جۆتیار پیشوا

سرووشت بە گشتی لە جیهاندا روبەروی کارەسات بوەتەوە و بوەتە قوربانی سیستمی سەرمایەداری. سرووشت کە بە ملیونان ساڵی بۆ گۆران کاری، خۆ نوێ کردنەوە و خۆ دەوڵەمەند کردن(تکامل) و ئافراندنی سەد هەزاران جۆرە روەک و ئاژەلی تێپەراندووە، لەم پەنجا ساڵەی دواییدا کەوتوەتە ژێر ئاستێک لە زەخت و گوشارەوە کە ئیتر شانسی ژیانی بۆ زۆربەی هەبوونەکانی نەماوە و رێژەیەکی زۆریش بونەوەر قڕبوون و لە ناو چون.

وڵاتانی زل هێز بە ئەقڵیەتی ئەندۆستریالیسم، سەریان کردوتە وڵاتانی هەژار، بە تایبەت وڵاتانی ئافریقایی و رۆژهەڵاتی ناوین ، بۆ ئەوەی ماددەی خاوی پێویست بۆ گەشەی دەسەڵات و سەرمایەداری، دابین بکەن، جا ئیتر بە هێرشی سەربازی یا خود بە ئاواکردنی قەیران ، یا درووست کردنی هێندێک ئاستەنگی ، لە ژێر ناوی تیرۆر ، نەبوونی شارستانیەت و دەیان بیانووی تری لەم بابەتانە، رێگە بۆ دەستێوەردانی خۆیان لەم وڵاتانەدا خۆش دەکەن، خۆ بەجێ دەکەن و لە پاڵ ئەوەش دا، خۆ وەک؛ فریاد رەسێک و رزگارکەرێک نیشان دەدەن و بەو پەڕی بێ شەرمیەوە، دور لە ویژدانی مرۆڤ بوون، تاڵان و کاول کارییەکی بێوێنە لە سەر خۆزا، بگرە کۆمەڵگایش بەرێوەدەبەن، بێ ئەوەی هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ زیندووکردنەوە و قەرەبوو کردنەوەی ئەو کاولکاریانە بنێن. ئەمەش بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی بەرێوەبەر و بەرپرسیارێکی شایستە لەم وڵاتانەدا. لەبەر ئەوەی هەموو ئەو وڵاتانە کە بونەتە گۆڕەپانی زل هێزانی ئەندوستریالیسم، وڵاتانێکن کە دوورن لە دیمۆکراسی و زۆربەیان بە شێوازی دیکتاتۆری بەرێوە دەبردرێن و ئەمانە کە بەسەر گەلەکەیان دیکتاتۆرن، باشترین مل کەج و گوێڕایەڵی دەوڵەتانی ئەمپریالیسمن. ئەمانە هەر چەند رێ خۆشکەرن بۆ هاتنی تاڵان کەران، خۆیشیان هێندەیان پێ بکرێ، بۆ کاول کردنی ژینگە دەیکەن.

لەم سەردەمەدا کە زانست ئەوندە پێشکەوتووە، بۆچی سرووشت تا ئەم ئاستە بە دەستی دەوروبەر بێ ئۆقرەیە و لە وێرانکاریەکان دەناڵێنێت. لە راستیدا  ئەگەر زانست و پیشەسازی بۆ خزمەت بە کۆمەڵگا بێت و لە دژی ئێکۆلۆژی نەبێت، زۆرباشە و پێویستیەکی بنگەیشە. بەڵام زل هێزانی سەرمایەدار، ئەم دوو وتەی فرانسیس بیکێن کە دەڵێت: “زانست هێزە” و “سرووشت وەحشیە”، کردویانەتە مانیفێستی خۆیان. بە حوکمی زانستگەرایی لە رۆژگاری ئەمڕۆمان دا زیاتر لە سەرەتای سەدەی بیست، وڵاتانی هەژاریان کردوەتە گۆڕەپانی داگیرکاری خۆیان. لە هێندێ وڵات دا جیاوازیەکەی تەنها لەوە دایە کە بۆ نمونە؛ هێزی سەربازی خۆیان سەردەست بکەن ، سەرمایەی خۆیان بە جێ دەکەن. بە هۆی ئەوەی کە لە رابردوودا، لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەربازی بریتانیا، ئیسپانیا و پۆرتەغال و… لە لایەن گەل و ئازادی خوازانەوە، کاردانەوە دەردەکەوتن. بەڵام ئێستاکە لە بەرامبەر سەرمایە و پارە ئەو کاردانەوانە دەرناکەوێ، بۆیە سەرمایەدار بە ئاسانی، لە ماددەی خاو بگرە، تەنانەت هێزی کاریش، لە خۆزا و ئەرتەشی بێکاری ئەو وڵاتە هەژارانە دابین دەکەن. لە پاڵ ئەوەش دا، چەن ساڵ جارێک لە ژێر ناوی پاراستنی سرووشت و گۆڕانکاری ئاو و هەوا دا، کۆبوونەوەکانی ریودێژەنیرو، تۆکیۆ و پاریس لە دار دەخەن. هەر جاریش وڵاتێک بە پیلان و بە زانا بوونەوە لەو رێکەوتنە دەردەکەوێت و پەیمان نامەکانی خۆیان، بن پێ دەکەن. دەبینین سەرەڕای ئەوەی کە باس لە وزەی خاوێن دەکرێت، بەڵام رۆژ بەدوای رۆژ، رەوشی کەشوهەوا و سرووشت نالەبارتر دەبێت.

