هێرشە زنجیرەیی و بەرفراوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، شەڕی لە سەرتاسەری ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بڵاوکردووەتەوە، وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، ئەم هێرشانە بە کۆمەڵکوژی دەزانین و بە توندی شەرمەزاری دەکەین.

شەڕێک کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئامانجی قڕکردنی گەلی کورد لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بێوەستان دەستیپێکردووە، بە شێوەیەکی جدیی کراوەتە بەشی بنەڕەتی و ئەولەویەتی یەکەمی شەڕی سێیەمی جیهانی، هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، هەموو گەلی کورد و هەر چوار بەشی کوردستانی ڕووبەڕووی مەترسیی جدیی کردووەتەوە، تەنانەت گەلانی دیکەی ناو جوگرافیای کوردستان لە مەترسیی کۆمەڵکوژیی دان، بۆیەش کۆمەڵکوژیی گەلانی بندەستیش بەشێکە لە بەرنامەکانی شەڕی سێیەمی جیهانی، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زەمینە خۆش کردن بۆ داگیرکاریی تەواوە، نەتەنیا لەلایەن زلهێزەکانەوە بە سەرکردایەتی ئەمریکا، چرای سەوز بۆ دەوڵەتی تورک هەڵکراوە، تەنانەت داڕشتنی پلانی شەڕ و بەرنامە داڕشتنیشی وەک قۆناغێکی دڕندانە لە شەڕی سێهیەمی جیهانی بەدەستی ئەوان کراوە.

زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەتی تورک، لە هەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق (پەدەکە)، وەک ئامرازێک بۆ بە ئەنجام گەیاندنی کۆمەڵکوژیی ناتەواوی کورد، سوود وەردەگرن، ئەم پارتە بووەتە قەڵابڕی هێزە جیهانییەکانی ناو شەڕی بەرامبەر قەڵای کوێستانی کوردستان و هەموو دەستکەوتە نەتەوەیی و مێژووییەکانی گەلەکەمان دەخاتە مەترسییەوە، بێگومان گیانی هیچ تاک و گەلێکیش پارێزراو نییە، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٩٢ـدا بە مەرجی لەناوبردنی پەکەکە، هەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە شێوەی مەرجدار و کاتی قبوڵکردووە و بێگومان ئەمڕۆ بیر لە کۆتاییهێنانی هاوکاتی پەکەکە و دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەکاتەوە، ئەمکارەشی بە دەستی پەدەکە ئەنجامدەدات، سەەرڕای ئەمەش، هێزەکانی گەریلا سەبر و تەحەمولیان کردووەتە پیشەی خۆیان و پێشیان لە هەر چەشنە شەڕێکی ناوخۆیی لەنێوان هێزە کوردییەکان گرتووە، بۆیەش هێزەکانی هەرێم قەرزداری گەریلان.

هەموو لایەنەکانی شەڕ، بە تایبەتی دەوڵەتی تورک، بۆ داگیرکردنی هەموو ناوچە و شارەکان، پێویستیی بەپەلەیان بە کەوتنی کوێستانە، کە تەنیا دۆستی گەلی کوردە، بێگومان دەزانن تا ئەو کاتەی کوێستان لەسەر پێی بێت، هەموو هێرشەکانیان بۆیان دەبێتە سەرشۆڕی، کوێستانەکانی کوردستان، ئەمڕۆ بوونەتە قەڵا پشت ئەستورەکانی شەڕی سێیەمی جیهانی، بەبێی داگیرکردنی کوردستان، ناتوانن دیسانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر و پارچە پارچە بکەن، بۆیەش ئەم شەڕە، شەڕی چارەنووسسازی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

ڕەهەندەکانی شەڕی دژبە کوردیش تەنیا سنووردار بە لایەنی سەربازییەوە نییە و هەموو ئاستەکانی؛ سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژی، ئابوری و کلتوری لەخۆ دەگرێت، شەڕێکی هەمە لایەنەیە کە داهاتووی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی عەرەبەکان و ئێران، بە چڕی دەخاتە ژێر کاریگەریی لێکەوتە وێرانکەرانەکانی خۆیەوە، بەرخۆدانی کلتوری و هەبوونی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا لە بەرخۆدانی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد-دا دەنووسرێتەوە، باوەڕ بەم ڕاستییە، پێویستی بە هۆشیاریی و بێداری گەلانی بندەستە.

