن. لە ئێستادا لە دژی گەلی کورد شەڕێکی قورس لەئارادایەو لە هەر بەشێکی کوردستان بە فۆڕمێکی جیاواز بەڕێوە دەچێت. بۆیە پشتیوانی گەل لە بەرخۆدانی گەریلا تێکۆشانی ئازادیخوازی بەهێزتر دەکات و دەسکەوتی مەزن بۆ داهاتووی گەلەکەمان تۆمار دەکرێت.