هێرشی داگیرکاری هێزە سەرمایەدارە جیهانیەکان بە دەستی دەوڵەتی فاشیستانەی تورک، تەنیا هێرشیک لە سەر پ ک ک نیە. ئەمە لە ڕاستیدا هێرش بۆ سەر گشت گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەم هێرشانە لە ڕاستیدا یەک لە دوایین تەقالاکانی هێزی سەرمایەداری جیهانی بە پێشەنگایەتی ئامریکایە بۆ سەر کۆی نرخ و بەهاکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. دوای بنکەوتنی دەوڵەتی تورک لە حەفتانین – گارێ، هەوڵ و هاوپەیمانی ڕژێمی قڕکەری تورک لە گەڵ دەوڵەتی ئێراق و پارتی دێمۆکراتی کوردستان بۆ تێکبردنی ئیرادە و دەسکەوتەکانی کۆمەڵگای شەنگال، لە بەر هەڵوێستی بە شەرەفی گەل و ژنانی شەنگال، هەروەها هەستیار بون و خاوەنداری کردنی کوردان و تەواوی مرۆڤە دێمۆکراتیک و ئازادیخوازەکانی جیهان بۆ کورت خایەنیش بێت ڕاگیراوە. ئەم جارە ئۆپەراسیۆنی ئاواشین، زاپ و مەتینایان خستوەتە کڕیارەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوا بە دوای گوت و بێژە کۆتاییەکانی دەوڵەتی تورکیە لە گەڵ ئامریکادا ئەم هێرشانە دەستی پێکرد. ئامریکاش لە دوای دوو ساڵەوە سەر لە نوێ بە تێرۆریست ئێعلان کردنی پێشەنگانی شۆڕشی گەلانی بندەست، واتا ڕێوەبەرانی پارتی کارکەرانی کوردستانی، ئەوانی وەکو ئامانجی سەرەکی بۆ هێرش و لەناوبردن دیار کردووە. بەمجۆرەش چرای سەوزی گەشتر لە هەمیشە بۆ قڕ کردن و دەست نەپاراستنی دەوڵەتی تورکیە لە بەرانبەر گەلی کورددا هەڵکردووە.

 

سیستەمی کۆنفێدراڵیسمی دێمۆکراتیک لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ و ژیانی گەریلاکانی ئازادی کوردستاندا، بووە بە بێ وێنەترین ئاڵترناتیڤ و چارەسەری قەیرانەکانی سیستەمی کەدخوار و دژە گەلانی سەرمایەدار. بۆیە بە سەپاندنی دژوارترین گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و بەڕێوەبردنی شەڕی داگیرکاری بە چەپەڵترین و بێپەرواترین شێوە بۆ سەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە دوای خەیاڵی خاوی تاریک کردنی گەشترین سەردەمی تێکۆشانی گەلان بۆ ژیانی ئازاد و هاوبەشدان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ژنان، گەلان، ڕوناکبیران و سۆسیالیستەکان لە تەواوی جیهانەوە، هەر ڕۆژە و بە خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئاپۆ و پەسەند کردنی ڕامانی ئازادیخوازانەی ئەو، هەڵوێستی خۆیان لە بەرانبەر ئەم هێزانەوە دیار دەکەن. هاوپەیمانی و سیاسەتی سەرتاسەری سیستەمی سەرمایەداری لە بەرانبەر ئەم حەقیقەتەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، دەیانهەوێ ئەو شەڕەی بۆ تێکبردنی ئیرادەی ژیانی ئازاد دیار بووە، نەزانرێت. تەواوی هەل و مەیدانەکان بە تایبەتی ڕاگەیاندنەکانیان، بە ڕووی ئەم شەڕە داخستووە و دەیانهەوێت بە بێدەنگترین شێوە، دڕندانەترین شەڕی مێژوو بە سەر کوردستاندا بسەپێنن.

 

هیچ نەتەوە، بیر و باوڕی و بە تەواوی جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمەکە ناتوانێت، ئەم هێرشانە دوور لە خۆی و داهاتووی ببینێت. پێویستە هەر کەس حسابی هاوپەیمانی زل هێزە جیهانیەکان، دەوڵەتە نادێمۆکراتیکە هەرێمیەکان و  هەروەها ڕێکخراوە هاوپەیمان و چەتەکانی هەرێمەکە وەکو مەترسیدارترین ڕاستی لە بەر چاوبگرن. بەم پێیەش پێویستە زیاتر لە هەر سەردەمێک خاوەن لە ئیرادە و  تێکۆشانی خۆیان دەرکەون و دوایین تەقالاکانی سیستەمی پاوانخوازی سەرمایەداری بێ وەڵام نەهێڵنەوە.

 

ئێمە وەکو کۆدار ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکەین و بانگمان لە تەواوی کەس و ڕێکخراو و هێزە سیاسیەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بێ وچان لە تێکۆشان بۆ سەلماندنی ئیرادەی خۆیانن، لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگ نەمێنن. لاوان لە هەمو سەردەمێکی چارەنوس سازدا، دژ بە دوژمنانی گەل و ئازادی بێدەنگ نەماون و سەریان هەڵداوە. ئێمە لەم باوەڕیەداین کە بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلا لەم سەردەمە هەستیارەدا، ڕادیکاڵترین هەڵوێستە لە بەرانبەر، تەواوی زەخت و سەرکوتەکانی سیستەمی چەوسێنەر و داگیرکەری سەرمایەداری لە بەرانبەر کۆمەڵگادا.

 

کۆمەڵگای دێمۆکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ کۆدار

 

٢٦-٤-٢٠٢١