هێزی گەریلا لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە بەرنامەیەکی توکمە درێژە بە بەرخۆدان دەدات  و تا ئێستاش سەرەڕای پێشکەشکردنی قوربانییەکی زۆر، شەڕخوازییەکانی دەوڵەتی تورکیان تووشی سەرشۆڕی کردووەتەوە، ئەنجام وەرنەگرتنی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە هێرش بۆسەر ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، دوابەدوای شکستە سەرشۆڕانەکەی لە گارە، هەموو زلهێزەکانی ناو ئەم شەڕەی تووڕە کردووە، بێگومان عەڵقەی تەواوکەری بەرخۆدانی گەریلا، سەرهەڵدانی یەکدڵانەی گەلەکەمانە، سەرهەڵدان شکستی دوژمن یەکلایی دەکاتەوە، چونکە هەم دەوڵەتی تورک و هەم زلهێزە جیهانییەکان، لە گەورەترین قەیرانەکانی مێژووی خۆیان دان و دەسەڵاتی فاشیستی ئەردۆغان-باخچەلی، لە کۆتایی شەرمەسارانەی خۆی نزیک بووەتەوە، لە بنەڕەتدا هەر هێرشێکیان، هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی ئەو ژاندارمە ناوچەییەی زلهێزە ڕۆژئاواییەکان، باش دەزانن کە تێکشکانی دەوڵەتی تورک، بە واتای تێکچوونی پرۆسە مەترسیدارەکانی شەڕی سێیەمی جیهانییە، سەرکەوتنی کوردەکان و شکستی دەوڵەتی تورک، دەتوانێت شەڕی سێیەمی جیهانی ڕابگرێت، شەڕی شۆڕشگێرانەی گەلیش دەتوانێت بەهێزەوە لە بەرامبەر شەڕی سێیەمی جیهانی بگەشێتەوە، کە گەریلا لەم پێناوەدا ئەرکی خۆی بەجێی هێناوە.

وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، هێرشە قڕکەرانەکانی سوپای داگیرکەری تورک، زنجیرە هێرشێک بۆ داگیرکردنی تەواوەتی دەزانین، کە پیش هەموو، باشووری کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون کردووەتەوە، سەرهەڵدانی گەلانی کوردستان دژی فاشیزم، چیتر باڵاتر لە ئەرکێکی مرۆیی، مافێکی ڕەوا و ژیانییە لەم دۆخە مێژووییەدا، بەرخۆدانی گەریلا ئاسانکاریی بۆ ئەم سەرهەڵدانە کردووە و ڕێگەی بۆ خۆشکردووەتەوە، داوا لە هەموو گەلەکەمان و پارتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، گەلانی بندەست، بە تایبەتی گەلانی عەرەب و ئێران و توێژەکانی گەل لەوانە؛ گەنجان، ژنان و ڕۆشنبیران دەکەین، بە ئامادەبوونیان لە مەیدانەکانی خەبات، مەترسییە ترسناکەکان لە داهاتووی خۆیان دوور بخەنەوە، هەروەها بانگهێشتی گەنجان دەکەین کە لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی بەرخۆدان، بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بن، بەرخۆدانی گەل، گەرەنتی ژیانی مێژوویی، بە پشتیوانی لە بەرخۆدانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، لەپاڵ لەسەر پێی مانەوەی قەڵای قەندیل دەبیت.

 

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار

۱۴-۰۵-۲۰۲۱