بە رۆحی بەرخۆدانی شەهید ئاریوان، چۆک بە داگیرکەرانی کوردستان دادەنێنین
رژێمی فاشیستی داگیرکەری تورکیا بە هاوکاری رژێمی داگیرکەری ئێران و بە کرێگیراو و نۆکەرانی کورد لە ٢٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢۰، کادیری پێشەنگی پارتەکەمان ناسراو بە هەڤاڵ ئاریوان شۆڕشگێڕ لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕی لەناوچەی شارباژێر بووە ئامانجی هێرشی هەوایی و لەئەنجامدا هەڤاڵ ئاریوان شەهید کەوت. بە هاتنی یەکەمین ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵی پێشەنگی تەڤگەرمان جارێکی تر ئەو کۆنسێپتە داگیرکەرییە شەرمەزار دەکەین و یادی هەڤاڵی نەبەز و قارەمانمان بەرز رادەگرین.
شەهید ئاریوان هەمیشە بە جۆش و مۆڕاڵی بەرزەوە لەناو ریزەکانی تێکۆشان جێی دەگرت و وەک کادیرێکی پێشەنگ و لێهاتوو، رۆڵ و بەرپرسیاری سەرشانی بە جێ دەهێنا. بە رۆحیەی بەرزی شۆڕشگێڕی و بە عەشقێکی مەزنەوە ئەرکی سەرشانی رادەپەڕاند. خاوەن کەسایەتییەکی خۆنەویست و دڵنزم و فیدایی بوو. بۆیە لەهەر قۆناخێکی تێکۆشان بە بێ دوودڵی لەبەرەکانی پێشەوەی تێکۆشاندا بەشداری دەکرد. لەراستیدا تایبەتمەندی کەسایەتی شۆڕشگێڕی ئاپۆیی لەکەسایەتی خۆیدا بەرجەستە کردبوو و ئەو تایبەتمەندیانەش ترس و دڵەڕاوکێ خسبوووە ناو دڵی نەیارانی ئازادی و دیمۆکراسی.
بۆیە هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان لەگەشەدان و پێشەکەوتنەکانی کوردستان کە بە دەستی گەریلا و شەڕڤانە قارەمانەکانی گەلەکەمان تۆمار دەکرێت، تۆقاون و ئەو ئازایەتی و قارەمانیانەیان پێ هەرس ناکرێت، بۆیە بە شێوەیەکی زۆر شڵەژاو و ترسنۆکانە رۆژانە بە شێوەیەکی دڕندانە، دوور لەپێوەرە مرۆییەکان هێرش دەبەنە سەر هێزەکانمان. دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و ئێران لەکاتێکدا لەناو قەیران و گێژاوی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگەوزێن و لەقۆناخی تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەدان، بۆ پەردەپۆش کردنی قەیرانە ناوخۆییەکانیان پەنایان بردوەتە بەر شەڕ و هێرشی داگیرکاری.
لەکاتێکدا ساڵێک بە سەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەی دەوڵەتانی تورکیا، ئێران و بە کرێگیراوە کوردەکان تێدەپەڕێت، بە دەیان کادیری پێشەنگی تەڤگەرمان لەئەنجامی بۆردومان و هێرشی داگیرکاری شەهید کراون و ئەو هێرشانەش تا بە ئەمڕۆ بەردەوامە، تەنانەت لەچەند رۆژی رابردوو دوو هەڤاڵی ژنی تەڤگەرمان بە بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان شەهید خران و لەناوخۆی رۆژهەڵاتیش هەمان هێرشی پاکتاوکاری بەردەوامە. بۆیە ئەو هێرشانە جیاواز لەکۆنسێپتی قڕکردنی کوردان نییە.
لەکاتێکدا یەکەمین ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ ئاریوان بەرز رادەگرین، لەهەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەرخۆدانێکی مێژوویی لەدژی داگیرکەری تورکیا و هێڵی خیانەت بەڕێوە دەبرێت و ئەو بەرخۆدانە ورەیەکی نوێی بە جەستەی گەلی کورد بەخشیوە.
پێویستە گەنجان بە رۆحی تێکۆشان و خۆڕاگری نەبەزانەی هەڤاڵ ئاریوان بەشداری جەنگی ئازادی لەدژی کۆنسێپتی قڕکردنی کوردان ببن و خاوەندارێتی لە رێگای شەهیدانی ئازادی بکەن و لەدژی هێڵی خیانەت بەشداری هێڵی بەرخۆدانی گەلەکەیان ببن. ئەوەش تاکە رێگای سەرکەوتنی گەلی کوردە کە چۆک بە داگیرکەرانی کوردستان دادەنێت و خەون و خەیاڵی شەهیدانمان بە دی دەهێنێت. بۆیە لەیەکەمین ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ ئاریوان بەڵێنی درێژەپێدانی تێکۆشانمان دووپات دەکەینەوە و بۆ بەدیهێنانی ئامانج و هیوای شەهیدانمان گوڕ بە تێکۆشانی رەوامان دەدەین.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
٢٥\٦\٢٠٢١