ئەوەش ئەو راستیە دەگەیەنێت کە هیچ ماددەیەکی جێگرەوەیان بۆ پەترۆل و وزەی فۆسیلی نییە. بۆ قازانجی زیاتر و کەڵەکەی سەرمایە، رۆژانە ئەوندە نەوت و ماددەی ژەهری بە کاردێنن کە ئەو مۆنۆئۆکسیدی کەربۆناتە کە لە هەوا دا بڵاو دەبێتەوە، هەڕەشە لە ژیانی هەموو بوونەوەرێک دەکات کە ئەمە تەنیا نموونەیەکە لە هەزاران پێشێلکاری لە بەرامبەر سرووشت و کۆمەڵگا دایە. ئیتر پلاستیک و زبڵ و پاش ماوەکانی ماددە کیمیایەکان کە دەریا و وشکانیان پێ ئاخنیوە، با بوەستێت.

تاوەکوو سەنعەت و ژینگە لە پاوانی دەوڵەت دا بێت، رەوشی سرووشت لەوە خراپتر دەبێت و باشتر نابێت. لە لایەکی تریشەوە هەموو دەوڵەتەکان بە تایبەت دەوڵەتانی جیهان سێهەمی[بەوتنی خۆیان] و دەوڵەتانی لە حالی گەشەدا، خۆیشیان بە هەمان شێوە سرووشتی وڵاتەکەیان وێران دەکەن.

کوردستانیش بە گشتی یەک لەو جوگرافیانەیە کە بە هۆی دەوڵەمەندی سامانی سرووشتیەوە زیاتر لە هەر شوێنێکی تر رووبەڕووی تاڵان و وێرانکاری دەبێتەوە. چۆن یەک لەو هۆکارانەی کە کوردستان لە لایەن دەوڵەتە زل هێزەکانەوە بە سەر چوار داگیردا دابەش کراوە، دەوڵەمەندی فەرهەنگی و سرووشتی ئەم هەرێمەوەیە، چونکا گەلی کورد بە بێ حەوانەوە و بەردەوام، داوای ماف و ئازادی خۆیان کردووە و بە درێژای مێژوو راپەڕیون و سەرهەڵدانیان کردوە، هەمیشە بە ڕوانگەیەکی ئەمنیەتی و سیاسیەوە لە لایەن حکوومەتی ناوەندەوە سەیری دەکرێت. هەرچەندە کوردستان، خۆی هەرێمێکی ژئۆستراتێژیکە، بۆ داگیرکەرانی کوردوستان وەکوو هێڵی سووری لێهاتووە و تا رادەیەک کە راشکاوانە گەلی کورد کە دانیشتووی هەرە مێژینە و خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتەن، ئینکار دەکرێن و پاکتاو دەکرێن.

یەک لەم وڵاتانە حکوومەتی ئێرانە کە حاکمیەتی لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستانە. رژێمی ئێران لە بواری پاراستنی ژینگەوە لە جیهاندا پێگەیەکی زۆر لاوازی هەیە. یەک لەو وڵاتانەیە کە هیچ پێوانێکی ئەخلاقی و ویژدانی لە پاراستنی سرووشت دا رەچاو ناکات. خاوەن بەرنامەی پاراستن و زیندووکردنەوەی سرووشت نییە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ناکارامەیی بەرپرسانی حکوومەتی. لە ئێراندا کەسان و رێکخراوەی ژینگەپارێزی زۆرن، بەڵام ئەم کەس و رێکخراوانە بە دایم لە ژێرمەترسی و هەڕەشەی رژێم دان و رووبەرووی توندترین ئاستەنگی و گوشار لە لایەن ناوەندە ئیستخباراتی و رێوەبەرانی دەوڵەتیەوە دەبنەوە. زۆربەیان بە تۆمەتی جاسووسی و سیاسیەوە دەگیرێن و تووشی ئەشکەنجە و زیندان دەبنەوە. یانی دەرفەت نادرێت بە ژینگە دۆستان کە خەبات و تێکۆشانیان لە پێناو سرووشت دا بکەن، هەر چەند سیاسەتی کاولکاری لە هەمو هەرێمێکی جوگرافیای ئێران، بەرێوە دەچێت، بەڵام ڕوانگەی ئێران لە بەرامبەر رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر جیاوازترە. روانینی حکومەتی ئێران بۆ رۆژهەڵات، بە تەواوی روانگەیەکی دوژمنکارانەیە و دوورە لە پێوانی مرۆڤایەتی. رۆژهەڵات بۆ دەسەڵات وەک دەسکەوتێکی شەڕ چاوی لێ دەکرێت و هەر بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.وەک لە پێشتریش ئاماژەم پێ کردبوو کە چۆن لە کوردستاندا بەردەوام بانگی حەقخوازی و ئازادیخوازی بەرز دەبێت و بە هەموو شێوازێک بەرهەڵستی داگیرکاری حکوومەت بونەتەوە و دەبنەوە. ئەم سیاسەتە پاوانخوازیەی رژێمی داگیرکەری ئێران وای کردووە کە ئیتر بۆ وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و تێکدانی کۆمەڵگا و کەسایەتی کورد، هەر شتێکیان لە دەست بێت دەیکەن. ئەم گوتنە زێدەڕۆیی و تۆمەت نییە. نموونەکەیشی فتوای جیهادی خومەینی لە دژی گەلی کوردە کە دامەزرێنەری ئەم سیستەمەیە کە لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران [کە ئاکامەکەی بوو بە دژە شۆڕش] بەڕێوە بردرا. هەروەها دەڵێت ئێمە لەگەڵ کوفر شەڕ دەکەین نەک لەگەڵ کورد دا. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەوان بوونی کورد قەبوڵ ناکەن و مافی نەتەوەیەک بە ناوی کورد ناناسن و وەک کافر چاوی لێدەکەن، کافریش لە روانگەی سیستەمێکی بە ناو ئیسلامەوە، ماڵ و موڵک و هەموو شتێکی، تەنانەت کوشتنیشی حەڵاڵە و رەوایە. بۆیە لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەتا ئێستا، ئەو سیاسەتە لەسەر سرووشت و کۆمەڵگای، بەرێوەدەچێت. چاوەڕوانی لە رژێمی ئێران سەبارەت بە پاراستنی ژینگە بە تەواوەتی هەڵەیە. لەناو سیستەمێک دا کە رێز بۆ مرۆڤ داناندرێت و مرۆڤەکان ئەوندە بێ نرخ بوون کە بۆ پەیدا کردنی پاروێک نان بە گولە وەڵامیان بدرێتەوە. بەهای تێرکردنی زگی منداڵێک خوێنی باوک بێت، دایکێک بۆ بەخێو کردنی منداڵەکانی دەبێت شەرەف و کەرامەتی خۆی بفرۆشێت، لە پێش چاوی منداڵان دا مرۆڤ لە سێدارە بدەن و بە دەیان و سەدان کردەوەی بەم چەشنە بکرێت، دەبێت چ چاوەروانیەک بکرێت، ژینگەپارێز یان ژینگەدۆست بێت. ژینگە پارێزی لە لای ئەم سیستەمە تاوانە، جا چۆن خۆی تاوانی وەها دەکات. ئەمە راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە بە بێ رۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ حکومەتیک لە ئێران دا سالێک لە سەر پێ نامێنێت. چونکا سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی رۆژهەڵا،ت ڕۆڵی شادەماری دەسەڵاتی ناوەندی دەگیڕێت. لەم وڵاتە دەوڵەمەندەدا، مرۆڤەکان بۆ بژێوی ژیانی خۆیان، ژیان دەفرۆشن، یانی راستی گۆرانیەکەی هونەرمەند نەجمەی غوڵامی کە دەڵێت؛ “ژیان هەرزان ترە لە نان” بە روونی دەبیندرێ و ژیان دەکرێ. ئەگەر دەسەڵات بە چاوێکی دوژمنانە لە کوردستان نەروانێت پێویست بوو کە هەری کەم بەشێک لە بژێوی ژیانی دانیشتوانەکەی دابین بکات، وێڕای ئەو هەموو تاڵان و کاولکاریە، دیسان گەلی کورد لەو پەڕی هەژاری و بێ دەرەتانی دا دەژین. دەبێ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان باش بیر بکاتەوە کە ئایا رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوەندێکی ئیستخباراتی و پادگانێکی سەربازی نەبێت لە چیتر دەچێت؟ دەبێت گەل باش بزانێت کە کوردستان پڕ کراوە لە جەلاد و تاڵانچی. وڵامی هەموو داخوازییەک بە ئاگر و ئاسن دەدرێتەوە. هەر کەس پێویستە باش بزانێت کە دار و بەردی وڵاتی ئێمەیان لە سەر یەک نەهێشتوە. هەموو سامانی وڵاتی ئێمە تاڵان دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ ناوەند. تەنانەت ئەوەشی پێناکریت و بە دەست و پەیوەندەکانی ناوخۆی کوردستان بەڕێوەی دەبات. ئەو هەموو دەس بەسەر زەوی دا گرتنەدا، ئەگەر بێ پشتیوانی دەسەڵات نەبێت، چۆن دەکرێت؟! ئەگەر مرۆڤێکی هەژار کە گوێرایەڵی دەسەڵات نەبێت و دارێک ببرێت چی بەسەر دێت؟

با کەس چاوەڕانی دەستی بەزەیی ناوەند نەبێت، کەس بە هیوای دەست بەردار بوونی رژێم لە کاولکاری سرووشتی کوردستان نەبێت، ئەوان ئەوەی پێیان بکرێت دەیکەن و دەخوازن تەنانەت بە دزینی ئاسەواری مێژووی کورد، ناسنامە و مێژووی کورد بسڕنەوە و کاولکاری هەر دەچێت زیاتر دەبێت.

جوگرافیای کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک دایکێک گەلی کوردی لە هەموو ئەو هێرشانەی کە لەسەردەمی شەڕی هێلێنیەکان و هەخامەنەشیەکانەوە تا دەگاتە هێرشی مەغول و شەڕی ئیسلام و ساسانی و سەفەوی و عوسمانی، هەتا دەگاتە شەڕی ئێران و ئێراق، پاراستووە.

ئەم جارە سیاسەتەکە جیاوازە و پێویستە بە وردی سەیر بکرێت، ئەم نیشتمانە سەرمایە و سامانی نەتەوەیەکە. بۆ ئەوەی بگاتە دەستی نەتەوەکانی داهاتوی ئەم وڵاتە، پێویستە هەر تاکێکی کورد لە پاراستنی دا، ئەرکی بەرپرسیاریەتی راکات. پێویستە ئیتر گەل بە پێشەنگایەتی کەسایەتی و رێکخراوە ژینگە پارێزەکان، بۆ پاراستنی سرووشتی رۆژهەڵات و ئێران رۆل و بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ. پێویستە چۆن هەتا ئێستا چالاکوانان و رێکخراوەکان مسیونی پێشەنگایەتیان لە رۆژهەڵات و ئێران گێڕاوە لەمەو بەدواوە ئیستراتێژیکتر رۆلی خۆیان مەزن بکەن و هەنگاوی گەورەتر لەم بوارەوە بهاوێژن. ئەمە راستیەکە کە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن لە کاری ژینگەپارێزی دا پێویستە تەڤگەرێکی سەرتاسەی لە ئێراندا بە رێکخستن بکرێت. دەبێت هەر لە منداڵێکەوە تا کەسێکی بە ساڵاچوو دا، بخرێنە ناو ئەم بزووتنەوە.

نابێت جیاوازی رەگەزی و نەتەوەیی ببێتە کێشە، چونکا سرووشت بۆ هەموو مرۆڤایەتیە. ئەمەش کارێکە کە بە پەروەردە و فەرهەنگ سازی دەکرێت. لەسەر نەوەی نوێ دەبێت بە تایبەتی راوەستە بکرێت.

بە دڵنیاییەوە کارێکی لەم پێیە زۆر ئاسان نیە، بەڵام ئەوەش جێگای کەیف خۆشییە،  ئەوەی کە بەستێنی کاری لەو چەشنە لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا هەیە. کەسایەتی ئێرانی کراوەتر و زاناترن بۆ ئەم چەشنە چالاکیانە. بۆیە دەبێت ئەمە و هەر دەرفەتێک بە باشی کەڵکی لێ وەرگیرێت. هەموو ژینگەپارێزان و گەلی کورد پێویستە ئەوە لە بیر نەکەن کە لەم یەک دوسالەی دواییدا، چەندین ژینگە پارێزی دلسۆزی وڵاتی ئێمە بۆ پاراستنی چڵە دارێک گیانی خۆیان بەر ئاگر دا و شەهید کەوتن. دەبێ هەر تاکێکی کورد ببێتە کاک شەریف و کاک موختار و کاک ئومید، تاوەکوو شەرمەزاری نەوەکانی دوا رۆژ نەبن.